تەنها، پێنووسەکانی (گۆڕان) نەچوون بۆ تورکیا!؟

Thursday, 21/01/2010, 12:00

1203 بینراوە


شەممە ٢٠١٠.١.١٦
شەوی شەممە ٢٠١٠.١.١٦ لەیەکێ لەتەلەفیزیۆنەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەواڵی چوونی وەفدێکی ڕۆشنبیران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ تورکیا و شاری ئەستەمبوڵم بینی.
ئەوانەی لەو ڕاپۆرتە هەواڵەدا دەرکەوتن و بینران دەموچاوەکانی سەر بەپارتەکانی دەسەڵات بوون!
وا ڕێکەوت لەماڵپەڕی کۆمەڵایەتی و بەنێودەنگی فەیس بووکدا یەکێک لەو بەشادربووانە، کە سەر بەلایەنێکی دەسەڵاتە، وێڕای وێنە دانانی گردبوونەوەکە، بۆ ماوەیەک چاتی لەگەڵدا کردم و باسی ئەوەی کرد کە لە تورکیان بۆ مەبەستی دیدگۆڕینەوە لەگەڵ ڕۆشنبیران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە. گوایە پێنووس بەدەستانیان دیدیان گۆڕاوە لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی خاوەنی شتین و ئەوان سەرمایەگوزاری دەکەن و تەماعیان تێکردووین.
ئەو گۆڕانکارییە گرنگە و گرنگیش نییە، چوونکە ئەگەر ئازان با دیدیان لەبەرانبەر کوردەکانی خۆیاندا بگۆڕن نەک ئێمە.
دوای چەند پرسیار و وەڵام بۆم دەرکەوت بێجگە لەنوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم وەک یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکان و شیوعییەکان لەوێ بوون!

جێی سەرسووڕمان بوو، ئەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەکارێکی وادا ئامادە نەبووە و خۆی پەراوێز خستووە!؟ ئایا بۆ گۆڕەپان چۆڵ دەکرێت بۆ هێزە سوونەتی و تەقلیدییەکانی هەرێم تا وێنەیەکی سەقەت بدەن بەناوەندەکانی دەروجیران؟!
دوو ڕۆژی تر هەر کەناڵێکیان بێنە وڵاتەوە، بەپلەی یەکەم ئەوان دەناسن و تیشک دەخەنەسەریان، گۆڕانیش دەستی لەبنی هەمانەکە بەخاڵی دەردەچێت! لەپەراوێدا دەمێنێتەوە!

ئاخر چۆن گۆڕان دەنگی ناڕەزایەتی خۆی بگەیەنێت لەکاتێکدا گەر ئامادەیی نەبێت، پەیوەندی نەبەستبێت لەگەڵ ئەو ناوەندانەدا؟ و هەڵپەی بەشداریکردنی نەبێت؟ بێسڵەمێتەوە لەبەشداریکردن لەم جۆرە گردبوونەوانە، گیانی خۆسەپاندنی نەبێت؟ وا باشترە ئەو دیدە دروشمی بێت کە ئێمە بەجیاوازییەکانمانەوە جوانیین، لە هەموو ئەو هەلە باشانەی کە دەرەخسێت بۆ پیشاندانی دیوێکی تری کۆمەڵگای کوردی بەدەرەوە. کە هێزە تەقلیدییەکان هەرگیز ناچن بەڵایدا و پەیپێنابەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە