مریشکە بەکڕە و جەنگ و جەهالەت

Sunday, 01/09/2013, 12:00

1464 بینراوە


ساڵی 1963 بوو. دوای کودەتای سوپای دژی حوکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم.
ئەوە بوو، حوکمی سوپاییان فەرزکرد.
لەسلێمانی و زۆربەی شارەکانی کوردستان هاتوو چۆیان قەدەغەکرد، تا هەرکەسێکیان بەدڵ نەبوو، لە ماڵی خۆیدا، بەئارەزوی خۆیان بییانگرن و گولە باران وزیندە بەچاڵیان کەن.
ئەو بە یانییە، سەربازێکی زۆر لە دەرگای حەوشە و سەربانەووە، رژانە ماڵمانەوە. قوژبن نەما لەماڵەکەدا دەجار سەری پێدانەکەنەووە. ئەدگووت سەگی برسین و بۆنی ئێسقانییان کردووە، یان کێچ چۆتە کەوڵییان. تا چوونە ژووری گەنجینەکەی پشتەوەمان. لەوێ مریشکە کونجەیەکمان هەبوو، لەسەر هێلکەکانی لە قوژبنێکی گەنجینەکەدا کڕکەوتبوو. دایکم قوولینەیەکی دار چناری بۆ سازکرد بوو، کە مریشکە کونجە زۆر دڵی پێخۆش بوو، دایکم هاتوو چۆی گەنجینەکەی لێ قەدغە کردبووین. هەموو جار ئەیگووت: توخنی گەنجینە نەکەون بامریشکە کونجە لە هێلکەکانی نەتۆرێت.
مریشکییان بەشەق لەسەر هێلکەکانی هەڵفراند، قوڵینە وسەبەتە وهێلکەیان بە نووکی پۆستال سەرەوژێر کرد، ئیتر لەو رۆژەوە، مریشکە کونجە کڕنەکەوتەووە. کۆمەڵێکیان بەپەلە بەرەو هەیوانی ئەوبەرەوە بەهەڵەداوان رۆشتن، خۆیانکرد بە ژورەکەی دڵشادی برام و مندا، کاتێک بینییان لەسەر چەند رەفەیەک کیتاب و موجەلەدی چیرۆک و نوسراومان هەبوو کە هەمووی کیتابی ئەدەبی کوردی، عەرەبی و جیهانی بوون، ئەگەر بیرم مابێت: شاعیرە کوردەکان، نەجیب المەحفوز، ئەلسکەندەر دوما، جوبران خەلیل جوبران وهەندێ گوار ورۆژنامەی کۆنی کوردی بوون. وەلی کیتابی ئەستور پڕپەرەبوون. سەربازەکان کاتێ کتێبخانە خنجیلەکەی دڵشادی برامیان بینی، دیاربوو ئاواتییان هاتبووەدی. لەشیان سوکتر ببوو، بەقەڵەم باز چونەبەردەم زابتەکەیان، کە لە لەگەڵ بابم بەعەربی ئەدوا. بەهەردوو پێ و بەدەست سەلامیان بۆ سەند، دوو وشەیان بە رێزەووە پێوت. زابتەکە، بەپەلە و بەدوو قەڵەم باز کەوتە نێوان دەرگای ژورەکەمانەووە. سەیرێکی بابمی کردوو، دەستی بۆ کتێبەکان درێژکرد.
ووتی: ئەم کیتابانە کێ دەیان خوێنێتەووە؟. بابم کە بەرەو رووی زابتەکە دەرۆی، بە فەخر و بەفیزەووە گووتی: کورەکەم و دەستی بۆ دڵشادی برام راکێشا. ئاخر بابم لەو کاتەدا، نەیدەزانی جەهالەتی ئەوەندە درندەیە، کە گەنجێکی 16 ساڵ لەسەر خوێندنەوەی ئەدەب ئازار بدرێت. زابتەکە سەرێکی باداو بە تورەیەوە، دەستێکی بۆ دڵشادی برام راکێشا، بە سەربازەکانی گووت: ئەو باڵابەرزەم بۆ بەرن. بوو بەشیوەن، دایکم قژنەما بەسەرێوە هەمووی رنێووە. بە باوکمی ئەگووت، برۆ بە عەرەبی پێیان بڵێ، با ..کورەکەم بەنەووە.... بەخوا نایبینینەووە. باوکم بەدامێووە چووە بەر قاپی وتی بۆ خاتری قورعان کورەکەم مەبەن، هێشتا نە بووە بە 16 ساڵان و قوتابخانەی هەیە. زابتەکە وتی حاجی دەبوو تۆشمان ببردایە، برۆ ژوورەوە. دەرگاکەی بەسەر باوکما بە توندی داخست.
ئیتر ئەورۆژە هەر گوێمان لە تەقەبوو. ماڵمان ئەتگووت خوێنی مردووت بەسەردا رشتووە. تەنیا گوێت لە گریانی بەکوڵی داکم و گارەگاری مریشکە کونجەی هێلانە شێواوت گوێ لێدەبوو، کە تێکەڵ بە تەقە و دەست رێژی ناو شار دەبوون.
بەکورتی، دڵشادی برامیان بە 16 سڵی برد، تا سێمانگ شێن وشەپۆر بوو. پاش سێمانگ پیر و مناڵەکانیان بە نیووە مردووی بەردا ئەوانی تریشیان، لە دەشتی تەیارە خانەکە زیندە بەچاڵ کرد. دڵشادی برامیان، بەمێردەمناڵی برد، چونکە خوێنەوار بوو، هەروەها دەیخوێندەووە. ئاسایشی نەتەوەی کوردستانی لە بەعسێکان دەشێواند. ئەوان پێویستیان بە کەسانی، نەزان، نەفام، گەمژە و خۆفرۆش بوو. پێویستیان بە زانست و ئازادی بیر و باوەر نە بوو. پاش ئەوەی کوردستان و عێراقیان لە عیلم و عیرفان و نەتەوەپەرستەکان پاکردەووە، جەهالەتیان لە دڵ و دەرونی خەڵکیدا چاند وپەرەیانپێدا، بە ئاوی ناکۆکی و جەهالەت ئاویاندا، چەندەها ملوێنیان لەورۆژەوە تا ئەمرۆ دەربەدەر وپارچە پارچەیان کردن، کە تائەمرۆکە بەردەوامە.
ئەورەحمان بەگی بابان دەفەرموێت:
---------------------------------------
دەرسی ئازادی ئەخوێنم ژینی سەربەستیم ئەوێ.
هەرکەسێ مەستی شەرابێکە لە مەیخانەی ژیان.
من لەبارەی عیلم و عیرفان و ئەدەب مەستیم ئەوێ.
تێئەکۆشم ببمە زانای عیلمی تازە و عیلمی کۆن.
چونکە بۆ قەوم و وەتەن من خزمەتی راستیم ئەوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە