درۆی شاخداری بەناو شۆڕشگێڕەکانی شاخ

Thursday, 19/02/2015, 12:00

1690 بینراوە


درۆی گەورەی خۆبەشۆڕشگێڕبوون، کە جاران لە شاخ باوبوو، زۆر لە ئێمە خۆی تێدا دەبینییەوە، سەرچاوەکەی بۆ ئەو رێکخستنە دەگەڕایەوە، کە بە ناوی شۆڕشەوە میللەتێکیان سەرگەرانی ئەو هەموو نەهامەتییەکرد، فوویان بە ئێمەدا دەکرد و  دروشمێکیان دابووە دەستمان، بۆ خۆشیان لە ژێر چەتری ئارامییدا تەراتێنیان بە خۆشگوزەرانی و رابواردنی خۆیانەوە دەکرد، بەبێ ئەوەی کەسێکیان بەو گیانەوە پەروەردەکردبێت، کە لە مانای شۆڕشگێریی گەیشتبێت، هەموویانیان بۆ مەرگ و کوشتن دەنارد، ئێمەش گەنج و کەسانی کەم ئەزموون بووین لە پاکی خۆمانەوە هەموو متمانەیەکمان دابوویە دەستیان، ئەوانمان بە شۆڕشگێر دادەنا، دوایی تێگەیشتین، کە شۆڕشگێڕ مانایەکی زۆر فراونتری هەیە لەوەی ئێمە وەک پێناسە لۆگۆیەکمان بۆی دروست کردبوو خستبومانە باخەڵی قاتە کەتافیەکی جارانمانەوە.
خۆ ئەگەر شۆڕش ئەو مانایەی هەبێت کە سیستەمێکی زۆرداری ستەمکار هەڵدەتەکێنێت و سیستەمێکی نوێی جیاوازتر بنیات دەنێت، ئەوە بەیەقینەوە گەلی کورد لە باشووردا شەڕەتەقەی کردوە، نەک شۆڕش، گەر وانیە کامە نەتەوە هەیە لە دنیادا کورد نەبێت و ئیدعای خەباتی چەکداری شۆڕشگێڕی کردبێت کەچی قبووڵی بکات سەرکردەی شۆڕشەکانی نەوێرن بێ چەک و بێ پاسەوان بچنە کۆڵانێک، یان گەڕەکێک یان چایخانەیەکی شار؟ کامە گەل هەیە بەوە ڕازی دەبێت سەرکردەی بەناو شاخی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بەدەیان چەکدار بەناوی پێشمەرگەوە پاسەوانی خۆی و خێزانەکەی بکات؟ دایبی نەک تەنها بۆ نمانەڵاکنی بەڵکو بۆ مناڵی منالەکانی بگۆڕێت، یا لەبەر دەرگا هەڵبلەرزێنێت و خۆی لە ژوورەوە خەریکی کاری خراپ بێت، کامە سەرکردەی بەناو شاخ هەیە گەر تۆزێ غیرەت و جەسارەتی هەیە با بەتاقی تەنیا لە چایخانەیەکی سلێمانی و هەولێر و دهۆک چایەک فڕبکات ، کامە سەرکردەی شاخ هەیە بێ دەمانچە لارەکەی کەمەری بتوانێت لای دەلاکێک سەری چاک بکات؟

درۆی گەورەی شۆرش ئەوەیە ئێمە سەرکردەی ترسنۆکمان دروستکرد، پێشتر لە شاخدا و پاشانیش لە داوی نەمانی سەدام، خۆ سەدامیش وابوو کاتێک سەردانی شارێک یان شارۆچکەیەک یان گوندێکی دەکرد پێش خۆی درێژی کاروانی پاسەوانەکانی لە ڕووبەری شەقام و کۆڵانەکان درێژتربوو، ڕووخساری تۆقێنەری دەموچاوی پاسەوانەکانی بەناو سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی هەمان دیزاینی ڕووخساری ڕژێمی پێشوومان بیردەخاتەوە.

ئێمەی پێشمەرگەی دێرین لە خەیاڵێکی خۆشدا ژیان دەکەین، ئێمە لە خەیاڵی رابردوویەکدا دەژیین، کە وەک خۆبەخش بۆ ڕزگاری و ئازادیی خەباتمان کرد، لێ دەبێت ددان بەو حەقیقەتەدا بنێین کە لەتەنیشت خوێن بەخشێن و قبووڵکردنی ژیانی سەختی شاخدا هەر خۆشمان بووین شەرعیەتمان دا بەدروستکردنی سەرکردەی درۆزنی بەناو شۆڕشگێڕ، من شەرم دەکەم کە ئەو سەرکردانەی لە رابردوودا ئەوانە رابەرم بوون و من بە دڵسۆزی گەل و نیشتیمانم دەزانین.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
١٩-٢-٢٠١٥


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە