دەردە دڵێک بۆ خەونە تێكشکاوەکان - بۆ ئەحلام مەنسور

Friday, 11/01/2013, 12:00

2182 بینراوە




بۆ ئەحلام

دوو رووترین و دزیوترین و موناقیقترین شت کە ئەخلاقێکی دیکەی کوردە پێدا هەلدانی کەسە مەزنە شاراوەکانە دوای مردنیان و ناشتنیانە لە بێدەنگیی و کوێرەوەرییدا پێش مردنیان.


ئەحلام گیان ببورە ئەم نووسینە بۆ تۆ نانووسم بۆ خۆمی دەنووسم. شەرم دەکەم کە تا لە ژیانتا بووی لەم چەند سالەی دواییدا وەک زۆر خۆشەویستی تر نەمتوانی هەوالت بپرسم، بە سەرت بکەمەوە. بەلام دلنیام تێدەگەیت، خەبات دژی ناشیرینییەکان جیگەیەکیان بۆ بینینی جوانییەکان نەهێشتۆتەوە، ئازارەکانی ئێستا هەناسەیەکیان بۆ یادکردنەوەی بیرەوەرییە ئازیزەکان نەهێشتۆتەوە. خەمخواردن بۆ هەمووان مەودای خەمی تاکە تاکی بڕیوە.

راستی من زۆر رقم لەو نووسیانە دەبنەوە کە دوای مردنی کەسە تێکۆشەرەکان دەنووسرێن. ئەگەر ئەحلام ی مەرگ ئەوەو ئەوە و ئەوە بوو ئەی بۆ تا زیندە بوو باستان نەدەکرد؟ لەم هەموو سایتانەی دنیادا وتارێک، ناساندنێک، نرخاندێکتان لە سەر نەدەنووسی؟

دوو رووترین و دزێوترین و موناقیقترین شت کە ئەخلاقێکی دیکەی کوردە پێدا هەلدانی کەسە مەزنە شاراوەکانە دوای مردنیان و ناشتنیانە لە بێدەنگیی و کوێرەوەرییدا پێش مردنیان.

ئەوە من وەسیەتی خۆم لێرە دەکەم: نامەوێ کەس دوای مردن لە سەر من بنووسێت و بە هێچ جۆرێ پێمدا هەڵبلێت ئەوە بە سوکایەتی دەزانم. نەفرەت لەو کەسانەی ئاگاداری ئەم وەسیەتە دەبن و دەیشکێنن و دوای مردنم پێمدا هەڵدەلێن.

ئازادن نووسینەکانم بخوێننەوەو بە ئازادی هەلیانسەنگێنن و رەخنەیان بکەن. بەلام پێداهەلدانی دوای مردنم لە جنێودانی ئێستا پێناخۆشترە.

هیچوپوچترین شت پەیکەرە دوای مردن بە تایبەتی ئەوانەی لە ولاتی پەیکەری زیندوو و مرۆڤی مردوودا راست دەکڕێنەوە، بۆ ئەو کەسانەی بە نامرادی و نرخنەزانراوی ژیاون. پەیکەر چی بۆ ئەوان دەکا، نیشانەی دووروویی و بێهوودەیی عەقلی خۆمانە، من ئەحلام باش دەناسم هاورێی زانکۆ بووین. گەورەترە لە قوتابخانە ئەو دەبوو پیشرەو بێ وەزیری ژنان بێت ، بەراست خاوەن قوتابخانەی فیکری بێت لە کوردستانێکدا کە بەراستی ئازاد ىێت. خەباتی ئەو لە هی سێ ژنە تێکۆشەرەکەی پاریس گرنگترو زیاترە کەمتر نییە. بەلام ئێمە زیندووکوژی بتپەرستین. دوای دوو رۆژ لە بیر دەچێتەوە. ئەم نووسینانە هەموو کای بەربان بۆ دەربرینی سۆزی ماندووی خۆمان دەیاننووسین.

بۆ ئەوەی ئەحلام بە زیندوویی بهێڵینەوە با ئاگامان لەو ژنانە بێ کە زیندوون و دەشێ ببنە رێبەرو قوتابخانەو نەک هەر فرامۆشکراون لە ژێر هەڕەشەشدان. با ئاگامان لەوانە بێت کە هەڕەشەی مەرگیان لە سەرە، ئەمە باشترین وەفایە بۆ ژیان و ئازارو پەیامی ئەحلام.

ناوەکەی ئەحلام مەنسور: خەونە سەرکەوتووکانە، بەلام بەداخەوە بۆ ئەو خەونە تێکشکاوەکان بوون تا ئەو رادەیەی ژیانی خۆی مەبەست بێت بەلام تا دوا هەناسەش کۆڵێ نەدا. بۆیە مەزنە و دوای ژیانی دەبێ مەزنتر بێت بەلام بە پەیکەر نا ، بەوەی سەدان ژنی تێکۆشەری وەک ئەو جێگەی چۆل نەکەن و قوتابخانەکەی ئاوەدان راگرن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە