شەوی چلە لە گەڵ محەممەد سەدیق کەبوودوەند

Tuesday, 21/12/2010, 12:00

1811 بینراوە


ساڵانێکی دوور و درێژە، شەوی یەلدا بە نووسین ڕۆژ دەکەمەوە،هەر ساڵێک کەسێک دەبێتە مۆمی شەوەکەم، ئەم ساڵ ئەو ڕووناکی هێناوە.
زۆرجار دەچم لە ژوورێک بە تەنیا دەرگا لە سەر خۆم دادەخەم، چاوەکانم لێک دەنێم بۆ ئەوەی بتوانم هەستی ئەو لە ژوورێکی تاریک و تەسک و تەنگدا هەست پێبکەم، هەرچەند هەمووی خەیاڵە و خەریکی خۆ فریودان و شانۆگێڕێم، زۆر زوو ماندوو و وەڕز و بێ تاقەت دەبم، چاوەکانم هەڵدێنم، مات و دەبەنگ بیر لە ژیان دەکەمەوە!

بۆ دەبێ وابێ؟ بەو شەوە درێژە ئەو پرسیارە بەرمە لای کێ؟ لای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە خۆی فەرمانی شەڕ دەدات! بیبەمە بەر دەم دادگای "نورنبێرگ و لاهە" کە خۆیان بە بەرپرسی ئەو کارە نازانن، گەر زیندووان وڵامی ئەو پرسیارەیان پێ نەبێ، بیبەمە لای کێ؟ مەسیح، کە نەیتوانی قاتڵەکانی خۆی ڕازی بکات! بچمە لای موسی کە ڕیشی فرعەونی سووتاند و بە دەستی خۆی ژنانی بەردەباران دەکرد، بچمە لای بازرگانەکەی عەڕەبستان کەخەندەق خەندەق شەڕی دەکرد.
پرسیارەکەم بە سەر دەستەوە ماوەتەوە! ئەو"بە ڕۆژی ڕووناک چرا بە دەستەوە لە ئینسان دەگەڕێ" لە ناکاو هاوار دەکات"دیتمەوە دیتمەوە". ماف و ئینسان و کورد لە یەک گرێ دەدا، نە ڕیشی فەرعەون دە سووتنێ، نە بەرد لە ژنان دەگرێ، نە خەندەق بۆ خەندەق شەڕ دەکات.
ئەو دەنگی هەڵبڕی و بەردی گەورەتر لە قەڵافەتی پاڵەوانەکانی هاویشتە ناو گۆمی بە سەرباز پەرژین کراو، "مەوج بە دوای مەوج" دا هات، کەس باوەڕی نەکرد و کەسانێک زاریان داچەقاند و گوتیان: "ئەوەش لە خۆیانە، دەنا چۆن دەتوانێ لە عەرزی خوا هاوار بکات و بڵێ بەشەر هەیە و ماف پێشێل دەکرێ؟!"
خۆیی خۆنەویست، دەنگۆیان جاڕ دا و ئێمە مانانیش هەرچەند وەک "زەردەشت بەردەبارانمان" نەکرد، بەڵام لێی دڕدۆنگ بووین و پێمان وابوو ئەویش پاش گەیشتییە ئێرە و ئەوێ،"شتر دیدی ندیدی"، پەروەندەی مافی مرۆڤ گاڵە دەدا و تەواو.

من و هەموو ئەوانی دی مارگەزتو، هەڵەمان کردو و ئەگەر شەرمساری مانای هەبێ، ئەوە شەرمساری ڕووی گەش و مرۆڤانەی ئەوین. ئەو "لاشەڕە" و گرفتاری دەستی "بەدفەڕە"، لە لەش و "جان و جیهانی" ئەودا هیوای ئازادی و سەرفەرازی ئینسان دەگەڕێ، مێشکی سارد و دڵی گەرمی پڕ لە ویستی ئازادییە.

شەوی چلە

http://www.gopetition.com/petition/41511.html





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە