رۆڵى هەڵبژاردن لە گۆرینى پێكهاتەى سیاسیدا ؟!

Sunday, 08/09/2013, 12:00

1908 بینراوە


هەڵبژاردن تاكە رێگاى وەرگرتن ودەستاودەسكردنى دەسەڵاتە لەو دەوڵەتانەى بەكردار دیمكراسین نەوەك بەگوفتار، واتە هەڵبژاردن ودیموكراسیەت تەواوكەرى یەكترن ودوورووى یەك دراون، نەدیموكراسیەت بەبێ پەیرەوكردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى شەفاف و بێ خەوش سەقامگیر دەبێت، وەنە هەڵبژاردنیش بەبێ پەیرەوكردنى بنەما سەرەكییەكانى دیموكراسى مانایەكى دەبێت. ئەوەى روون وئاشكرایە لاى هەموان جیهانى عەرەبی و رۆژهەڵاتى ناوەراست بەدەر لە ئیسرائیل، هەرچەندە بەدروشمى فابریقە لافی دیموكراسیەت لێدەدەن و هەڵبژاردنى رواڵەتیش ئەنجام دەدەن، بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع دوورن لە بنەما دیموكراسیەكان و هەڵبژاردنیسش تیایاندا بەهیچ شێوەیەك گوزارشت نیە لە ئیرادەو ویستى خەڵك، بۆ سەلماندنى ئەو راستیەش نمونە زۆرە، بەڵام هەر تەنها ئاماژە بە راپەرینەكانى بەهارى عەرەبی دەكەین وەك دیارترین و نزیكترین نمونە كە چۆن حوكمى بەناو دیموكراتى و سەراپاى پرۆسە هەڵبژاردنەكانى ئەو وڵاتانەى ریسواكرد و بەدرۆى خستنەوە.
ئەمرۆ هەڵبژاردن وەك رێگایەكى ئاشتیانەى دەستاودەسكردنى دەسەڵات وهۆكارێك بۆ سەقامگیرى سستەمى سیاسى دەوڵەتان بۆتە جێگەى بایەخى مەڵبەندى مافى مرۆڤى نەتەوە یەكگرتوەكان ، كە چەند پێوەرو بنەمایەكى بنەرەتى دارشتووە بۆ هەڵبژاردن لە پێناو سەلامەتى و نەزاهەتى پرۆسەكە ، لەوانە فەراهەمكردنى كەش و فەزایەكى ئارام وئازاد بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردن لەسایەیدا دوور لە ترس و تۆقاندنى دەنگدەران وكاندیدان، ئەویش لەرێگاى دەستەبەركردنى كەشى ئازاد و یەكسان بۆ بیرورادەربرین و راگەیاندن و ئەنجامدانى كۆرو كۆبونەوەى گشتی و پێكهێنانى كۆمەڵەو رێكخراوى سیاسى وچوونە نێویانەوە، لەگەڵ بوونى دەسەڵاتێكى دادوەرى سەربەخۆ. دواى ئەمانەش كۆمەڵێ رێو شوێن پێویستە بگیرێتە بەر لەلایەن دەسەڵاتى گشتى دەوڵەتەوە بۆ دەستەبەركردنى هەڵبژاردنێكى ئازادانەو بێ گەرد، وەك بوونى ئیدارەیەكى سەربەخۆو بێلایەنى هەڵبژاردن بەكردەوە، دیاریكردنى بازنەكانى هەڵبژاردن لەسەر بنەماى یەكسانى بۆ دەنگدەران، سەلامەتى تۆمارى لستى ناوى دەنگدەران ، ئازادى كەس و لایەنەكان لە خۆ كاندیدكردن، ئیدارەكردنى هەموو قۆناغەكانى هەڵبژاردن بە شەفافى و بێلایەنى هەر لە دەسپێكردنى پرۆسەى دەنگدانەوە تا ئاشكراكردنى دەرەنجامەكان، بەشێوەیەك كە بەدواداچوونى جدى بۆ سكاڵاو تانەكان و راپۆرتەكان بكرێت و سەرپێچیەكان دیاریبكرێن وسزایان بەسەردا بسەپێنرێ، هەموو ئەمانە بەپێى یاساو بە رێزگرتنى مافە بنەرەتیەكانى مرۆڤ و لەژێر سایەى چاودێریەكى كارا بۆ پرۆسەكە ئەنجامبدرێن.
هەر یەك لەو پێوەرو بنەمایانەى كە ئێمە بەكورتى ئاماژەمان پێدا بۆخۆى بابەتی توێژینەوەیەكى زانستى هەڵدەگرێت ، وە هەموو ئەو پێوەرو بنەمایانە لاى وڵاتانى وەك ئێمە تەنها بەرووكەش بوونیان هەیەو رێزیان لێدەگیرێت، ئەگینا لەسەر ئەرزى واقیع، ئەو پێوەرانە بەردەوام پێشێلكراون و دەكرێن، بەتایبەتى لەلایەن ئەو حیزب و لایەنانەى كەحوكمرانن. بۆیە مومكین نیە هیچ هەڵبژاردنێك لەو وڵاتانەدا رەنگانەوەى راستەقینەى ئیرادەى خەڵك بێت، كەواتە خەڵك سەرچاوەى دەسەڵات نیەو ئەو قسەیە تەنها دروشمێكى مردارەوەبووى بێكردارى ناو دەستورو یاساكانە، چونكە ئیرادەى خەڵكى ئەو وڵاتانە تێشكاو پێشێلكراوە، لێرەوە دەكرێت بڵیێین پرۆسەى هەڵبژاردن لەهەموو ئەو وڵاتانەى هاوشێوەى ئێمەن رێگایەك نیە بۆ ئاڵوگۆرى ئاشتیانەى دەسەلات ، بەڵكو تەنها پەردەیەكە لەپەنایدا شەرعیەتى دەسەڵاتى حوكمران دووبارە و چەندبارە دەكرێتەوە !!! چونكە وەك وتمان تا ئێستا هەڵبژاردن، لاى ئێمە و وڵاتانى هاوشێوەى ئێمە، ئەو پرۆسە دیموكراسیە نیە بتوانى لە سایەیدا نەخشەى سیاسی بگۆرێ وەك چۆن لە وڵاتانى بەكردەوە دیموكراسى ئەو رۆڵە گرنگە دەبینێ ، ئەوە لەلایەك وە لەلایەكى تریشەوە ئەگەر هاتوو توانى گۆرانكاریەكى لاوەكى بەسەر ئەو نەخشەیەدا بێنێت، ئەوسا هەزمكردن وقبولكردنى ئەو گۆران و دەرەنجامە مومكین نیە بەزمانى دیموكراسى تێپەربێت !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە