رێزلێنانەکەی" بێشکچی" لە بەرلین

Saturday, 11/10/2014, 12:00

2833 بینراوە


بیرۆکەی رێزلێنان لە کەسایەتیی پایەبەرز و زانستکار و کورددۆست ،زانای ناودار"ئیسمائیل بێشکچی"وەک هەنگاوێکی باش و ئەمەکداریی، بەرامبەر بە پاداشتدانەوەی دۆستتان،بەرهەمی چالاکی" وەقفی بێشکچی" یە،کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی رۆشنبیر و وکوردپەروەرەوە، ساڵانێکە دامەزراوە.
ئێوارەی رۆژی ٣/١٠/٢٠١٤،هاوشان لەگەڵ جەژنی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیادا،لە شاری بەرلین،بە ئامادەبوونی نێزیکی ٢٠٠ کەسایەتی رۆشنبیریی و ئەکادیمیستی کورد و هەندەک ئەڵمان، ئێوارەیەکی خنجیلانەی رێزلێنان ،بۆ د. بێشکچی بەڕێوەچووە.
من لەرێگەی برادەرێکی کوردیی باکوورەوە،درەنگانێ هەواڵ و شوێنەکەم پێ راگەیەندرا.هەر زوو لەتەک برام بەکر عەلی دا چووین بۆ شوێنەکە و وەژوورکەوتین. بەدەم سڵاو و ئێوارەباشەوە لە ئازیزان، پێیان گووتین، مامۆستا جەمال و د. هەنەلۆرەش لێرەن و، وان لەتەک بێشکچیدا دانیشتوون. بۆ سڵاوکردن بەرەو لای مێزەکەی مامۆستا گەورە جەمال نەبەز چووین. خواوراستان دوو جێگەی واڵای بۆ ئێمە تێدابوو. شوێنەکەی من رێک بەرامبەر بە مامۆستا نەبەز و هەنەلۆرە و بێشکچی بوو. هەر زوو چوومە خزمەت بێشکچییەوە و بەگەرمی بەخێرهاتنم کرد و هەستی شانازیکردنم بەو پێکگەیستنە بۆ دەربڕی. پێش گەشتنی ئێمەش د. هەنەلۆرە،کە ساڵانێکی زۆرە بە دۆستێکی زۆر نێزیک و دڵسۆزیی کورد هەژمارد دەکرێ،کتێبەکەی خۆی"کوردستان وڵاتێکی بەبارمتەگیراو"ی بە دیاری بۆ بێشکچی هێنابوو،لەوێ یەکتریان ناسی و بە گەرمی لەگەڵ یەکتر کەوتنە پەیڤ گۆڕینەوە.
د. هەنەلۆرە بەو دیدارە زۆر خۆشحاڵ بوو. گورج ئەو لاپەڕە و وێنانەی کتێبەکەی، نیشانی بێشکچی دەدا،کە دەربارەی نووسیبووی و بڵاوی کردبووەوە. بێشکچیش بە چاوێکی پڕ لە رێز و پێزانینەوە،لە بەرهەمەکەی د.هەنەلۆرەی ڕوانی و بە خۆشییەوە ئەو دیارییە بەنرخەی پەسەند کرد.

دوای سەرنجدانێکی ووردی مشتەرییئاسا لە دیمەنی بێشکچی، ئیدی بەرامبەری بەکاوەخۆ کەوتمە قوڵایی بیرکردنەوەوە. زۆری نەبرد، کۆمەڵێ پرسیار لە مێشکمدا کەوتنە جمە. بەخۆم نەبوو وەخت بوو،بێدەنگی ئێوارەکە بشڵەقێنم و بە دەنگێکی بەرز هاوار بکەم و بڵێـم:
ـ ئا ئەمەیە ئەو پیاوەی، بە زیاتر لە ١٢٠ ساڵ زیندانی، لەسەر نەتەوەی کورد و دۆزە رەواکەی لە لایەن دادگای قەرەقووشی ترکیاوە، سزا دراوە؟!
ـ ئەمە ئەو کەڵەمێردەیە، ١٧ ساڵی رەبەقی لە گرتووخانە تاریک و نووتەکەکانی، دەوڵەتەکەی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و ئەتاتورکدا بەسەربردووە؟! و بە زیاتر لە (دە) ملیار لیرەی ترکی، سزا دراوە.
ـ ئەمە ئەو قارەمانەیە،دوای تەواوکردنی زانستگە،جوانترین رۆژ و ساڵەکانی تەمەنی، لە پشت دەرگا ئاسنیینەکانەوە،لە پێناوی داکۆکی کردن لە کورد گوزەراندووە؟!
ـ ئەمە ئەو نووسەرەیە"کوردستان دوا کۆلۆنی نێودەوڵەتی"نووسیوە؟! و زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی دیکەی دانسقەی، لەسەر نەتەوەکەم، پێشکەش بە کتێبخانەکانی جیهان کردووە؟!
ـ ئەم پیاوە خنجیلانەیە، ئەوەیە خەرمانێ وتار و بابەتی زانستی، لەسەر کورد بەرهەمهێناوە؟!
ـ ئەم مرۆڤە رۆحسووکە،کەوا شەرم و رێزی لێ دەبارێ، ئەوەیە، بە ووشە و هەڵوێست،بەگژ سیاسەتی کەمالیستدا چۆتەوە؟!
ـ ئەم مێرخاسە تاکوتەنیا رەنگ سووروسپییە جوانە،ئەوەیە بڕگە بە بڕگەی، سیاسەتی تواندنەوە و نکۆڵی کوردیی، لە ترکیا لە قاوداوە؟!
ـ ئەمە ئەو جوامێرەیە ،بە رووی دەقە ئەستوورەکانی یاسا و رێسای دەوڵەتی فاشتی ترکیادا هەڵشاخاوە؟!
ـ ئەوە ئەم نووسەرەیە،بە تاقی تەنیا، پەردە لە رووی قێزەونترین ئیدیۆلۆژی، کەمالیستی و سیاسەتی دڕندەیی، گورگەبۆر هەڵدەماڵێت؟!
ـ ئەم مێردمنداڵە دلێرە،ئەوەیە خۆی هێزی پەپوولەیەکی تێدا نییە،لێ خاوەنی قەڵایەک باوەڕ و وورەیە، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ستەمکار؟
ـ ئەمە ئەو خەمخۆرە بە ویژدانەیەی قوربانییەکانی کوردە کە تەنیابۆ سەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشێ؟!
ـ ئەم بەڕێزە،ئەوەیە بێبڕانەوە رەخنە ئاراستەی ئەو حیزب و سەرکردە کوردانە دەکات،کە هزر و کردار و گرفتاریان بۆ سەربەخۆیی نەخستووە و ناخەنە کار؟!
ـ ئەمە ئەو دکتۆر بێشکچیەیە،کە شارەزای دەرد و ئازارەکانی کوردە و ڕەچەتەی یەکگرتن بۆ کورد دەنووسێ و رێگاچارەی دامەزراندنی دەوڵەتی بۆ دیاریدەکات؟!
پاش ئەم تێڕامانە قووڵەم لە ناخی خۆمدا، بە دەنگی ووتاری کردنەوەی ئێوارەکە،لەلایەن بەڕێزان لە فۆنتی بێشکچی،گەڕامەوە نێو کۆڕی ئامادەبووان. وتارەکە بە تێروتەسەلی لە دۆزی کورد و بارودۆخی وڵات و کەسایەتی بێشکچی دوا. پاشان، رێگەدرا بە چەند ئامادەبوویەکی ئێوارەکە،گوتەی خۆیان، لەم بۆنەدا پێشکەش بکەن.
سەرەتا، بانگهێشتی د.پرۆفیسۆر جەمال نەبەز کرا ،وەک زانایەک، قسە لەسەر بێشکچی بکات.مامۆستا نەبەز،بەچەند رستەیەکی کورت،لێ سەنگین و پڕمانا ،باسی لە کەسایەتیی بەرزی بێشکچی کرد.جوانترین پێناسەی ئەم زانایە،لە وتارەکەی نەبەزدا،بریتی بوو لەوەی، بەهای کەسایەتی بێشکچی بەستەوە، بە پاکێتی و بێنیازی و دلسۆزیی خزمەتەکانییەوە. بەواتەیەکی دیکە ، بێشکچی لۆیە گەورە و هێژایە،چونکە، خۆی بۆ ماڵی دنیا نەفرۆشتووە و باوەڕی بەرزی بە دۆزی کورد بۆ بەرژەوەندیی مەتریالیی نییە،بەڵکو پرنسیپێکی مۆڕالییە. زانست و کاری زانستکارانەش،وەک زۆر بواری تری ژیان، لەو شوێنەدا بەهایان دەردەکەویت و نرخییان گران دەبێ،کە ئامانج لێی، خزمەت بە راستی و مرۆڤ بێت. کارە زانستییەکانی بێشکچیش، لەم چوارچێوە و یاسایە بەدەر نین. لە درێژەی گووتەکەیدا، مامۆستا نەبەز،ئاماژەی بەوەش دا،کە بێشکچی هیچ خەڵاتێکی، لە هیچ لایەنێکەوە قبوڵ نەکردووە،لێ کاتێ خەڵاتی ئاپۆ ئوسمان سەبری پێشکەش کرا،بە سنگێکی فراوانەوە، وەری گرت.ئاخر ئاپۆ سەبریش، وەک بێشکچی مرۆڤێکی خۆنەفرۆش بوو..
میوانەکان، بە چەپڵەلێدانێکی گەرم ،پێشوازییان لە گووتەکانی پرۆفیسۆر نەبەز کرد.پاشان چەند کەسایەتییەکی دیکەی دامەزرێنەری فۆنتی بێشکچی و رۆشنبیرانیی ئامادەبوو،لە کوردانی باکوور،سەرو وتە و بەسەرهات و پێوەندیی خۆیان بە بێشکچییەوە هێنایە بەرباس. ناوبەناویش باسی شەنگال و کۆبانی و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، دەهاتە نێوان باسەکانەوە و لەوێوە سڵاویان ئاڕاستە دەکرا.
ئینجا، کورتە فلیمێکی دیکۆمینتاری نیشان درا،لەمەڕ هەڵوێستەکانی بێشکچی لە دادگای سەربازی تورکیادا ،کاتێ بوێرانە بەرگریی لە تێزەکانی خۆی دەکات و بەگژ بڕیارە شۆڤێنی و نامرۆڤانەکانیاندا دەچێتەوە. دوابەدوای ئەمانەش ، رێگەدرا بە هەردوو هونەرمەند،شڤان پەروەر و نیزامەدین ئاریج، وەک دووجووتە نێرەکەو بەرامبەر بەیەک بە ئاواز و سترانی کوردیی کەش و هەوای ئێوارەکەیان بردە قۆناخێکی دیکە،جۆشوخرۆشێکی نوێیان بە ئامادەبووان بەخشی. هەر لەو میانەیەدا،هونەرمەند شڤان پەروەر، سترانی (خەزال)ی،کە بێشکچی زۆر شەیدایەتی،چڕیی ،خۆشی بەخشی بە دڵ و روخساری میوانی یەکەمی ئێوارەکە و هەموو ئامادەبووانی دیکە.
بێشکچیش، بە گووتەیەکی کورت،خۆشحاڵی و سوپاسگوزاری خۆی ئاڕاستەی بەشداربووان و ئامادەکارانی ئێوارەکە کرد.
شایانی ئاماژە پێدانە، بەدەم درێژەی بەرنامەکانەوە،دووبەرهەمی تازە چاپکراوی بێشکچیش ئامادەکرابوو. میوانەکان، بەرهەمەکانیان دەکڕی و، بێشکچیش، وەک پەپوولەیەکی رۆحسووک و کەسایەتییەکی بە ویقار ،تێکەڵ بە خەندەیەکی سەرلێو،یەکە بە یەکە واژۆی خۆی لەسەر دادەنان.
ئیدی، هەر زوو لەو ئەندێشە و رامانە،بەهۆش خۆم هاتمەوە و زیهنم رایکێشامەوە بۆ سەرەتای ئێوارەکە و ئەو چەند قسەیەی،مامۆستا نەبەزکردی، کە بە دەوری راستییەکدا خولی دەخوارد.ئەویش هەرچی ناونیشان و پلە و و پایە و دەسەڵات هەیە،کەسێک هەیبێت،گەر خزمەتی هەق و راستی بە پاکێتی و سەربەرزانە پێ نەکرێت،وا گشت لە گشتییان بە پوولێ.
بەڵێ،کەسێ چەرخی رۆژگار دەرەتانی بۆ بخوڵقێنێ،ماڵی دنیای بە ناڕەوا و دەسەڵاتی بە ناهەق دەست کەوێت،لێ قبوڵی نەکات،ئەوە مەردە و سەرکەشە و بە گەورەییەوە دەچێتە مێژووەوە.بێشکچیش چەقی ئەم هاوکێشەیە لە تەرازووی پرسی کورد دا پێکدێنێ.
بێشکچی، لە توخمی دەستەی ئەو پەنجەژمێرانەیە،کە بە درێژایی کاروانی کارە زانستییەکانی، بەردەوام پشتیوانی لە دۆزی رەوای نەتەوە و نیشتمانی دوا کۆلۆنی نێونەتەوەیی، کورد کردووە و هەرگیز کۆڵێ نەداوە و سەرسەختانە، بە چەکی زانست، داکۆکی لە پێناسە و وڵاتی کورد کردووە.
بریا، هەر کەس باسی کوردستانی کۆلۆنی دەکا،بۆ پڕ ماناکردنی ئەم دید و چەمکە ئاوەڵناوی "بێشکچی ووتەنی" بۆ زیاد دەکرد.
بە هیوام، چەندین دامودەزگا و قوتابخانە و ئینیستیتوت بە ناوی ئەم زانایەوە بکرێتەوە و توێژینەوە لەسەر بەرهەمەکانی بکرێت.
داواکارم، لە هەر گۆشە و پانتاییەکی کوردستاندا،گەر دەرفەت رەخسا،پاداشتی گەورەیی و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەم پیاوە، بدرێتەوە و پەیکەریی زێڕینی بۆ دروست بکرێ.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە