گەشتێک بەسەر دەریای سپی ناوەڕاستدا

Tuesday, 30/04/2013, 12:00

2727 بینراوە



کاتێک لە ووڵات وشاری فەیلەسوفەکان بووم، کارکردن منی هاڕیبوو، بەڵام هەمیشە بیرم لەسوکرات و ئەرستۆ و ئەفلاتۆن دەکردەوە و لەخۆم دەپرسی ئەرێ بەڕاست ئەمە ئەو شارەیە کە فەلسەفە لە گەڕەکەکانیا لەدایک بوو ؟
هەر بوارم بۆ بڕەخسایە و کارم نەکردایە ئەچوومە ئەکرۆ پۆلیس و لە و پایە زەبەلاحە گەورانەم دەڕوانی کە گەشتیارەکان بەچانتا پشتە گەورەکەیانەوە بەدەوریا دەسوڕانەوەو وێنەیان دەگرت و تابلۆکانیان دەخوێندەوە کە بەچەند زمانێک لەسەری نوسرابوو، منیش سۆکراتم دەدی بەسنگێکی کراوەوە قسەی بۆ گەشتیارەکان دەکرد و دەیووت (جیاوازی من و خەڵکی ئەسینا تەنها ئەوەیە کە، من دەزانم کەهیچ نازانم،بەڵام ئەوان هێندە زانانین کەبزانن کەهیچ نازانن) جاری واهەبوو لەسەر بەردێک ڕوو لەدەریای سپی ناوەڕاست دادەنیشتم و لەو کەشتیە زەبەڵاحانەم دەڕوانی کە بەناو دەریاکەدا دەهاتن و دەچون .
زۆرجاران بەشەو دەچوومە کەڵەماکی* و لەڕۆخی دەریاکە دادەنیشتم و لەکەشتێکانم دەڕوانی کەچراخان بوون لەگونگێکی گەورەو گران دەچون بەسەر دەریاکەوە، گوێم بۆ ئەو شەپۆلانە شل دەکرد کەخۆیان بەتاشيبەردەکاندا دەکێشاو وەک مار ئەیان فیشکان، یان لمی قەراغ دەریاکەیان لەبێژنگ دەدا،ئەولمەی بەدرێژای ڕۆژ لەسنگ و بەرۆک و بنەپێی ژنانی ڕادەمووسی و ماندوو نەدەبوو، گوێچکە ماسێکان سەردەکەوتنە سەر لمەکەو لەگەڵ شەپۆلی دوهەمدا خۆیان لەدەریاکە دەنایەوە .من هەواپاکەکەم هەڵدەمژی و سیەکانم ئاسودە دەکرد و وەنەوزم دەدا، بەڵام دیمەنەکان هێندە جوان بوون هەموویم خستبۆ ژێر چاودێری چاوەکانمەوە و لەخۆم دەپرسی ڕەنگە یەکێک لەفەیلەسوفەکان، لەم جێگەیەی مندا دانیشتبێت و بیری لەخواکان کربێتەوە ؟ کێ ناڵێ ئەویش وەک ئێستای من خۆی نەهاویشتۆتە ناو دەریاکەوە و ووسڵی لە شتەپیسەکان پاک نەکردبێتەوە ؟
ئەو ڕۆژەی خاوەن کارەکە پێی ووتم کە هەفتەیەک پشوو وەر دەگرن و بۆ شاری (غالکیدا) دەچن و کار ناکەن، خواهەڵناگری بەمنیشیان ووت دەتوانی بێت لەگەڵمانداو تۆش لەماوەی ئەو هەفتەیەدا میوانمان بیت و لەشەرابی خۆماڵی ئێمە بنۆشی . من ووتم نا چونکە هاوڕیەکم لە دورگەی کرێتە هەبوو بۆیە بڕیارم دا لەگەڵ ماڵی وەستاکەم نەڕۆم و بۆخۆم گەشتێک بکەم بۆ دورگەی کرێتە و لەوێ لەوجێگەیەی ڕۆمانی زۆربا، براکوژی، مەسیح لەخاچ دەدرێتەوەی، تیالەدایک بووە ببینم گەربۆشم کرا سەرێک لەگۆڕی (نیکۆس کازانتزاکیس) بدەم و بزانم داخۆ ئەم گەشتەم وەک گەشتی ناو ڕۆمانەکانی کازانتزاکیس دەبێت یان ئەو بە خامەکەی ئەو وێنانەی بۆ کێشاوین ؟ چونکە من هیچی وام لە شاری فەیلەسوفەکان نەچنیبۆوە، ئەسینا تەنها خاوەنی ئەکرۆپۆلیس و سیدگمەو ئامۆنیاو چەند کۆڵانێکی چڵکنە، خەڵکەکەی دوای ٢٤٠٠ساڵ زیاتری سوکرات هەمان ئەو ئاستەیان نی یە کە بزانن هیچ نازانن .
بەیانیەکی بۆندار بوو سواری مێتۆکە بووم و شەویش هاوڕێکەم (نەوزاد) م ئاگادار کرد کە دەچمەلای ووتی وەرە بێوەستان. لێرە ژیان سادەترە لە فانیلەیەکی بەرمان، وەرە باغەرقی ناو شەرابت کەم، وەرە لێرە تێر دەبیت لەماسی لە میوەو سەوزەی تەڕو پاراو، وەرە بەقەدەر ماسیەک ڕۆژانە لەئاودا دەمێنینەوە، وەرەو لەسەر لمە داخەکە خۆمان هەڵدەخەین و لەو گەشتیارانە دەڕوانین کە لەووڵاتە ساردەکانەوە هاتوون و بەچنگ هەتاو کۆدەکەنەوە . کاتێک گوێم لەدەنگی هاوڕێکەم بوو ووتم بێگومان دێم،کەلەمێترۆکە دابەزیم و چومە ویسگەی بەندەرەکە چەند کەشتیەکی گەورەم دی، گەورە ی ئەوانە سەرسامیان نەکردم، چونکە بەر لەماوەیەک کەشتیەکی بار هەڵگری شورەویمان پاک کردەوە، هێندە زەبەلاح بوو نەیتوانیبوو بێتە ڕۆخی دەریاکە، لەدورەوە لەنگەری گرتبوو، ئەو کەشتی نەوتی ڕەش بوو ئێمەش خانەکانی ژێرەوەمان پاک کردەوە بەچەند ڕۆژ و بە بۆری هەوایان بۆ دەکردینە خوارەوە بۆ ژوورە داخراوەکانی قیرەکانمان بەپاچەکۆڵە دەڕنیەوە و لەسەر سکەیەک دامان دەنا، بەبەلەمێکی بچکۆلە گەیشتینەلای و دوای وەک زیندانیەک جێیان هێشتین لەناوەڕاستی دەریادا ماینەوە تا کەشتێکەی شورەویمان پاککردەوە، من خۆمم لێببوە (ستیف ماکوین)** سەرەتا زۆر دڵم خۆش بوو بەئەستێرەو چەکوش و داسەسورەکەی کە لەهەموو لەشی کەشتێکەدرابوو، دوای کە هەر دەپەنجەکەم خوێنی لێ دەتکا و ماندووبوون بریسکی لەبەر بڕیبووم، هەزان جوێنم بە لێنین و مارکس دا بۆ خۆیان و ئایدایایان .
بلیتێکم کڕی و گەشتەکەم ڕێخست، بەڵام چەند کاتژمێرێکی مابوو تا گەشتەکەمان دەست پێبکات، لەناو ویزگەکەدا تۆزێ سوڕامەوە قاوەیەکم خواردەوەو بابۆڵەیەکم کڕی و چومە دەرەوەی ویسگەکە، پیاسەم دەکرد کڵێسەیەکی کۆنم دی و وەک پیشەی هەموو جارێکم حەزم کرد بەو دراخما ووردانەی پێم بوو چەند مۆمێک داگیرسێنم و هێمنی ناو کەنیسەکە مێشکم ئارام بکەمەوە و کرا چاوێک بنوقێنم و تۆزێک بیر لەگەشتە ١٣کاتژمێرێکەم بکەمەوە کە چۆنی بگوزەرێنم و هەوڵ بدەم ئەم گەشتەم وا بەراوورد بکەم لەگەڵ کارئەکتەری ناو ڕۆمانەکەی زۆربادا بیگونجێنم .
کەچومە ناو کڵێسەکەوە، لەسوچی کڵێسەکەدا ژنێکم دی لەبەرامبەر کۆتەڵی حەزرەتی مرێمدا چۆکی داداوە و خەریکی نوێژو پاڕانەوەیە و ئاگای لەخۆی و دەورو بەری نەمابوو، بەڕاستی لام سەیر بوو زۆر، من هاتم تا ئاگر لەچەند مۆمێک بەردەم و دانیشم کەچی پێش من ئەم خانمە لێرەیە، هەر چۆنێ بێت بەئەسپای وەژوور کەوتم .
وابزانم چوار مۆمم داگیرساندو لە ناو سینی یە لمەکەم نا، بێدەنگ لەپشتەوە لەسەر کورسیە تەختە درێژەکە دانیشتم و سەرم لەکۆشم نا، نازانم بۆچی دەمویست لەپرمەی پێکەنین بدەم، ئەم ووت ڕەنگە ئێستا ناسیاوێک بم بینێ و بڵێ بۆتە فەلاو وازی لەئیسلام هێناوە، جاوەرە کڵێسەو مزگەوت و مەعبەد هەموو ئەگەر چی جیگەیەکە بۆ ئارام گرتن بۆ میتیداشۆن و بیرکردنەوە، ئەمانە هەمووی ماڵی خوان و خواش هەموو شتێکی بۆ ئێمەی مرۆڤ دەوێ خوای هەموو دینەکانە.
لەدەریای یادکردنەوەو بیرکردنەوەدا خەریکی مەلەکردن بووم و دەم ووت یۆنان، ئەوەمنم لای تۆ میوانم ؟ لەپڕێکدا چەند کەسێکی تر هاتنە ناو کڵێسەکەوە، ئێرەش بوو بە مەیدانە قەرەباڵغەکەی دەرەوە، جێگەیەک نەما بۆ نزاو پاڕانەوەی ئەو ژنە چاو پڕ فرمێسکە، خاچێکی کێشاو پشتاو پشت ڕۆشتە دەرەوە، ناو کڵێسەکە پڕبوو لەدەنگ منیش هاتمە دەرەوەو بەرەو بەندەرەکە ملی ڕێگەم گرت . لەکەشتی یە زەبەلاحە تازەکە نزیک بوومەوە، لە قەراغی بەندەرەکە سەدان گەشتیارت دەدی چاوەڕوانی کاتی گەشتەکەیان بوون، کۆڵەکانی پشتیان بەقەدەر خۆیان دەبوو، دەتریقانەوە هەندێکیان پاسکیل و تەختەی تایەدار و ڕیشەی تێنس و تۆپ و کتێب و بابۆڵەی گەورەی خواردنیان پێبوو، جاچیان پێ نەبوو؟ یەکی ماڵۆچکەیەکی دابوو بەکۆڵیدا .
هەرچۆنێ بوو کاتی چونە ناو کەشتێکە و گەشتەکەمان هات و خەڵکەکە بەلێشاو بەوەو ڕووی کەشتێکە چوون، منیش لۆش لۆش چووم و سواری پشتی گوندە نوێیەکە بووم، بیرم دەکردەوە دەبێت لەجێگەیەک بوەستم کە ببینم چۆن شاری ئەسینا جێ دەهێڵین، سەدان نەورەس بە دەوری کەشتێکەدا دەسوڕانەوە و قاوقیژیان بوو، چەند ئۆتۆمۆبیل و ماتۆڕ سواریش لەگەڵماندا سوار بوون، گوریسەگەورەو گرانەکانیان کردەوە دەرگا ئاسنە گەورەکە هەڵدرایەوە بەئاماژەی داخستن، بەڕاستی هەر لەدیمانی کەوتنە ڕێی کەشتێکەی تایتانیک دەچوو، دوکەڵێکی سپی گەورە و دوو قیژەی بەچەشنی هۆڕن لێیدا و کەشتێکە کەوتە جوڵە، من زۆرجوان لە دیمەنەکەم دەڕوانی سەدان کەس دەستیان هەڵدەبڕی بەنیشانەی ماڵ ئاوای کردن ڕەنگە هەزاران وێنە گیرابێت، شەپۆلەکان توڕەتر خۆیان بەدیوارە کۆنکرێتەکەدا دەکێشا، لەڕۆخی دەریاکەش چەندین بوتڵی کۆکا کۆلاو تەپەتۆرت دەدی، لەدوورو نزیکیش بەلەمی بچکۆلەی ماسی گرەکانت بەر چاو دەکەوت، ماسی گرەکانیشت دەدی چۆن هەتاوەکە داخی کردوون کەشتێکە ملی ڕێگەی گرت و لە بەندەرەکە دورکەوتەوە، من لەخۆمە وە دەمووت ئەم هەموو کەسە ئێستا ڕۆحیان خستۆتە سەر لەپی دەستیان . نازانم بۆ هەمیشە بیر لەوەدەکەمەوە هەموو جوڵەیەك ڕۆحکێشان لەتەنیشمانەوەیە ؟
تاکەشتێکە زیاتر ڕووی لەقوڵای دەریاکە دەنا زیاتر شار بەفراوانتر خۆی دەنوان لەکوێوە سەیرت بکردایە ئەکرۆ پۆلیست دەدی من هەر بیرم لای فەیلەسوفەکان بوو . شار لەگەڵ ڕۆشتنی کەشتێکەو دورکەوتنەوەی زیاتردا بچوکترو بچوکتر دەبوو، تالەپڕێکدا شار لەچاو وونبوو، ئیتر بەسەر دەریاکەوە کەشتێکەمان سوڵتانێکی شێت بوو لەپشتەوەی وەک فێ لێهاتوویەک کەفی سپی هەڵدەداو دەریاکەی دەبڕی نەورەسەکانیش دیار نەمان، ئەوە نیشانەی ئەوەبوو ئیتر ئێمە لەناو قوڵای دەریاداین . گەشتیارەکان لەناو کەشتێکەدا دەهاتن و دەچوون دەیان خواردەوە لە حەوزی ئاوەکەدا مەلایان دەکرد، لەکافێتریاو ڕستۆرانەکان خۆراک و خواردنەوەیان دەنۆشی، هەندێک خەریکی قومارکردن و کچ و کوڕەگەنجەکانیش یەکتریان لەئامێز دەگرت، خەڵکانیش هەبوون لەبەر خۆرەکەدا خۆیان هەڵخستبوو یان کتێبیان دەخوێنەوەو گوێداری مۆسیقابوون. کاتبەسەر بردن لەناو سەفەری وا درێژدا هونەرە، کات زۆر بەخاوی دەڕوات هەمووشتێک دەبێتە دووبارە لەو ماوە کەمەدا سەرنشینەکان چەند جار دەبینی و دەتبینن، زۆرجاران دەڵێ ئا ئەمەم دیوە، لەکوێ ؟ کتێب باشترین هاوڕێی ئەم گەشتانەیە، نازانم چەندی پێچوو تا ئەستێرەی کاروان کوژەو حەوتەوانە دەر کەوت، مانگەشەو نەبوو بەڵام ملیۆنان ئەستێرە بەئاسمانەوەبوو، نازانم لەکوێدا خوێنبوومەوە کە چەند زیخ هەیە لەسەر گۆی زەوی ئەوەندە ئەستێرەش هەیە، ئەو شەوە باوەڕم بەو قسەیەکرد. هەواکە هێندە پاک بوو دڵت نەدەهات هەواڵمژی، نازانم ئەو شەوەم چۆن لێ گوزەرا بەڵام سیەکانم پڕبوون لەهەوای پاکی دەریاو چاوەکانم تێربوون لەئەستێرەی گەش و خۆشم تا ڕادەی مەستی سەرسام بووم ئیتر خەو چوە چاوم و لەبن پێپلیکانەیەکدا ڕاکشام نازانم چەندە خەوتم ؟ بەڵام سبەنێیەکی ڕوون بوو بەرەو شاری (هێراکیلۆن) کەشتێکەمان ملی دەنا ئەوبەندەرەی بەڕاستی چاوەڕی کەشتێکەی ئێمەی دەکرد، هەتاوی ئەم سپێدەیە زۆر گەرم بوو، هەتاو هەموو شتێکی داخ دەکرد، کەشتێکەمان گەیشتە بەندەرەکەو لەنگەری گرت، بیرم نەبوو شەو لەیەک دوو دورگەی تریش لایداو گەشتیاری سوارکردوو کەسانێش هەبوون کە کەشتێکەیان جێهێشتین .
هاوڕێکەم نەوزاد چاوەڕوانی دەکردم، ئەو هێشتا خوماربوو یەکترمان لەئامێز گرت، ووتی وەرە سواری پشتی ئەم ماتۆڕە بە من لەدەرەوەی شار دەژیم لە گوندێکدام و لەگەڵ جوتیارێکدا کە تەماتەو خەیاروسەوزەوات دەچێنێت کاردەکەم، ووتم برالە تۆ چۆن دەتوامنی ماتۆڕ بهاژووی کە هێشتاکە سەرخۆشی ؟ ئەی پۆلیس ناتگرێت ؟ ووتی ترست نەبێت لێرە دەبێت بەردەوام ئەلکهول لەلەشتا بێت،ئەگینا زۆر شت لەدەست دەدەیت . ناچار سواربووم و دوای چەند دەقیقەیەک گەیشتینە ماڵی ئەو جوتیارەی کەهاوڕێکەم کاری دەکرد لەگەڵیاندا، هاوڕێکەم ژوورێکی جوانیان دابوویەو زمانی یۆنانی لەمن باشتر دەزانی .
چیرۆکی دۆزینەوەی کاری هاوڕێکەم لێرە، چیرۆکێکە لەدەمی خۆیەوە ببیسرێت خۆشترە .
خاوەن ماڵ (فاگەلی) ناوبوو پیاوێکی باش بوو، باوکی فاگەلی پیاوێکی پیری ڕووخۆش بوو ئەسکەندەریە چووبوو، ئەو گەشتی زۆری کردبوو، تەنانەت چوبووە بەسرەش . ژیان چەند سەیرە ئێمەی مرۆڤ تا ماڵئاوای دەکەین لەژیان چیرۆک دەچنینەوە . باوکی فاگەلی چەند ووشەیەکی عەرەبی دەزانی و وەک سوپاس و فەرموو بەئێمەی دەفرۆشتەوەو وەک پاڵەوانێکی دنیا دیدە خۆی نمایش دەکرد، بەڵام سەغاوەت داگیری کردبوو، فاگەلیش کوڕووکچێکی هەبوو ژنەکەشی ئەوت حەمەقڕیلە، ئەو یەک دووڕۆژەی من لایان بووم هەر شەرابی دەخواردەوە و لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەوت، گۆرانیەک کەئەوسا لەیۆنان زۆرباوبوو (شەمە ئەتوانی بێیت؟ ئەگەر نا یەکشەمەوەرە ؟ دووشەم دەتوانی ؟بەڵام من ناتوانم لێرەبم خۆشەویستەکەم) ئەو گۆرانی یە لەهەموو جێیەک دەبیسرا و دەوترایەوە بەڕاستی لای منیش خۆش بوو . ئەوەی لام زۆر سەیربوو فاگەلی لەقەراغی دەریا لەدایک ببوو سەربازیشی کردبوو کەچی مەلەی نەدەزانی، ئەو هەر دەیزانی نان لەڕۆنی زەیت وەرداو بیجوێت و فراپێی*** بکات بەسەردا . کاتێک زانیم من لە گۆڕی کانزانتزاکیس وە نزیکم کێچ کەوتە کەوڵم و کەڵکەڵەی سەردانی کەوتە مێشکەمەوە بۆڕۆژی دوای بە ماتۆڕ لەگەڵ کوڕی خاوەن خوێکەم چوینە زیارەتی (نیکۆس کانزانتزاکیس) .





گۆڕێکی سادە لەباخچەیەکی سەوزا، من ئێستاکانی لە سەر گۆڕی نوسەرێکم کە بەقەدەر باوکمم خۆش دەوێت، حەزم دەکرد یۆنانی بزانم و بخوێنمەوە بۆئەوەی هەرچی نوسراو هەیە لەم دەورووبەرە بیخوێنمەوە، ئەوە خۆشترین ڕۆژوو گەشتی من بوو . گەرچی مۆزەخانەی کازانتزاکیس لە (هێراکیلۆن) بوو بەڵام ئەو ڕۆژە داخرابوو خەریکی نوێژەن کردنەوەی بوون، بۆیە ئەو شانسەم نەبوو کە ئەوێش ببینم و بەناو دەستنوس و وێنەکانیدا گەشتێ بکەم .
چوومەوە لای هاوڕێکەم و ماڵی خانە خوێکەمان کەزانیان من زۆربا دەناسم و ڕۆمانەکەم خوێندۆتەوەو فلیمەکەشم دیوە، شەو چوینە کاباڕێک لەوێ سەمای زۆربای تیانمایش دەکرا، ئەوشەوە چەندین دەفری فەخفوریان شکاندو بەدەوریا سەمایان دەکرد و بۆ من بوە یادگاریەکی خۆش، لێتان ناشارمەوە منیش سەمای زۆربایانەم کردوو دەیان جار ووتم هۆپا، دوای دووڕۆژ گەڕامەوە بەسەر دەریادا بۆ ئەسینا، ئەم جارە شەو گەیشتمە ئەسیناو لە ناو چراخانی ئەوشارەدا چاوەکانم زاخاودا . گەشت بەسەر دەریادا پڕێتی لە جوانی، لە گەشتەکەمدا هەستم دەکرد شەیدایم بۆ یۆنان زیاتر دەبێت . وەک دەڵێن شار هەیە قەدەری خۆی دیاری دەکات، ئەسیناش بۆ من لەو کاتەدا وابوو، ئەووت خەڵکی ئەوێم هەمیشە هامشۆی ناو گەڕەکەکانیم دەکرد، ترسم لەشتێکی نەزانراو نەبوو، هەریەکەمان قەدەری خۆمان دیاری کردبوو، ئەو وەک شار و منیش وەک میوانێک کە خاوەنی ئەزموونێکم ئەگەرچی کەمیش بێت لەسەر دەریا، شار چەند جوانە لەسەر دەریا.

* کەڵەماکی : گەڕەکێک بوو لەسەر دەریا لەئەسینا، منیش لەوێ دەژیام
**ستیف ماکوین: ئەکتەری سینەمای لەفلیمی پەپولەدا
*** فراپێ : قاوەیەکی ساردە یۆنانێکان بەردەوام دەیخۆنەوە، شەکرو بەفری تێدەکەن
ڕزگار ڕانگور



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە