بۆ شاعیرو هونەرماندان,وەك(حەمە كاكە ڕەش)هەڵوێستان هەبێت, دەناوەك (پیرباڵ) پێڵاو باران دەكرێن!

Tuesday, 22/02/2011, 12:00

1343 بینراوە




هونەرمەندان و شاعیرانى خۆشەویست, ئەگەرچى وەك ئاشكرایە كە زمانى ئەدەب و هونەر بەمانا لۆژیكیەكەى جگەلەوەى كە پەیامى بوێرى و ئازایەتیە, هاوكات زمانحاڵى كلتورى گشت كۆمەڵگا جیاجیاكانى دونیایە, ئەگەر شتێك لەم كۆمەڵگایەى ئێمەدا هەبَێت پێى بگوترێت ئەدەب, یان هونەر, ئەوا ئەدەب و هونەرى ئێمە (لە ئێستادا) ئەوەندە لاواز و بێ پێزبووە و بەجۆرێك خراوەتە خزمەت حیزبەوە كە ئینسانى كورد شەرم دەكات خاوەنى ئەم هونەرەیە!, (دیارە مەبەستى من لەباشوورى كوردستانە), دەرەنجامى یەكەمى ئەم پاشاگەردانى و ماڵوێرانیە هونەریەش دەگەڕێتەوە بۆچەند هۆكارێك و چەند كەسانێك كەهیواخوازم لێرەدا زۆربەكورتى و بەچەندخاڵێك باسیان بكەم:

1-سڕینەوەى شوناس و تاموچێژى هونەرى كوردى بەتایبەت لەچەند ساڵى ڕابردوودا كەلەلایەن (هەڵكەوت زاهیر) ڕاوێژكارى كاروبارى هونەرى سەرۆكى كابینەى پێشوى حكومەتى هەرێم, كەئەمەش بەهەموو پێودانگێك هیچ جیاوازى نیە لەگەڵ ئەو خیانەت و كارە نانیشتیمانیانەى كە سیاسیەكانى كورد لەڕابردوودا كردویانەوە و دەبێت ڕۆژێك بێت شانبەشانى سیاسیەكان هەڵكەوت زاهیرو هەموو ئەو بەناو هونەرمەندانە دادگاى بكرێن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەى كەلەوەزارەتى ڕۆشنبیرى و سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیراندا هەتا ئەمڕۆش بەئیمزایەك بە هەزاران دۆلارى موڵكى گشتى ئەم هەرێمەیان بۆ ئەو بەناو هونەرمەندانە سەرف كردوە كە سێدیان لە وڵاتانى بەرودراوسێ تۆمار كردوەو بە هونەرى قێزەونى بێگانە ماڵى گۆرانى و میوزیكى كوردیان كاول كرد!.

2-دووبارە بونەوەى هەمان ئەو سیستەم و كلتورەى سەردەمى بەعس و جیهانى عەرەبیزم, كە ژمارەیەكى زۆر لەشاعیر و هونەرمەندان لەدواى ڕاپەڕین دوبارەیان كردەوە لەسەردەمى شەڕى براكوژى و هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان و ڕازانەوەى بۆنەو كۆنگرەكانى دووحیزبى دەسەڵاتداردا گۆرانى و بەندیان بەسەر ئەو سەركردانەدا , یان ئەو حیزبانەدا هەڵَداوە كەبەسەدان خیانەتیان كردوە و تائەمرۆِش دەستیان بەدزین و ڕاوڕوتكردن و خوێنى هەزاران لاوى ئەم سەردەمە سوورە, یاخود هاندانى جەماوەر لە سەردەمى شەڕى نەگریسى برا كوژیدا بۆ كوشتنى كورد بەدەستى كورد كەهەموو ئەو كەسانە دیارن كێن و چۆن ئەوبەرهەمانەیان تۆمار دەكردو ئەو بەناو شاعیرانەش كێبون كەلەو جۆرە شیعرانەیان دەنوسى و وەدیاربو كە چى كەسو لایەنێك ئەم جۆرە كەسانەى هاندەدا بۆئەم جۆرە كارانە؟!.

3- هەموو ئەو شاعیرو ئەدیب و بەناو هەونەرمەندانە دیارن كە لەڕابردوودا و هەتا ئەمڕۆش ڕێكخراوە پیشەیەكان و سەنتەرە ڕۆشنبیریەكانیان خستۆتە خزمەت حیزب و بەئاقارى بەرژەوەندى دەسەڵاتیاندا بردون, بەویستى هەردوو حیزبى بنەماڵە گشت سەنتەرو ڕێكخراوە پیشەیەكان وەك گشت كایەكانى دیكەى ئەم كۆمەڵگایە مۆنۆپۆلى حیزب كراون و بەسەوز و زەرد ڕەنگ ڕێژكراون!, دواجار هەموو ئەوكەسانە هیچ جیاوازیەك, بەڵێ (هیچ جیاوازیەكیان نیە لەگەڵ ئەو سیاسى وسەركردانەى كەدەستیان سورە بەڕژانى خوێنى هەزاران لاوى نموونەى قەسابخانەكەى17/شوباتى سلێمانى و دەبێت ڕۆژێك بێت دادگاى بكرێن).

هونەرمەندان وئەدیب و شاعیرانى خۆشەویستى ناوە و دەرەوەى كوردستان, ئەى هەموو ئەو كەسانەى تاكو ئەمڕۆ بەپاكى ماونەتەوە و پارەو پولە دزراوەكانى دەسەڵات بۆ ئێوە هیچ ئەرزشێكى نەبوە و هەردەم لەبەرەى گەلدابون, ئەمڕۆ ڕۆژى یەكلاكەرەوەیە, تكایە لە لەڕێگەى هەڵبەست و سرودو گۆرانیەكانتانەوە هانى ئەو گەنجە خوێنگەرمانەى نیشتیمان و بەتایبەتیش شارى هەڵمەت و قوربانى بدەن كە سارد نەبنەوە لەو خۆپیشاندانەو بەردەوامبن, ئازایەتى و بوێرى و چاونەترسیتان بنوێنن, با هەڵبەست و سرودەكانتان پەیامى ڕاپەڕینێكى جەماوەرى سەرتاسەریبێت هەربەنموونەى دوایین هەڵبەستى شاعیرى مەزن و لەدڵا شیرین و خۆشەویست (حەمە كاكە ڕەش) كەنەفرەت لەخائین و نیشتیمان فرۆشەكانى ئەمڕۆدەكات و داواى وەدەرنانیان دەكات, (تكایە!) ڕۆژى سەركەوتن و ئازادى زۆر نزیكەو وەرنە بەرەى خەڵكى ڕاپەڕیوى گەلەوە, دواجار مێژوو ڕەحم بەكەس ناكات وەك ئەوەى كەهەمووتان بینیتان فەرهاد پیرباڵ ئەمڕۆ باجى ئەوهەڵە گەورەیەیدا و لەبەرامبەر ڕیكلامكردنێكدا بۆ بارزانى ئەمڕۆ لەمەیدانى ئازادى شارى هەڵمەت و قوربانیدا پێڵاوباران كرا!, بینیتان ئەوانەى لەبۆنەو یادەكانى حیزبى بەعس و لە ساڵیادەكانى سەدام حسینى گۆڕبەگۆڕدا وتافات و شیعر و سرودو بەندیان بۆبەعس دەگوت چۆن ڕسواى بەرەى گەلبون و هەتائەمڕۆش بەسەرشۆڕى دەژین و بێدەنگن لەئاست هەموو ئەو نوسین و وتارەنەى كەلە ڕێگەى ڕۆژنامەو گۆڤارەكانەوە لەسەریان بڵاو دەكرێتەوە!.

ئەمە دوایین هەڵبەستى شاعیر (حەمە كاكە ڕەش):

(سلێمانى)....
حەمە كاكە ڕەش
سلێمانی سلێمانی شاری عەشق و جوانی و هەژان
ئەی ئەو شارەی بەعسیەكانت لە خوێنی خۆیانا گەوزان

ئەی شارەكەی كاك ئەحمەدو شێخی نەمر، سلێمانی
ئەمنە سوورەكە شایەدە كە تۆ شاری كۆڵنەدانی

بەداخەوە جارێكی تر گولەی زۆڵە كوردی نامەرد
خوێنی لاوەكانتی ڕژان، بەخوێن سوور بووە دارو بەرد

دڵنیابە سلێمانی ئەمانەیش خاشاكی بەرپێن
ئەمڕۆبێ یاخود سبەینێ لەشارا هەر وەدەر ئەنرێن

مانگەشەوی ئازادی تۆ ئاوانابێ سلێمانی
ئەمانە سەگن دەوەڕن بە ئازادی و عەشق و جوانی

ئەمانە كوڕی تاوانن بەخیانەت گۆشكراون
لەوەتەی هەن ڕەگی گولین لە هەناسەمان ئاڵاون

ئەمانە مێژوویان دیارە تینوێتییان بەخوێن ئەشكێ
ئازاد نابین تا ئەودەمەی كە دەڕۆن و ملیان دەشكێ
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە