ئەو راستییەی كە راگەیاندنە سەربەخۆكانیش ناوێرن باسیبكەن لەترسی لەدەستدانی قازانج

Saturday, 11/07/2009, 12:00

1669 بینراوە


پارتیو یەكێتی ئیدیعای ئەوە دەكەن، كە گویا هەوڵیانداوەو هەوڵدەدەن بۆ كەمكردنەوەی كێشەی نیشتەجێبون، بەڵام ئەگەر بەوردی لەوە بڕوانینین، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو كارەیان هیچ لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان نییەو تەنها خۆیان سوودمەندی یەكەمنو بەهۆی سندوقی نیشتەجێبوونو لەرێگەی كۆمپانیاكانی نیشتەجێبوونەوە بە هەزاران دەفتەر دۆلار لەهاوڵاتیان دەكێشنەوە، ئەمەش ئەو راستییە كە تەنانەت راگەیاندنە سەربەخۆكانیش ناوێرن راپۆرتو بەدواداچوونی لەسەر بكەن، لەترسی كەمبوونەوەی قازانجەكانیان، ئەگەر بەوردی سەیربكیەن، دەبینین رۆژنامەی هاوڵاتیی ئاوێنە لڤین رۆژنامەی رۆژنامە هەموویان ریكلام دەكەن بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كە كۆمپانیاكانی یەكێتیو پارتی پشكی شێریان هەیە لەو كۆمپانیایانەدا.

ئەو راگەیاندنە سەربەخۆیانە ناوێرن ئەم بابەتەی كە من لێرەدا باسیدەكەم راپۆرتئ بەدواداچوونی لەسەر بكەن، لەترسی ئەوەی نەوەك ئەو كۆمپانیایانە لێیان زویرببن ئیتر ریكلامیان بۆ نەنێرن، بێگومان ئەو ریكلامانەش پارەیەكی زۆر بۆ ئەو راگەیاندنانە دابیندەكات، بۆیە لە رووبەری رۆژنامەكانی هاوڵاتی ئاوێنە لڤین كەمترین بەدواداچوون دەبینین بۆ كارو كەموكورتیو گەندەڵییەكانی ئەو كۆمپانیایانە.
بۆ رونكردنەوەی مەبەستەكە یەكێك لە خانووەكانی شاری دییەی وەرزشی بەنموونە دێنمەوە كە كۆمپاینای بەڕێز دروستیدەكات، نرخی خانویەكی 150 مەتری لەو پرۆژەیە كە 114 مەتری بینایە 64 هەزار دۆلارە، بەڵام دوای ئەوەی مواسەفاتی ئەو خانووەم لای كەسێكی شارەزای ئەو بوارە باسكرد، بۆی روونكردمەوە كە كۆی نرخی تێچووی خانوەكە دەگاتە 24 هەزار دۆلار، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو 40هەزار دۆلارەی تر لەبری چی وەریدەگرێت.
لەبەرئەوەی ئەو كۆمپانیایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم گرێبەستی كردوە بۆیە پێموایە ئەو 40هەزار دۆلارە وەك نرخی زەوییەكە لە هاولاتیان وەردەوگرنو لەنێوان خۆیاندا دابەشیدەكەن.
ئەمەش ئەو ئیدیعایەی حكومەتی هەرێم (پارتیو یەكێتی) پوچەڵكردەوە، كە دەیانوت "ئیتر زەوی دابەشناكەین، چونكە زەوی نامێنێت"، ئەوەبوو ژێر بەژێر لەگەڵ چەند كۆمپاینایەكی نیشتەجێبوون رێكەوتوون بۆئەوەی زەوییەكان بە پارەی بەرز بفرۆشن بەهاوڵاتیانو ئەو فێلەیان دۆزییەوە، ئەوەتا چەندین زەوی فراوانیان داوە بە كۆمپایناكانی نیشتەجێبوونو لەبری ئەوەی زەوی بدەنە فەرمانبەرانو هاوڵاتیان بەنرخێكی هەرزان، ئێستا زەوی دەفرۆشن بە سێ چوار دەفتەر دۆلار لەرێگەی كۆمپانیاكانی نیشتەجێبوونەوە.
ئەوەی كە ئیدعاشی دەكەن لە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی كێشەی نیشتەجێبوون بانگەشەیەكی بەتاڵە، بەڵكو تەنها بۆ فرۆشتنی ئەو زەوییانەی میللەتە بەهاوڵاتیان بەپارەی خەیاڵیو كەس نازانێت ئەو پارەیەش دەچێتە گیرفانی كام بەرپرسەوە.
ئەگەر بەوردی سەیربكەین لەبەرئەوەی ئەزمەی ئابوری روویداوە لەجیهانداو هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەجیهان لەو ئەزمەیە بێ بەش نیە، دەبوایە نرخی خانوبەرەو یەكەكانی نیشتەجێبوون بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزیبایە، بەڵام چونكە یەكێتیو پارتی بەرژەوەندی خەڵكیان ناوێت، ئەوەتا نرخی خانووبەرەیان لەسەر هاوڵاتیان بەرزكردووتەوەو هەر پارچە زەویەكی 150 مەتری بە چوار دەفتەر لەسەر كۆمپانیاكان حسابدەكەن، كەئەوەش دەبێت هاوڵاتیان بیدەن، ئەگەر یەكێتیو پارتی ئەو زەوییانە بە چوار دەفتەر بەهاولاتیان نەفرۆشنەوە لەڕێگەی كۆمپانیاكانی نیشتەجێبوونەوە، ئەوا هەر خانوویەك لەو خانووانەی كە كۆمپانیاكانی نیشتەجێبوون دروستیدەكەن تەنها 30هەزار دۆلاری تێدەچوو، كۆمپانیاكانیش لەو بڕە قازانجیشیان دەكرد.
بۆیە بۆماندەردەكەوێت ئەو دوو پارتە (یەكێتیو پارتی) بەردەوام لە سیاسەتی پارە كێشانەوەن لە میللەت بەناوی جیاجیاوە. باشە ئەوانە زەویی میللەتن، كێ دەیفرۆشێت بە چوار دەفتەر دۆلارو ئەو پارانە بۆ كوێ دەچێت؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە