سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


دانیشتنی نەوشیروان مستەفا لە گەڵ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی خۆ كوشتنە

Sunday, 23/01/2011, 12:00

1682 بینراوە


ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەتەوە كەهەوڵیك لە ئارادایە نەوشێروان مستەفا لە گەڵ هەر یەكە لەگەڵ مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی كۆببنەوە.
ئەم هەواڵە ئەگەر ببێتە راست تەنها خۆكوشتنی نەوشێروان مستەفای لێدەكەوێتەوە، چونكە ئەوخەڵكانەی كە دەنگیان بە بزوتنەوەی گۆڕانداوە لێوان لێون لە خەزەب و توڕەی بەرامبەر بە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، خەڵكێكی كەمیش لە بەر بەرژەوەندی و وەرگرتنی پۆست رویان لە گۆڕان كردوە و خەمیان تەنها گیرفانی خۆیانە و خەمی خەڵكی توڕە و ناڕەزای خەڵكی كوردستان نیە و ئەیانەوێت بەرژەوەندیەكانی خۆیان بە پارێزن.
بەلای منەوە زۆر ئاسایە نەوشیروان لە گەڵ ئەو دو سەرۆك خێڵە كۆببێتەوە و لە سێبەری ئەواندا بمرێت، ئەوە تەنها خۆی زەرەر دەكات و خۆی دەكوژێت، ئەوە خۆی قازانج دەكات ئەو خەڵكانەی لەو دو سەرۆك خێڵە توڕەن دەروێشی نەوشیروان مستەفا نین و ئەویش ناتوانێت ئیرادەی پۆڵاینی خەڵكی توڕە بڕوخێنێت، تا سەریش ناتوانیت فێڵ لە خەڵك بكات دەنگی ناڕازی خەڵك بكاتە گوڵێك و لە یەخەی جەلال تاڵەبانی بدات،ئەگەریش نەوشیروان ئەیەوێت لەسێبەری خەڵكی ناڕەزای بمرێت و بۆ جارێكیتر خیانەت لە دەنگەكانمان نەكات، ئەوە خۆی قازانج دەكات.
بۆچی دانیشتنی نەوشیروان مشتەفا لەگەڵ مەسعودبارزانی و جەلال تاڵەبانی خۆ كوشتنە؟
لەم چەند رۆژەدا بە سەردانێك چومەوە بۆ گەرمیان، كاتێك لە ناو سلێمانی لەگەڵ تەكسیەك سەركەوتم، شۆفێری تاكسیەكە و خۆشحاڵی خۆی بە راپەڕینەكەی تونس دەردەبڕی و گوتی: كاتی ئەوە هاتوە ئێمەش لەم مافیایانەی كوردستان راپەڕین چیە با هەزار كەسیشمان لێ بكوژرێت، لە گەرمیانیش چەندین خەڵكم بینی لە چینە جۆراوجۆرەكان زۆر خۆشحاڵبون بە روداوەكەی تونس و دەیان گوت: كاتی ئەوە هاتوە كوردستانیش وەكو تونس لێیان راپەڕێت، تەنانەت ئەوە بۆچونی خەڵكانیكیش بو كە پێشوتر دەنگیان بە دەسەڵاتدابو، خەڵكی كوردستان ئەوەندەی لە سەدامی دیكتاتۆر توڕەبون لە رابردودا ئەوەندەش لەو دو سەرۆك خێڵە توڕەن.
كەس لاری لەوە نیە كە دانیشتن و گفتوگۆ بكرێت لە نێوان سیاسیەكاندا، بەڵام ئێمە رابردویەكی درێژمان هەیە لە گەڵ درۆكانی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەو دو سەرۆك مافیا ئەوە چەند ساڵە خۆڵ لە چاوی خەڵك دەكەن و دەیان بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستاندا كە مادەی 140 دەبێت لە وادەی خۆی جێبەجی بكرێت ، بەڵام مادەی 140 دەمێكە لە تابوتی هاوینە هاواری سەری رەش و دوكاندایە و كرا بە قوربانی پارە و كورسی بۆ دو سەرۆك خێڵ، 20 ساڵە دەڵێن كارەبا چاك دەكەین كارەبا خراپتر دەبێت باشتر نابێت، ئەوانە سەدان بەڵێنیانداوە بە دەنگدەرانیانداوە و جێبەجێیان نەكردوە، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی درۆ لە گەڵ دەنگدەرانی خۆیاندا دەكەن، دەبێت ئیتر لە سەر چی ئەساسێك نەوشیروان مستەفا لەگەڵیان كۆببێتەوە و باوەڕیان پێبكات؟ هەر جەلال تاڵەبانی نەبو دروشمی ئەوەی بەرز دەكردەوە حیزب لە حكومەت جیا دەكاتەوە، دەپرسین ئایە جەلال تاڵەبانی بەلێنەكەی بردوەتە سەر؟ مەسعود بارزانی چەندین جار وتوێتی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس یەك دەگرێتەوە، ئایە ئەو هێزانە تا ئیستا بە فیعلی یەكیان گرتوەتەوە؟ دانیشتن و گفتوگۆكردن لە گەڵ درۆزن و دو رودا، نیشانەی نا عەقڵانی بون و شێتبون دەگەیەنێت.
هەڵبژاردنی رێكخراوە پیشەیەكان لە كوردستان و كەم هێنانی دەنگی لیستی سەردەم لە هەندێك لە سندیكاكاندا پێوەر نیە بۆ ئەوەی گۆڕان پاشە كشەی كردوە لە روی جەماوەریەوە، ئەوەی لە دەسەڵات توڕەیە خەڵكانێك نین كە مانگانە دو مللێوێن دینار وەردەگرن، ئەو خەڵكانەی توڕەن لە دەسەڵاتە زۆربەی نەوەی نوێیە و نوخبەیەكی رۆشنبیری خۆنەفرۆشە بە دەسەڵات و خەڵكی زوڵم لێكراوە و تێگەشتو لەم دەسەڵاتە دزە، ناڵێم گۆڕان بێ كەم و كوڕیش نیە، كەم و كوڕیانە ئەو خەڵكانە بە سەری هێناوە كە خەریكی قایمكردنی بەرژەوەندیە شەخسیەكانی خۆیانن لە ناو گۆڕاندا و خەریكی درۆكردن و ماستاوكردنن، هەر ئەو ماستاوچیانە ئەیانەوێت وەكو هەردو خیڵەكەیتر نەوشیروانیش بە شەخسەنە بكەن و بڕیارەكانی گۆڕان تەنها لە ژێر دەستی یەك كەسدا بێت، هەستیش دەكەم تا رادەیەك توانیویانە ئەو ئامانجە بۆ گەنەی خۆیان بپێكن و ئاواتە شەخسیەكانی خۆیانیش بهێننە دی، بەڵام لێرەوە دەڵێم بە شەخسەنەكردنی نەوشیروان و تاك رەوی لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی گۆڕان بۆی ناچێتە سەر، چونكە زۆرێك لە خەڵكانی گۆڕان زۆرلەوە هوشیارترن جاركیتر ببنە كۆیلە و نەوشێروانیش بكەنە خوداوەند و بیپەرستن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە