خۆری پێویستبونی كاریزما بەرەو ئاوابوون دەچێت

Sunday, 11/03/2012, 12:00

1391 بینراوە






ئەگەر زەمانێكمان بەسەر بردبێت، كە تەنها بیركردنەوە لەگەڵ خۆماندا، یان جارجار بە نهێنی بێت یان ئاشكرا، لەمەر گومان كردنمان لەجێگەورێگە و توانای سەركردەكانمان، لێرەو لەوێ قسەیەكمان كردبێت، بەڵام بەهەموو شێوەیەك بە كوفر لە قەڵەم دراوە. ئەمەش ئەگەر بە میراتی لەدەرئەنجامی وەزعی بابەتی و خودی ناوچەكە و كوردستان بۆمان بەجێمابێت، شیكردنەوەی فاكتەرو هۆكارەكانی، لێرەدا جێگەی قسەكردنمان نیە . بەڵام لەو نێوەندەشدا و لەمەڕ بابەتی كاریزما و سەركردەی هەمیشەیی كە بەشێكە لەو بارودۆخە، دەتوانین بە وردی وەزعی كوردستان هەڵسەنگێنین و دەرس و عیبرەتی لێوەرگرین، هەروەك چۆن دروستبون یان گەڕانەوەی بارودۆخی تایبەت و هاوشێوەی سەردەمی پێشتر لەم قۆناغەدا زۆر سەختە، بەو پێیەی ئەو گۆڕانكاریە هەمەچشنەی لەم ئان و ساتەدا هاتۆتە دی و دەیبینین ، وامان پیشان دەدات كە دونیا و ئێمەش لەگەڵ هەمووان رووە و دابەشبونی دەسەڵاتەكان و بە دامودەزگەییكردن هەنگاو دەنێین و، ئەرك و مافەكان دابەشدەبن، ئاوهاش پێویستی پەیدابون و بەردەوامی سەركردەی كاریزما و دەسەڵاتداری هەمەگیر قۆرخكار رووی لە كزیە .
هاوكێشەیەكی زانستی ورد و بەدیقەت لە نێوان پێویستبونی كاریزما و ئاستی پێشكەوتنی وڵات و بەرێوەچونی كاروباری سیاسی و حزبی زۆر بە روونی دیارە . لەهەر شوێنێكدا رێژەی پێشكەوتنخوازی پێكهاتەو دەسەڵاتی راستەقینەی گەل كە زادەی زەرورەتی مێژوویی و واقعە، لەگەڵ ئاستی رۆشنبیری و بارودۆخی كومەڵایەتی و ئابووری قۆناغەكە هاوتەریبوو، هەلی گەورە بۆ لەدایكبونی كاریزما نامێنێت . لە زۆر جاردا لە شوێنە دواكەوتوەكاندا، كۆمەڵێك دەرهاویشتەی سەلبی زەق دەردەكەون و لەو نێوەندەشدا رۆڵ وپێویستبونی سەركردەی كاریزما و تاكڕەو و خاوەن عەسای سیحری بە ئاسانی دەردەكەوێت ، بەڵام لە شوێنە پیشكەوتوەكاندا، ئەم كارە بەعەكسەوە دەبێت .
لەهەر وڵاتێكدا یاسا سەروەربێت و دەسەڵاتەكانی سەركردە و دامودەزگاكان بەرپرسیاریەتی و سەلاحیاتیان دیاریكراو بێت و خەڵك پابەند بێت بە بریار و یاسا و رێسا و راسپاردە گشتیەكان و، مەحسوبیەت و مەنسوبیەت نەمابێت و، ئمتیازاتی پلەوپایەكان بە پێی یاسا ریكخرابێت و، رێژەیەكی باش لە عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەرقەراربێت و، وەرگرتنی پلەو مەنسەب لە پێناو خزمەتی گشتی بێت و بە پێی خەڵكی شیاو لە شوێنی شیاو بێت و، پلە وەرگرتن بە فیعلی ببێتە ئەركێكی نیشتمانی نەك بەرژەوەندی تاكەكەس و، كەس هەڵپەی ئەو شوێنانە نەكات لەپێناو باڵابونی پێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەو كاتە دەتوانین بڵێین؛هیچ رێگا و ئاراستەیەك بۆ دروستبونی كاریزما و پیرۆزی سەركردە نەماوە، ئەگینا بە بوونی هەر رێژەیەك لەو فاكتەرانە و بەناكامڵَبونی دەسەڵات و دواكەوتوویی و بەرێوەبردنی هەڕەمەكی كاروباری وڵات لە غیابی عەقڵانیەت، ئەگەر شێوە كاریزما كۆنەكانیش نەمێنن، بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش بێت دووبارە سەركردەی كاریزمایی لێرەولەوێ هەڵدەتۆقێت .
بۆ ماوەیەكی دوورودرێژبوو لە كوردستاندا، دەسەڵاتدارێتی بە شێوەیەكی رەها دوور لە رەخنە و چاودێری و لە سایەی زاڵبونی ترس و دڵەراوكێ، تەنانەت بێ هەڵسەنگاندنی زانستیانەی حوكمداری ، بەرێوەدەچوو، پیرۆزی پلەوپایە و شەخسی سەركردە بە شێوەیەك خۆی فەرزكردبوو فزەی لە رۆشنبیران و نوخبەی سیاسیشی بڕیبوو، ئالەو هەلومەرجەدا كەس نەیدەوێرا تەنانەت بە رستەیەك خۆی لە قەرەی پلەوپایە باڵاكان بدات و بۆ خێریش بێت رەخنەیەك بگرێت، هەر ئەمەش وایكردبوو بە ئاسانی نەك لەناو حزبەكان و حكومەتدا بەڵكو لە ناو خەڵكی ئاسایی و سادەشدا پیرۆزیی سەركردایەتی و كاریزماكان بڵندتر رابگیرێت و خۆی بسەپێنێت .
یەكێك لەو قازانجانەی كە لە پەیدابونی میدیای ئەهلی بەدیدەكەین، دروستبونی كاریگەری پوزەتیفانەی بوو لەسەر ئەم رەوتە، ئەگەر بە ئەركێكی ناراستەوخۆشی بێت تا رادەیەك خۆی لە كپكردنەوەی بریقەی كاریزمای سەركردایەتی دەبینێتەوە و، ئەگەر زێدەرۆیی نەكەین رۆڵی هەندێك میدیا لە زۆر لایەنی سیاسی كوردستان لەم بارەوە گەورەتر بووە . ئەو پیرۆزیەی سەركردانەی كە تا ساڵانێكی دوورو درێژ چەسپیبوو لەجێگەی خۆی لەرزاند و نرخی پلەوپایە لە ئاسمانەوە هێنایەسەر ئەرز و، دواتریش پاش روخانی رژێمی دكتاتۆری سەدامیش، دیواری ترس بەیەكجاری رووخا و، قۆناغێكی باڵاتر لە ژیانی سیاسی كوردستان هاتەپێشەوە. بە هێوری و لەسەرخۆ بارودۆخە سیاسیەكە گۆڕانی بەرچاوی بە خۆوە بینی .
ئەگەر لەئاستێكی جیاوازیشدا بێت لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا، تارۆژگاری ئەمرۆشمان تا رادەیەك ئاستە جیاوازەكانی كاریزمای كوردی بە روونی دەبینرێت, بەڵام بە پەیدابون و سەقامگیری و خۆسەپاندنی ئۆپۆزسیۆن، تارادەیەك لە كاروانی بەرێوەبردنی دەسەڵات پەرینەوەیەك روویداو لە هەنگاوی یەكەمیدا رێچكەی خۆی گرتوو و تادێت وەزعەكە روو لە پێشكەوتن دەكات، ئەگەر بەربەستێكی زۆری نەیەتەپێش .
ئەگەر وردتر و بە شێوەیەكی گشتی چاوێك بە سەرجەم لایەنەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستاندا بخشێنین، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە ئەو قۆناغەمان بڕی و لەسەردەمێكداین كە سەرەتای بنیاتنانی بنەما سەرەكیەكانی بە دامودەزگاییكردنی دەسەڵاتی كوردستان لە ئاسۆدا دەبینرێت و، خۆری پرشنگداری سەركردەی كاریزما رووی لە ئاوابوونە، ئەگەر بە هەموو لایەكمان رێگە بە گەڕانەوەی نەدەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە