دیسان

Saturday, 19/07/2014, 12:00

2104 بینراوە


کوردناسین
کە دەبینم جووندان و بەیەکتری هەرکاران و درۆ و ڕکلێبوونەوە و خیانەتکردن و پێشکێشنەکردنی بەرهەمی چاکی عەقڵی و هەڵپەرستی و گەندەڵی و مرۆڤکوژی و کوردکوژی و ژنکوژی و ناهۆشیاری و نەخوێندەواری و نەخوێندنەوە و ...هتد سیفەتەکانی تاکی کوردانن، ڕەشبینیم لۆ ئاییندەی میللەتەکەم دەچییتە تڕۆپکی. ئەتوو وەرە بە دیقەتەوە سەیری بیرکردنەوە و ڕەفتار و پەرچەکرداری تاکی کوردان بکە؛ زۆربەیان جوونفرۆشن، پیشەی هەمیشەیییان بەگژیەکتریداچوونەوەیە، دەیان سەنگەری دژبەیەکترییان هەیە، ژمارەی ئەوانەی بەرهەمی زانستی و عەقڵی پێشکەش دەکەن، زۆر کەمن. هەمووان لەوە لێزانن کە ببنە سیاسییەکی جونفرۆش و ڕووخێنەر. سیاسەت ئەو خوانە پیسەیە، هەمووان دەوی لێ دەدەن. هەرچی یەکێتییە ڕکی ئەو دنیایەی لە پارتی و گۆڕانەکان دەبیتەوە. ئەوەی پارتییە چاوی توندتوند داخستییە و هەڵە کوشندەکانی بارزانییەکان نابینی و ڕوحێکی بکوژی ئامادەشی تێدایە بەرانبەر بە نەیارەکانی پارتی. گۆڕانەکان هەمان عەقڵییەتی ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی، وەکی یەکێتی و پارتییەکان، لە هەناویاندا بوونی هەیە. ئیسلامییەکان هەمیشە فەتوایەک لە هەناویان خۆی مات کردییە لۆ سەرپەلدانی ئەوانەی وەکو وان دینداری ناکەن. هەمووان دەرێن فران و فیسار گەندەڵ و دزن، برایەکەم ئەتوو دوور مەڕۆ، لە هەزاری چەند بەرپرسی ئیداری لە پۆستەکەی خۆی گەندەڵی ناکا؟ سەتا چەندی فەرمانبەرانت لۆ کارەکەی خۆی دڵسۆزە؟ هەر زۆر مایەی تێڕامانە، یەک میللەت بەتەواوی! ئا ئا یەک میللەت ڕوو لە یەکترن و جوون بەیکتری دەدەن ویەکتری ڕەتدەکەنەوە! سەرکردەکانی ئەو میللەتە لە دەرێی کوردستان مامەڵەیان لەسەر فرۆشتنی میللەت و خاک و سامانەکەیەتی، کەچی هیشتا ئەو میللەتە تێیان ناگەن و بە پیرۆزیان دادەنێن. وەرن پێم برێن، کێهان گەل ئەوە قبوڵ دەکا، سەرکردەکەی نەفتی وڵاتەکەی بفرۆشی، یەک دیناری لۆ میللەتەکەی نەبی، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو وڵاتێکی دیکە دەستی بەسەر داهاتی ئەو نەفتەدا بگری، کەچی سەرکردە و هۆز پێکڕا دڵخۆشبن و بە دەستکەوتیشی بزانن. گەلانی دنیا کەسانێکی چاوساغ و تەکبیرکەر و ڕۆشنبیریان هەیە، بەلای کەمی ڕۆشنبیرەکانیان بەرچاو ڕوونی دەدەنە میللەتەکانیان، لە ململانێی بۆگەنی ئەم و ئەو دوورن، پەنجە لەسەر خاڵە ناشیرینەکان دادەنێن، کەچی لەناو کوردان ئەوانەی کە (خۆیان) پێ ڕۆشنبیرە، بەشێکن لە ململانێیە گواوییەکان، لایەنگیر و تەڕەفگیرن. فەرقیان پێ ناکەی، وەکی نەخیندەوار و بۆردەرلاین (borderline personalities)ان ڕەفتار دەکەن. مەیللەتێک سەرتاپای جەستەی نەخۆشە. عەقڵێکی بۆگەن ئیدارەی مێشک و بیرکردنەوەی دەکا. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەزاران زام و برینی تێدایە. هەمیشە لەسەر بنەمای نەبوونی خۆشەویستی، پێداهەرکاران، داگیرکردنی ئازادی ئەوانی دی، تەداخولکردنی ماف و ئازادییەکانی ئەوانی دی، کەیف بەیەکتری نەهاتن، خیانەت و درۆ لەگەڵ یەکتریکردن، و دڵخۆشبوون و بە شکست و دەڵتەنگییەکانی یەکتری، نەبوونی ئازادی کۆمەڵایەتی و بەهیچ نەزانینی ژن و ژنکوژی، دیاردە زەقە کۆمەڵایەتییەکانییەتی. لە ڕووی ڕوحییەوە، ڕوحێکی تێكشکاو و خاڵی لە جوانی و داهێنان، زیندەگی پێدەرییەتی. لەڕووی سەرمایەدارییەوە، ڕاکە ڕاکەیەکە، براوە ئەو کەسەیە، پۆز بە سەیارەی بەرز و عەردی ڕوکن و جلکوبەرگی گرانبەها لێ دەدا. لە بڕی نمایشی عەقڵ، نمایشی پارە و هەبوونییە. میللەتێک لەسەر گچکەترین هەنگاو و بڕیاردا، تەبا نینە. لەهەر بڕیارێک، کە لە بەرژەوەندی نیشتمان بێ، بە هەزاران ڕای جودا جودا بەگژی یەکرتیدا دەچنەوە. بە ئامانجی لەناوبردنی ڕا پێچەوانەکانیان، تێدەکۆشن، جوون دەدەن، خەبات دەکەن، و ماستاوی سارد دەکەنەوە. میللەتێک بەردەوام لە دەیان میمبەرو مەنفەز و دەرکە و ڕووگە و لاوە، بە توندوتیژی و شەڕانگێزی و خۆخۆری و هەڵچوون و یەکتریقبوڵنەکردن و ڕوحی کوشتنەوە، تەخزییە دەکرێ و جۆش دەدرێ. زۆرترینی قسەی دەکەن و کەمترینی گێ دەگرن و بیر دەکەنەوە و لەسەر بنەمای عەقڵ هەنگاو دەنێن. گەلێک زۆربەی سەرکردەکانی درۆی دەکەن، خیانەتی دەکەن، میللەتکوژی دەکەن، دزی دەکەن، تاڵانی دەکەن، میللەت و خاکفرۆشێ دەکەن، هێشتا چەپڵەیان لۆ لێ دەدەن و تێیان ناگەن!
ئەوەندە دێرەی لەسەرێ نوویستم، تەنها ناونیشانی سەرەبەشی ئەو دەیان کتێبانەیە، کە سەبارەت بە کوردناسین پێویستە بنووسرێن. لۆیێ دەرێم، کاتێک ئێمە وەهاین و وەها ڕەفتار دەکەین و بیردەکەیەنەوە، کوردان نە دەحەسێنەوە، نە دوور دەبن و لە پشکۆی ئاگری شەڕ، نە خاکەکیان ئاگری شەڕ و کووشتنی لێ دەکوژێتەوە، و نەیش دەگەنە ئاواتی سەربەخۆیی وڵات بە ڕەنج و مانیدیبوونی عەقڵ و شانی خۆیان.

*ناونیشانەکە لە هۆنراوەیەکی پەشێو وەرگیرایە.

زمناکۆ خەسرۆ/ پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان/ ئەمریکا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە