نەورۆزى ئەمساڵ, لەنێوان سێ ئاپۆراى جیاوازدا!

Tuesday, 22/03/2011, 12:00

1232 بینراوە







ئەوەى ئێوارەى (20/3) لەسلێمانى بینیمان لەیەك ڕۆژداو لەیەك كاتدا, بەسێ ئاپۆراى جیاواز یادى نەورۆز كرایەوە بۆ ئێمە شتێكى سەرسوڕهێنەر نەبوو كەبەتەنها لەیەك شاردا و لەسێ شوێنى جیاوازدا یادى بۆنەیەك دەكرێًتەوە, چونكە دەمێكە گەیشتوینە ئەو بڕوایەى لەم هەرێمەدا هەموو شتەكان دابەشكراون بەسەر دوو حیزبى هاوپەیماندا كەئەوانیش یەكێتى و پارتین, هەروەك چۆن عەبدوڵا پەشێوى شاعیر لەیەكێك لە هۆنراوەكانیدا دەڵێت: (بڵێن خوێندكار یان قوتابى, ژن یان ئافرەت, ڕوتان ڕەشبێت تا وشەى ناو فەرهەنگەكانیشتان بەشكرد, جا چیتان هێشت بگرە قەحبەو دزو ڕێگریشتان بەشكرد!).

ئەگەر بەلۆژیكى ئەم دێرە شیعرەى پەشێوى شاعیرەوە بڕوانینە یادكردنەوەى نەورۆزى ئەمساڵ كە نزیكەى پانزە ساڵ بەر لەئەمڕۆ شاعیر ئەم هۆنراوەى نوسیوە, دەگەینە ئەو ڕاستیەى كە ساناترین شتەكان, تەنانەت وشەكانى ناو فەرهەنگى كوردیش دابەش كراون, لەوەش مەهزەلەتر ئەوەیە كارەكتەرە ناشرینەكانیش دابەش كراون بەسەر دوو حیزبى دەسەڵاتداردا, بەڵام ئێوارەى نەورۆزى ئەمساڵ لەتەنها یەك شاردا پارتى و یەكێتى وەك دوو حیزبى هاوپەیمان جگەلەوەى كەڕێكەوتنى ستراتیژى لەنێوانیانداهەیە, هاوكات لەپێناو مانەوەیان لەدەسەڵاتدا هەردەم بەرگریەكى ڕەهایان لەیەكترى كردوە, كەچى تەنانەت لەیادكردنەوەى بۆنەیەكى نیشتیمانیشدا تەبا نین و وەك هەموو شتەكانى دیكە ناكۆكن, ئەوەتا بینیمان یەكێتى لەشەقامى سالم و لەنزیك بیناى مەڵبەندەكەیداو پارتیش لە تاسلًوجە یادى ئەو بۆنەیان كردەوە, هاوكات خەڵكى شاریش بەگشتى لەمەیدانى ئازادیدا, مەیدانى خەڵكى بەش مەینەت وستەم لێكراودا مەیدانى هەموو بەها جوانەكانى مرۆڤایەتى یادى نەورۆزیان كردەوە.

ئەوەى لێرەدا زۆر گرنگە باسى لێوە بكەین ئەو ساردو سڕیەى جەماوەرى شارى سلێمانى بوو لە مەراسیمى یادى نەورۆزى پارتى و یەكێتى بەراورد بە مەیدانى ئازادى, بەهەردوو مەراسیمەكەى پارتى ویەكێتەوە ڕێژەیەكى كەمى هاوڵاتیانى شار نەچونە ئاهەنگەكانیانەوە, وەلێ بینیمان مەیدانى ئازادى جمەى دەهات لەجەماوەرو چ ئاپۆرایەكى مەزنى هاوڵاتیان بەدى دەكرا.

من دڵنیام وەك هەموو ئاهەنگ و مەراسیمە بێ بەهاكانى دیكەیان , یەكێتى و پارتى لەڕێگەى مەڵبەند و لقەوە پارەیەكى خەیاڵیان بۆ ئەو دوو مەراسیمە خەرج كردوە, وەلێ مەراسیمەكەى مەیدانى ئازادى كەمەراسیمێكى سادەو ساكاربوو, مەراسیمێك بەبێ دەهۆڵ و زوڕناو فیرقەى مۆسیقابوو, مەراسیمێك بەبێ بەشینەوەى شیرینى حیزب بوو, وەلێ زۆرترین خەڵكى شار ئامادەى بون.

یەكێتى وپارتى لەبۆنە نیشتیمانیەكانیشدا جەماوەر و ئەندامەكانى خۆشیان سەردانى ئاهەنگ و مەراسیمەكانیان ناكەن ئەگەر بەزۆرو هەڕەشەو چاوسوركردنەوە نەبێت, یان بەزەبرى پارە بەشینەوە, وەك ئەو سیناریۆیەو كەپارتى لە(11 ى ئادار)ى ئەمساڵدا كردیان, كەبە سەدان هەزار دۆلاریان بەخشیەوە لەپێناو ئەوەى نابادا سەرۆك لەكاتى خوێندنەوەى وتارەكەیدا لەسەر قەڵاى هەولێرەوە ئیحراج بێت بەوەى كە خەڵكێكى كەم لەو مەراسیمەدا ئامادەیە, كەمن زانیاریم هەیە لەهەندێك ناوچە و ڕێكخراوى پارتى لەناوشارى هەولێر بۆ هەر كەسێك بڕى 100 دۆلار و بۆ هەرمنداڵێكیش بڕى 50 دۆلار خەرج كرابوو بەومەرجەى لەو مەراسیمەدا ئامادەبێت و ئاڵاى زەرد بگرێت بەدەستیەوە!.

ئەو ئاپۆرا جەماوەریەى ئێوارەى نەورۆزى مەیدانى ئازادى كەسەد بەرامبەرى ئاپۆراى مەراسیمە كرچوكاڵەكانى یەكێتى و پارتى بوو, جارێكیدیكە ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت ئەم دووحیزبە بەجۆرێك كاڵ بونەوە كەهەموو بەها ئەخلاقى و مرۆڤایەتیەكانیان لەدەست داوە, بەجۆرێك ناشرین بون (بەتایبەت لەدواى ڕوداوە خوێناویەكانى 17 ى شوبات)ەوە كەلەسەرانسەرى جیهاندا نموونەیان نیە بەهەموو حیزب و دەسەڵاتە شمولى و هێزە كۆنزێرڤاتیزمەكان كەئەمڕۆ حیزبى حاكم و فەرمان ڕەوان.

ئەم دوو حیزبە لەسەرەتاى هاتنەوەیان بۆناو شار جگەلەوەى كەخاوەنى مێژوویەكى ئەوەندە جوان نەبوون لەسەردەمى حوكمڕانیكردنى شاخدا!, بەڵام هێشتا پێشوازیەكى گەرمیان لێكرا, هەموومان لەیادمانە خەڵكى چەند بە تەوسەوە بەشدارى بۆنەو یادەكانى دەكردن, چەند بە ئەرزش بون لەناو میللەتدا, ئەو سەردەمانە هەردەم بیر لەڕۆژێكى وەك ئەمڕۆ نەدەكرایەوە پارتى و یەكیتى بەر تانە و توانج و غەزەب و ڕقى جەماوەر بكەون, بەڵام سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانیان كارێكیان كرد لەهزرو ئایدیاى تاك بەتاكى ئەم هەرێمە بەگشت چینو توێژەكانەوە تائەوپەڕى سنوور ناشرینبن.

لەدواى ڕاپەڕینەوە تاڵەبانى و بارزانى وەك دوو بەرپرسى باڵاى هەرێم لەدەیان ئاپۆراى مەزندا , لەدەیان كۆبونەوەى جەماوەرى نموونەى ئەوخۆپیشاندانە مەزنەى ئەمڕۆى مەیدانى ئازادى, لەهەر كۆڕێكدا, لەهەر كۆبونەوە و مەجلیسێكدا, لەناوگشت ماڵەكاندا, لەهەر كۆڵان و سەرتەنوربانێكدا, لەگشت ساتێكدا... خەڵكى هەرێم بەسەدانجار هەموو شتەجوانەكانیان دەكردە قوربانى هەردوو سەرۆك تاڵەبانى و بارزانى, بەڵام ئەمڕۆ ڕێك بەپێچەوانەوە, سەرۆك بەرلەهەر كەسێك دەكرێت بەقوربانى هەموو شتەكان!, ئەوەتا دەبینین كەسێكى وەك بارزانى لەتەنها ڕۆژێكى مەیدانى ئازادیدا دەیانجار دەكرێت بەقوربانى تەنها ڕۆشنبیرێك, نوسەر و ڕۆژنامەنووسێك, یان هونەرمەندێك كە وتارێك لەو مەیدانەدا دەرهەق بەناعەدالەتیەكانى دەسەڵات پێشكەش دەكات و جەماوەرى خۆپیشاندەریش پڕبەگەرویان هاوار دەكەن(سەرۆك بەقوربانت بێت)!.

[email protected]


 






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە