سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


ڕونكردنەوەیەك بۆ خوێنەرانی كوردستانپۆست

Monday, 10/08/2009, 12:00

1756 بینراوە


پێش ئەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەست پێبكات بەندە لە گەڵ نوسەری بوێر كاك ناسیح عبدوالرحیم لە ڕونكردنەوەیكدا پشتگیری خۆمان بۆ لیستی گۆڕان ڕاگەیاند، دیاریش بوو پشتگیری ئێمە لەو ڕەوتە بۆ بوغرای دەسەڵاتدارە گەندەڵەكانی یەكێتی و پارتی دەگەڕایەوە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا شەو ڕۆژم خستبووە سەر یەك بۆ ئەوەی ئۆپۆزسێون لە كوردستاندا درووست بێت و سەركەوێ، سەرەڕای تەحەدای هەڕەشە نەزۆكەكانی دەسەڵاتی مافیای كوردی كە بە هەموو شێوازەكانی سەردەمی بەعس بیریان دەكردەوە و هەڕشەیان دەكرد، نامەوێت خۆم وادەر بخەم كە من كەسێكی زۆر موهیمم هیچ هەڵەو كەم و كوڕیەكم نیە،زۆر سوپاسی ئەو مرۆڤانەش دەكەم كە ڕەخنەیان لێگرتووم و لە داهاتوشدا ڕەخنەم لێدەگرن،(مرۆڤ ئەگەر ڕەخنەی لێنەگیرێت دەبێتە مرۆڤێكی دڕندە و وەك سوكرات دەڵێت: دەبێتە مرۆڤی، نه‌زان، نه‌زان كە خراپترین جۆرى مرۆڤە، پەلاماری هەموو شتێك دەدات)، من خۆم بە خزمەتكاری تاك بەتاكی هاوڵاتیانی كوردستانە ڕزگار نەكراوەكەم دادەنێم، من بۆ خۆم تاوەكو سێ ساڵ پێش ئێستا مرۆڤێكی كۆیلە بووم، بەڵام خۆش بەختانە ئەوە ماوەی سێ ساڵە توانیم خۆم ئازاد بكەم، لە ژێر كاریگەری نووسینەكانی نووسەرە بوێرەكانی كوردستانپۆست بە تایبەتی نوسەری بوێرئارام ئەحمەدی خاوەنی ژووری ئۆپۆزسیون لە پاڵتاك لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت چەند مرۆڤێكی ئازا و ئازاد، لەو ڕۆژەوەی كە خۆم لە چوار چێوەی كۆیلایەتی دەرچوومە گەورەترین خولیام بووتە ئەوەی نەوەی نوێ و گەنجانی وڵاتەكەم لە ناو زەلكاوی كۆیلایەتی هەموو حیزبەكان دەربهێنم، هەوڵبدەم ئاراستەیان بگۆڕم بۆ جیهانێكی تر كە جیهانی ئازادی تاكە ئازادی ڕادەربڕینە، زۆریش ڕون و ئاشكرایە كە ئەم جوڵانەوەی گۆڕانە لە سەدا نەوەدى پێكهاتەكەی گەنجان بوون، ئەو گەنجانەی كە 18 ساڵە بەبێ كاربا پێداویستیە سەرتایەكان ژیانی ڕۆژنەیان لە كولە مەرگیدا گوزەراندووە، گەنجانی كوردستان ئەو قسەی دەسەڵاتدارانی پوچەڵكردەوە كە بە تەمبەڵ و هەزاران تۆمەتی نابەجێتر لە قەڵەم دەدران، ئەمەوێت سوپاسی تاك بەتاكی گەنجانی وڵاتەكەم لە چەپەوە بۆ ڕاست بكەم كە سەلماندیان ئەوە ئەوانن بتەكانی بنەماڵە دەڕوخێنن، بەڵام شتێكیش كە جێگای داخە لەلای من ئەوەیە كە جوڵانەوەی گۆڕان هەندێك پیر و كامڵی حیزبی كۆیلەی ماستاوچی ئەقڵ ژەنگگرتووی تێكەوتووە، ئەیانەوێت هەمان ئەقڵێت كە لە ناو حیزبە خاوەن كارگەی پێگەیاندنی كۆیلە درووستكردندا هەیان بووە بیسەپێنن بەسەر گەنجانی گۆڕان خوازدا،بەبۆچوونی من ئەبێت گۆڕان لە ناو گۆڕاندا بەم شێوەیە درووست بكرێت.
1_ ئەم ڕەوتی گۆڕانە بكرێت بە حیزب ناویشی لێبنرێت جوڵانەوەی گۆڕانخوازانی كوردستان.
2_ ئەو حیزبە هەموو ئازادییەكان بۆ ئەندام و لایەنگرانی لە سەرەوە تا خوارەوە فەراهەم بكات، بەبێ ناوزڕاندنی یەكتری ڕەخنە لە یەكتری بگرن، بۆ ئەوەی هەموویان ببنە ڕەقیب بەسەر یەكترەوە.
3_ ڕێز لە بیرو بۆچونی یەكتری بگرن و چی خراپ بوو چاكی بكەن چیش چاك بوو دەست خۆشی لێبكرێت و پاداشت بكرێت.
4_ حیزبەكە ببێت خوێندنگایەك بۆ درووستكردنی گەنجێكی دەست پاك و داوین پاك دوور بخرێتەوە لە كەلتوری ناشرینی جاسوسیكردن بەسەر یەكەوە، دروستكردنی گەنجێكی نیشتمان پەروەر خوێنەر ڕۆشنبیر كراوە درووستكردنی ئەقڵێتی یەكتر قەبووڵ كردن دوور لە دەمار گیری.
5_ حیزبەكە ڕێگا خۆشكەر بێت بۆ دەربڕینی توانای گەنجان لە هەموو ئەو بوارە جیا جیانەی كە هەریكەو ئارەزویەكی هەیە بۆنمونە وەرزش هونەر شیوەكاری هتدە...
6_ كار ئاسانی بۆ گەنجان بكات بۆ ئەوەی بتوانن فێری ئەوە بن خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان بن، بۆ ئەوەی چاوەڕی دەستی كەس نەكەن و لەو ڕیگایەوە كۆیلەیان نەكەن و بیر تۆڵەسەندنەوە لە ئەقڵی تاكەكاندا بسڕنەوە
7_ ئەو خەڵكانەی كە حیزبەكان لە چەپەوە بۆ ڕاست 18 ساڵە فێری كۆیلایەتی و ماستاوچێتی كردوون، ئەو حیزبە لەڕیگای دەورات و خولەوە لەو چوار چێوە كۆیلایەتیە ڕزگاریان بكات.
8_ خەڵك فێر بكرێت هیچ كەسێك نەپەرستێت و نەبێتە کۆیله‌ی، هەموو وێنەكان بدڕێنرێ، وێنەی هیچ كەسێك هەڵنەواسن، چونكە هیچ كەسێك لەم جیهانەدا پیرۆز نییە.
9_ بەرپرسانی ئەو حیزبە فێر بكرێن بەبێ پاسەوان بە هەمیشەی لە ناو خەڵكدا بن و لە ئێش و ئازارەكانی خەڵك بزانن و بیگەیننە جیگای خۆی كە ئەندام پەرلەمانەكانیانە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا.
10_ ئەو كەناڵە لە ژێر چنگی هەندیەك كەسی نا شارەزا لە بواری ڕۆژنامەگەری دەربهێنرێت بخرێتە ژێر دەستی كەسانی ئەكادیمی لەو بوارەدا، ئەو كەناڵە بەو شێوەی پێشوەی كار نەكات كە لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا بووە بە كەناڵی پیرەكان و ڕەئیس عەشیرەتەكان، لە بری ئەوەی ببوایتە جێگای ئەو گەنجانەی كە پڕ دڵیان لە قسەی هەقە، بەڵام جێگایەك نەبوو هەڵی ڕێژن، ئەبوایە لە ماوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان بە دەیان بەرنامەی هەبووایە لە سەر گەنجان، بۆیە دەبێت ئەو كەناڵە ببێتە جێگای دەربڕینی ناخی گەنجان، دیارە مەبەستم لە گەنجان ئەوە نیە تەنها گەنج بێت ئیتر تەواو مەبەستم گەنجان ئەو كەسانەیە كە لە ئەقڵەوە گەنجن و شتیان پێیە بۆ كۆمەڵگەی كوردی، ئەو كەناڵە وای لێهاتووە بووە بە كەناڵی چەند كەسێك .
11_ سڕینەوەی عەشیرەت و عەشرەتگەری و شار و شارچێتی و كوتلە و كوتلە چێتی لە مێشكی تاكدا.
ببورن پێشنیارەكان زۆر و زەوەندن ، ئەوەندەم بە خەیاڵدا هات نوسیوومە نامەوێت زۆر درێژەی بەمێ، بە بۆ چوونی من ئەگەر جوڵانەوەی گۆڕان بە هەمان تەقلیدی حیزبەكانی تر كار بكات ئەوە لە كورت ترین ماوەدا ئەتوێتەوە، ئەو چەند خاڵەی سەروە بۆ چونی تایبەتی خۆمە هیوادارم ئەوەی چاكە بۆ كۆمەڵگەی كوردی لێم وەرگرن و كاری لەسەر بكەن ئەوەیشی خراپە فڕێی بدەن.
زۆرجار تاكی كوردی واتێدەگات كە حیزبایەتی حەرامە ئەبێت خۆتی لێدور بخەیتەوە، ڕەنگە نەهەقیانیش نەبێت وابیر بكەنەوە، چونكە حیزبەكان لە كوردستان و ڕژهەڵاتی ناوەڕاستدا وا خەڵكیان ڕاهێناوە حیزبایەتی واتا كۆیلایەتی بۆ سەرۆك و سەركردە، بەڵام لە خۆرئاوا خەڵك لە ڕیگای حیزبەوە دەگەنە ئامانجی خۆیان، لە خۆرئاوا بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە حیزب خوێندنگایەكە بۆ پێگەیاندنی مرۆڤی چاك و پاك موخلیس بە نەتەوەو نیشتمان، بۆیە دەبێت جوڵانەوەی گوڕان بتوانێت حیزبێكی مۆدێرنی خۆرئاوای درووست بكات، بۆ ئەوەی خەڵك وا تێنەگات بڵێت حیزبایەتی واتا درۆكردن و فێڵكردن لێیان، كە ئێستا حیزبەكان خەڵكیان وافێركردووە.
خوێنەرانی بەڕێزی كوردستانپۆست ....
ئەمەوێت ئەوەتان پێڕابگەیەنم كە لەم چركە ساتە بەدواوە كاری ئاسایی ڕۆژنامەوانی خۆم دەكەم وەك كەسێكی سەربەخۆ، من وەكو خۆم ڕقم لە كورسی دەسەڵاتە بەتایبەت لە كوردستانێك كە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كورسییەكانیان ئەوەندە ناشرین كردووە بە ئاوی كەوسەریش پاك نابیتەوە، ئەو كورسیانە كە هەزاران خیانەتی بە سەردا ڕۆیشتووه‌ بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، پێشنیاریش دەكەم لە گەڵ مردنی ئەو دەسەڵاتەدا كورسیەكانی ژێریان فڕێ بدرێتە دەریاچەی دیجلەوە، ئەم ماوەیش بۆیە پشتگیری و ئیشو كارم كرد بۆ جوڵانەوەی گۆڕان کرد، تەنها بۆ ئەوە بوو كە بوغرای یەكێتی و پارتی بشكێنم، ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا دروست بێت، خۆشبەختانە ئەوە ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا درووست بوو، بە ڕەنج وماندو بوونی ئەو كەسانەی كە بەبێ هیچ تموحێك كاریان بۆ گۆڕانكاری دەكرد ، گەورەترین سەرمایە بۆمن لەم گۆڕانەدا ئەویە كە ئۆپۆزسیۆن درووست بوو، ئەگەر ئازادیم لێببڕێت مەحاڵە بتوانم بژیم، ژیان بەبێ ئازادی هیچ مانایەكی نیە، دەوڵەمەندیش بە پارەی میللتەوە عیللەتە بۆ ئەومرۆڤانە، مەبەستم ئەوەیە كە ئازادی مرۆڤ لە هەموو سەروەت و سامانی دونیا گرنگترە، لەم هەڵبژاردنەش دەركەوت پارە زۆرجار سودی نیە، ئەگەر سودی هەبوایە ئەوە یەكێتی و پارتی بە پارە زۆربەی زۆری خەڵكیان دەكڕی، خەونەكەم هاتەدی كە درووست بوونی ئۆپۆزسیۆین بوولە كوردستاندا، كاری من لەم دەقەوە ڕۆژنامەنووسیە، نووسینە لەسەر خراپەكاری بەرپرسان چ جەلال تاڵەبانی بێت چ نەوشێروان مستەفا بێت، چ مەسعود بارزانی، چ هەرچ بەرپرسێكی تری ئەم وڵاتە بەبێ جیاوازی بیرو بۆچوون ، ئەوەش ناشارمەوە لە خوێنەران كە ئیتر كاری من بەو شێوە نوسینەی پێشووم كۆتایی هات، چونكە توانیمان بەو نوسینانەی پێشوومان بتەكانی بنەماڵەی و سەركردە بڕوخێنین بەبێ خوێن ڕشتن، ئێستا ئەبێت بە شێوازێكی نووسینی نوێ بنوسین بۆ درووستكردنی مرۆڤ لە جێگای بتە ڕوخاوەكانی بنەماڵە و سەركردە.
لێرەوە پێویستە كوردستانپۆستی ئازیزیش شێوازی نووسینەكان بگۆڕێت بیر لە شێوازێكی تر بكەنەوە، ئەو شێوازە نووسینەی پێشوەی كوردستانپۆست كە بتەكانی دەسەڵاتی كوردی ڕوخاند كۆتایی هات، بە بۆچوونی من ئەبێت كوردستانپۆست لەم دەقەوە سیاسەتی كاركردنی خۆی بگۆڕێت، لە قۆناغێكی تازەترەوە دەست پێبكات بۆ درووستكردنی مرۆڤ لە جێگای بتە ڕووخاوەكان، كە بە ڕەخنەی چه‌كوشاوی كوردستانپۆست نیوەی زیاتری ئەو بتانەی ڕوخاند.
من داوای لێبوردن لەو گەنجانە دەكەم كە ئەم ماوەیە بەیەكەوە كارمانكرد بۆ بردنە نێو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ پەرلەمانی داهاتووی كوردستان، داوایان لێ دەكەم ئەوان پەرە بە كاری سیاسی خۆیان بدەن لە ناو گۆڕاندا هەتا ئەو كاتەی سنور بۆ ئازادیكانتان دانانرێت، هەرچ كاتێكیش ئەو ڕەوتە هەمان سینارۆی حیزبەكانی تری دووبارە كردەوە جێ بهێڵن، من بۆ خۆم باوەڕناكەم ئیتر بۆ جارێكی تر توخنی سیاسەت بكەوم، ئەم جارەش بۆیە توخنی كەوتم لەبەر ئەوە بوو ئۆپۆزسیۆن نەبوو لەم وڵاتە، مەسەلەی ئەوەی، كە دوور دەكەومەوە لە سیاسەت ئەوە نییە كە نا ئومێدم، مەسەلەكە تەنها ئەوەیە كە پێش هەڵبژاردن قەولم دابوو دوای هەڵبژاردن دەست بكەمەوە بە كاری ڕۆژنامەوانی خۆم بە ئازادی، سەرانی یەكێتی و پارتی دڵیان بەوە خۆش نەبێت كە من نا ئومێدم لە ڕەوتی گۆڕان، لێرەوە من دەبمەوە بە ڕەخنەگرەكەی جاران بە شێوازێكی نوێ بۆ سەر هەرچ كەسێك كە زوڵم لە خەڵك بكات لە چەپەوە بۆ ڕاست، هیوادارم جوڵانەوەی گۆڕان ڕەنج و ماندوو بوونی ئێمە بە هەدەر نەدات، دیسانەوە ئەویش بە هەمان ئەقڵێتی كۆیلەكردنی مرۆڤ حیزبەكانی تر كار بكات، هیوادارم گۆڕان ببێتە هۆی ئەوەی كە چیتر زوڵم و زۆرداری و نا عەدالەتی و دزینی سەروەت و سامانی وڵات و كۆیلە كردنی مرۆڤ نەهێڵێت، هیوادارم نەوشێروانیش نەبێتە دیكتاتۆرێكی تر بۆ سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان، مرۆڤ كۆیلە بوو ئیتر جیاوازی نیە كۆیلەی دەسەڵاتداران بێت یان نوسەران و ڕۆشنبیران بێت.

سەباح عەلی قارەمان: لە شاری كفری
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە