لەكۆنفرانسی لایەنە سیاسیەكان لەهەولێر ئەنجوومەنێكی 26 كەسی دەستنیشانكرا

Sunday, 05/06/2011, 12:00

1445 بینراوە


ئەمرو (4/6/2011) كاتژمێر (10)ی سەرلەبەیانی لەرێستورانتی پووشی لەشاری هولێر كۆنفرانسێك لە ژێر دروشمی(نا بۆ توندو تیژی و بێ چارەیی بەڵێ بۆ ئاشتی وچارەسەری دیموكراتیك)لەلایەن پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانەوە بەبەشداری لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرێوەچوو. ئەجیندای كۆنفرانسەكە بریتی بوو لە:
بابەتی یەكەم: ئایا بە چى ئالیەتێك دەتوانرێت بارودۆخى ئەمڕۆى كوردستان ئاسایى بكرێتەوە؟
a ـ ئایا چاكسازى و گۆڕانكارى لە هەرێمى كوردستاندا پێویست دەبینن یان نا؟!
b ـ ئەگەر گۆڕانكارى و چاكسازى پێویست دەبینن، ئەو بابەتانە چییە كە پێویستە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت و هەڵوەستەیان لەسەر بكرێت؟
c ـ ئایا ئەركە هەنووكەییەكانمان چین؟
d ـ ئایا ئەركە ستراتیژییەكانمان چین؟
e ـ ئایا ئەركى دەسەڵات چییە لەم قۆناخەدا؟
f ـ ئایا ئەركى لایەنە سیاسیەكانى دەرەوەى پەرلەمان چییە؟
c ـ ئایا ئەركى رێكخراوەكانى مەدەنی چییە؟
h ـ ئایا ئەركى راگەیاندنەكان چییە؟ راگەیاندنى حزبى و راگەیاندنى ئەهلى؟
I ـ ئایا ئەركى كەسایەتییە ئەكادیمیەكان، كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان و كەسایەتیە ئایینیەكان چییە لەم قۆناخەدا؟
بابەتی دووەم: ئاواكردنی پلاتفۆرمێكی هاوبەش بەبەشداری هەموو هێز و لایەنەكان و نوێنەری تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بۆچارەسەركردنی كێشەكان.
بابەتی سێهەم: سەبارەت بەم بابەتانەو بابەتى تریش كە بارودۆخى ئەمڕۆى كوردستان پەیوەندیدار دەكات دەتوانین گفتوگۆ بكەین و راگەیاندراوێكى هاوبەش بڵاوبكەینەوە.
كۆنفرانسەكە لە لایەن ئەندامانی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری" ئیبراهیم ئەوراماری ومامۆستاا عوسمان عزیز و نجیبە عومەر" بەرێوەچوو.
سەرەتای كۆنفرانسەكە لەلایەن سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەرێز دیار غەریبەوە دەستی پێكرد. دیار غەریب بەئاماژەدان بەگرنگی كۆنفرانسێكی بەم شێوەیە لەم قۆناخەی ئێستا هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی و بۆ چارەسەری كردنی قەیرانی سیاسی و كەم وكوڕتی ئیداری و گەندەڵی سیاسی و نەبوونی خزمەتگۆزاری و نادادپەروەری بەئەركێكی نیشتمانی و تاك بەتاكی كۆمەڵگای كوردی بەناو كرد و ووتی؛ ئەمڕۆ، واتە (4/6/) لەباشووری كوردستاندا، خاوەن گرنگییەكی خۆی هەیەو لە (4/6/1992) یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەرێوە چووەو هەروەها هاوكاتیشە لەگەڵ دانیشتنی پێنج لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكەی نێوپەرلەمان ودەسەڵات بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگاكەمان. ئامانجمان لەم دانیشتنە، پێداگرییە لەسەر رێبازی دیالۆگ و دانوستان بۆ چارەسەری كێشەكانەو باوەڕمان وایە بە دیالۆگ و دانیشتن و لێكنزیكبوونەوەو قەبووڵكردنی یەكتر دەتوانین رێگاچارەی كێشەكانیش دەستنیشان بكەین؛ چونكە ئێمە لەو قەناعەتداین كە كێشەكان بە زمانی توندوتیژی وزبر و دروشمی بریقەدار ناگەنە چارەسەری. پێویستە بۆ چارەسەری كێشەكان هەموو لایەنەكانی نێوكۆمەڵگا، لەوانەش پارتە سیاسیەكانی پەرلەمان ودەرەوەی پەرلەمان، بەوانەی كە مۆڵەتدراون وئەوانەشی كە بێ مۆڵەتن، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و نوێنەری چین وتوێژەكانی گەلەكەمان هەوڵی چارەسەری كێشەكان بدەین، ئێمە لە وەها حاڵەتێكدا ناتوانین بە زیهنییەتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی نێوپەرلەمان بەتەنیا كێشەكان چارەسەربكەین، پێویستی دەكرێت، هەموو لایەنەكانیان بەشداری كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بكردبا. ئێمە پرسی بۆنیادنانی سیستەمان هەیە، بۆ بونیادنانی سیستەمیش را وبیروبۆچوونی هەموو لایەك گرنگەو چارەنووسسازە. ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان بۆ سازدانی كۆنفرانسێكی بەم چەشنە، هەموو لایەنەكانمان بە ئۆپۆزسیۆنی نێو پەرلەمان ودەسەڵاتیشەوە، بانگهێشت كردبوو، بەڵام ئەوان تەنانەت بەنوێنەرێكیش بەشداریان لەم كۆنفرانسەدا نەكردۆوە، ئەمە كەمترخەمێیەكە لەئاستی بەرپرسیارییەتی لەبەرامبەر بە چارەسەركردنی كێشەوكەم وكوڕییەكانی كۆمەڵگاكەمان و سیستەمی بەرێوەبردنی.
پاش ئاخاوتنەكانی سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، مۆناقشەی بەشداربووانی و لایەنە سیاسیەكانی كۆنفرانسەكە لەچوارچێوەی نەخشە رێیەكەی پارتی چارەسەری دا دەستی پێكرد و گفتوگۆیەكی تێروتەسل بەرێوە چوو. هاوكات لەگەڵ بەرێوەچوونی گفتوگۆەكاندا، چەندین پرۆژەو تێبینی و راوبیروبۆچوونی تایبەتیان هەبوو و بەشداربووان بەتێكرای دەنگ هاوڕابوون لەسەر بەرێوەچوونی دیالۆگ و چارەسەری دیموكراتیك وئاشتیانەیان بەپێویستیان زانی و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەموو لایەنێك لەبەشداربوونی بونیادنانی سیستەمی هەرێمی كوردستاندا بەشداری بكەن.
هاوكات بەشداربووانی كۆنفرانسەكە، لەسەر خاڵەكانی نەخشە رێیەكەی پارتی چارەسەری هاوهەڵوێست بوون و بەگرنگیان وەسف كرد و ووتیان پێویستە ئەو خاڵانە بكەونە واری كردەییەوەو جێبەجێ بكرێن.
لەتەوەرێكی تری كۆنفرانسەكەدا، لەسەر میكانیزمەی كارو بەرێوەبردنی ئەركەكان گفتوگۆكراو بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنێكی 26كەسی لەهەموو لایەنەكانی بەشداربووی كۆنفرانسەكە دەستنیشان كراو بڕیارە ئەنجامنامەیە بۆ رای گشتی و جەماوەری گەلەكەمان بڵاوبكەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە