لێژبوونەوەى كۆمەڵى ئیسلامى ...

Tuesday, 17/11/2009, 12:00

1668 بینراوە


سەرەتایەكى كورت :
كۆمەڵى ئیسلامى وەك یەكێك لە بزاڤە ئیسلامیەكانى كوردستان لە (ڕۆژى پێنج شەمەى 31-5-2001) خۆى ئاشكرا كرد و پاش لێكترازانى بزوتنەوەى ئەوكاتەى یەكبونى ئیسلامى بە گورێكى بەهێزەوە هاتە مەیدانى سیاسى كوردستانى عێراق و توانى لەماوەیەكى كورت دا پێگەى خۆى لەبوارى سیاسى بكاتەوەو تاڕادەیەكیش ببێتە جێگاى متمانەو باوەڕى هاوڵاتیانى ئیسلامى كوردى لەچەندین ناوەندى بڕیاریشدا بەشدارى بكەن , لەپەرلەمانى عێراق (1) نوێنەر و لەپەرلەمانى كوردستان لە ڕابردوودا خاوەنى (6)كورسى پەرلەمانن و ئێستا تەنها خاوەنى (4) كورسى پەرلەمانن و لەپارێزگاى سلێمانى (3) ئەندامى ئەنجومەن و لە هەولێریش خاوەنى (1) ئەندامى ئەنجومەنن لە حكومەتى ڕابردوودا خاوەنى وەزیرى ژینگە بوون و لەحكومەتى ئێستادا هیچ وەزارەتێكیان پێ نەدرا پاش ئەوەى خاوەنى چەند مەرجێك بوون و لەلایەن حكومەتەوە بەقورس سەیر دەكرا , وە خاوەنى چەندین بارەگان لەهەریەكە لە (سلێمانى , هەولێر , دهۆك , كەركوك , ڕانیە , كەلار , هەلەبجە ..هتد) و لەبەغداد و تاران و لەندەن مەكتەبى پەیوەندیان هەیە و خاوەنى كەناڵێكى ئاسمانین بەناوى (پەیام) و (8)كەناڵى تەلەفزیۆنى محەلى و (6)ڕادیۆ ناوخۆییان هەیە .
هۆكارەكانى بەهێزبوونیان :
1- تاڕادەیەك پاشەكشەى سیاسى لەدواى ساڵانى 2001ز لە یەكگرتووى ئیسلامى بەدى دەكرا , بەهۆى ئەوەى خۆى خزاندبووە حكومەتەوەو خاوەنى گوتارى نوێ نەبوو لەساڵەكانى ڕابردوودا تەنها بەگوتارە تەقلیدیەكە كارى دەكرو كەوتبووە ژێر كاریگەرى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار , ئەمەش واى كرد هەندێك خەڵكى ئیسلامى تاڕادەیەك بەرەو ئەو حیزبە نوێ یە بڕۆن و هاوكارى بكەن ئەویش (كۆمەڵى ئیسلامى)بوو .
2- درروست بوونى بۆشایى ئیسلامى دیكە جگە لە میانڕەو (یەكگرتوو) , ئەویش لەوەدا خۆى دەبینیەوە بزوتنەوەى ئیسلامى پاش لێكترازانەكەو پاشتریش بەهۆى كۆچى دواى سەركردە دیارەكانیان وەك (شێخ على عبدالعزیز و مامۆسنا احمد كاكە محمود) بۆشاییەكى گەورەى سیاسى لەو بزاڤەدا درووست بوو بەجۆرێك بەرەو پوكانەو و نەبوونى سیاسەتێكى دیار دەڕۆشت تا هاتنە مەیدانیان بە شێوازێكى نوێ.
3- دانیشتنى بەشێكى زۆرى ئەندامانى بزوتنەوەى ڕاپەڕینى كۆن (برا) بەسەركردایەتى ڕابەرەكەیان (شیخ ێدیق عبدالعزیز) و چەند ئەندامێكى كارایان لەماڵەوە دانیشتن و پەیوەندى سیاسیان نەما و خۆیان بەدوور لەكارى سیاسەت دانا .
4- لەناوخۆى كۆمەڵى ئیسلامیشدا بەهۆى بوونى چەند سەركردەیەكى گەنج بەتایبەتى ئەندامانى بزوتنەوەى ڕاپەرین كە زۆرتر دانولەیان لەگەڵ سیاسەتدا دەگونجێت توانیان ڕۆڵكى گونجاو لەو كاتەدا بگێڕن و دواتریش هێرش كردنە سەریان چ بەگرتنى ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى یاخود لێدانى بنكەو بارەگاكانیان لەلایەن ئەمەریكاوە تاڕادەیەك مەزڵومیەتیان پێوە دیاربوووە كۆمەڵى ئیسلامیش توانى سوود لەو بوارە ببینێت و سۆز و سەرنجى ڕاى گشتى بۆلاى خۆى ڕابكێشێت .
5- هاوكاریكردنى كۆمەڵى ئیسلامى چ لەناوخۆى هەرێم وەك پێدانى بڕى پارەى بزوتنەوەى یەكبوونى ئیسلامى بەكۆمەڵ و وە پشتگیرى كردنیان بەتەواوەتى و لەلایەكى تریشەوە هاوكارى ئقلیمى وەك دەوڵەتى ئێران , بۆیە توانیان ژێر خانى ئابوورىكۆمەڵ ببوژێننەوەو كارە سیاسیەكانیان ڕاى بكەن.
ئەمانە و چەندین هۆكارى دیكە واى كرد كۆمەڵى ئیسلامى ببێتە بزاڤێكى دیارى سەر ساحەى كوردستان و خاوەنى ژمارەیەك بیًت و خوێندنەوەى بۆ بكرێت .
هۆكارى لێژبوونەوەو شكست :
لەپاش ساڵى 2007ز و بەهۆى چەندین گۆڕانكارى لەم ساڵانەى دواییدا و خێرابوونى ڕووداوە سیاسیەكان و دواترینیش هەڵبژاردنەكەى ئەم دوواییەى 25-7-2009 دیوێكى ڕاستەقینەى دیكەى كۆمەڵى ئیسلامى دەركەوت كە خۆى لەخلۆربوونەوەى پێگەى سیاسى و لەدەست دانى متمانەى جەماوەر و نەبوونى سیاسەتێكى ڕۆشن دا خۆى دەبینێتەوەو ئەم حیزبە بەرەو پوكانەوەو شكست مل دەنێت لە گرنگترین ئەو هۆكارانەى دەبنە پاڵنەرى شكستى ئەم حیزبە بریتین لە :
1- بەخۆداچوونەوەى خێراى بزاڤى میانڕەوەى كوردى (یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان) هەوڵدان و خۆ كۆكردنەوە بۆ پڕكردنەوەى بۆشاییە سیاسیەكانیان و ڕازى كردنى ئەندامانیان بەوەى جارێكى دیكە ئەندامانیان پەنا بۆلایەن و بزاڤى دیكە نەبن . بەتایبەتى تر هەڵوێستى سەركەوتوو چاونەترسانەكانیان هەر لەسەرەتاى هەڵبژاردنەكەى هەرێمى كوردستان و وە بوونیان بە ئۆپۆزسیۆنى ڕاستەقینە شان بەشانى بزوتنەوەى گۆڕان و نەبوونى دوو دڵى لە ئەداى سیاسیان و ئاوڕٍدانەوەیان بەلاى جەماوەردا .
2- بەگوڕخستنەوەى بزوتنەوەى ئیسلامى كوردستان بەتایبەتى پاش كۆنگرەى نۆیەمى بزوتنەوە لە(17-7-2008ز), جارێكى دیكە چەند عەقڵێكى نوێ توانیان بە كۆڵنەدان و هەوڵێكى زۆر بزوتنەوەى ئیسلامى بهێننەوەى نێو كایەى سیاسى و بیكەنەوە بە یەكێك لە بزاڤە دیارەكانى ساحەى كوردستان و ئەمەش وەك لەهەڵبژاردنەكەى ئەم دواییە پەرلەمانى كوردستان بینرا بەتەنها دابەزى و توانیان ببنە خاوەنى 2 كورسى و چوارەم هێزى لیستە پەرلەمانیەكە و وەیەكێك لە حەساسترین وەزارەتى تایبەت بەئیسلامیەكان بەدەست بهێنن ئەویش وەزارەتى ئەوقاف و كاروبارى ئایینى كە دەتوانێت چەندین چالاكى دیكە و نوێ بوونەوە بە بزوتنەوەى ئیسلامى ببەخشێت .
3- پاش ئەوەى بزوتنەوەى ئیسلامى كۆنگرەى خۆى بەست بۆ هەڵسانەوەى زیاتریان توانیان مەیلى سەركردایەتى بزوتنەوەى ڕاپەرێن بەسەركردایەتى شێخ ێدیق عبدالعزیز بۆخۆیان كێش بكەن و بیكەنە ڕابەرى خۆیان .
هەڵبەت شێخ ێدیق كە دامەزرێنەرى بزوتنەوەى ڕاپەڕینە و بە كەسایەتیەكى چالاك و لێهاتوو دادەنرێت و بەجۆرێك زۆرێك لەسەركردەكانى كۆمەڵى ئیسلامى پەروەردەى ڕاستەوخۆى شێخ ێدیقن و بەپێى هەندێك لێدووان هەندێك لەسەركردایەتى ئێستاى كۆمەڵى ئیسلامى ئیش كردنیان لەژێر ڕكێف و دەسەڵاتى ئەو زۆر پێ سەربەرزانەترە وەك لەو سەركردایەتییەى ئێستا هەیانە , ئەمەش لەگرنگترین هۆكارى ڕاكێشانى خەڵكى ئیسلامى و ئەندامانى كۆمەڵى ئیسلامیە بۆلاى بزوتنەوەى ئیسلامى بەسەركردایەتى شێخ ێدیق چونكە سەركردەیەكى دیار و ڕاستەوخۆى خۆیانە .
4- سەركردایەتى كۆمەڵى ئیسلامى بەهۆى ئەو سیاسەتانەى لەم دواییەدا گرتویەتیە بەر وە بەهۆى دروست بوونى چەندین ئاڕاستەى جیاواز و كاركردنیان بەئاڕاستەى جیاواز و بەتایبەتى تر سیاسەتیان بەرامبەر خەڵك و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن ,بوەتە هۆى لەدەست چوونى جەماوەرو پێگەى سیاسیان و كۆمەڵى ئیسلامى لەناوەندەكاندا بەهەڵوەشاندنەوەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى دادەنرێت و دواتر بۆ چوونە ناو حكومەت چەندین مەرجیان دانا , كە مەرجە گشتیەكان بە بۆیاخ كردن و شاردنەوەى مەرجە تایبەتیەكان دادەنرێت , وە داواكاریەكانیان هێندە زیادەڕۆى تێدایە هیچ لایەنێك و حیزبێك گەر حكومەت پێك بهێنێت ناتوانێت بیهێنێتە دى كومەڵ دەیویست بە 4 كورسى پەرلەمانەوە ببنە خاوەنى یەك لەسەر سێ ى وەزیرەكانى پارتى یاخود یەكیەتى كە یەكى خاوەنى 29 كورسى پەرلەمانن بەوەى داواى 2 وەزیر و 2 وەكیل وەزیریان دەكرد , وەزیادكردنى پارەكەیان بۆ 1ملیار دینار , وەپاش ئەوەى مەرجەكانیان بۆ جێ بەجێ نەكرا ئێستا بوونەتە ئۆپۆزسیۆنێكى شەرمن كە ناتوانن وەك گۆڕان و یەكگرتوو خاوەنى گوتارى ئۆپۆزسیۆنى ڕاستەقینە بن , چونكە هێندە خۆیان بۆ بەشدارى لەحكومەت ئامادەكردبوو هێندە چاوەڕێى بوون بە ئۆپۆزسیۆن نەبوون و خۆیان بۆ تەنگ و چەڵەمەى رَێى ئۆپۆزسیۆن هەڵنەگرتبوو.
5- یەكێكى دیكە لەو كێشانەى كۆمەڵى ئیسلامى پێوەى دەناڵێنێت بوونى كەسى یەكەمە ئەویش لەكەسایەتى (مامۆستا على باپیر) خۆى دەبینێتەوە و بۆبەشێك لەسەركردایەتى كۆمەڵى ئیسلامى قابیلى قبوڵ كردن نىیە , جا بەهۆى بەهۆى تایبەتمەندى خۆیەوە بێت لەسەر قسەكردن لەسەر بزاڤ و كەسایەتیەكانى دیكەوە بێت یاخوود بوونى پەیوەندى لەگەڵ ووڵاتاندا و دواترین تایبەتمەندى مامۆستا لە هێنانى ژنى سَیەمەوە هەرچەند ئەمەیان زیاتر تایبەتمەندى كەسایەتى خۆیەتى, بەڵام سەركردایەتى ئیسلامى لەكۆنەوە لەسەرهەڵدانى بزاڤە ئیسلامیەكان لە جمال الدین ئەفغانى ومحمد عبدە وە دژایەتى خۆیان بۆكەسانى ناسراو ویەكەمى لایەنە ئیسلامیەكان لەهێنانى ژنى دووەم وزیاتر دەربڕیوە بەتایبەتى كەسێكى وەك شێخ سعید النورسى كە بەیەكێك لە كەسە دیارەكانى هەڵسانەوەى ئیسلامى پاش خەلافەتى ئیسلامى دادەنرێت تەنها ژنێكیشى نەهێنا چونكە پێى وابوو هێندە كارى ئیسلامى هەیە كاتى گونجاوى نىیە بۆ خزمەتكردنى ماڵ و منداڵ و بەڕێوەبردنیان ,كە تێكڕایان گومانیان لە شەرعى بوونى پرۆسەكە نەبوو , بەڵكو واقیعى بوونیان بوو . بۆیە ئەم تایبەتیانەى مامۆستا و هێنانى ژنى سێیەمى بووەتە كێشەیەك و لەسەركردایەتى كۆمەڵى ئیسلامى قسەى زۆرى لەسەر دەكرێت , چونكە كەسى تایبەت و سەركردە چەندین هۆكارى تایبەتى لەدەست دەچێت و دەبێتە هۆكارى گشتى ولایەنە تایبەتیەكانی بەرتەسك دەبنەوە .
دواڕۆژى كۆمەڵى ئیسلامى:
بەهۆى ئەو هۆكارانەى كە باس كرا كۆمەڵى ئیسلامى ئێستا خاوەنى گوتارو سیاسەت و گونجاوى خۆى نىیە و لەلایەكى دیكەوە هۆكارى دەرەكى ئەو حیزبە واى لێ دەكات زیاتر بەرەو بچووك بوون و پوكانەوە بچێت و هەمان سیفاتى كۆنى بزوتنەوەى ڕاپەڕینى كۆن وەربگرێت , كە نەیەكگرتوویەكى میانڕەو بوون و نە هەڵگرى بیرى بزوتنەى ئیسلامى بوون و , گەر لەسەر ئەو ڕیتمى بەردەوام بن هەمان چارەنووسى ئەوانیان دەبێت لە داهاتوودا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە