خێر و بەرەکەتی نەوت لەهەرێمدا، دەسەڵاتی پێ بەهێز دەبێت یان کۆمەڵگا پێشدەخات؟

Saturday, 26/01/2013, 12:00

1363 بینراوە







سەرۆكی جینێڵ ئینێرژی: كوردستان پایتەختی دەرهێنانی نەوتە لەجیهاندا

وڵاتە خاوەن پیشەسازیەکانی جیهانی سەرمایەداری تا ئەم ساتەش پێویستیەکی نمرە یەکیان هەیە بۆ برەودان و بەرو پێشەوەچونی بەرهەمەکانیان لە ڕێگای بزوێنەری سەرەکی کە وزەی نەوتیە. ئەو قۆناغەی کە سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری لە سیستەمە چینایەتیەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، ئاستی بەرەو پێشەوەچونی بەرهەمهێنانێکی زیاترە لە کۆی بەرهەمهێنانی پێش خۆی، وە خودی ئەو بەرهەمهێنانە زۆرەی لە کۆی پێداویستیەکاندا خۆی دەبینێتەوە و لە ڕێگای بازاڕەکانیانەوە، قازانج هێنەرێکی سەرسوڕهێنەرە، کە ئەویش لە ڕێگای چەوساندنەوە و داگیرکاری هەمەلایەنەوە پێناسەی بوونی ئەم سیستەمە سەرمایەداریە دەکات.

لەسەدەی شازدەهەمینەوە، جیهانی خاوەەن پیشەسازی، بەتایبەتیش وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێدەنێنە نێو قۆناغێکی تایبەترو جیاوازتر لە کۆی مێژوی ڕابردوی دەسەڵاتە چینایەتیەکانی پێش خۆی. ئەو قۆناغەش، قۆناغی هەڵکشان و بردنە سەری ئاستی چەوساندنەوە لەلایەک و ئاستی داگیرکاری و گەڕان بە شوێن پڕ کردنەوەی وەبەرهەم هێنانەکانیان و ساغ کردنەوەی کاڵای وەبەرهەم هاتوو لەلایەکی ترەوە.. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەشێکی سەرەکی بوون لەنێو داگیرکاری، ئەو کۆ وڵاتانەی جیهانی پیشەسازیدا، بۆ پڕ کردنەوە و بەرەوپێشچونی زیاتری جیهانبینی قازانج کە سوود مەندی مادی لە پشتیەوە وەستاوە. خودی سیستەمی سەرمایەداری، پابەند بونە سەرەکیەکەی کە جیاوازتر بێتە مەیدانەوە لە کۆی ئەو ئەزمونە تاڵ و چەوسێنەرە دواکەوتوانەی پێش خۆی، ئاستی گەڕانی بوە بۆ پاراستنی خودی هەیمەنەتی دەوڵەت و ئەو چینە دەسەڵاتدارەی حاکمیەتیان بەدەستەوەیە و کۆمەڵگایان بۆخۆیان قۆرخ کردوە.
لە هەمانکاتدا وڵاتانی ڕۆژهەڵات خاوەن سەروەت و سامانی ژێر زەمینی زەبەلاحن و ئەمەش بۆ وڵاتانی زلهێز، هەردەم، بەشێک بوە لە ماهیەتی مانەوەی دەسەڵاتە ڕۆژئاوایەکان لەو وڵاتانەدا، چ بەداگیرکاری بێت، وەک ئەوەی لەسەردەمی هەردوو جەنگە جیهانیەکدا ڕویدا، یاخود بە شێوازێکی دیکە و لە ژێر ناوی ئازادی و دیموکراسیەتدا، هەموو کات دەسەڵات گەلێکیان داناوە لەو وڵاتە خاوەن نەوتیانەدا کە ڕاستەوخۆ گرێدراوی خۆیان بوون، یان باشترە- بڵێین وەکیلە تایبەتەکانیان بوون. دیارە سیستەمی سەرمایەداری خاوەن بونیاتێکە، هیچ کات لەوی پێشتر لە خۆی ناچێت، کە نەیتوانیوە سنورەکانی نەتەوە و کەلتور و ئاین تێپەڕێنێت، بە پێچەوانەوە ئەم سیستەمە، خاوەن ماهیەتێکە، کۆی سەرکەوتنی خۆی لە بەکاربردنی هەم نەتەوە و هەم بونی ئاینیدا، تێپەڕاندوە و لە یەکاتیشدا، هەردەم ئەم دوو بونیاتە کەلتوری و ئایدۆلۆژیەتەی لە قازانجی خۆیدا بە کار هێناوە. هێرشی بەردەوامی ئەم سیستەمە خاوەن دەوڵەتە، نەک هەر خواستەکانی خۆی لە ڕوی پەلامار و داگیرکاریە سەربازی و هێز بونەکەیەوە بەدەست هێناوە، بەڵکو لەیەک کاتدا، خودی ئەو فەرهەنگ و کەلتورەشی کردوە بە ڕێسایەک، بەناچاری کۆمەڵگای ژێر دەستی ناچار کردوە، جێ، پێهەڵگری بن.
وڵاتانی جیهانی ڕۆژهەڵات، پێگە سروشتیەکەیان وا هەڵکەوتوە، کە یەکەم خاوەندارێتی بن لە بوونی مادە سەرەکیەکانی بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگای شارستانی خاوەن پیشەسازی جیهانی سەرمایەداریدا، لە عەرەبستانی سعودیەدا، پێش ئەوەی نەوت بدۆزرێتەوە، کۆی چاوەڕوانیەکانی دەسەڵاتداران، لەسەر خواست و ڕوو کردنە زیاتری خەڵکی سادە بوە بۆ تەواوکردنی مەراسیمی حەج، لەو وڵاتەدا، وە لە ڕێگای ئەو بڕە داهاتانەوە ئەو دەسەڵاتەی بنەماڵەی ئال سعودەکان توانای بەڕێوە بردنێکی لاوازی خۆیان هەبوە و دیارە لەکاتێکی واشدا ئاستی بژێوی زۆرینە هەژارەکە تەواو لە خوار بوە، چونکە هەیمەنەتی بنەماڵەی پادشا دەبوا سێ بەشی داهاتیان وەچنگ بکەوێت، لەگەڵ هاتنی قەیرانی ئابوری سیستەمی سەرمایەداری لە وڵاتانی زلهێز، بەهۆکاری ئەو جەنگە کاولکارییەی کە بە جەنگی یەکەمی جیهان بەناوبانگە، کۆی ئابوری و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری توشی قەیران کرد لە ساڵی ١٩٢٩ دا و وڵاتی سعویەی پاشا نشینەکانیش دەکەوێتە بەر ڕکود و نشێویەکی بێوێنەوە، چونکە ئاستی زیارەتکاران، بە ئەندازەیەکی یەکجار زۆر ڕوو لە کەمی دەکەن، تا ئەو کات، خودی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە ناڕاستەوخۆ شکستی خۆیان ڕاگەیاندبوو،(لە کاتێکدا،لە سالی ١٩٣٨ دا نەوت لە عەربستانی سعودی دۆزرایەوە و لەلایەنی کۆمپانیای ئارامکۆ کۆمپانیای نەوتی عەرەبی ئەمریکی پاش شەری دووەمی جیهانی لە سالی ١٩٤٥ دا سەرۆک فرانکلن رۆزیفیلت، لەسەر پشتی کەشتی وڵاتە یەکگرتوەکان بە ناوی کوینسی لە دەریایی سوور، میوانداری شا عەبدول عەزیز عەبدول ڕەحمان ئال سعودی کرد و بەمەش بناغەی پەیوەندیەکی زۆر سەیر، بەڵام نەگۆر، لە نێوان هەردوو وڵاتدا، دروست کرا. هەردوو لایەن هیچ شتێکی هاوبەشیان لە نێواندا نیە، لەوە بترازێ کە، سعودییە بەبەردەوامی نەوت بۆ ولاتە یەکگرتوەکان بنێرێ، چونکە چارەکی یەدەکی نەوتی دونیا لە ناو خاکی سعودییەدایە و لە بەرانبەر ئەوەشدا، دەبێ سوپای ئەمریکا حوکمڕانی پاشایەتی بۆ بنەماڵەی ئال سعود بپارێزێ.(ئەم چەند دێڕە لەلاپەڕەی ٦٥ و ٦٦دا نووسراوە لە پەرتوکی ئوسامە چۆن خۆی پێ گەیاند، لە نوسینی جۆناتان ڕانداڵ و وەرگێڕانی بۆ سەرزمانی کوردی لەلایەن مام کاک ەوەیە) ئاخۆ دەبێت ئەو ژێر زەمینە دەوڵەمەندەی کوردستانیش هەمان چارەنوس بگەیەنێت وەک ئەوەی بۆ بنەماڵەی ئال سعود دابین کراوە لەلایەن زلهێزی خاوەن سوپای سەرمایەداری ئەمریکیەوە؟
کۆمپانیا پشکێنەرە تایبەتەکانی ئەمریکا، وەک تینویەک وێڵ بوون بە شوێن دۆزینەوەی چۆڕە ئاوێک و کانیاوێکدا تا بتوانن، تینوێتی خۆیانی تێدا تێر ئاو بکەن، گەڕانیان بوو بە شوێن دۆزینەوەی ئەو بەها بەنرخەی کە توانای ئەوەی هەبوو وڵاتانی خاوەن پیشەسازی جیا بکاتەوە لە کۆی وڵاتانی بێ پیشەسازیدا. ئا لەو ساتە وەختەدا، توانیان ژێر زەمینی پڕ لە نەوتی ڕەشی بەسود لە وڵاتی جەزیرەی عەرەبیدا، ببیننەوە. هەر لەو ساتەدا، خودی ئەو پشکێنەرانە، پەیمانیان دا، بە دەسەڵاتی پاشایانی سعودیە، کە ژێر زەمینی زەویەکانتان، هەر هەمووی خاوەن بەهایەکی یەکجار مەزنن، ئەویش نەوتە و ئەو پێداویستیە سەرەکیەیە، کە وڵاتانی خاوەن پیشەسازی نوێ بەشێکی گرنگی پێویستیە سەرەکیەکانیانە، بۆ ئەوەی بتوانێت هانگاوە زانستیانە قازانج پەرستانەکانی خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن. ئەوە ئاستی وشیاری خاوەندارانی سیستەمی سەرمایەداری چەوسێنەر بوو، کە توانای ئەوەی هەبوو، پێداویستیە خاوەکانی خۆی پەیدا بکات، لە هەرکوێیەک بێت، تا ئەوەی خواستە قازانج هێنەرە سەرسوڕهێنەورەکانی بەرەو زیاتر و زیاتر، ببات. وڵاتی سعودیەی پادشا، دەمامکدار و عەمیل و قەڵەو، وە خواستی تەنها تێر کردنی لەزەت و گومڕایی بوونیان، بەشێکی تەواوی ژیانیانە، هەر لە ساڵی ١٩٣٨ وە تا ئێستا، لەلایەن، خاوەندارانی زلهێزی ئەمریکاوە پارێزراون و خودی کۆمەڵگای سعودیەش، بەشێکی زۆری خەڵکەکەی لە ئاستی کەم بژێوی و ئاستی دواکەوتویدایە لە هەموو ڕوەەکانی ژیانێکی سەردەمیانەوە.
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، بەشێکی پێویست بوون، لە ئاست نوسینی ئەم بابەتە.
هەرێمی کوردستان، یان باشوری کوردستان، ئەو جێگا و شوێنەیە، بۆ وڵاتانی زلهێز و خاوەن سەرمایە زەبەلاحەکان، هەردەم وەک وڵاتی سعودیە وایە. چونکە، لەلایەکەوە، خاوەن ژێر زەمینێکە،(بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوی کردۆتەوە، بڕی یەدەکی نەوتی دەگاتە ٤٥ ملیارد بەرمیل) لە لایەکی ترەوە، خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان ئاستی وشیاری پادشا دەمامکدارەکانی وڵاتی سعودیەی عەرەبیدان و تەنها لە خەمی پاراستنی خودی خێزانەکانی خۆیان و دەسەڵاتەکانیاندان ، ئامادەشن لەو پێناوەدا، کۆی کۆمەڵگا بکەن بەسوتەمەنی، وە لەلایەکی دیکەشەوە، خودی ئەو دەسەڵاتە کوردیە، هەردەم ڕێگر بوە لە بەردەم خواستی کرانەوە و بەرەوپێشچوەنی کۆمەڵگا لە کۆی ڕوە- مەزن و گرنگەکاندا. دیارە مەبەستی من ، ئەو ڕوە گرنگانەیە، کە دەخوازێت ئاستی وشیاری و پەروەردەی کۆمەڵگا بگەیەنێتە توانایەک، کە خودی سیستیەمی سەرمایەداریش تێپەڕێنێت. لای من ئەم سیستیەمە دەمامکدارەی ژێر پەردەی ئازادی ڕوپۆشکراو، هیچ نیە بێجگە لەوەی بەشێکە، لەو سیستەمە، چەوسێنەرەی کە خودی قۆناغەکانی پێش ئەمیش دەستیان پێ ڕانەگەیشتوە. چونکە، سیستەمی سەرمایەداری، خاوەن پێگەیەکە، کە کۆی سنورە تەسکەکانی جیهان بینی ئاینی و نەتەوەیی تێپەڕاندوە و بازی داوەتە ئەو بەری ئەو سنورانەوە، لە هەمان کاتیشدا، دێت، ئەو فەرهەنگە ڕەگەز پەرستیەیی دین و نەتەوە بەکار دەهێنێت لە پێناو گەوج کردن و گێل کردنی زیاتری کۆمەڵگاکانی ئەم سەرزەمینەدا.

خودی ئەو ڕاپۆپرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی، بۆخۆی، جێگای هەڵوێستەی گرنگە، چ لەلایەن کەسایەتیە ئازادیخواز و سیاسیەکانی کۆمەڵگاوە بێت، یان لەلایەن کەسایەتیە بیرمەند و ڕۆشنبیرەکانەوە بێت کە خۆیان بە خۆمخۆری کۆمەڵگا دەزانن. وڵاتی عێراق، تا ئێستا کوشتەی ئەو دواکەوتوییە مەزنەیە، کە ژێرزمەینێکی پڕ لە پڕ کردنەوەی خواستە گرنگەکانی زلهێزانی خاوەن پیشەسازی هەیە، ئەویش نەوتە. نەوت، ئەو مادە تایبەتەیە، کە تا کۆتایی ئەم سەدەیەش، ڕەنگە، بەشێک بێت لە سەرەکیترین، داواکاریەکانی وڵاتانی خاوەندارانی بەرهم هێنانی پیشەزای. لە کاتێکدا دەبینین، وڵاتی عێراق، لە مێژوی بنیات نانیەوە، تا ئەم چرکە ساتە، بوە بە جێگایەک، کە تەنها بۆنی خوێن ڕشتن و تاوانی لێدێت. ئاخۆ مافمان نیە بپرسین، گەر نەوت و جێگا تەقدیس کراوە ئاینیەکان لەو مەوقیعەدا بونی نەبوایە، دەکرا ئەو وڵاتە وەک ئێستا و مێژوە پڕ لە شەرمهێنەرەکەی، خاوەن ئەم مەرگەساتە بوایە؟ ئاخۆ ئەوە دەبەنگی و جیهانبینی خود پەرستی شۆڤێنیانەی ئەو چینە بازرگانە سیاسی و عەمیلە نیە لە عێراقدا، کە هەمیشە بوون بە دەردەسەری بۆ کۆی کۆمەڵگا، لەوەی تا ئێستا ئارامیەک نەیتوانیوە باڵ بکێشێت بەسەر ئاسمانی ئەو کۆمەڵگایەدا؟ ئاخۆ گەر عێراق، وەک وڵاتێک و سنورێکی ئەم جیهانە، چەوسێنەرەی ژێر دەستی سیستەمی سەرمایەداری، گەر بهاتباو ، خاوەنداریەتی خۆی و بەرەو پێشچونەکانی، لە ڕێگای داهێنانی تایبەتی خۆیەوە ببردایەتە، پێشەوە، نەدەبوو، بەو جێگایەیی کە کەمترین، ڕادەی هەژاری تێدا بوایە؟ ئاخۆ گەر قازانج و بەرهەمی ئەو نەوتە ڕەشە بخرایەتە، بەردەم، پێشخستنی بوارەکانی پەردوەردە و زانست و پێگەی تەندروستی تێدا جێگیر ببوایە، شکۆدارتر نەدەبوو بۆ خاوەن دەسەڵاتداران؟ لەم عێراقەی ئەمڕۆ، کە هەرچی دەوڵەت و خاوەن سەرمایەداری جیهان هەیە لە وێن و تەراتێنی تێدا دەکەن و، بەشی سامانی کۆمەڵگا بۆخۆیان دەبەن و جەنگی ڕەگەز پەرستانەی تائیفی و دینی و قەومیش بۆ کۆمەڵگا دروست دەکەن؟ ئاخۆ ئەو هەلومەرجە نالەبار و ناعەدالەتیە کێ لێی بەرپرسیارە؟ کۆمەڵگا یان دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانیەکان!؟
ئاخۆ گەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، لە قازانجی بەرەو پێشبردنی، پەروەردەی خەڵکی کوردستاندا، کاریان بکردایە، کەسێک دەمایەوە لەو کۆمەڵگایەدا گازندە بکات دژی دەسەڵاتداران؟ ئاخۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڵگری هەمان ڕێچکەی پادشا دەمامکدارەکانی عەرەبی سعودیە نین، لەوەی هەرچی داهات و سامانی وڵات هەیە، پێشکەشی زلهێزان و کۆمپانیاکانیان، بکەن، تەنها لەبەر ئەوەی خۆیانی تێدا پارێزراو بێت؟ کەواتە، کامەیە، ئەو شکۆداریەی کە دەخوازن، خەڵیکیش، بەگوێتان بکات و بێت دەستخۆشیتان لێبکات؟ کوا ئەو گۆڕانکاریەی بەدەستان هێناوە، لەوەی جیاوازتر بێت، لەو نیو سەدەیەی ڕابردوی وڵات، کاتێک لە ژێر دەستی دەسەڵاتە داگیرکار و دیکتاتۆریەکانی عێراقدا بوە؟ لێرەدا، ڕوون دەبێتەوە، گەر کوردستان، دەریایەک بێت لە نەوتی خاوی ڕەش، هێشتا بەپێی ئەم خواستەی دەسەڵاتداران، دەبێت تەنهاو تەنها، ئەو بەرهەمە ژێر زەمینیە، بەشێک بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێوەی پادشا دەمامکدارەکان، نەک ببێت بەو ماددە سوود بەخشەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگا بباتە سەرەوە و ڕزگاری بکات لەو بەستەڵەکەی دەیان سەدەیە، بەسەریدا، سەپێنراوە؟ تا ئەم ساتەش بەشی زۆری خەڵکی کوردستان، دەناڵێنن، بەدەست کەم خزمەتگوزاری و پێداویستیە سەرتاییەکانی ژیانیانەوە. تا ئەم ساتەش هەرێمی کوردستسان، نەیتوانیوە، کەمترین گۆڕانکاری مەزن لەخۆیدا بەرهەم بهێنێت، تا ئەم ساتەش، هەرێمی کوردستان، هەر وەک عێراق، بەشێکە لە داڕزیوترین، سیستەمی مافیایی و گەندەڵکاری ئیداری و بەڕێوە بردنی ژیان. تا ئەم ساتەش، ئەوەی ناوی ئازادی بێت لەو کۆمەڵگایەدا بوونی نیە. تا ئەم ساتەش، نەک هەر لە خودی سەرۆکەکان، بەڵکو لە خودی نەوەکانیشیان، نەمان بینی کەسایەتیەکی بەتوانا و خاوەن داهێنانی نوێ و ئازادیخوازییان تێدا دەربچێت، بەڵکو، بوون بەو بەشەی هەر لە باوکانیان بچن ، تەنها لە خەمی تێر کردنی ئارەزوە، دواکەوتوەکانیاندا بن. ئیتر ئەو بڕە مەزنە لە نەوتی ژێر زەمین، دەبێت بە قازانجی کێ بشکێتەوە لە ئایندەدا؟ گەر کۆمەڵگا لەو چەق بەستوییەی خۆی نەتەوانێت دەرباز ببێت، تەنها دەبێت لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بمێنێتەوە، ئەویش جیهانبینی، جەنگ و کاولکاری و بردنە پێشەوەی تەسلیم بوونی کۆیلەداریە. دەکرێت ئەو بەرهەمە یەدەکیە زەبەلاحەی ژێر زەمینی هەرێم، بۆ ئایندەیەکی پرشنگداری کۆی کۆمەڵگا بەکار بهێنرێت، گەر هاتوو، ئەو دەسەڵاتە، بتوانێت، بیر لەوە بکاتەوە، لەوەی ببێت بە خاوەن مێژویەکی پرشنگدار و ڕێزدار، نەک بە ملیاردەکانیدا بنازێت و زۆرینەش، لە نەهامەتی و کوێرەوەیدا ژیان بگوزەرێنن؟ گەر نەوت، نەبێت بەو بەهایەیی، خۆش گوزەرانی و بەرەوپێشچون بەدوای خۆیدا بهێنێت، باشتر وایە ڕێگا نەدەین، زەویش توشی زەرەرمەندیەکی زیاتر ببێت!


فەرموون کلیکی ئەم لینکە بکەن؛

http://www.hawlati.co


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە