ئازاد جوندیانیەكەى كەنەدا (تاهیر ساڵح شەریف)

Tuesday, 17/11/2009, 12:00

1880 بینراوە


تاهیر ساڵح شەریف لە كوردستانپۆستى ئازیزدا لەژێر ناونیشانى (جەلالیە نوێیەكانى سەر گردەكە) وتارێكى تەشهیر ئاسا و پڕبوختانى بڵاوكردۆتەوە ، وەهەر بۆئەوەى بەخوێنەران بڵێ شارەزای مێژووى سیاسی نوێی عێراق و ناوچەكەم چوار لەسەر پێنجى وتارەكەى كە ئەكاتە نزیكە80% ى وتارەكەى وەك پێشەكیەك بۆ چونە ناو مەبەستى بوختان و درۆ و مونافیەقیەكەى تەرخانكردوە ، بەڕاى من پێویستى بەو پێشەكیە نەئەكرد و واباشتر بوو راستەوخۆ دەستى كردبا بە  هێرشه‌کانی دەربارەى گردەكە و هەڵسوڕاوان و خودى كاك نەوشیروان ! .
كاركردن و خەبات بۆ كوردو كوردایەتى شتێكە و هەڵەو كەمو كورتى و شكستهێنان و سەرنەكەوتنى ئەم حزب و ئەو لایەن و فڵانە سەركردە و فیسارە سیاسەتمەدار شتێكى ترە ، تائێستا نەمانزانی بوو لە ساڵانى 40 و 50 كانى سەدەى رابروودوودا كوردایەتى خیانەت و تاوان بوو بێت ، بڵێن چى خوا لەو مێژووە داو بەتایبەتى لە 40 و 50كانى سەدەى رابردوودا كەسێكى زیرەك و وەك تۆ بلیمەتى نەناردبوو بۆ كورد ؟ دنیا سەراپاى گۆڕاوە ، یەكێتى سۆڤیەتى جاران خاك بە بێژینگ كراوە ، چەندین چاوسیشكۆ و سەدام و دیكتاتۆرى لووتبەرز ، لووتیان شكا و باجى هەڵەو سیاسەتە چەوتو چەوێڵەكانیان داوە ، نازانم لاى تۆ ئەم مەوزوع و كایە كۆنە هەردوو بارەو دەبارە و سەد بارە دەبێتەوە و سەرەتاى هەموو نوسێنێكت محازەرەیەكى بۆخوێنەر تێ ئاخنراوە، ئەرێ بەس نیە ، تاقەتت نەچوو؟! .
ئەم هەندەران نشینانه‌ ناوناوە بێدەنگى هەڵ ئەبژێرن و لەپڕ بە نووسینێك که‌سایه‌تی شکێن، كە هەر لە ناونیشانەكەى پیاو بێتاقه‌ت ده‌کات ابە دەروازە هەمیشە واڵاكانى كوردستانپۆستدا و به‌ قسە حەلەق و مەلەقەكانى لەحەوشەیا فڕێ ئەدا ، خۆ ئەگەر ئەم قسەو بۆچوونانەى ئەم هەندەران نشینانه‌ وایە و راستە وەڵاهى من ئەوەندە مەمنوون و نەك جارێ بەڵكە هەزاران جار دەست و پەنجەكانیشى ماچ ئەكەم ، بەڵام هەر لە جۆرى دارشتنى رەخنەكان و هۆنینەوەى درۆ و جوینەوەى بوختانەكاندا حەقیقەتى شەڕانگێزىی ئەم پیاوە سەبارەت بە كاك نەوشیروان و تەواوى گردەكە دەردەكەوێ و خوێنەر راستەوخۆ مەبەسته‌‌کانی  لێوە ئەبینێ !
باخوێنەران خۆیان سەرپشك بن و ئەم چەند رستە بەزۆر پێكەوەنراوە بخوێنەوە تابزانن کاک تاهیر ساڵح شەریف چۆن و چ بوختانێكى ترسناك لەم بارودۆخە ناسكەدا بۆ كاك نەوشیروان مستەفا هەڵ ئەبەستێ كە ئەڵێ:
(" نەوشیروان مستەفا بكوژى چەندین كەسە لە رەخنەگرانى خۆى ، ئێستاش بەهەمان لۆژیكى (دەمت داخە بازمانت نەبڕم) لێمان بووەتە گۆڕانخواز ! ، پرسیارێكى زۆر سادەو ساكار بەسە بۆ روونكردنەوەى ناوەڕۆكى نیو جەلالیزمى ئەم رەوتە ، ئەگەر ئەم رەوتە گۆڕانخوازە بۆچى لەراوبۆچوونى رەخنەگروپێچەوانەى خۆى دەترسێت؟ بۆچى بەچاوى دوژمنكارانەى سەیرى رەخنەى گرەكانى دەكات ؟ بۆچى لێناگەڕێن ئەوانەى كە گومان و نیشانەى پرسیاریان لەسەر دادەنێن بابەراشكاوانە هەموو گومان ، نیشانەى پرسیاروبیروبۆچوونەكانى خۆیان بخەنە روو دەربارەى خۆیی و لیستەكەى كورد واتەنى مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە ")
من هیچ ناڵێم با خەڵك و خوێنەران خۆیان بەویژدانەوە بیخوێننەوە ، تابزانن خەڵكانێكیش هەن كە دوگى چەورى دەسەڵات چۆن راستى و حەقیقەت و ویژدان لەبیر ئەو چەشنە مرۆڤانە ئەباتەوە و درۆ و بوختانیان پێ هەڵ ئەڕێژێ .لەوانەیە هەبێ و بڵێ ئەى ئەم تاهیرە خۆ قسەش بە دەسەڵات ئەڵێ ، راستە قسەش بەدەسەڵات ئەڵێ ، بەڵام ئەمە ئەو فەلسەفەیەیە كە دەیانى وەكو تاهیر ساڵح شەریف قسەى پێ ئەكات و فكرو فەرهەنگى تاكى كوردى پێ روونتر ئەكاتەوە، لەبرى دەوڵەمەندكردن و فراوانتركردنى ئاسۆى بیركردنەوە و هۆشیارى خەڵكى كوردستان ، خەڵك چەواشە دەكات و دودڵیى و گومان و بێ ئومێدى  و ڤایرۆس دەخاتە ناو هزرو ئەندێشەى خوێنەران و وەك تەواوكەرى راگەیاندنە علوجەكانى دەسەڵات دیوێكى ترى پیلانەكانى پاراستن و دەزگاى زانیارى جەلالیزم پەرەپێ دەدات.
گەورەترین و كارەساتبارترین شت ئەوەیە مرۆڤ مێژوو بخووێنێتەوە و تێی نەگات ، مێژوو بخوێنێتەوە و پەند و عیبرەتى لێ وەرنەگرێ ، بەڕاى من دڕندەترین و تاوانبارترین كەسانیش ئەو كەسانەن كە بوختانچین، چونكە ئەم جۆرە که‌سانە لە بەرگى ئاڵوواڵاى رەنگاو رەنگ و جۆراوجۆردا خۆیان دەردەخەن و نهێنگیرانە كار ئەكەن وئەتكوژن و لەدواى جەنازەكەشتەوە ئەڕۆن !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە