گومان لەسەر حەمەی حاجی مەحمود و حیزبەکەی هەیە، کە ئەوان لیزا شمێسیان تیرۆر کرد و هەوڵی تیرۆرکردنی دانیال میتەرانیشیان دا

Monday, 28/11/2011, 12:00

2802 بینراوە


راستگۆیی وەفاداریبوون، بەرامبەر دۆستانی کورد، هەر بە شیعر و پەخشان و باسکرنی بە جوانی نییە، کە وا بزانین بەوە پاداشتیان دەدرێتەوە!، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لەسەر کێشەی کورد و ئازارەکانی، رووبەروی مەرگ و زیندانیی و هەوڵی تیرۆرکردن بوونەتەوە .
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دایکی کوردان (دانیال میتەران) ماڵئاوایی یەکجاری لێکردین. ئەمەش بووە دڵگرانی و ماتەمی زۆرینەی خەڵکی کوردستان. مێژووش ئەوەیە، ئەوەی لە ڕۆژانی یەکەم و لە چرکەساتێکی مێژوییدا وەک دانیال میتەران، دڵەگەورەکەی خۆی بۆ ئازارە زۆر و بێ کۆتاییەکانی بۆ کردینەوە، دەبێتە کەسایەتیەکی ئەبەدی لەناو دڵ و دەرونی خەڵکی کوردستان دا جێگای خۆی دەکاتەوە.
نامەوێت وەک سەدان کەسی تر چەند کۆپلە ووتەی سۆزدار بۆ دانیال میتەران بنووسم، بەڵام وەک وەفادارییەک دەمەوێت لە توێی ئەم نووسینە کورتەدا، هەوڵی تیرۆرکردنی ئەم دۆستە مەزنەی کورد، بخەمەوە یادی هەموو لایەک، بەتایبەتی ئەوانەی کە پلانی تیرۆرکردنەکەیان داڕشتبوو، با وەکو دەڵێن مێژوو رەحم بە کەس ناکات، با ئەوانە وا نەزانن، دانیال میتەراڵ نهێنییەکەی ئەمانیشی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر گڵەوە! بۆیە لێرەدا دەمەوێت لەگەڵ تیرۆرکردنی لیزا شمێس (1) لە شارەزور وەک بابەتێک بخەمە بەرچاوی خوێنەران. بۆئەوەی بە هەمومان هەوڵ بدەین و بزانین ئەو دەستە ناپاکە نەتەوەییە کێ بوو، کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەوڵی دا . لە ناو شار و دەڤەرێکی پڕ لە تاوانی بەعس (شارەزور) بیەوێت تاوانێکی تر بەفیتی داگیرکەران بەرامبەر ئەو دوو دۆستەی گەلەکەمان ئەنجام بدات!
ساڵی ١٩٩٢ یان ١٩٩٣ بوو، مەدام میتەران سەردانێکی کوردستانی باشووری کرد، چووە شارەزور لە هەوڵێکی تیرۆریستیانە بەڕێکەوت ڕزگاری بوو، بەڵام پاش ساڵێک لیزا شمێس بە هەمان پلان کە بۆی دانرابوو، لە ٣ ئاپڕێلی ١٩٩٤ تیرۆرکرا.

کاتێک حەمەی حاجی مەحمود لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیەوە، هەڵبەتە لە نووسینەوەی بیرەوەریشدا، بەردەوام کێشە و ململانێی لێ دروست دەبێت. بۆیە ئەو بیرەوەریانە بووە مایەی کێشە لە نیوان حەمەی حاجی مەحمود و قادر عەزیزدا، کە لەبەرامبەردا قادر عەزیز زۆر بەتوندی وەڵامی دایەوە، ئەگەر هەڵە نەبم بەهۆکاری ئەوەی ئاماژەی بەوەکردبوو، گوایە جیابونەوەی قادر عەزیز و هاوڕێکانی بە فیتی (ئیدریس بارزانی) بووە، (تکایە ئەگەر ئەوە نەبوو، هۆکارێکی تر بووبێت، بۆم راستبکەنەوە). لەدەرەنجامی ململانێکان کە بووە بابەتێکی گەرم و خەڵکێکی زۆر بە ئاگا هاتەوە، کە لەیەکێک لە ژمارەکانی ئاڵای ئازادیی قادر عەزیزدا وەلامی دابوویەوە، لەدوایین پەرەگرافدا، ئاماژەی بەوەکردبوو کە حزبی سۆسیالست و بەفەرماندەیی عەتا سەراوی (ئەوکاتی سۆسیالیست و ئیستا کادیری سەربازی یەکێتی)یە، ئەویان راسپاردووە، کە کچە ڕۆژنامەنوس و چەپ (لیزا شمێسی) بەبری ٢٠ هەزار دۆلار، بۆ رژێمی بەعس تیرۆر بکات و هەوڵەکەش سەری گرت. ئەمە قسەی ئەو گۆڤارە، یان راستترە بڵێین قسەی قادر عەزیزە کە بە حەمەی حاجی مەحمود و حیزبەکەی وتەوە.

لیزا شمێس لەگەل هاوڕێیەکی ئەڵمانی لەیەکێک لەهاوینە هەوارەکانی کوردستان

هەرلەو ماوەیەدا، چەند کەسێکی تریش، هەوڵی تیرۆرکردنیان درا، یەکێک لەوانە، دانیال میتەران بوو. بە پێی ئەو دەنگۆیانە ی لەو کاتدا بڵاوبوویەوە هەمان گروپ بەپیلانی داگیرکەران، هەوڵی تیرۆرکردنی دانێل میترانیان دابوو.
لێرەدا بە بۆنەی ئەو رووداوە مێژووییەوە، منیش دەمەوێت ئەو پرسیارە بکەم: ئایا وەک وەفایەک بۆ ئەو دۆستانەی کورد (لیزا شمێس و دانیال میتەران) کاتی هەڵدانەوەی ئەم پەروەندانە نییە، تا بگەینە ڕاستی مەسەلەکان؟ ئایا کاتی ئەوە نییە حەمەحاجی مەحمود و عەتا سەراویی، بێنە گۆ و بێتاوانی مێژوویی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بکەنەوە؟ چونکە ئەو دۆسیەیە، هەرچەندە کۆنتریش بێت، بەڵام هەرگیز وون نابێت، بۆیە باشترین کار بۆ ئەوان روونکردنەوەیە، کە لەم بارەیەوە بیدەن!
داواکارم لە کوردستانپۆست و سەرجەم میدیا بە مٶراڵەکانی تر پەروەندی تیرۆرکردنەکانی ساڵانی سەرەتای نەوەدەکانی رابردوو هەڵبدەنەوە لە نمونەی (د. نازدار، سلاح هەورامی، نافع عەقراوی، لیزی شمێس، رەئوف ئاکرەیی، رێناسی زەحمەتکێشان، نەزیر عومەر، ئەبو رێناس، یوسف تۆما شابۆ، عەلی بۆسکانی، فەرهاد فەرەج، بەکر عەلی، حەمە حەلاق و دوانزدە هاوڕیکەی و مامۆستا ئەمینی جوتیاران و شاپور و قابیل و شەش کادیرەکەی کۆمۆنیست ...... . هتد) بەداخەوە میدیاکان لەسەر تیرۆرکردنەکانی پارتی و یەکیتی، تەنها لە دوای ساڵانی 2007 ەوە قورسایی نووسین و هەواڵەکانیان چڕکردۆتەوە، ئەمەش ناهەقیەکی زۆر گەورەیە بەرامبەر بە دەیان کەسایەتی و چالاکڤانی تر، کە بوونە قوربانی ئازادیی و تیرۆرکراون. بەشێک لەو ناوانە رژێمی بەعس لە ڕێگای قۆنتەراتی سیاسیی دەیدا بە لایەن و پیاوەکانی، یان لەململانێی پاوانخوازی پارتی و یەکێتی تیرۆرکراون، بێ ئەوەی بەرپرسانی (بەرەی کوردستانی) یان حکومەت هیچ یەکێکیان بگرن، کە هەیانە ئێستا بە ئازادانە لە کوردستان دەسوڕێتەوە، بەڵام بەشێکی تریان قوربانی ئازادی سیاسی ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتین، خەمساردی لەم تاوانانە، ئێمەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، کە راستگۆ و وەفادار نین بەرامبەر ئەوانەی بوونەتە قوربانی تیرۆر و ئازادیی سیاسی ؟

(1) کچە ڕۆژنامەنوس و چەپی ئەڵمانی (لیزا شمێس) ئەوەندە دەهێنێ کە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و بێتە ناسین، ئەگەر بوار هەبوو، بابەتی زیاتر لە سەر ژیانی لە کوردستاندا دەنووسم، چونکە ئەم ژنە، بەر لە تیرۆرکردنی و لەگەرمەی ڕاپەڕین هاتە کوردستان و لە کۆچڕەوەکە لە کەرکوک کەوتە دەست رژێمی بەعس، وابزانم بەهۆی پەیوەندیکردنی ئەڵمانەکان بەرژێمی بەعس ئازاد کرا. واتا جارێکی تریش لە سەر کێشەی کورد، یاری لەگەڵ مەرگدا کردووە. هیوادارم لە ئاستی قوربانی کچێکی گەنجی ئەڵمانی بگەین، کە کوردستان دەکاتە ماڵی خۆی و لە تەک ئێمەدا خەبات بۆ ئاسودەیی خەڵکی کوردستان دەکات، ئایا ئەوەندە ناهێنێ بەدواچوون لە سەر تیرۆرکردنەکەی بکرێت و بە خەڵکی کوردستانی بناسێنین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە