چەند سەرەقەلەمی ڕۆژانە...

Tuesday, 23/06/2009, 12:00

2390 بینراوە


دەزگای پۆلیس یان یەکێتی بێکارانە!
ئەمەیە گەری بارە ترێیە، کە سەربازێکی ئەمەریکی بە گروپێک پۆلیسی عەرەبی عێراقی شیعەی دەکات. ئەو سەربازە سیاسەتی چوونەدەرەوە لە عێراق، پیادە دەکات. ئیتر بۆیە هەر وەک خەڵکە ڕۆژهەڵاتییەکان دەپەیڤێ و بێڕێزییان پێدەکات؛ بەم شێوەیە: ترسنۆک، دەمتداخە، درۆ دەکەن، پووچ، وەک ژن وان،...
ئەمە لەکاتێکدایە نەک لە وڵاتێکی وەک عێراق، بەڵکوو لەخودی ئەمەریکایش دەزگای پۆلیس زۆر دەوری کاریگەری لەنێو کۆمەڵگادا نییە، بینیومانە کە لەبەرانبەر ڕووداوی توند و تیژی، کاتێ پۆلیس نەیتوانییوە چارەسەری بکات، پەنا بۆ دەزگا بەهێزەکانی تر براوە، لەوانە سوپا.

دوای ئەوە مێژووی دەزگای پۆلیس لە عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، پڕە لە گەندەڵی و دزی و فزی و ناشیرینی! کاری پۆلیسیش هەموو ئەو کەسانە کردوویانە کە لە خوێندەواریدا کۆڵ بوون، هەروەها ئەو گوندنشینانەی تازەکی هاتوونەتە ناو شارەکان. بۆیە ئیعتمادکراوەتە سەر ئەوانە، تا کوێرانە گوێڕایەڵ بن!

بۆ پۆلیسێک لەئێستادا، ئەرکی خۆی بەباشی ڕاناپەڕێنێت؟

هەلومەرجی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، تایبەتییە، ئەمەریکا بەخاتری چوونە پێشی کار و سیاسەتی، پارەیەکی زۆری ڕشتووە، ڕێژەی بێکاری بەرزە، مووچەی کاری پۆلیسیش لە چاو کارەکانی تردا بەرزە، ئیسراحەتیشە، بۆیە ڕوویان تێکردووە! هەرتاکێکی پۆلیس لەحەز و ئارەزووی خۆیەوە کارەکەی هەڵنەبژاردووە، کەواتە، کارەکان بەباشی و پرۆفیشناڵی ناکەن و ناچێت بەڕێوە. بەو هۆیەوە وەک دەبینین دەبنە جێی تانە و تەشەر نەک لای ئەمەریکییەکان بەڵکوو لای خۆوڵاتییەکانیش! 09.6.18
--------
ئەم ڤیدیۆیە بێئەوەی قسەوباس بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەسەرەتای مانگی شوباتی 2009 دا بڵاوکرایەوە. نازانرێت لەچ شوێنێکی عێراق وێنەگیراوە و کێ گرتوویەتی!

بینینی ڤیدیۆکە، کلیکی ئەم بەستەرە بکە:
http://www.youtube.com/watch?v=oVpNfHfv0uU

هەمان ڤیدیۆ، تێکستی زمانی عەرەبی لەسەرە، کلیکی ئەم بەستەرە بکە:
http://observers.france24.com/ar/content/20090615-iraqi-police-bunch-cowards-women-video

شێوەزاری کوردی سۆرانی بێبەها مەکەن!

بۆ ئەوەی زمانی فەرمی هەرێمی کوردستان، لەو شەرەی لەم پەناو، ئەو پەنای ناوخۆی وڵات پێیدەگێڕن، دەرباز بێت، لەو شوێنانەی دەسەڵاتم بەسەریدا دەشکێت، بە پیتی لاتینی دەنووسم، لەو دیدەوەی نابێت تەنها شێوەزاری کرمانجی ئەو پیتەی بۆ خۆی قورغ کردبێت، بۆ فێربوون و لێکتێگەیشتن و دەرسودەور، نووسین کوردی سۆرانی بە پیتی لاتینی کاریکی فرە خاسە.

بە پێچەوانەوەی ئەم دیدەوە، کەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن، وەک نموونە دەهێنینەوە، لە کاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکاندا کورتەی هەواڵەکە بە هەردوو پیتی کوردی لاتینی دەنووسێت، کە ورد دەبیتەوە پیتە لاتینییەکە بە شێوەزاری کرمانیجی کوردستانی باکوورە! ئەم جیاکردنەوەیە قازانج و زیانی لە چیدایە؟ باس لە قازانجەکە ناکەین، زیانەکە ئەوەیە، بە زۆری زۆردارەکی جیاوازییەکەی لەنێوانیان قووڵتر دەکرێتەوە، بۆ لە جیاتی ئەوەی ئێمە لە هەوڵی ئەوەدا نەبین کە هاوزمانەکانمان لەو بەشە فێر نەکەین و ئاشنایان نەکەین بە کوردی سۆرانی، بە پێچەوانەشەوە ئێمە هەر بەو پیتە لاتینییە لەوان دەگەین. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو کەناڵە سوودی لە تەکنیکی مۆدێرن وەرگرتووە، بۆ هەردوو شێوە زارەکە دەنگیان داناوە، هەر کەس بییەوێت، بەو ئاسانکاریە دەتوانێت گوێبیستی شێوەزاری خۆی بێت.

ئەمە مانای ئەوە نییە، کە پیتە کوردییەکە فەرامۆشبکرێت، هەموو ببێتە پیتی لاتینی، ئەم پێشنیارە تەنها بۆ توندوتۆڵکردنی نێوان شێوەزارەکان و نەوەکانی دەرەوەی وڵات، تەنانەت بۆ ئەو بێگانانەی دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن، لێی سوودمەند دەبن.

نا، نەوشیروان مستەفا لەم خاڵەدا، وا نییە

ئەمشەو 2009.6.16 کات 9،40 چاوپێکەوتنەکەی نەوشیروان مستەفام بینی، کە لەکەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن؛دا پەخشکرا، یەک خاڵ جێی سەرنجم بوو، کە دەکرێت وای ناو بنێین نەیپێکاوە، کاتێ وتی:
...له وڵاتانی سەرتاسەری دنیا تەنانەت ئەگەر ئێران و توركیا بەنمونه بهێنینەوه كه لەتەنیشتمانەوەن، لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا ئەم چوار رەگەزه كه باسمكرد بێلایەنن له هەڵبژاردندا، بێگومان لەهەڵبژاردندا هەریەكێك كه لەم دامودەزگایانەی باسمكرد، لەرۆژی هەڵبژاردندا وەكو تاك دەنگدەدەن بەلایەنێكی سیاسی، بەڵام لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا ئەمانه بێلایەن دەبن... ماڵپەڕی سبەی
لەوانەیە بۆ تورکیا کەمێک ڕاست بێت، بەڵام بۆ ئێران و سووریا، هەرگیز وا نییە و نەبووە، ئەی ئەو خۆپیشاندانانەی لەئێران چەند ڕۆژە بەرگوزارە، بۆ چییە؟ ئایا بۆ تەزویرکردن ناگەڕێتەوە، کە دەزگاکانی ئاسایش و بەسیج و سەرباز،کردویانە؟ هاوکێشەیان لەبەرژەوەندی کاندیدی باڵی محافەزەکاران گۆڕیوە. هەرێمی کوردستان لەو وڵاتانە خراپتر نەبێت بێگومان چاکتر نابێت.


وێنە ڕووتەکانی سعودییە!!!

لەسعودییە سانسۆر لەسەر هەموو شتێک هەیە، بۆ نموونە لەسەر ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە و کاڵایانەی دێنە وڵاتەکەوە. ئەو کاتەی لەخانەی نیشتمانی بۆ دابەشکردن و بڵاوکردنەوە کرێکار بووم، حکومەتی عەرەبی عێراق سەردەمی بەعس 1978 بۆ 1982 هەمان کاری دەکرد! بۆ نموونە گەر لەوتارێکدا بنووسرایە کەنداوی فارس، بەماجیک وشەی فارسییەکەیان ڕەش دەکردەوە. یان گەر بابەتێک لەسەر کورد و وێنەی سەرکردەکانی تێدا بووایە، لاپەڕەکەیان لێدەکردەوە!


هەڵبژاردنی سەرۆک لەئێران

ئاخر کورد بۆ کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی نەبوو! نییە!؟ کورد وای بەسەردا فەرزکراوە کە لەدوو بەرە شەر بکات، بەرەیەکی ناوخۆ و سیاسی، بەرەی دەرەوە، وەک پشتوپەنا پێویستە. دەستنیشان نەکردنی کاندیدێکی کورد، بۆ لاوازی و کەمی ژمارە دەگەڕێتەوە، یان سەرکوتکردنی بێوێنە؟

لەو بڕوایەدام هەر کەمکارییەکی لەم جۆرە بەزیان و لەدەستدانی چانسێک کە دێتە پێشەوە دەشکێتەوە. بۆ کورد نازانێت ئێستا دەوڵەتانی ناوچەکە هەموو حسابی بۆ دەکەن و کەمێکیش لێی دەترسێت؟ دەبوا ئەوە بکرایە سووریش دەزانرێت سەرکەوتوو نابین، بەڵام بەشدارییکردنێکە، هاوبەشیکردنێکە لەو وڵاتەدا کە کورد دەبێت وا خۆی ببینێت یەکێکە لەپایە سەرەکییەکانی وڵات. 11ی6ی 20091

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە