غیابى سیكۆلاریستەكان و هەیمەنەى ئیسلامى سیاسی

Tuesday, 03/04/2012, 12:00

1545 بینراوە





شیوعیەكانى جاران ئەیانوت:" ئەگەر لەمۆسكۆ باران ببارێت،ئێمە لێرە چەتر هەڵ ئەدەین،بۆیە سەرهەڵدانى بەهارى عەرەبى لەتونسەوە،واى لە گشت هێزە ئیخوان و ئیسلامى یەكانى ناوچەكە كرد كە باى باڵى خۆیان بدەن و مەست بن بەو بەهارەى كە ئەسپى ئەوان تیایدا باشتر غار ئەدات،لێرەوە ئەم باسە بەسێ چركە تەواو ئەكەین:
چركەى یەكەم: لەڕووى مەغزاو فەلسەفەى سیكۆلار (عیلیمانیەت) و پەیامى ئیسلامى سیاسیەوە،ڕەنگە گەورەترین جەدەلى نێوان عیلمانیەت و ووتارى ئیسلامى،ئەوە بێت كە عیلمانیەت زیاتر پێ لەسەر هەڵبژاردن و فراوانتركردنى ژیانى دونیایی دائەگرێت،لەبرى ژیان و بیركردنەوە لەفۆرمى قیامەت و ئاخیرەت،لەمە پتر بێت ئەوەیە كە عیلمانیەكان مەداوسنورێكیان بۆ "ڕەوشت" دا نەهێنابێت،هەر لەژێر ئەم سایەیەشدا هەر سێ بابەتى "سیاسەت ،جیهانگیریی،عیلمانیەت" تەواو مانایەكى قۆرخكاریی و وێنایەكى بەرژەوەندیخوازانەو هێز ویستانە،وەرئەگرن>
تەنانەت زۆرجار لەگەڵ ناوى عیلمانیەت و جیهانگیریی دا باس لە لە تەغریب و (غەربەنە) یان بە (ئەمرەكەكردن-ئەمریكایی بوون) یش ئەكرێت،بەوادیرەكانى ئەم تەوژمە هزرى و فەلسەفییە،ئەم شكڵە لەدونیایی بوون لە دونیاى موسڵماناندا ئەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانى خەلافەتى ئیسلامى.
پێدەچێت: سوڵتان مورادى چوارەم تەواو سیاسەتێكى ماكیاڤیلیانەى هەڵبژاردبێت،كە بەهێز هەموو دەوروبەرەكەى سەركوت كرد،دەیان هەزارى كوشت كەتیایدا مام و براو برازاى خۆى هەبوون،لەكاتێكدا تاعون لەئەستەمبوڵى پایتەخت (500) لەناوئەبرد ئەو شەوانێكى پڕ كەیف و سەفاى لەگەڵ ژنە غەربیەكاندا بەسەر ئەبرد،"ئەربەكان" لەدوا چاوپێكەوتنى ئەم ساڵانەى دوایدا،ووتى:" توركیا لەسەردەمى ئەردۆغاندا بەرگى ئیسلامى لەبەر داكەندووە،".هەمیشە پێ لەسەر ئەوەش دائەگرێت كەڕووخانی دەوڵەتى عوسمانى بەرنامەیەكى ڕۆژئاوایی بووە.لەم كورتەیەوە دەرئەكەوێت كە هێزە ئیسلامیەكان بە تایبەت لەدواى دروست بوونى ئیخوان موسلمینەوە (1928) لەمیسر.وێراى شۆرش و سەركەوتن و داهێنان و پیشەسازی بوونەكانى ڕۆژئاوا،ئەمان نەیانتوانیوە ووتارێكى وا ئاڕاستە بكەن كە نمونەیەكى جوانى ئیسلامى بەناوچەكەو دونیاپێشكەش بكەن.
دیارە،ژیان لە وڵاتانى ئیسلامى ژیانێكە كە هەمیشە پێویستى بە ڕۆژئاواو ئەمریكاییەكانە،لەكاتێكدا بەپێی توێژینەوەیەك كە ئێمەى سەرقاڵكردووە (66%) نەوت و غازى جیهان لەوڵاتانى ڕۆژهەڵاتى وەك (سعودیەو عێراق و كوێت و لیبیاوتونس و جەزائیر....)ە.جگە لەسەرچاوەى ئاوى و كانزاكانى تر.ووزە ئەمرۆ سەرچاوەى ژیانە.بەڵام لانى كەم غەربیەكان توانییان وڵاتانى رۆژهەڵات بەتەكنەلۆژیاو داهێنانە یەك لەدواى یەكەكان سەرخۆش بكەن،ئەوسا سامانى ژێر زەویەكەشیان ببەن و مەخزەن و عەمباراوەكانى خۆیانى پێ پڕتربكەن،چونكە ئەم داهاتەش تاسەر نییە،نەوتى ژێر زەوى بەرەو كەمبون ئەچێت.
چركەى دووەم: لەڕووى دەسەڵات و میكانیزمى گەڕانەوەى ئیسلامیەكان،هەمیشە لەغیابى سیاسەتێكى تەندروست و ژیرانەلە لایەن عیلمانیەكانەوە،هیزى بەرامبەر و ئیسلامیەكان دێنە پێش،بەڵام ئایا ئەتوانن نمونەیەكى جوان لە تونس و میسر دروست بكەن،جگەلەوەى لەسوریاو گشت ناوچەكانى تر ئیخوانەكان ئەولەویەت ترن بۆ سەر دەسەڵات.بۆئەم مەبەستە دوو ڕا هەیە:
یەكەمیان ئەگەڕێتەوە بۆ ووتارێكى جۆرج بوش لە سەردەمى حوكمیدا ووتى:ئیدارەى ئەمریكا بۆى دەركەوتووە لەسیاسەتیدا بەرامبەر شەرق لەماوەى (50-60) ساڵى ڕابردوودا هەڵەیەكى گەورەى كردووە،بەوەى لە هاوڕێیەتى و هاریكاری سەرەنجام تیرۆرى بۆ بەرهەمهێناون،ئەمەش لە ڕووخاندنى قەزافی و مووشەكبارانكردن و تەداخولى ڕاستەوخۆى ناتۆدا دەركەوت،لە دەستبەردانى لە میسر وەك بوعدێكى گرنگى ئابورى و جیۆپۆڵەتیكى دا وەدەركەوت،لەپاڵیشەوە كە ناڵى جەزیرە شۆڕشەكەى تاودا.
دووەمین: ئەوەیە كە سوریاى دواى ئەسەد بێگومان باشتر نابێت لە عێراقى دواى سەدام لە ڕووى هاتنەوەى بەختەوەرى و فۆرمى دكتاتۆرییەتەوە.بۆیە هەڵگیرسانى شۆرش لە شوێنێك بۆ شوێنێكى تریان ئالیەت و شێوازى جیاوازى هەبوو،ناچوونیەك بوون لەزۆربەى بارەكاندا.تەنها لەوسەرەوە زاڵكردنى گوتارێكى ئیسلامیە،بەڵام كامە ئیسلامى لەبەرداشى تراژیدیاو قوربانیە ئایدۆلۆژیی و مەزهەبیەكاندا،ئەمڕۆ سەدان فیرقە لەهێزى ئیسلامى هەن،كەواتە مەسەلەكە تەنها بەوە كۆتایی نایەت عیلمانیەكى ملهوڕ ئەروات و ئەوانەى تادوێنى لە زیندانەكانى میسر بوون ئەمڕۆ دێنەحوكم و ئاسمانێكى پرتەقاڵى ئەبینین..نا..نا..حیساباتى زۆرتر هەیە.
چركەى سێهەم: هەیمەنە و ووتارى ئیسلامى لەكوردستان..بێگومان مەبەستمان لە یەكگرتووى ئیسلامییە،كە هۆى بەهێز بوون و پەیداكردنى جەرائەتیان بەرامبەر دەسەڵاتى كوردى (پارتى زیاتر) ئەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆكارى زۆر سادە:
یەكەم: غیاب و گەندەڵى و فەزاحەتى یەكێتى و پارتى لەسەردەمى حوكمیاندا.
دووەم: یەكگرتوو لەڕووى هەیكەل و ئاستى ڕێكخستنەوە" سەركردایەتى-ناوەند- بنكە" زۆر هۆشیارو ڕۆشنبیرترن،توانیویانە زۆرێك لە كەوادیرى خاوەن بیرو بروانامەو مەعریفە لەگشت ئاستەكاندا دروست بكەن،وە سوودیش لەشەڕى هێزە عیلمانیەكان وەربگرن،بۆنمونە:لە زانستى سیاسیدا یەكێك لەو حاڵەتانەى حزبى تیا دروست ئەبێت "ئەزمەیە" كاتێك لە (1994) یەكێتى و پارتى مناڵى خەڵكیان هەتیوخست ئەمان تاهەنووكە خزمەتى هەتیوەكان ئەكەن لەڕێی ڕابیتەى ئیسلامیەوە.
سێهەم:بەهارى عەرەبى و دەستپێكردنەوەى خۆپیشاندانەكان لێرە،واى كرد كە نوخبە بیر لە یەكگرتوو بكەنەوە،بەنیابەتى ئیخوان و ئەم پرسە بێتە بەرباس و تەتەڵەكردن،چونكە تەنها یەكگرتوو ئەتوانێت لەبادینان بەرامبەر سەرسەخترین دەسەڵاتێك ڕكابەر بێت،لەبەرئەوەى لەناوچەكەدا دروستبووەو ڕەگى داكوتاوە،بۆیە هەم گۆڕانیش پشتیانى گرتوو ئەمانیش لەهەموولایەكەوە جورئەتیان پەیداكرد،پرسیارى گەورە ئەوەیە: ئایا لەسایەى هێزى ئیسلامیدا پرسە نەتەوەییەكان چیان بەسەردێ،دەوڵەت و كیانى كوردى ئەكەوێتە كوێى بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژی و حزبیەكانەوە..؟؟.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە