31 ی ئاب رۆژێکی ره‌ش له‌ مێژووی کورددا..

Monday, 31/08/2009, 12:00

2143 بینراوە


وەك چۆن مێژووى كورد پرە لە سەربەرزى و داستانى قارەمانانەو مقاوەمەت و فیداكارى, ئاواش پرە لە خیانەت و سەرشۆری و بێگانەپەرستى و نۆكەری بۆ بێگانە. بەڵام ئەوەى سەیرە تاكو ئێستا لە نێو ئەو دوو لایەنە هەموو جارێ لە كۆتاییدا لایەنى خیانەتكارەكە بۆی چۆتەسەرو لە لایەن زۆربەى هاووڵاتیانى كوردستانەوە لەبیركراوە. نازانم تاكو ئێستا نەمخوێندۆتەوە یان گوێم لێ نەبووە كە كەسێك یان لایەنێكى كوردی شی كردنەوەیەكى فەلسەفى مەعقول بۆ ئەم دیاردەیە بكات كە چەند جارێك لە مێژووى كورد دووبارە بۆتەوە. ئەگەر جاران جیهان گەورە بووبێت و رۆشەنبیری نەبووبێت , خۆ ئێستا دنیا لە سەر بەرزترین لوتكەی پێشكەوتنى تەكنەلۆجیایەو وەكو ئەڵێن جیهان زۆر بچووگ بۆتەوە, ئەى بۆچى تاكو ئێستا میللەتى كورد دەرسی لەو مێژووە رەشەى خۆی وەرنەگرتووە و هەموو كاتێك پاساو بۆ خیانەتى سەركردەكانی ئەهێنێتەوە. خۆ ئەگەر مێژووى 66 و 74 دووربن و كەس بیری نەمابێت خۆ 1996 ئەوەنە دوورنی یە, ئەوەى ئەم جارە چووە بۆ دەنگ دان ئەگەر ئێستا تەمەنى 18 ساڵ بێت خۆ ئەو مێژوەى بیریش نەبووبێت دەرئەنجامەكانى بینیوە. هەرچەندە نابێت پیرێك باوەر بكات بەڵام گەنجێك كە تاكو ئێستا باوەرى بەو قسەیەی مەسعود هەبێت كە باسی كوردایەتى خۆی ئەكرد لە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەوە سەیرە و شایەنى هەڵوەستە لە سەر كردنە و ئەوەگریمانەیەمان ئەخاتە بەردەست كە كورد لە هەموو مێژووى خۆی دا بەشێكى زۆری زەمینە خۆشكەربووە بۆ خیانەتى سەركردەكانی. بەراستى بێ دەنگ بوون لە 31 یئاب یان یادنەكردنەوەى وەكو رۆژێكى شووم لە لاپەرەكانى مێژووى كورد پێ ی ناڵێن گێلى بەڵكو بە هەموو پێوەرێك خیانەتە. لەو رۆژە شوومە كە تیایدا خەڵكى شارى هەولێر و سلێمانى لە ژێر ئابڵوقەى UN و سەدام و بارزانی دابوون و تەحەمولى هەموو برسیەتى و هەژاریان كرد بەڵام سەرانى 31 یئاب بێ گوێدانە هەست و سۆزی خەڵك و تەنها بۆ تێركردنى ئارەزووەكانى خۆیان بۆ پاوان كردنى سەروەت و سامانى كورد و بە تاڵان بردنى بەسەر دەبابەوە پەلامارى هەولێر و سلێمانیان دا. ئنجا بە ئاڵا زەردەكانیان كەوتنە پەلاماردانى هەر كەسێك كە باسی زنجیری ئاڵتون یان زنجیری پانتۆڵیان بكردایە چونكە وایان لێ هاتبوو هەموو زنجیرێك بە زنجیرى دەبابە تێ ئەگەیشتن. ئەوانەی كە لەم هەڵبژاردنەدا ئەو ملیۆن دەنگەیان بە دەستهێنا و دەسەڵاتى كوردستانیان بە دەست دەبێت بۆ ئەم چوارساڵە هەر ئەوانە بوون كە 31یئابیان لە میّژوودا تۆماركرد و دیارە ئەو ملیۆنە ئەو رۆژەیان بیر چۆتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە