بۆ عەلى تاهیر بەرزنجى*

Thursday, 19/02/2009, 12:00

1763 بینراوە


كودەتایەك بەسەر پایز...
كودەتایەك بەسەر بەهار

پەلە هەورێكى مەملەكەتى بابان

ئاوێزانى با بوو

هات و، لە بنارى وشكەڵانى..

بەردەڵانى ...

هەیبەت سوڵتانەوە دایباراند

گیا سەوز بوو،

كانى تەقیەوە

كودەتایەك بەسەر پایزدا كرا،

بەڵام گورگە بۆرەیەكى زادەى كەڵبە خوێناوییەكان

لە شەوێكى ئەنگوستەچاوا

خۆى كرد بە دەڤەرەكەو

هەرچى ئاسك و كەروێشك هەبوو

خواردى

دەستى ئاخنیە گەرووى كانى

لە هەر شوێنى سەوزایى هەبوو

پێشێلى كرد،

ناچار پەلە هەور ،

بەدڵشكاوى

بارگەى پڕ لە بارانى خۆى تێك ناو

گەڕایەوە مەملەكەت.



دوو ئاراستەى پێچەوانە

تۆ گۆرانى بۆ سەروەرى مرۆڤ دەچڕى

ئەوانیش سەرچۆپى كێشى

زەماوەندى شكاندنى كەرامەتى ئینسانەكانن

تۆ تەلارى مەعریفەت بنیاد دەنێى

ئەوانیش تەلارى جەهل

تۆ گول َدەچێنى..

ئەوان گوڵ دەقرتێنن..

تۆ رقت لە كورسیە..

ئەوانیش سوجدەى بۆ دەبەن..

تۆ هەمیشە خۆتى..

ئەوانیش هەمیشە سێبەرى خەڵكى



* دكتۆر عەلى تاهیر بەرزنجى، نوسەرێكى دیارى رەخنەى ئەدەبى كوردییە، یەكەم كەس بوو خۆبەخشانە وانەى لە زانكۆى كۆیە وتەوە. سالێك لەمەوبەر بەهۆى نارازایبوونى بەو كارە ناعەدالەتى و خزم خزمێنەو نایاساییانەى كە لە زانكۆى كۆیە پەیڕەو ئەكرێت، دەركرا!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە