چیرۆكی‌ ئه‌و كوره‌ كورده‌ی‌ له‌سه‌ر كچه‌ ئینگلیزێك كوژرا

Wednesday, 06/10/2010, 12:00

1596 بینراوە


کاوە رەش/ به‌ریتانی گۆرانی بۆ کوشتارگه‌، ناونیشانی چیرۆکێکی راستەقینەیە کە لەسەر زاری کچێکی ئینگلیزییەوە دەگێڕدرێته‌وه‌و باس له‌وه‌ ده‌کات کە کوردەکانی نیشته‌جێی به‌ریتانیا چۆن یەکتر بە چه‌قۆ هەڵدەدڕن و یەکتر خەڵتانی خوێن دەکەن. بەسەرهاتی ئەو کچە ئینگلیزییەو سێ کوردی کوردستانی عێراق کە له ژماره 31ی گوڤاری thatis life لەبەرواری 31ی july 2008دا بڵاوکراوه‌ته‌وه بەم شێوەیه دەست پێدەکات:
من کە ناوم (gemma)یە، کاتێک خوێندکاری بەشی کۆمپیوتەر بووم‌و تەمەنم 19 ساڵ بوو له‌گەڵ فاخیر بەیەک گەیشتین شەش مانگ لەمەوبەر، فاخیر پێیوتم کە من کوردی عێراقم‌و هاتووم بۆئیره بۆ ژیانێکی ئاسودەتر. من ئەوکات خۆشحاڵ بووم کە به‌کوڕێکی گه‌نجی وەکو فاخیر گەیشتم. پاش ماوەیەک کەوتینە داوی شێتانەی خۆشەویستییەوه. منیش ماڵم گواستەوەو بەیەکەوە له‌خانووی فاخیردا ژیاین. هه‌موو رۆژێک دوای تەواوبوونی له‌سه‌رکار، فاخیر چەپکێک گوڵی لەگەڵ خۆی بۆ دەهێنامەوه. ئەو وەکو راوچییەک، هەمیشه راوی دەکردم. هەمیشە منیش ئارەزووی ئەو خواردنه کوردییانەم بوو که ئەو دروستی دەکردن. وەکوو: برنج‌و مریشک به‌شێوەی کوردی. ژیانمان خۆش‌و ئاسوده بوو، لەو ماوەیەدا گۆرانیمان بۆخۆشەویستی دەگوت. پاش چەند هەفتەیەک منیش لەوکارگەیە دامەزرام کە فاخیر کاری لێ دەکرد. چەندین کوردی تری عێراقی لەوێ کاریان دەکرد. سەرەتا هەستم به‌ وروژان دەکرد لەنێو کوردەکاندا، پاش مانگیک فاخیر دەستی بەبۆڵەبۆڵ کرد لەگەڵم. 
هەمیشە شێتانه بەمنیەوه دەگرت‌و بۆڵەبۆڵی لەگەڵ دەکردم کاتێک قسەم لەگەڵ کوردێک بکردایه. من نازانم چی رووده‌دات له‌داهاتوودا؟ هه‌میشه هاوڕێکانی فاخیر رەخنەو پلاریان تێدەگرتم.. بۆچی؟ چونکه من ئینگلیزی بووم. دواتر من دەستم دەکرد بەگریان. هاوڕێکانی فاخیر دەیانگوت: تۆ زۆر باش نیت بۆ ئێمه، چونکه دابونەریتمان زۆر جیاوازه. هەمیشه فاخیریش به‌منی دەگوت: تۆ خیانەتم لێدەکەیت. بۆیە منیش لەو قسانەی زۆر دەترسام. هاوڕێکانیشی هەمیشه هەوڵیان دەدا خۆشەویستییەکەمان خاپور بکەن. زۆر له‌فاخیر پاڕامەوە کەوا گوێ لەوان نەگرێت، بەڵام ئەو گوێی لەمن نەدەگرت. دوای دە مانگ بەیەکەوە بوون، من بێزار بووم له‌هەموو شتێک، ئیدی جانتاکەم هەڵگرت‌و ماڵەکەیم جێهێشت. له‌ئوتێلێکدا ژیانم به‌سه‌ر برد. فاخیر هەڕەشەی ئەوەی لەمن کرد کە تۆ بۆ من نه‌بی ناهێڵم هەتا هەتایه بۆ کەس ببی. ئەو تفی له‌و هەموو ئەو خۆشەویستییە کرد که‌ هەمان بوو له‌ڕابردوودا. 
گۆران، ئەو کوڕه هەژدە ساڵەی کە دوای سێ مانگ ‌جیابوونەوەم لەفاخیر ناسیم، ئەویش هاوشێوەی فاخیر کوردێکی عێراقی بوو، لەلایەن خێزانەکەیەوە نێردرابوو بۆ ژیانێکی ئاسودەتر، بەڵام جیاواز لەفاخیر هێمن‌و لەسەرخۆو ئارام. گەنجێکی زیرەک‌و پێگەیشتوو بوو، خەریکی خوێندن بوو بۆ فێر بوونی زمان. پاش چەند هەفتەیەک گۆران ماچی کردم‌و وتی: لەوکاتەوە دڵم بۆت چووە کە تۆم بینیوە، دڵیشم فریوە بۆت. منیش وتم: ئه‌و کوڕەم دۆزییەوە کە من خەوم پێوە دەبینی. 
خانووەیەکمان بەکرێ گرت‌و لەیەک کارگەی دروستکردنی ئاوێنەی ئۆتۆمبێل کارمان دەکرد. دوای هەژدە مانگ بەیەکەوە بوون، رۆژێک گۆران بردمی بۆ چێشتخانەیەکی کوردی بەبۆنەی جەژنی لەدایک بوونمەوە. پێیگوتم: خۆشمدەوێی‌و گوارەیەکی زێرو هەندێک گەوهەری بۆ کڕیم‌و داوای مارەکردنیشی لێکردم. منیش بەهەنسکی گریانەوە گوتم: باش. 
بڵاوبوونەوەی هەواڵ لەنێو رەوەندی کوردیدا زۆر خێرایه! دوای چەند هەفتەیەک فاخیرمان لەیەکێک لەشەقامەکانی شار بینی‌و هاته لامان‌و هەڕەشەی لەگۆران کرد، ددانی لەگۆران جیڕ کردەوەو گوتی: تۆ بەدوای پاشەڕۆی من دەکەویت‌و به‌سه‌رته‌وه‌ ناچێت. چەندین هه‌ڕەشەی تری کرد. 
بەترسەوە چوینه ماڵەوە، بەڵام گۆران بەهێمنانه گوتی: گوێ مه‌دەرێ‌و خەم مەخۆ. ئێمه هەوڵماندەدا ژیانێکی ئاسودەو خۆش بەسه‌ر به‌رین‌و مناڵ بخەینەوەو رۆژێک لە روژان سەردانی خێزانی گۆران بکەین له‌کوردستانی عێراق. وا رێکەوت رەوەندی کوردی ئاهەنگێکیان رێکخست که سەدان کەس لەخێزانی کوردی بەجلوبەرگی کوردی‌و خواردنی کوردی شایی‌و هەڵپەرکێ، تێیدا بەشداربوون لەنزیک queen elithabeth country park، منیش بەکامێرا تۆمارم دەکرد. بەڵام کاتێک دەزگیرانه کۆنەقین لەدڵەکەم، فاخیرم لەگەڵ هاوڕێکەی زریان سابیر بینی، دڵم نغرۆی خەم بوو، ئەوان ویستیان کێشەمان بۆ دروست بکەن. بەڵام گۆرانی دەزگیرانم گوتی: خەم مەخۆ بەردەوام به لەتۆمار کردن. هه‌رئه‌وه‌نده‌م نه‌زانی له‌ناکاو گوێم لەهاوارو دەنگێکی بەرز بوو، کە سەیرم کرد فاخیری کۆنه دەزگیرانم لەگەڵ زریان سابیری هاوڕێی دەستیان ناوەته قورگی گۆرانی دەزگیرانم‌و بەچەقۆ بەربوونەته گیانی‌و شه‌ڵاڵی خوێنیان کردووە. کاتێک کە من گەیشتمه سەر گۆران، وەک منداڵێکی ساوا بەزمانی کوردی بانگی دایکی دەکرد. منیش به‌پەشۆکاوی ژمارەی فریاکەوتنم لێدا، بەڵام کار لەکار ترازابوو، سه‌راپای جه‌سته‌ی گۆران خه‌ڵتانی خوێن بوو. کاتێک پۆلیس هاتن، پرسیاریان له‌گۆران کرد کە چۆن ئەم رووداوە روویداوە؟ بەڵام چاوەکانی لەسەر یەک نابوون‌و نەیتوانی هیچ بڵێ. دوای دوو رۆژ له‌نه‌خۆشخانه گەڕامەوە ماڵەوە بۆ خۆشۆردن، زەنگیکم بۆهات لەلایەن یەکێک له‌دکتۆرەکانەوەو گوتی: به‌داخەوە گۆرانی تەمه‌ن 20 ساڵ گیانی لەدەست دا. ئێستا فاخیر به‌تۆمەتی کوشتن له‌زیندان دایەو زریانیش دوای مانگێک به‌هەمان تۆمەت لەوڵاتی یۆنان دەستگیر کرا. لاشەی گۆرانیان بردەوە بۆ کوردستانی عێراق. ئێستا بۆ من گۆڕێک نییه لەسەری بگریم‌و ناتوانم به‌بێ ئه‌و بژیم. پێیانگوتم که فاخیرو زریان له‌دادگا گووتوویانه ئەوان دەستیان لەو تاوانەدا نەبووە، بۆیه خۆم بۆ نەگیراو کاسێتی رۆژی کوشتن‌و ئاهەنگەکەم، نیشانی دادگادا کە ئەوان چۆن دەستیان لەکوشتنی گۆراندا هەبووە. زریان‌و فاخیر ئه‌و دوو ترسنۆکانە بەند کراون به‌حەوت ساڵ‌و شەش مانگ، پاشانیش رەوانه کردنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان. پاش دوو مانگ پۆلیس کاسێتی ڤیدیۆکەیان دامەوە، که دوا ساته خۆشه‌کانی ژیانم بوو له‌گه‌ڵ گۆران، که‌چی ئێستا ناتوانم سەیری بکەم! 
به‌ڵام من هیواخوازم سەردانی گۆڕەکەی بکەم له‌کوردستانی عێراق‌و پێیبڵێم: خۆشه‌ویستەکەم تۆ هەمیشه گۆرانی دەڵێیت له‌نێو دڵمدا.
■ وەرگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وە:
کاوە رەش/ به‌ریتانیا 

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە