وەزارەتەكەى دادە هێرۆ بەرگەى دوو شەو مانگرتنى دەرمانخانەكانى بیتوێنى نەگرت

Sunday, 12/05/2013, 12:00

1396 بینراوە




خراپى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان گەیشتۆتە ئاستێك ڕۆژانە خۆمان قوربانیەكانى دەبینین ڕوون و ئاشكرا دیارە پێویست ناكات دووبارە باسى بكەینەوە ، ئەوەى دەمەوێت باسى بكەم كارەساتێكى ترە كەلەو سیستەمەدا هەیەو كۆمەڵێك ڕاستى تر بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەكاو خراپ بوونى زیاترى سیستەمەكە دەسەلمێنێت و هەموو ئەو هەواڵ و لێدوانانەش بەدرۆ دەخاتەوە كەباسى باشتربوونى دەكەن ، كەس نیە خۆشحاڵ نەبێت سیستەمەكە باش بێت ، كەسیش لارى لەوە نیە دەسەڵات هەموو هەوڵەكانى خۆى بخاتە گەڕ بۆ ڕێگەگرتن لەهێنانى دەرمانى خراپ و ئێكسپایەربوو بەڵام ئایا كۆنترۆڵى ئەمەى بۆ دەكرێت ؟ بێگومان بۆى ناكرێت ئەوەتا خودى وەزیرى تەندروستى لەنوێترین لێدوانیدا دەڵێت كۆنترۆڵ ناكرێت ، ئەویش باش دەزانێت سەرچاوەى هێنانى دەرمانى خراپ و ئێكسپایەربوو كێ یە و كێ دەیهێنێ ؟ مەكتەب سیاسیەكان و بنەماڵەكان دەیهێنن خەڵكى سادەو فەقیرو بارزگانى بەویژدان نایهێنێت .
یەكێك لەو ڕێگایانەى تر كەئەم وەزیرەو وەزارتەكەیى و لایەنە پەیوەندیدارەكان پەنایان بۆ بردووە بۆ باشتركردنى ڕەوشى تەندروستى داخستنى دەرمانخانەكانە یان بڵێین عیادەى لاكۆڵانە كەلەلایەن پەرستاران و یاریدەدەرانى پزیشكیەوە بەڕێوە دەبرێن دوایى دەوامى فەرمى لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان ، وەزیرى تەندروستى و وەزارەتەكەیى و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەڵێن نابێت كارمەندى تەندروستى واتا (معاون توبى)دەرمانخانەى هەبێت ئەگەر هەشى بێت نابێ لە 16 ماددەى وەك لۆكەو دیتۆڵ و لەفاف و پلاستەر و حەبى سەرئێشە زیاتر سەرف بكاو بفرۆشێ ، دەبێ تەنها دكتۆرى دەرمانساز دەرمانخانەى هەبێت و ئاسایە دوو معاون توبیش لەژێر چاودێریدا كار بكەن ، دەیڵێمەوە كەس لارى لەوە نیە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ باشتركردنى دۆخەكە بەڵام سەیر بكەن بەبڕیارەكانى خۆیانەوە دەردەكەوێت كەرتى گشتى و نەخۆشخانەكان چەندە وێرانن و بڕیارەكانیشیان تا كوێ بڕ دەكات .
_ جەنابى وەزیر دەڵێ نابێ كارمەندى تەندروستى لە 16 ماددە زیاتر سەرف بكات و بفرۆشێ لەعیادە لاكۆڵانەكەى بەڵام هەمان كارمەند بەیانیان لێپسراوى بنكەى تەندروستیە یان لێپسراوى مەڵبەندێكى تەندروستی گەورەو زەبەلاحە یان لەلادێیەو هەفتەى زیاد لەسەد نەخۆش دەبینێت و نزیكەى پەنجا ماددە لەدەرزى و حەب و شروب و كەپسول سەرف دەكات ئاسایە .
واتا ئەمە باشترین بەڵگەیە بۆ شكستى كەرتى تەندروستى لەبەیانیان لەنەخۆشخانەو مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكان ، تۆ ئەگەر دەزانى ئەم كارمەندە نابێت دەرمانخانەى هەبێت دواى دەوام و هێندە كۆڵەوارەو هیچ زانیارى تەندروستى لانیە ئەى چۆن ڕێگەى دەدەى بەیانیان بكەوێتە وێزەى ئەو خەڵكە " ڕێگە دەدا هەمان كارمەند پەنجا نەخۆش ببینێت لەلادێ و ناحیە دوورە دەستەكان بەڵام نابێت لەدەرمانخانەكەى خۆى كەس ببینێت و دەرمان سەرف بكات . واتا تا ئەم چركە ساتەش هیچ پیلانێك نیە بۆ ناردنى دكتۆر بۆ لادێ و ناحیە دوورە دەستەكان .
_ ئەگەر ڕێگە نادەى ئەم كارمەندە دەرمانخانەى هەبێت بۆ ژیانى باشتر ناكەى تاپێویستى بەوە نەبێت عیادەى لا كۆڵانى هەبێت .
_ ئەگەر دەزانى ئەم عیادەو دەرمانخانانەى لا كۆڵان هێندە خراپ و كارەساتبارن و بەشێكن لەخراپ بوونى سیستەمەكە ئەى بۆ نەخۆشخانەكان وا لێ ناكەى تا هیچ هاوڵاتیەك پێویستى بەو عیادەو دەرمانخانە لاكۆڵانانە نەبێت ؟ ئەمە ئێوەو سیستەمەكەن خەڵك و نەخۆش ناچار دەكەن ڕوو لەعیادە و دەرمانخانەى لاكۆڵان بكات ، لەنەخۆشخانە چارەسەرى پێویست نیە .
_ مانگێك لەمەوبەر بڕیارى داخستنى عیادە لاكۆڵانەكان گەیشتە سنورى بیتوێن و پشدەر هەموو دەرمانخانەو عیادە لاكۆڵانەكانى ناحیەو قەزاكانى وەك (شكارتە ، سەروچاوە ، حاجیاوا ، چوارقوڕنە ، ڕانیە ، سەنگەسەر ، ژاراوە ، قەڵادزێ) ئینزار كران كەنابێت لە شانزە ماددە زیاتر سەرف بكەن و بفرۆشن بەپێچەوانەوە لیژنەى باڵاى داخستنى دەرمانخانەكان كە(لەنوێنەرى سەندیكا حزبیەكەى كارمەندانى تەندروستى و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە و قائیمقام و ئیدارەى سەربەخۆ و پۆلیس و ئاسایش) پێك هاتووە ئیجرائات دەكەن بەداخستن .
لەكاردانەوەى ئەم بڕیارەدا هەفتەى ڕابردوو بۆماوەى دوو شەو لەسەر یەك تێكرایى دەرمانخانەو عیادە لاكۆڵانەكانى حاجیاواو چوارقوڕنەو ڕانیەو سەنگەسەر مانیان گرت و دەرمانخانەكانیان بەڕووى خەڵكى سنورەكەدا داخست ناچار هاوڵاتیانى نەخۆشى سنورەكە ڕوویان لەنەخۆشخانەو مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكان كرد دەركەوت نەخۆشخانەو مەڵبەند و بنكەكان تەواو تەواو خاڵین لەدەرمان و هەموو پێداویستیەكى پزیشكى ، بەپەلە قائیمقام و مودیر ناحیەكان و سەندیكا حزبیەكە و بەرپرسانى حزبى ناوچەكە هاتنە سەرخەت و گووتیان لەڕێگەى لێپسراوى مەڵبەندەوە پەیوەندیمان كردووە بەدادە هێرۆ تابەوەزیرى تەندروستى بڵێ بڕیارەكە ڕابگرێ تكایە ئێوەش دەرمانخانەو عیادە لاكۆڵانەكان بكەنەوە بەڕووى خەڵكداو كەس ناتوانێت پێتان دابخاو ئیشى خۆتان بكەن ، چونكە نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان هیچیان تێدا نیە ئەوەى هەشە دوو شەوى تر كۆتایى دێت و وەزارت و دامەزراوە تەندروستیەكانى سنوورەكە بەرگەى دوو شەوى ترى مانگرتنەكە ناگرن .
بەڕێزان ئەمەیە حاڵى نەخۆشخانەو مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكان خۆزگە نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان هێندە پڕ دەرمان و ئامێر و ئیسعاف و دكتۆر و پێداویستى پزیشكى بوونایە تاكەس پێویستى بەو عیادە و دەرمانخانە لاكۆڵانانە نەبووایە چونكە ئەوانیش بەشێكى كەمیان نەبێت هیچیان پسپۆر و شارەزا نین جگەلەوەى بەئارەزووى خۆیان دەرمان بەچەند قیمەت بەخەڵك دەفرۆشن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە