هەنگاوەكانی ئاشتی پەكەكە بە هێرش وەڵام درانەوە وەڵامێك بۆ بڵاوكراوەكەی یەكیەتی

Sunday, 06/12/2009, 12:00

1646 بینراوە


زۆركەم بڵاوكراوەی كوردستانی نوێ دەخوێنمەوە، مەگەر بێ كاربم یان هیچ شتێك نەبێت لە بەردەستمدا بیخوێنمەوە، وە ئەمجارەی كۆتایی كە خوێندمەوە، رۆژی (3/12/2009) بوو، برادەرێكم تەلەفونی بۆ كردم ووتی سەیرێكی لاپەڕەی "9" ی ئەو بڵاوكراوەیە بكە، ئەگەر توانیت وەڵامێكیشی بدەرەوە چونكە بابەتێكە زۆر قسەی نابەجێی تیادایە، بابەتەكەش لە ژێر ناوی "خەریك بوونی پەكەكە بە دوێنێوە سبەی دەخاتە مەترسیەوە" ئەمەش لە نوسینی كەسێكە كە من نامەوێت ناوی بهێنم چونكە لە سەر وێری من خۆی گەورە دەكات، ئەم تەلەفونە بووە هۆی ئەوەی كە "500" دینار زەرەر بكەم وە بۆ ماوەیەكیش لە كار ببم.ماوەیەكی زۆریشە وەڵامی هیچ كەسێكم نەداوەتەوە لەسەر هیچ جۆرە نوسینێك بەڵام ئەو برادەرەم زۆر ئیسراری كرد كە شتێك بنوسم بۆیە ئەوە ی خوارەوە بە گوشاری ئەو برادەرەم بوو كە نوسیومە نەوەكو كاریگەری بابەتەكەی ئەو.
لەو بابەتەدا كە جۆرێك لە ناوزراندنی بزوتنەوەی كوردی بە پێشەنگایەتی پەكەكە تیایە، كۆمەڵێك هەڵەی بیركردنەوەشی تیادایە كە ئەگەر خوێنەری زیرەك بیخوێنێتەوە دەزانێت ئەم برادەرە تەنها ویستویەتی ته‌نهاچاكەیەك لە گەڵ ئەردۆغاندا بكات ، دەنا خۆی خۆی بە درۆ خستوەتەوە، ئەوبرادەرە وەكو خەوێنەر گێل بێت لە شوێنێكدا دەڵێت"ئیستا ئەردۆگان لە هەر وتەیەكیدا سەبارەت بەو پرسە، داوا لە تەواوی رێكخراو لایەنە سیاسیەكان دەكات كە بەراستگۆیی و باوەڕێكی مەزنەوە كار بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بكەن" هەر لە دوای حەوت دێڕ دەڵێت"توركیا بە هەموو پێكهاتەكانیەوە پرسی كوردی كردۆتە پرسە پلە یەكەكان"ئەگەر مرۆڤ هەندێك لەم دوو دێڕ ورد بێتەوە دەزانێت خۆی سەرەتا شتێك دەڵێت بەڵام ئێستا تەواوی نەكردووە لێی پەشیمانە، هەروەكو قسەكانی سەرۆكەكەی كە چۆن ئیستا قسەیەك دەكات و پشتی چەند كاتژمێری تر لێی پەشیمانە، بەڵام ئەمیش بەراستی رێگای سەرۆكەكەی ون نەكردووە!
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە و جێگای توڕەبوونە رەوشت لە راگەیاندنی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانە بەڕێژەیەكی زۆر كەمە كە جێگای ئەوەیە سەرزەنشت بكرێن، دەوڵەتی توركیا خۆی ناڵێت كرانەوە بەڕووی پرسی كوردا دەڵێت "كرانەوەی دیموكراتی" بەڵام ئەم راگەیاندنانەی دەسەڵاتی هەرێم هەمیشە كە باسی كێشەی كورد لە باكوری كوردستان دەكرێت دەڵێن كرانەوە بەڕووی كوردا، ئەم قسە كردنە بە بێ ئەوەی بەرژەوەندیەكی نەتەوەیی تیادا بێت ، ئەوە مێژوویەكی دور نیە تاوەكو تاكی كورد لە بیری كردبێت لەم چەند مانگەی رابردوودا وەزیری ناوخۆی توركیا "بەشیر ئاتەڵای" لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەی كە بەستی حاشای نەكرد ووتی ئێمە نەمانووتووە كرانەوە بەڕووی كوردا بەڵكو ووتومانە كرانەوەی دیموكراسی. ئیتر چۆن ئێوە خەڵكیتان پێ چەواشە دەكرێت؟ لەو قسانەدا كاكم رەخنەی پەكەكە دەكات و دەڵێت "بە چاوی دوێنێ مەڕواننە سبەی" ئاخر سەرۆكەكانی تۆ هەروایان كردووە بۆیە حاڵمان لە بەغداد جوانە قوربانی هاشمی بیت كە فریای كورد كەوت و مافی ڤیتۆی بەكار هێنا لە دژی یاسای هەڵبژاردنەكان ئەگەرنا ئەو چاوەی كە تەنها سبەی دەبینێت خۆش كەركوكی بۆ سەندبووینەوە. ئەو قسەیەی ئەم بەڕێزە كە وەكو فەلسەفەیەك هێناویەتی لە بنگەوە هەڵەیە. چونكە ئەگەر مرۆڤ چاوێكی نەبێت ئەمڕۆ و دوێنێ ببینێت ئەی خۆ سبەیش بە تاریكی دەبینێت، من حەز دەكەم لێرەدا بە چەند خاڵێك بەچاوی ئەمڕۆ بۆی بسەلمێنم كە بەڕێزیان هەڵەن وئەوە بزوتنەوەی كوردیە كە هەنگاوی ئەقڵانە دەهاوێژێت.
یەكەم: لەم چەند رۆژەدا رەوشی تەندروستی ئۆجەلان بەرەو خراپ بوون دەچێت بێ ئەوەی كارێك بكات دەوڵەت.
دووەم: رەوشی زیندانەكەی خراپ كراوە، بەبیانوی ئەوەی كە زیندانەكەی چاك دەكەن.
سێیەم: وەڵامی گروپی ئاشتی پەكەكە بە گوشار و تیرۆری دەوڵەت هاتەوە، هاتنەوەی ئەو گروپەشیان وەكو گێرەشێوەێنی بەناو كرد.
چوارەم: بۆچی مامۆستا میدیای دوانزە ساڵە كە مامۆستای زمانی كوردیە دەگیرێت؟ وە زمانی كوردیش هەتاوەكو ئیستا قەدەغەیە.
پێنجەم: موخاتەبی كێشەی كورد دیار نیە، ئەگەر كێشەیەك هەیە ئەی كێ وتەبێژی ئەو كێشەیە. تاوەكو ئیستا توركیا ئامادە نیە لە سەر كێشەی كورد نە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و نە پەكەكە و نە دەتەپەش قسە بكات نە نوێنەرەكانی كورد لە پەرلەمانی توركیاشدا لەلای ئەوان نوێنەری كوردن.
شەشەم: نەخشە ڕێگای ئۆجەلان بۆ ئاشتی دەستی بەسەردا گیراوە و ناهێڵرێت بكەوێتە بەردەمی رای گشتی.
حەوتەم: ئۆپەراسیۆنەكانی سەر گەریلا بەردەوامە، هەتاوەكو ئیستاش هێرشەكان رانەگیراون.
ئەمە بەشێكە لەو هێرشانەی كە ئیستا و بە چاوی ئەمڕۆ دەبینرێت ئاخۆ چۆن دەتوانرێت هیوایەك هەبێت بۆ ئەوەی سبەی بەرهەمداربێت، ئەوە زۆر روونە كە توركیا بە چاوی دوێنێ دڕوانی و ساڵی "1975"ی بینی كە چۆن سەرهەڵدانێكی مەزن لەم پارچەیەی كوردستاندا بە هۆی پیلانێكی مەزنەوە شكستی هێنا و كۆتایی پێ هات هەر بەو زمانەی كە دوێنێ دەتان ووت ئاشبەتاڵ دروست بوو. توركیا دەوڵەتێكی زۆر ئاقڵە بۆخۆی دەزانێت چۆن بەرژەوەندیەكانی بپارێزێت. ئەو دەیەوێت بەم پیلانە هەمەلایەنەی كە بەشێك لە كوردیش تیایدا بەشدارە بزووتنەوەی كوردی بێ رۆڵ بكات لەو پارچەیەی كوردستاندا. هەر لە دوای ئەم قسانەی دەڵێت كە پەكەكە توانی لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا "نەخشەی سیاسی ئەو وڵاتە بگۆڕێت" هەر لە یانزە دێڕ لە دوای ئەوە خۆی لە گێلی دەدات و دەڵێت پەكەكە دەیەوێت"جوڵانەوەی كورد لە حیزبەكەی خۆیان كورت بكەنەوە" ئەم دوو قسەیەش دژی یەكن من بوومایە لە شوێنی بەڕێوبەرانی ئەو بڵاوكراوەیە نەمدەهێشت هەڵەی وا بەسەرماندا تێپەڕ بكات و بڵاومان نەدەكردەوە. ئەگەر هێزێك توانای هەبێت لە وڵاتێكی وەكو توركیادا نەخشەی سیاسی بگۆڕێت و تاكە هێزیش بێت لە ناو كوردا بە ئاكتیڤی كارو چالاكی ئەنجام بدات ئیتر چۆن مافی ئەوەی نیە كە بڵێت گەلی كورد و پەكەكە لە توركیادا دوانەیەكی لێك نەبڕاوەن؟! ئەی بۆچی كاكی بەناو نوسەر ئەو پرسیارە لە خۆی ناكات بڵێت بۆچی پەكەكە تاوەكو ئیستا نەیوتوە من نوێنەرایەتی تەواوی گەلی كورد دەكەم لە باشوری كوردستاندا؟.
لە ناوەراستی بابەتەكەیدا دەڵێت"هەنگاونەنانی راست و دروست بۆ وەها پرسێك هەموومان توشی رەشبینی دەكات" كاكی من تۆ هەر رەشبینی لە چالاكیەكانی پەكەكە ئەگەرنا، لە پێشی نەورۆزی ئەم ساڵدا هێزەكانی پاراستنی گەل ناسراو بە"HPG" ئاگربەستی یەكلایەنەیان كرد تاوەكو دوای نەورۆز دواتر بە بۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی شارەوانیەكاتی توركیاوە لە(29/3)جارێكی تر ئاگربەستی راگەیاندەوە، دوای هەڵبژاردنەكان بۆ هەنگاونانی توركیا جارێكی تر ئاگربەستی راگەیاندەوە بۆ سەرەتای مانگی تەمووز، دواتر چارێكی تر ئاگربەستی راگەیاندەوە تاوەكو (15ی ئاب) كە رۆژی راگەیاندنی نەخشەڕێی ئۆجەلان بوو، كە تاوەكو ئیستاش ناوەڕۆكی ئەو نەخشە ڕێیە لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستی بە سەردا گیراوە و ئاشكرا ناكرێت لە گەڵ ئەو چەند قسەیەی توركیا لە سەر كێشەی كورد جارێكی تر ئاگربەست درێژكرایەوە هەتاوەكو ئیستاش، هەموو ئەم ئاگربەستانەش یەكلایەنە بوون، توركیا بەردەوام لەو ماوانەدا خەریكی هێرشە سەربازیەكانی خۆی بووە. دوای ئەوە كە خەریك بوو پڕۆسەی ئاشتی و باسی ئاشتی لەناو دەچوو لە سەر پێشنیاری ئۆجەلان دوو گروپی ئاشتی گەڕانەوە توركیا كە یەكێكیان لە چیاوە بوو ئەوەی تریشیان لە كەمپی پەنابەرانی مەخمورەوە. هەموو ئەمانە هەنگاو نەبوون چی بوون؟ ئیستاش كە هەرەشەی مەرگ لە سەر ئۆجەلانە پەكەكە ئاگربەستی یەكلایەنەی نەشكاندووە. لەدوای ئەوەش وەكو ئەوەی كە ئەو بڵاوكراوەیە ئەگەربڕیاری دابێت بابەتێك وەسفێكی حكومەتی هەرێمی تیادا نەبێت بڵاوی نەكاتەوە، هاتووە هەر بە زۆر وەسفێكی تێكردووە وەكو پشتیوانیەكەی هەرێم بۆ ئاشتی پشتیوانیەكی راست بێت لێرەدا تەنها دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەگەر ئەوان پشتیوانی ئاشتی دەكەن بۆ پشتیوانی گروپی ئاشتیان نەكرد؟ یان بۆ بە توركیا ناڵێن ئەو هێرشانەی سەر گەلی كورد و رێبەرەكەی لە باكوردا هەڵبگرن با پرۆسەی ئاشتی لەناو نەچێت؟
لە كۆتایی بابەتەكەیدا ئەو فەلسەفەیە لێ دەداتەوە كە دەڵێت "چاو لەسەر سبەی هەڵنەگرین مەترسی بۆ سبەی زیاتر دەكات" ئەو نازانێت كورد هەمیشە لە سەر مێز دۆڕاندویەتی بۆیە نابێت ئەم جارە لەسەر مێز بیدۆڕێنێت چونكە گەلی كورد خەیاڵ نیە؟ تاوەكو ئاگای لە پیلانەكانی دوژمنان نەبێت. ئەوە مێژووە ئایندە دیاری دەكات. مێژوو هەمیشە دووبارە دەبێتەوە. شتەكان تەنها لە رووكاردا دەگۆڕێن نەوەكو لە گەوهەری مێژوویدا ئەم جارەش توركیا دەیەوێت ساڵی ئاشبەاتاڵەكەمان لە باكوردا بە شێوەیەكی تر بۆ دووبارە بكاتەوە بۆیە دەبێت هێزی كوردی لە باكوردا زۆر لەوە وریا تر بێت و نەهێڵێت ئەو باسە ببێتە شكستی كورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە