وەزیرى خوێندنى باڵا ئەم غەدرە تاكەى؟

Thursday, 09/04/2009, 12:00

1006 بینراوە


ئێمە كۆمەڵێك قوتابى پەیمانگا و زانكۆكانى سنورى پارێزگاى سلێمانین كە دواى هەوڵوكۆششێكى زۆر، توانیومانە سێیەمى كۆلیژ و بەشەكانمان بەدەست بهێنین.. بەڵام دواى بەدەستهێنانى بڕوانامەكان، بەهۆى غەدرى وەزیرى خوێندنى باڵاوە رەنجەڕۆ و بێبەرهەم ماوینەتەوە.
ئێمە دواى بەرزكردنەوەى چەندین داواكارى و سكاڵا بۆ ئەوەى یان دابمەزرێندرێن لە بەش و كۆلیژەكانى خۆماندا، یان بتوانین درێژە بەخوێندن بدەین... بەڵام بەهۆى ئەو ناهەقییەى وەزیرى خوێندنى باڵا ئەیكات، تائێستا داواكارییەكەمان جێبەجێ نەكراوە.
لە وەزیرى خوێندنى باڵا دەپرسین بۆچى خوێندكار ((شاناز جەلال)) كە دەرچووى بەشى راگەیاندنى پەیمانگاى تەكنیكى سلێمانییە، بەفەرمانى تایبەتى ئێوە لەبەرئەوەى سێیەمى بەشەكەى خۆى بووە راستەوخۆ دامەزرێنراوەو ئەمە بۆ ئێمە ناكرێ؟!! لەجەنابتان ئەپرسین بۆ لەكاتێكدا فەرمانبەر ئەبێ لایەنى كەم ((2)) ساڵ خزمەتى هەبێ ئەو كاتە دەتوانێ ببێتەوە بەخوێندكار و مۆڵەتى دیراسى بدرێتێ، بەڵام قوتابى ناوبراو راستەوخۆش لەبەرئەوەى سێیەمە بەبێ هیچ مۆڵەتێكى دیراسى رێگەى پێدراوە بچێتەوە زانكۆ و بخوێنێ، ئەم زانیاریانەش راستودروستن و لەخودى بەڕێز سەرۆكى دەستەى پەیمانگا تەكنیكییەكانەوە وەرمانگرتووە.
ئێمە تەنها داواى دوو داواكاریمان كردووە كە بریتین لە:
-داواكارین لە بەش و كۆلیژەكانماندا دابمەزرێین.
-داواكارین لەبەش و كۆلیژەكانى خوێندنى باڵا درێژە بەخوێندن بدەین.
تائێستاش هیچ كام لەو داواكاریانە جێبەجێ نەكراون، بەڵام بۆ قوتابى ناوبراو بەهۆى جەنابتەوە هەردوو داواكارییەكەى لەیەككاتدا بۆ جێبەجێ كراوە، ئەم ناهەقییە تاكەى؟ ئەگەر یەكێك لەم دوو داوایانەمان بۆ جێبەجێ نەكرێت، ئەوا ناچار دەبین كە پەنا ببەینەبەر خۆپیشاندان. بەداخەوە رێكخراوەكانى قوتابیان و خوێندكارانیش لەئاست داواكەماندا بێدەنگن.
*كۆمەڵێك خوێندكار كە سێیەمى بەش و كۆلیژەكانى خۆیان بوون


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە