کەس نەبووە فەرهادی شیرین

Friday, 28/02/2014, 12:00

1799 بینراوە


ئەو تەمەنی نێزیکەی هەر دوازدە ساڵان دەبوو، کە ئەو ڕەفتارە ڕاستەقینەیەی مرۆی بۆ دەرکەوت. سالار منداڵێکی دراوسێیان بوو. سالار لەو کاتەی پستەپستی گەورەکانی لەمەڕ کێشەکەی شیرین گوێ لێ دەبوو، دەی زانی، کە شیرین کێشکەئاسا لەبەردەم هێرشی باشوکەکان ڕەنگی زەرد هەڵگەڕایە و خوێن لە دەمارەکانی نابزوێ. شیرین کچێکی تازە جحێڵی، خێزانێکی هەژاری، گەڕەکێکی هەژارنشینی، شارێکی بێ مەکانی ژن بوو. شیرین هەر ئەوەندە نرا بووە بەر خوێندن، تا بزانی ناوی خۆی بنووسێ و (ژ)ێ لە (م)ێ جوێ بکاتەوە. نا، ئەوان دەیانویست (ژێ)ی ژیان لە بوونی ئەوی (مێ)دا هاوێر بکەن. دەیان ویست ئەو مێیەک بێ، نە ژەنینێک، لەرەیەکی ژیان لە ژێیەکانی چێ بکا، نە مێیەکیش بێ، گۆرانییەکەی ژنانەی لێ بڕوێ. دانای برا گەورەشی هەر زوو قۆناغی سەرەتایی پێ تەواو نەکرابوو. ئەگەرچی کەسایەتی دانا، لەگەڵ کوڕە تازە پێگەیشتووە چەقۆکێش و حەبلێدەر و قومارچییەکانی گەڕەک، هەڵی نەدەکرد، بەڵام مام سابیری بابی، هەر زوو ژنی لۆ هێنابوو، بەو ئامانجەی بیبەستێتەوە و فێری ئەم لا و ئەو لا نەبێ. ئەوان هەر وا بوون، تەنانەت ئارامی برا گچکەشی، منداڵێکی فەقیر و کڕ و بێ گێچەڵ بوو. ئەگەر منداڵە شەیتانەکانی گەڕەک، ئەوانەی هاوزای خۆی بوون، شەڕیان پێ نەفرۆشتبووبا، ئەو توخمی شەڕێی هەڵنەگرتبوو. کە یەکێک لە چەکدارەکانی ئەو بەرپرسە پیاوکوژە نەخوێندەوارە شەقاوەیە هاتە داخوازی شیرین، ئەوان نەیان دەزانی کە نێوانی پیاوکوژ و شۆڕشگێڕێک عەرد و عاسمانە. کەسوکاری شیرین هەر وەها لەو شۆڕشگێڕانە گەیشتبوون، کە تفەنگیان تەنها و تەنها لە سێرەی دوژمن سوارە. بەڵام ئەفسووس، نەیان زانی ئەوانە داری تۆوی کوشتن لە مۆخیان موتوربە کرایە. هێندە ناکەسبەچە و بکوژ و دزبوون، لە پێناو هەزار دیناری سویسڕی، بە کرێ، پیاویان لۆ خەڵکی دەکوشت. بە نوێژی نیوەڕۆیێ راووڕووتیان دەکرد. شیرین هەر سێ مانگەک دەبوو، مێردی بە یەکێک لە پیاوکوژەکانی ڕۆستەمی ناموبارەک کردبوو، کە سالار لە فسکەفسکی نێوان هەمینی داکی شیرین و ژنانی گەڕەک، لەوە گەیشت کە زیزبوونەکەی شیرین وەکو زیزبوونی کچە تازە بەمێرددراوەکانی گەڕەک نییە، کە هۆکاری تۆرانیان شەڕ پێ فرۆشتنی خەسو، داواکردنی ماڵی بەتەنێ، یان لەبەر بەسەر قیڕاندنی شوبرایەک بێ، بەڵکو لەو کاتەی لەهەوڵی ساغکردنەوەی بوهتانی ئەوەی بوون، کە گوایە دراوسێیەکی شیرین بەزەیی بە نەداری شیرین دا دێتەوە و قەدە شمەکەکی لەسەر گیرفانی خۆی، لۆ شیرین دەکڕێ و لۆی دەنێرێ. دیار بوو، نە ئامانجی دیارییەکە توانی بووی قەڵغانێک بێ لەبەردەم پاراستنی شیرین، نە تەڵاقدانیشی، توانی غەریزەی کوشتن لە ناخی مێردەکەی و ڕۆستەم بخەسێنێ. ئەگەرچی عەیامێک بەسەر ئەو زەمەندا تێپەڕیوە، کەچی ئەو ڕۆژگارانە هەمیشە لە مێشكی سالاردا دەزرینگێنەوە. هەر کاتێ ناوی شیرین دەهێندرێ، وەکو بروسکە، پەلی زەینی سالار دەگرێ و دەی باتەوە ئەو کۆڵانە تەنگەبەرەی کە ماڵی شیرینی سیاچارەی لێ بوو. تەنها دوو هەفتە پاش زویربوونەکەی شیرین، ئێوارەیەک ڕۆستەم بە خۆ بە پیاوکوژەکانی، داوا لە مام سابیر و پلکە هەمین دەکەن، کە دەبێ ئەوان بەدەستی خۆیان شیرین بکوژن. دەم و دەست، هەر هەموویان بە سواری دوو ئوتومبێڵ، دێن، شیرین و دایکی و بابی و دوو برایەکەی دەبەنە دەرێی شار، لە شوێنێکی چۆلەوانی، لە جێگایەک نە ئاسمان نوزەی لێوە دێ و نە زەویش لە هەژمەتان خۆی هەپڕوون بە هەپڕوون دەکا. نا! ناشێ و نابێ، لەم هەسارەی خوێن لەسەر ڕژاوەدا، لەم باشوری تخوب شوون بزربووەدا، نە ئاسمانی نێر لە پڕمەی گریانی ژن دەگا، نە 'ئار'یش دەتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ژنێک کە پەنجەی خۆدۆڕاندنی لۆ درێژ دەکرێ. لەو ئێوارە شومەدا، کە بڕیار درا شەڕەف و نامووسی بێ شەڕەفانەیان، کە لەدەست چوو بوو، بگێڕنەوە، شیرین لەو دەشت و ئاقارە، لەوە تێگەیشت، کە ئەو لە بنەڕەتدا هەر بە تەنێ بووە. نە کەس هاوخەم و نەکەسیش فەرهادی بووە. ئەو هەمیشە وەکو هەموو ژنە هاوشارییەکانی، ژێیەکی بێ مێ و مێیەکی بێ ژیان بووە. لە هۆشی هەمووان وا نەخشێندرایە، کە هەمووان دەبنە یەک بەرانبەر کڕینەوەی نامووسی پیاوانەیان لەناو گەڵی شیرینەکاندا. شیرین ئەوسا لەوە فامی کرد کە ئەو لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی، هەمووان کۆکن لە دەرخستنی دڕەندەیییان بەرانبەر بە مێ. ئەو ئێوارەیە، لە حزوری خوای نێر و سروشتی نێر و ئاسمانی نێر و زەمینی نێر و عەقڵی نێر و کۆمەڵگەی نێر، شیرینیان لە دوور بە پێوە ڕاگرت، تاوەکو بە خەڵتانیکردنی شیرین لە خوێنی خۆیدا، سەربڵندی شەڕەفی بێ شەڕەفییان ببەنەوە شار. ڕۆستەم چەکەکەی دایە دەست مام سابیر، تاوەکو بەدەستی خۆی شەڕەفی ڕژاوی هەمووان، کۆ بکاتەوە. پاش ئەوەی مام سابیر دەستی ناچێتە کوشتنی کیژەکەی، نۆبەتی دانای کوڕە گەورەکەی دێ. پاش ئەوەی داناش وەکو بابی، بێ غیرەت دەبێ لە تێڕوانینی ڕۆستەم و هەزمی ئەوەی پێ نەکرا کە دەبێ بەدەستی خۆی شیرین بکوژێ. ئەگەرچی ئارامیش تازە سمێڵی گووگرە بووبوو، بەڵام ئەویش ئەرکی کڕینەوەی شەڕەفی هەمووانی کەوتبووە سەر شانی. سالار پاش دەیان ساڵ لەوە گەیشت کە مام سابیر و دوو کوڕەکەی حیز و بێ غیرەت نەبوون، بەڵکو ئەوان ئازا بوون، کە نەیان توانی هێمای جەللادێکی دادگەی عەقڵییەتی ڕۆستەمەکان بن. ئەوان لەو ئاقاری مرۆڤکوژییەدا، مرۆڤکوژی ناخی خۆیان کوشتبوو. ئەوان ئەو بێ شەڕەفییەیان پێ بە شەڕەفتر بوو لەوەی بە دەستی خۆیان، شیرین لەو چۆلەوانییە کپ و بێ کەس و بێ دەنگ و بێ ویژدان و بێ داڵدە و بێ پەنا و بێ کەسییەدا، بکوژن، کە بە کوشتنی ئەو، شەڕەفی بێ شەڕەفییان بە شونسیانەوە بلکێننەوە. پاش ئەوەی کە نە مام سابیر و نە دوو کوڕەکەی، شیرینیان پێ نەکوژرا، دوای ئەوەی خۆری خودا ئاوا دەبێ بەر لە ئاوابوونی خۆری شیرین، دەگەڕێنەوە شاری. دوای چەند ڕۆژێک لەو ئێوارە ژنکوژییەدا، سپێدە زووەکەی، دەنگی دەستڕێژی تەقە، دڵی سالار و مام سابیر و پلکە هەمین و گەڕەک و مرۆڤایەتی دەهەژێنێ، لەگەڵ شەڵاڵکردنی جەستەی شیرین لە خوێنی خۆی بەدەستی مێردە بەشەڕەفەکەی، ئەو مێردەی، کە لە نک ویدا، شەڕەفی ناوگەڵی ژنە تەلاقدراوەکەی ، ناسنامەیەکە، پاکی دەکاتەوە لەو دەیان کووشتنانەی کە لە بووریدا ئەنجامی داون، لە دزی و رێگری و بە تاڵانبردنی سامانی خەڵکی، ڕووی نەگریس و بۆن گواوی لە کۆمەڵگە بۆ دەشواتەوە. دەنگی تەقەکان و دیمەنی لەخوێن گەوزاوی شیرین، یەکەم پێناسەی ڕاستەقینەی بنیادەمیان لۆ سالار کرد. لەو ساتەوە تاوەکو ئێستا، سالار ناسۆری شیرینی بێ فەرهاد، لە دڵی کاڵ نەبووەتەوە. خوێنی ڕژاوی شیرین، وای لە سالار کردییە، تف لە نێربوونی خۆی و پیاو و شار و ئەو سەرزەمینە ژنکوژەدا بکا. ئەوەی کۆستی سالاری سەختتر کرد، گفتوگۆی ئەو مەلایە بوو، کە لەکاتی تەلقینکردنی شیرین لەسەر قەبران، کە لەوێش تەنها نێرە بەشەڕەفەکان لە دەوری گۆڕی شیرین بازنەیان بەستبوو، کردی، کاتێ مەلا ڕووی لە گۆڕی شیرین کرد و پێی دەگوت؛ شیرینی هەمینێ؛ ئێستا فریشتەی خودا دێن، لێت دەپرسن کە کێ خوداتە؟ کێ پەیامبەرتە؟ شیرینی هەمینێ؛ فریشتەکان لێت دەپرسن؛ کێهانیان ئایینت و کامەیان کتێبی سەماویتە؟ بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارانەی مێشکی سالاری نەدایەوە، کە لەبەرچی خودا نەبووە فەرهادی شیرین و لە ڕۆستەمە ژنوکوژ و مرۆکوژەکانی نەپاراست؟ لەبەرچی شیرین لە ڕەگەزی نێرینەی عاسمان نەدەبوو، تاوەکو وەکو پیاوان بێ شەڕەف بووبا و ناوگەڵی ژنەکەی کردبووبا بە نامووسی خۆی؟ خۆ سالار لەوە نەگەیشت کە لەبەرچی مەلایەکە باسی بە ناحەق ڕژاوی خوێنی شیرینی نەکرد؟ خۆ نە مەلایەکە و نە فریشتەکانیش باسی تاوانی ژنکووشتنیان نەکرد و دڵی شیرینیان نەدایەوە؟ لەبەرچی باسی مێردە ژنکوژ و ڕۆستەمە زاڵەکانیان نەکرد؟

زمناکۆ خەسرۆ/ ئەمریکا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە