ئۆردوگان ڕۆحی فاشیزمە لەبەرگی سوڵتانێکدا

Monday, 12/11/2012, 12:00

1795 بینراوە









لە دووای ئەوەی کەمالیزمەکان پەیمانی"سیڤەر"یان لەناو برد، تەنیا لەبەر ئەوەی مادەکانی 63،62، 64 تایبەت بوون بە کورد و ناوچە کوردییەکان، هەر ئەوکات کەمالیەکان بونی ئەو مادانەیان بە مردنی تورکیا ناوبرد ، دوواتر هەموو هەوڵ و تووانایەکی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی بەهەر جۆرێك بێت کورد و ناوی کوردی لە نێو سیڤەردا نەهێڵن و ، دوواتریش تووانیان لۆزان بهێننە دی و کورد بگەیەنن بەم دۆخەی کە تا ئێستا تیایدا دەژین، هەڵبەت هەڕەشەکانی ئۆردوگان و گوێنەگرتنی لە بانگەوازی ئاشتیانەی "BDP" و بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەکانی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان "PKK" و لە دوواترین لێدوانی ڕۆژنامەوانیشیدا کە هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دەکات ، ئەو ڕاستیەی بۆ هەموو لایەك ئاشکرا کرد کە ئێستا کەمالیزمەکان لەبەرگی سوڵتانەکاندان، ئەوان بە ئاشکرا پێمان دەڵێن تا ئێمە هەبین ، نابێت ئێوە هەبن.!..
هەنووکە زیاتر لە دوومانگ بەسەر مانگرتنی زیندانیانی باکوری کوردستاندا تێدەپەڕێت ، وایش چاوەڕێ دەکرا کە پارتی فەرمانڕەوا AKP هەنگاوی باش و چارسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکانی گەلی کورد پراکتیزە بکات، لە پاش زیاد کردنی ژمارەی مانگرتووان و لە نێویاندا ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانییەکان، چاوەڕێ دەکرا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەنگاوی باش و پۆزەتیڤانە بنرێت، بێگومان لە ئێستایشدا دیموکراس خوازەکانی دونیا چاویان لە ئاسایشی گیانی مانگرتووانی باکوری کوردستانە، وە چاوەڕووانیش دەکرا کە هەنگاوی باش و پۆزەتیڤانە لەلایەن سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئۆردوگانەوە بنرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئۆردوگان بێدەنگە و گەر قسەیەکیشی لەسەر ئەو بابەتە کردبێت، هەر جارە و بە جۆرێك لە شکۆی مانگرتووانی کەم کردۆۆتەوە.
هەڵبەت مانگرتووان، نەك ڕووی ڕاستەقینەی دیموکراسیەتی تورکیایان بۆ دونیا دەرخست، بەڵکو هەموو پەردە ڕەنگاڵەکان و درۆکانی ئۆردوگانیشیان دەرخست ، لە تازەترین لێدووانی سەرۆك وەزیرانی تورکیادا و کە وەك هەمیشە قسەکانی دوبارە بووە و ئارایشتکەرێکی باشبووە، جارێکیتر لە پەنای سەدان مانگرتووی نێو زیندانییەکانەوە ، کە زۆربەیان لە کەناری مەرگدا دەژین، لەبەرچاوی سەدان دایکی شەهیدەوە ،
دەڵێت: ئێمە هەمیشە دەڵێین،پرۆژەی یەكێتی میللی، پێكەوە بوون و برایەتی، ئەمە جێبەجێ دەكەین... ئێوە چی مافێكتان هەیە و لێتان زەوتكراوە؟ ... لە کاتێکدا زیاتر لە 20 ملیۆن مرۆڤی کورد ناتووانن بە زمانی دایك بخوێنن و فڕۆکەکانی خەڵك دەکەن بە قوربانی و گوندەکان وێران دەکەن، قسەکانی ئۆردوگان زۆر لە قسەی سەکردەکانی باشوری کوردستان دەچێت، چونکی ئەوانیش لەهەموو دیدار و لێدووانەکانیاندا بەجۆرێك خۆیان دەردەخەن و قسەدەکەن کە ئەوان خالقبن و دروستکەتکەری مرۆڤایەتیبن.
ئۆردوگان دەتووانێت باسی دیموکراسیەت بکات، بەڵام هەرگیز ناتووانێت دیموکراسی بێت، دەتووانێت باسی پێکەوە ژیان بکات، بەڵام هەرگیز ناتووانێت لە مانای ڕاستەقینەی ژیان تێبگات ، چونکی گۆشی عەقڵێکە جگە لە بونی خۆیان، هەموو بونەکانیتر ڕەت دەکەنەوە، جگە لە دەنگی خۆیان دەنگەکانیتر نابیستن، واتە جگە لە فاشیزم هیچ شتێکی دیکە لە هەگبەکەیاندا نیە..!!..

ئۆردوگان گوێی لە دەنگی خەڵکە و دەزانێت چی دەڵێن؟! بەڵام نایەوێت تێبگات و کێشەی کورد چارەسەر بکات، سروشتی دیکتاتۆرەکان هەر وابووە و ناتووانن ناخیان بگۆڕن، بەڵام خۆیان نوێ دەکەنەوە ، خۆیان بەهەموو شێوازێك دەگۆڕن و هەموو بەرگێك لەبەردەکەن، واتە لەگەڵ هەموو سەردەمەکاندا بە ئاسانی خۆیان دەگونجێنن، لەهەر کوێیشدا دیکتاتۆرەكان هەبوون لەدەوریاندا دەیان دەروێشی ئارایشتکەریشیان هەیە ، وەك ئەوەی لە ڕابردودا بینیمان و ئێستایش بە باشوری کوردستانەوە کە دەیبینین، هەنووکە دەرکەوت کە "ئۆردوگان دیکتاتۆرێکە لە بەرگی دیموکراسی، جەلادێکە لەبەرگی ئاشتی، گورگێکی کەمالیزمە لە بەرگی سوڵتانێکدا.!..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە