رونكردنەوەی رۆژنامەى (رێلاو) بۆ راى گشتى

Friday, 10/07/2009, 12:00

1543 بینراوە


سەفین شێخ محەمەد كاندیدى سەرۆكایەتى هەرێم بەر لەسەركەوتنى لاوان فریودەدات
پاش ئەوەى هەڵمەتى بانگەشەى سەرۆكایەتى هەرێم دەستى پێكرد، ئێمە لەڕۆژنامەى (رێلاو)، پەیوەندیمان بە (سەفین شێخ محەمەد) كاندید بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم بە ژمارە(11)كرد، بەمەبەستى ئەوەى ریكلامى بۆ بكەین. پاش ئەوە رێكەوتین بۆ هەر ژمارەیەكى رۆژنامەكەمان بڕى هەزار دۆلار تەرخان بكرێت.
ژمارەى یەكەمى رۆژنامەكەمان چاپكرد، بەڵام تەنها پارەى چاپەكەیان داو هەموو ماندوبونى ئێمەیان پشتگوێخست. پاشان ژمارەى دووەمى رۆژنامەكەمان كە دەكاتە ژمارە 11 چاپكرد، بەڵام بەرێزیان ژمارە تەلەفۆنەكەى خۆیان كوژاندۆتەوە. ئێمەش پەیوەندیمان كرد بە نوێنەرییەوە لەسلێمانىو رایگەیاند كە "سەفین شێخ محەمەد، كاندید بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم، ئامادەنیە پارەكە خەرج بكات". بۆیە تائێستا ئەو ژماریەى رۆژنامەكەمان لەچاپخانە ماوەتەوە.
مایەى سەرسوڕمانى ئێمەیە، كاك سەفین كە ئێستا لەقۆناغى بانگەشە كردندایەو هێشتا نەبوەتە سەرۆك، فریومان دەداتو ژمارەى مۆبایلەكەشى دەكوژێنێتەوە. ئەگەر ببێتە سەرۆك دەبێت چى بكات؟!
لێرەوە رایدەگەیەنین، كاك سەفین تەنها رۆژنامەكەى ئێمەى فریونەداوە، بەڵكو رۆژنامەى (هەوارگە)، كە لەناحیەى خورماڵ بەماندوبونى چەند لاوێك دەردەچێت، ئەوانیش ماوەى یەك هەفتە لەسلێمانى ئەمسەرو ئەوسەریان پێكرا، پاشان رۆژنامەكەیان كە تەنها سەد هەزار دینارى تێدەچێت، بۆیان خەرج نەكراوە.
بۆیە ئێمە لێرەوە بۆ راى گشتى رادەگەیەنین، كە سەرۆكێكمان دەوێت پەیمانو بەڵینەكانى خۆى بەرێتە سەر. چونكە فێڵكردن لەرۆژنامەیەكى وەك (رێلاو)، فێڵكردنە لەگەنجانو لاوان. چونكە رۆژنامەكەمان لەسەر ئەركى خۆمان دەردەچێت. ئێمە جگەلە دەركردنى رۆژنامەكە، لەچەند ناوچەیەكیش هەڵمەتى پۆستەر هەڵواسینمان بۆ بەرێزیان لەشێوەى كارى گروپین ئەنجامدا. بەڵام مخابن كە ئەو مەبلەغەشى پێنەداین. بۆیە دەڵێین سەرۆكێك هەڵدەبژێرین پێشمەرگەو ماندونەناسو خاوەن بەڵێنى خۆى بێت. راشیدەگەیەنین لەئێستاوە رێلاو ئیدى ریكلام بۆ سەفین شێخ محەمەد ناكات.

لەگەڵ رێزدا

سەرنوسەرى رۆژنامەى رێلاو
ژمارەى مۆبایل: 07702242802

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە