مەلا مستەفا کوردی بە عالەم ناساند!!

Tuesday, 26/02/2013, 12:00

2235 بینراوە







لەوەتی فامم کردۆتەوە گوێبیستی ئەم ڕستەیەم لەلایەن هەواداران و کادیرانی پارتیەوە، کە گوایە مەلا مستەفا هەموو گەلی کوردی بەهەموو دونیا ناساندوە. جا با پێکەوە چەند پرسیارێك بورووژێنین سەبارەت بەو ڕستەیەو بابزانین کە ئایا ڕەهەند و مەوداکانی ئەو ناسینە چ سنووریکی بڕیوەو تا چەند ئەو ناساندنە ئەخرێتە بەر وویژادانی مێژوو. وەیان بەشێوەیەکی تر بڵێین؛ کرداری ناسینەکە بە چ شێوەیەك بوە(باش وەیان خراپ).
بۆ زیاتر شرۆڤەکردن و لێکدانەوەی ئەو ڕستەیە، پێوستە نەختێ لەسەر کەسایەتی مەلا مستەفا بدوێین و بزانین چەند بەتوانا بوە لەوەی توانی بوبێ کە کورد بە عالەم بناسێنێ. ئێ خۆ نابێ هەروا بەسانایی ئەو ڕستەیە بەقوڕقوڕاگەماندا بچێتە ناو گەدەمانەوەو بێ ئەوەی بیری لێنەکەینەوە. لێرەدا هەروا بەشێوەیەکی سەرپێی هەندێ سیفاتی سەرکردە بەگشتی کە پێوستە نەك هەر لای سەرکردە، بەڵکە لای مرۆڤی ئاساییدا بوونی هەبێ، لەوانە(بوێری و ئازایەتی، قوربانی دان و لەخۆبوردوویی، دەست پاك و داوێن پاکی، نەفس بەرز و خاکی و سادەیی، چەندین سیفاتی تریش)
کەسایەتی مەلا مستەفا بەتایبەتی دوای ئەوەی لەدەستی حکومەتی عێراقی مەلەکی هەڵات و ڕووی کردە سلێمانی. بۆ یەکەمین جار کەئاوارە ئەبێ و خەڵکی سلێمانی وەك نەریت و کلتووریان گەلێ بەگەرمی داڵدەی ئەدەن و ئەیشارنەوە. باپیرم گەلێ جار ئەوەی بۆ باس ئەکردم کە ئەو کات مەلا مستەفا لەماڵی (ئەسکەندەر) داڵدە ئەدرێ کەو ئەو کەسایەتیەکی ناوداری سلێمانی و نزیك ماڵی حاجی فەرەجی سوسێیی کە ئەو کات لەکانی ئاسکان و بەرانبەر بەدالەی کۆن ئەبێ. زۆر بەڕێزەوە پێشوازی لێ ئەکرێ و دواتریش بەڕێزەوە ڕەوانەی ئێران ئەکرێ و نایەڵن کەس ئەزیەتی بدات.. کەچی لەبەرانبەر ئەم کارە دڵسۆزانەی خەڵکی سلێمانی، مەلا مستەفا لەشەستەکانی ڕابردوودا و لەسەرەتاکانی ١٩٦٣ یەکەمین کاری بەدناوی پاراستنەکەی لەسەر خەڵکی سلێمانی تاقی ئەکاتەوەو چەندین کەسی شوڕشگێڕ تێرۆر ئەکا. کەواتە لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە مەلا مستەفا کەسێکی سپڵە بووه‌.
پاشان لەکاتی کۆماری مهابادا کە کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ جارێکی تر پێشوازی لەهەموو کوردێك ئەکەن کەبەشداری ئەو کۆمارە بکا و بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیەوە مەلا مستەفا و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، شوێنیان لە کۆمارەکە و لەدڵی پێشەوادا ئەبێ، کەچی مەلا مستەفا دێت و بە قازی نەمر ئەڵێ؛ کەوا پیاوێکی خوێڕیە. ئێمەش پرسیار ئەکەین و ئەڵێین: ئایا ئەو سەرکردەیەی کەپەتی قەنارەی لەجیاتی میلەتەکەی خستە بینی خۆی و قوربانی بۆ گەلەکەی دا، ئایا  ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ خه‌سڵه‌تی خوێڕێتیی تێدابووه‌؟! بۆیە لێرەشەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە مەلا مستەفا پشتی له‌ کۆمارەکە کرد و گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی بەجێهێشت و خۆشی وەك رایکرد و تا ڕوسیا نەوەستایەوە. کەواتە گەلێ ڕوون و ئاشکرایە کە بەڕاستی مەلا مستەفا نەك کەسێکی سپڵه‌، به‌ڵکو بوێر و ئازاش نەبووە،  هەتا بڵێی ترسنۆك و بۆدەڵە بووە.
مەلا مستەفا بۆ جارێکی تریش پشت ئەکاتە میللەتی کورد و ئاشبەتاڵ ڕائەگەیەنێ، لە مەشدا شان به‌ ملی  ١٠ ملیۆن دۆلاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشدا ده‌کات. کەواتە لەمەشدا دەرکەوت کە کەسێکی دەست پاك نەبووە. ئەی کەواتە ئەم کابرایە گەر هیچ بەهایەکی مرۆیی جوانی نەبوبێ و هیچ ئاکارێکی ڕاست و دروستی سەرکردەی نەبووبێ. ئێدی چۆن کەسێکی وا ئەتوانێ گەلێک بەرەو ئاقاری ئارامی و سەرکەوتن بەرێ. کە ئەمەشی نەکردبێ ، ئەی ئایا بەچ پێودانگیك توانیویەتی گەلی کورد بەجهیان بناسێنێ.
من لێتان ناشارمەوە، ساڵی ١٩٩٦ و دوای ٣١ی ئاب کە کوردستانم جێهێشت ، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ هەر کەسێکدا ئەکەم، پرسیاری ئەوەم لێئەکەن کەخەڵکی کوێت؟ لە وەڵامدا دۆش دائەمێنم و نازانم چی بڵێم، چونکە ئەوە بۆ نزیکەی ٢٠ ساڵە لە ئەمریکا ئەوەی ئەمبینێ لەگەلانی تر و میللەتانی تر، نەك هەر کورد ناناسن، بەڵکە نەشیان بیستووە. خۆ ئەوە ئەمریکییەکان گەر داگیرکردنی عێراق نەبوایە، ئەوا بە سەدەیەکی تریش نەیان ئەزانی کورد کێیە و کوردستان لە کوێدایه‌. جا کەواتە ئەو ڕستەیەی پارتیەکان با بۆ حەلاوی باس بکەن و مەلا مستەفا نەك هەر نەیتوانی کورد بە جیهان بناسێنێ، بەڵکو ئەو و نەوەکانی بە هەردوو ئاشبەتاڵەکە و ٣١ ئاب هەرچی ئابڕووی کورد بێ نەیانهێشت و کوردیان وا سووك و زەلیل کردووە کە بەهەموو دوژمنەکانی کورد نەیان توانیوە ئەوەندە زەرەر و زیان بە کورد بگەیەنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە