ئەو ووڵاتەی کە یاسا تێیدا لەسەر ڕەفەیە..!!!

Friday, 19/11/2010, 12:00

1688 بینراوە


کاریگەرییەکانی ئیستیعماری عەرەبی لە سەر کورد ، هەمە لایەنەن ، بۆیە ئەبێت کۆمەڵێک لە پسپۆڕی دەرووناسی کۆمەڵایەتی ،ئەم نەخۆشیانە دەروونیانە پۆلێن بکات و خەسڵەتەکانی بە پێناسەیەکی زانستی ڕوونبکاتەوە ، تا بتوانین لە ڕووی ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانە دەرمانی گونجاو بدۆزینەوە ، من هیچ بە دووری نازانم ،یەک تاکی کوردی لێدەرچێت (لە هەڵگری ئەم میکرۆبە کوشندەیە).
سستێمی حیزبی لە کوردوستان و دەسەڵاتی بیرکردنەوەش تووشی ئەم میکرۆبە بووە بۆیە دەبینین لاسایی کردنەوە
جۆرێکە لەم دەردە یان هەڵگرتنی ڕەوشتە سیاسییەکانی (بێگومان ڕەوشتی سیاسی پۆزەتیڤ لای عەرەب بوونی نییە). سەدام حسەین لە زەمانی خۆیدا زوو زوو پەنای دەبردە بەر یاسای لێبووردن (بۆ کورد ئەم یاسای لێبووردنانە هەمیشە سیاسی بوون واتە بۆ کەسانێک دەردەچوو کە دەستیان خوێناوی نە بووە) ، بەڵام ئەم ٢٠٧ تاوانبارەی (لەگەڵ قاسمە کوێری کۆیە ، کە بەبێ تاوان حسابی بۆ کرا) پێش جەژن ئازادکران ٤١ تاوانباریان ، فەرماندرابوون بە تاوانی قورس ئەوانیتر هیچیان فەرمان نەدراون بە تاوانی (کەتن، خەتاباری ، سووکە تاوان ، یانی تێوەگلان لە تاوان) . بەڵکوو هەر هەموویان تاوانبار بوون بە پلەکانی (یەک ، دوو و سێ) واتە ئەوانەی لە کەسێک زیاتریان کووشتووە وە هەندێکیان وەک (سالە موزەلی) تاوانەکانی کردوویەتی بەرامبەر ژنان ، دەچێتە پلەی تێرۆری کەسێتی . وە فەرماندرابوون بە بەندی (لە سێدارەدان) دوای هەر ژێر بە ژێر کردویانە بە بەندی هەتاهەتای ، وە زۆری تریان ٢لەسەر ٣ی ماوەکانیان بەسەر نە بردبووە لە گرتووخانەدا .
ئەمەش دەقی قسەکانی : (د.فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند:
ئه‌و حوكمدراوانه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نواندنی ره‌وشتیكی به‌رز له‌ بنكه‌كانی چاكسازیدا به‌ر لێبوردنی تایبه‌تی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتوون و دۆسیه‌ی ئه‌و حوكمدراوانه‌ش له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی یاساییه‌وه‌ كاری پێویستی بۆ كراوه‌). حەز ئەکەم بە کاک فوئاد حوسێن بڵێم لەو ووڵاتەی لێی بوو (هۆڵندا) ، بۆ یەکجاریش بەم هەڕەمەکییە کەس ئازادکراوە ، کەی لە جێبەجێکردنی یاسادا خزمایەتی و تەشەبووز و سوۆزی تیرە و حیزبایەتی بوونی هەبووە. کاک فواد بەرژەوەندی گشتی قبووڵی ئەم جۆرە فەرمانە تاکە کەسییە جەڵەبیانە ناکات ، بەڵکوو لە هەوەڵ پلەیدا دژی بەرژەوەندی گشتیە چونکە بەم کارەتان گوورگێکی هار بەڕەڵای ڕانە مەڕ دەکەن ، ئەم جۆرە کەسانە نەخۆشن نەک هەر دەروونی بەڵکوو لە هەموو ڕووە مرۆییەکانەوە. ئێوە گەر ئاسایشی نەتەوەیی لاتان مەبەستە ، ئەم جۆرە کەسانە ئەبێت تا مردن بشاردرێتەوە لە شوێنی تایبەتی خۆیدا کە بۆ ئەم جۆرە تاوانکارانە سازکراوە. تاوانبارەکان وەک (سالە) تاوانەکانی بە پلانداڕشتن و بە تەوای ئەقڵی ئەنجامداوە ، وە شێوەیەکی سستێماتیکی بۆ داڕشتووە ،جگە لەوەی دووجار تاوانبار بووە (جگە لەو تاوانانەی کە دادگا نەیگرتووە لە سەری و فەرمانی بە سەردا نەداوە). کاک فوئاد پێمان بڵێ کام لیژنه‌یه‌كی یاسایای فەرمانی ئەم تاوانەیدا(ئەمە خۆی لە خۆیدا دووبارە کردنەوەی تاوانە)، چۆن دەبێت ئەم تاوانە لە ڕێگەی دادوەرەوە ئەنجام بدرێت.
لەم بار و کاتەدا کە ئەم تاوانبارانە ، ئازادکراون ، مەسئوولییەتی ئاسایشی ئەو خەڵکە ، دەکەوێتە سەرشانی ئێوە بە تایبەتی سەرۆکی هەرێم و موستەشارەکانی ، چونکە هیچ هیچ گرنتییەکی ئەخلاقی نییە کە ئەم تاوانبارانە
تاوانەکانیان دووبارە و سێبارە نا کەنەوە یان ئەم تاوانبارانە ڕوو بە ڕووی مەرگ نابنەوە لە لایەن کەس و کاری ئەو تاوانلێکراوانەوە. لەم بارەدا دەسەڵات خۆی دەبێت بە هۆکاری شێواندنی هێمنی نێوان کەسانی تاوانبار و تاوانلێکراو.
لە لایەکی تری بەیانەکەی سەرۆکایەتی هەرێم هاتووە :
ئه‌م لێبوردنه‌ تایبه‌ته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌لێكی دی به‌و حوكمدراوانه‌ بدرێ و وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی بگه‌رێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگا.
بەڵی بە فەرمانی کەسێک ٢٠٧ مرۆڤ کوژ و خائین و دز و ....هتد بەڕەڵا دەکرێن ، بۆ ناو کۆمەڵگا :
کەسانێک کە داد وەک(یاسا) سەربەستی لێسەندۆتەوە تۆ بە چ مافێک ئازادیان دەکەی، بە فەرمانی ئەوانەی ئێستا کفنیشیان نەماوە بەکام حیکمەت . مافی تاوانلێکراو یاسای خۆی هەیە و مافی یاسا واتە دەوڵەت قابیلی مەزادکردن نییە ، ئێوە وەک دەسەڵات ئەرکی ئەخلاقیتانە کە مافی خەڵکی بپارێزن لە مافیا و دز و جەردەکان ،وە نەیخەنە بەر ئەجەل و مەزاجی کەسایەتی ، ئێوە گەر ڕێزتان نەبێت بۆ بڕیارەکانی دادوەر ، ئەی کەسێکی بێ ئاگا لە دەوڵەت و بڕیارەکانی ئەبێت چی بڵێت.
لە بەیانی ڕێکخراوی مەدەنی هاتووە ،پێش ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتی هەرێم :
كه‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ تاوانی‌ ژن كوشتن حوكم دراون، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بریار و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ژن كوشتن دراوه‌ به‌خه‌ڵك، هاوكات چه‌ند داوا كراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ئازاد نه‌كرێن كه‌ به‌تاوانی‌ ژن كوشتن حوكم دروان هه‌روه‌ها داواشكراوه‌ كه‌ سوڵح كردن له‌نێوان بنه‌ماڵه‌كاندا نه‌بێته‌ هۆی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و تاوانبارانه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە