لە کۆتایی 2014، بۆ کوردستانپۆست

Sunday, 28/12/2014, 12:00

2826 بینراوە


ئازار، دەردەکان و ناڵەی دەروون کاتێک لە ناخی مرۆفدا پەنگ دەخواتەوە، دەگاتە ئاستێک وێڵ دەبێت، لە چاوێکی پڕ سۆزی تیژ دەگەرێت بۆ ئەوەی لە چاوەکانی رابمێنێت و بە هێمنی و بە بێ گفتوگۆ هەموو ئازارەکانی تیادا بخوێنێتەوە، بۆ دەروازەیەکی دڵسۆز دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە سێبەریدا پشووی پێبدات، هەناسەیەکی ئارامی تیادا هەڵبکێشێت و هەرچی لە هەگبەی غەمەکانیدا هەیە هەڵیبڕێژێت.
لە واقیعی ئەوڕۆدا دۆزینەوەی ئارامگایەکی لەو جۆرە ئاسان نییە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگڕی غەمی میللەتەکەیانن و دەیانەوێت قەڵەمەکانیان بپارێزن لە تۆز و خۆڵی دۆڕاندن و تەسلیم بوون بە دونیای بەرژەوەندیی و کڕنۆش بردن.
من بەو مەبەستە دەستم برد بۆ لێدانی دەرگای هەموو ئەو سایتە کوردیانەی کە بەبێ لایەن ناسراون، وەکو هاوڵاتی، ئاوێنە، ئێن ئارتی و شارپرێس، بەڵام دەرگاکانیان نەکردەوە. سایتی ستاندەر، دەنگەکان و پێنوسەکان دەرگاکانیان لەسەر پشت ئاواڵا کرد و بوون بە دەروازەیەکی ئێجگار بە سوود. سایتی سبەی هەتا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوو دەرگاکەی ئاواڵا بوو، بەڵام دوایی دەرگاکەیان زنجیرڕێژ و قفڵبەند کرد.
کوردستانپۆست، یەکەم وێستگە نەبووە رووی تێبەکەم بۆ ئەوەی بتوانم بەشێک لە ئازارو غەمی خۆم و میللەتەکەم بە قەڵەمێکی پڕ لە کەم و کورتی لەسەر لاپەرەکانی تۆماربکەم. بەڵام کوردستانپۆست یەکەم وێستگە بوو، کە باوەشێکی گەرم و سێبەرەکی ئێجگار مەزنی رەخساند بۆ ئەوەی بتوانم بە ئارامی هەناسە بدەم و بەبێ دڵەڕاوکێ بکەومە هۆنینەوەی ئازار و زامی سارێژنەکراوی خۆم و میللەتەکەم، گومان لەوەدا نییە ئەو وێستگەیە لە یەکەم رۆژی دامەزراندیەوە بۆ سەدانی وەکو من هەمان ڕٶڵی هەبووە، بۆیە بەردەوام بوون و بەرەو پێشەوە بردنی کوردستانپۆست ئەرکێکی مەزن و پیرۆزە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە