لە پەراوێزى ڕێزلێنانەكەى حیزبى زەحمەتكێشان ،زوڵم هەر زوڵمە ...

Tuesday, 12/03/2013, 12:00

1717 بینراوە





كەسێك نیە لارى هەبێت لەبێگەردى پێشمەرگەكانى باڵى ئیتجاهى دیموكراتى شۆڕشگێرى حیزبى سوسیالیستى كوردستان لە نیوەى یەكەمى هەشتاكانى سەدەى ڕابردوو ، هەموو ئەوانەى لە كافێ بوون و دواتریش لە گوندى بێكلێسى دۆڵى كۆلەكان گیرسانەوە ، لە دۆخێكى خراپى ئابلووقەى ئابوورى چ وەك خۆیان گووتەنى (برایانى پارتى) یان لە دەست بەسەر داگرتنى ئەو بیست و حەوت چەكە یان هەڵس و كەوتە زۆر نەخوازراوەكانى زێباریە گوند نشینەكانى ئەو دەمى دۆستى برایانى پارتى و پەیوەندیە نەپچڕاوەكانیان لە گەڵ جاشەكانى دینارتەو ئامادەى سنوورى پێرس و ئاكرێ ،لە لاى ئەولاش برادەرانى یەكێتى بە تایبەت لە دەشتى كۆیە .
تائێستاشى لەگەڵ دابێ هەموو ئەو كۆنە ئیتجاهانەى چووینە ناو حیزبەكان و بەهەموو ئەوانەى داشنیشتوون لە كەسە دەگمەنەكانى میللەتەكەمانن ،هەر هەموویان زۆر ڕێز لێ گیراون و ئەگەر چى زۆریش ململانێیان لە گەڵ دەكرێت ، هەموو ئەوانەش بۆ ئەوە دەگێڕمەوە بۆ ئەو پەیوەندیە دیسپلینە و هەڤال بەندیەى لە نێو ئیتجاكان هەبوو لە دروست كردنى تاكى خۆبەخت كەرى كەم وێنە .
هەر چەندە سەركردایەتى خەیاڵ پڵاوى ئەو دەم ،بە نیاز بوو ئەو بەهەشتە بۆخەڵكى سادە فەراهەم بكا كە نەجیبوڵا لە ئەفغانستان و ئەبوبەكر ئەلعەتاس لە باشوورى یەمەن كردبوویە جەنەتوالعەدەن ، ئەو دوو تەجروبە دانسقەیەى ڕۆژهەڵاتى ناوەند نەخشە ڕێگاى كارى خەباتى پێشمەرگایەتى و حیزبایەتى بوو ، وەك ڕەحمەتى سەعیدى گابارى دەیگووت (شۆڕشێ مە درێژ بوو كوردى تێدا گێژ بوو) دیارە لەو كاروانە درێژەو ئەو هەموو وێستگەو ناحەقى خۆماڵى و دەرەكى، دەیان كەس دادەبەزێ و چەند كەسێكیش هەمیسان دەبنەوە سەرنشینى فارگۆنە بێ كۆتاكانى چارەنووسى میلەتەكەمان ، بەڵام خۆ ناكرێت دابەزیوەكان بۆ هەتایێ لە هیچ وێستگەیەكى تر رێگایان پێ نەدرێت و هەڵى دیلێت كردنیان بدرێت، چونكە ئەڵقەكانى بەردەوامى پچڕ پچڕى تێ دەكەوێ و كەلۆس دەبێت ،لە هەر دەرفەتێك بتەوێ سەرپاكى گرد بكەیەو بەناكاملى تەواو دەبێت .
كورد گوتەنى بۆ خواى بڵێین ،بەو چەند پێشمەرگەیەى پارتى گەل وەك دەمانووت سامى خواى دۆلار، دڵنیام كەسمان دۆلارى نەبینیبوو خۆم نەبێ ئەو كاتەى باوكم لە سەرەتاى هەشتاكان فەڕزى حەجى بەجێ هێنا ، پارەكەیم لە بانقى پردێ بۆ كردە یانزە گەڵا.
یان ئەو فەوج وسریەى شیوعى و ئەو دووزل هێزە تەقلیدیەى ئەودەمیش لە پارتى و یەكێتى
ئەو ژمارە نهێنیەى پێشمەرگەكانى خۆشمان ،خۆ ئەگەر بێ سەرژمێریش بێت ، لەدەرەنجامى تەواو نەبوونى شەڕى ناوخۆى كوردستان و زیرەكى داگیركەران و خۆپەرستى سەركردە خۆسەپێنەكانى كورد و ناهوشیارى میللەتەكەمان ،تەنها ژمارەى فەوجە سووكەكان نا بەڵكو زلەكان گەیشتبووە زیاتر لە چوارسەد فەوجى تۆماركراوى ڕەسمى ، هیوا هەبوو ژمارى جاشە جەنگاوەرەكانى لە دەهەزاركەسى تێدەپەڕاند و تەنها سیللەى عەتفى عەشایەرى ئەو شیرازە پەیوەندیە توندەى لە نێوان تاكەكانى وابەستەى سەرۆك عەشیرەتە جاشەكانى كردبوون.
لە دواى ڕاپەڕین زۆرمان هاوار كرد ئەوەى چوو لەگەڵ چووان باببێتە گۆرى شەهید سەربەست و هەژار دێدەوانى و شەهید قەندیل و قەهار و دكتۆڕرشید و گوێتان لە عاستمان كەڕكرد ،
ئێستاشمان لەبیرە لە سەر بانى مەكتەبى سیاسى برادرانى كۆنە ئاش سویچى بەرازیلیان بادەدا كە بۆیان كڕرابوو ، ئەوە بوو لە هەڵمەتێكا كۆنەئاش و تازە ئاشەكانى ناو حیزبیا ن بە نیوەى بارەگاوە بردەوە ، بێ ویژدانانە بەوەش نەوەستان ، باڵێكى تریشیان لێ كردەوە ، برادەرێكم بۆى گێڕامەوە گووتى ئەو دەمەى ئێوارەكەى لە هۆتێل هەورامان بە یەك بوتڵە بیرەو نیو نەفەر كەباب و چەند جگەرەیەك بووینە یەكێتى ، سەعدى پیرە بەوە نەوستا گووتى لە كاتى فڕینى هەموو سەركردەكانى كورد ئەلبەت (پڕ ئەزموونەكان) بۆ كۆبوونەوە پڕ شەرمەزاریەكەى توركیالە 1992 گووتى من و مەلابەختیار بەڕێكەوت لە ناو كۆپتەرێك بووین ،لە كاتى شەربەت و بسكویت خواردن سەرم بردە بنا گوێى مەلا بەختیار گووتم ئەرێ خێرە تۆ بەمام جەلال و نەوشیروان ڕازى نەبووى كوو بە قادر عەزیز و دكتۆر سەردار ڕازى ، مەلا بەختیار گووتى باشە شەربەتەكەم بخۆم یان خۆم فڕێ دەمە خوارەوە ،ئەو برادەرەم گووتى ئێمە لە مێزەكەیان دوور بووین بەڵام دەبوا قاقا پێ بكەنین ، لە ناو كۆنگرە مام ڕەشاد زۆر گووتى خوایە ئەم تڕەكەڵەكە سەر نەگرى ، بەڵام دەربەستى نەبوو .
ئەگەربە مێژووى قێزەونى كوردى شۆڕبیەوە وەك ئەوەیە دارووچكەى تێ وەربدەى .
ئەوەى مەبەستمە لە ڕوانگەى ئێمە مانان ئەوە پاڵەوانە كە وەك خۆم بیر دەكاتەوە دەنا ترسەنۆك بێ كەلك بێ وورە بگرە خائین و تا دوایى ئەگەر بە عاستەم جیا لەمن بیربكاتەوە.
كەسانێك لە سێتاقان و سەیداوەو لە بەرە بەیانیەكى زوو ئەو بەیانیانەى تەنها شەڕى لێ دابەش دەكرێ نەك خێر ، ڕاپێچى كوونە ڕەشەكانى زیندان كران و حوكم دران و تەوقیف و دەست بەسەر كران ، كەس و كاریان ئێستاشى لەگەڵ بێت بەو دەردە دەتلێنەوە ،بەڵام لەبەر ئەوەى دوورنیە لە یەكێ لە فارگۆنەكان ئەودەمەى لەیەكێ لەو سەدان وێستگەیە وەستابن بۆ قاووڵتى كردنێك ، هیچ جارێكى تر سوار نەكرێنەوە ،خۆ ئەگەر زەبرو زەنگى پارتى جا یەكێتى تۆزێك بە بەعس چووبایە ، كێ كارى بە حیزبى كوردى دەبوو ، بەڵام زوڵم هەر زوڵمە چ یەكێتى و پارتى بیكەن یا لایەنێكى تر...
چونكە ئێمە تەنها كەسێكمان دە دیت زۆر زیت و زیرەك زۆ چاپووك و چاو نەترس زۆر كەم تەمەن بەڵام سەركردەیەك بوو لە بڕوا بە خۆبوون ...ئەویش شەهید هاودەنگ (حەسەن جەبار قیرژەیى) بوو لە گەڵ دەیان هاوڕێ و هەڤاڵى ترى گەڕەكە هەزارنشینەكانى سەیداوەو تەیراوەو كوران و سێتاقان .
بە چاكیشى دەزانم بۆ نەوە تازەكانى ئێستاى حیزبى ئاییندە و زەحمەتكێشان و وێستگە نەخوازراوەكانى ئەو سى ساڵەى ڕابردوو بخەمە ڕوو ...
1- پاییزى 1986 و جیابوونەوەى عوسمان بانى مارانى و هاوڕێكانى
2- ناڕەزایى مامۆستا سەلام كۆیى و چەند هەڤاڵێك لە ئەداى تاك ڕەوى سەركردایەتى
3- جیا بوونەوەى دوكتۆر ڕەشید و كۆمەڵێك لە هەڤاڵانى و گیرسانەوەى لاى مام غەفەى و چەواشە كردنى ئەم هەواڵە بە تایبەت لە هەڤاڵانى نهێنى ناوشار كە كاریگەرى زۆر سلبى هەبوو
4- جیا بوونەوەى ئارێزو پۆڵێكى ترى كادیران بۆناو یەكێتى
5- جیابوونەوەى زرار جۆڵاو هاوڕێكانى بە بێ دەنگى
6- جیابوونەوەى مەلاهەندرێن و هاوڕێكانى و گیرسانەوەى لە ناو پارتى
7- جیا بوونەوەى دكتۆر سەردار بۆ ناو یەكێتى
8- دانیشتنى كۆمەڵێك كادیرى پێشكەوتوو دێرینى ئەو حیزبە
9- دوو لەت بونى یەكجارى ئەو حیزبە و مەحكەمەو مەحكەمە كارى و ، دەست تێوەردانى ڕوون و ئاشكراى پارتى وخودى نێچیر .
جا زوڵم هەر زوڵمە هەركێ بیكات ، بەتایبەت ئەگەر لە خەڵكى زەحمەتكێش بكرێت



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە