ئێران و ئەمریکاو هاوبەرژەوەندى نوێ

Tuesday, 26/08/2014, 12:00

1661 بینراوە




ئەگەر هەردوو جەمسەرەکە گەشتبێتنە ئەو ڕاستیەى کە هیچ کامیان بە تەنها ناتوانن جڵەوى دەسەڵاتى ئەم ناوچەیە بگرنە دەست ، ئەوا دەبنە هاوبەرژەوەندى بۆ دابەشکارى ناوچەکە ، خۆ ئەگەر لە دواى بەهارى عەرەبى ، سوریا دوا زەنگى ئاگادارکردنەوەى جەمسەرکان بو بێت ، ئەوا ئەو کاتەى کە جەمسەرى ئەمریکى هاوکارى گروپە چەکدارەکانى ناو سوریاى دەکرد لە ڕێ ى نمایندەکەیەوە (توکیا) و ناتۆوە ، بۆ ئەوەى پارسەنگى هێز لە بەرژەوەندى جەمسەرى ئەمرکیدا یەکلابێتەوە و پایەیەکى بەهێزى ئێران تێک بشکێنن ، بۆ ڕوخاندنى پایەیەکى بەهێزى ئێرانى کە بەشار ئەسدە ، ئەوا کاتێک کارتى ناو ئەم سینارێویە دەگۆڕن بۆ عێراق بۆ یارییەکى تر دژى ئێران ، مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە و ئەو کارتەى کە ئەمریکا بەکارى دەهێنا پێچەوانەى خۆى دەبێتەوە (وەک چۆن سى ئاى ئەى قائیدەى دروست کرد و دژى خۆى وەستایەوە) ، ئێستا داعش دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا وەستایەوە ، ئەمەش لەبەرژەوەندى یارییەکانى ئێراندا بوو ، خۆ ئەگەر ئەم سیناریۆیە کارتێکى دەستى ئێرانى سوتاند بێت ، بەوەى هەژمونى شیعە گەرى لە عێراقدا کۆتاى پێ هێنا بێت ، ئەوا کارتێکى ترى دایە دەست ئێران و ئێرانیش توانى بەم کارتە یارییەکى زۆر شارەزایانە بکات ، چونکە ترسى ئەوە هەبوو کە داعش دواى دەرچونى لە جەمسەرى ئەمریکى ، شەڕى شیعە و سونە بکاتە ئامانجى ، کە لە ڕاستیدا لەسەرتاوە هەر وا بوو ، داعش هەڵگرى شەڕى دژە شیعە بوو ، وە هیچ کێشەیەکى لەگەڵ کورد نەبوو ، بۆیە کاتێک هەردوو جەمسەرە هەستیان بە ترسناکى شەڕێکى گەورە کرد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، ئەو کات هیچ کامیان ناتوانن بەر بەم شەڕە بگرن ، بۆیە شەڕى شیعە و سونەیان گۆڕى بە شەڕى کورد و داعش و ماناکانى ئەم ناکۆکیەیان تحویل کرد لە شەڕى شیعە و سونەوە بۆ شەڕى کورد و داعش و بە تەواوەتى شەڕى دینى و مەزهەبیان لە بەر داعش داماڵى و کردیانە گرۆپێکى تیرۆرستى ، بەدەر لە تێرۆر، داعش بە حسابى خۆیان هەڵگرى ماناکانى دەوڵەتى خەلافەتە و کارى لەسەر فتوحات دەکرد ، ئیتر شەڕەکان بونە شەڕى کورد و هەردوو جەمسەرەکە هاوکارى کوردیان کرد ، لەم نێوەندەدا تورکیا کە تا ئێستاش لە ژێرەوە هاوکارى داعش دەکات ، ترسى ئەوەى هەیە شەڕەکانى داعش و کورد بگۆڕێ بۆ شەڕى داعش و تورکیا بە حوکمى دراوسێیەتیان ، بۆیە ناتوانێ وەک وڵاتێکى کاریگەرى ناو پەیمانى ناتۆ ئەم شەڕە بکات ، بۆ ئەمەش گڵۆپى سەوزى هەردوو جەمسەرەکەى بۆ هەڵکراوە (بە تایبەت لە ڕوى ئابورییەوە تورکیا دڵنیایی وڕێگەى گواستنەوەى غاز و نەوتى بەشیک لە جیهانە)، ئا لەم کاتەدا ئێران دەبێتە یارى کەرى سەرەکى و مالیکى لا دەبات و قاسمى سلێمانى لا دەبات و هەموى دەخاتە ناو گیرفانى محمد جواد زەیرفەوە ، ئەمەش ئاماژیە بۆ ڕێککەوتنى ئەمریکا و ئێران لەسەر هەر سێ فایلەکە (تورکیا + سوریا + عێراق) وە کۆتاى هێنان بە داعش ، لێرەوە کورد دەبێتە نمایندەى هەردوو جەمسەرەکە و شەڕى بە وەکالەتى هەردوکیان دەکات و تەنها هاوکارى لۆجستى و چەکى سەربازى و هێرشى ئاسمانى دەکرێت ، واتا بە شێوەیەک هەتا عێراقیش بۆ قۆڵى شەڕەکانى کوردستان تەنها هاوکارى ئاسمانى دەکات .. خۆ ئەگەر بە دیۆیکى تردا کورد توانیبێتى ببێتە یەکلاکەرەوەیەکى بەهێزى ناکۆکى و ئەگەر ترسى شەڕێکى گەورە ، ئەوا کورد دەبێتە یارى کەرە سەرەکیەکە ، هەر چەندە کورد لەسەرتادا نەیدەویست ئەم شەڕە بکات ، بەڵام سیناریۆى هەردوو جەمسەرەکە بریتى بوو لە کورت کردنەوەى شەڕەکان بۆ شەڕى [ کورد *داعش ] وا ئێستا کار لەسەر ئەو پلانەوە ئەو سیناریۆیە دەکرێت ، وردە وردە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە .. بە بۆچونى من پلانەکە لەم چەند خاڵەدا دەبێت :
1. ئێران و ئەمریکا و کورد و بەغداد دواى پێکهاتنى حکومەتى بنکە فراوان و تەوافق شەڕى لە ناوبردنى داعش بکەن .
2. هاوکارى بەشار ئەسەد بکەن بۆ ڕوبەڕوو بونەوەى داعش ، چونکە پرۆسەکە لە ناوبردنى داعشە نەک دەرکردنى لە عێراقدا .
3. بە هامان شێوەى عێراق سوریاى دواى داعش رَێکبخەنەوە ، حکومەتێکى کۆنفیدراڵى بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبییەکان پێکبهێنرێت .
4. کێشەى پەکەکە لە ناوخۆى تورکیادا چارەسەر بکرێت بە سەرپەرشتى ئەورپا و کار لەسەر تورکیاى نوێ بکرێت .
5. کێشەى نێوان پارتى و پەکەکە چارەسەر بکرێت .
6. ئەگەر پێشتر کێشە لە نێوان سعودیە و ئێراندا هەبو بێت ، ئەوا ئێستە ئێران و سعودیە هاو بەرژەوەندین لە دژى داعش و ئێستا سعودیە و قەتەر کێشەیان هەیە .. دەبێت ئەم کێشەیە کۆتاى پێ بهێنرێت .
7. کار بکرێت بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى تۆکمە لە ئەفغانستان و پاکستاندا ، تا نەهێڵن داعش و قائیدە پەرە بە ڕێکخستنەکانیان بدەن .
8. کار بکرێت بۆ هاوکارى هەواڵگیرى لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا سەبارەت بە توندڕەوەکانى چیچان .
9. پەرەدان بە بنکە سەربازى و هەواڵگیرییەکانى ئەمریکا لە وڵاتانى دەریاى قەزوین .
10. هێزە کوردیەکان باشورى کوردستان بە تایبەت هێزى ئاسایش و وەزارەتى پێشمەرگە لە حیزبیەوە بگۆڕێت بە دامەزراوەیەکى دسپلینکراوى سەربازى .
سیاسەت بەردوام لە گۆڕانکاریدایە ، بەرژەوەندیەکان لە جوڵەى بەردەوامدان ، دەکرێت ئەمرۆ بەرژەوەندیت هەیە لەگەڵ وڵاتێکدا ، سبەینێ بە هۆى خراپ بەکار هێنانى سیناریۆیەکەوە بگۆڕێت بۆ دژە یەک ، لەم نێوەندەدا ئەکەوینە بەردەم گریمانە و ئەگەرى ترەوە، واتا ئەم پلانە هەر وا بە ئاسانى ناچێتە ناو بوارى جێبەجێکردنەوە ، ئەم پلانەش دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک ئەگەرەوە ....وەک :
1. ئەگەر پەکەکە ڕازى نەبوو بگەڕێتەوە و پرۆسەى ئاشتى تورکیا + پەکەکە شکستى هێنا ، ئەو کات چى دەبێت .
2. هەموو ئەم سیناریۆ و ئامادەکارییانە بۆ ئەوەیە هەردوو جەمسەرەکە ڕوبەڕوى شەڕى دووەمى داعش ببنەوە ، کە شەڕى شەبەحى کۆڵانەکان و ڕێکخستنەکانیان و تەقینەوەکانیانە ، ئەى ئەگەر داعش لە سوریا و لە عێراق دەرکرا و لە شوێنیکى ترەوە سەرى هەڵدا (وەک لیبیا و یەمەن و سۆدان) چى دەبێت .
3. ئەگەر لە کاتى فشارخستنە سەر داعش شەڕى ناو شەقامەکانى ئەوروپاى کردو بیەوێ بیکات بە کارتێکى گۆشار بۆ وەستاندنى جەنگ چى دەبێت .
4. ئەگەر داعش پەلامارى تورکیاى دا چى بەسەر ئەم سیناریۆ و پلانەى هەردوو جەمسەرەکەدا دێت .
5. ئەگەر هەڕەشەى لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانى نەوت و غاز کرد لە وڵاتانى (سعودیە و کویت و عێراق و تورکیا و هتدد) چى دەبێت .

هەموو ئەم سیناریۆ و خۆ ڕێکخستنە دواى شەڕى یەکەم و لەناوبردنى داعش ، خۆ ئامادەکردنە بۆ شەڕى دووەمى داعش ، تا بتوانرێت ئارامییەک لەم ناوچانە دروست ببێت و بەرژوەندى هەموو وڵاتان پارێزراو بێت و هاوسەنگى نێوان هێزەکانى ناوچە لە ڕوى ئابورى و جیوپۆلەتیکى و جوگرافیەوە بپارێزرێت ، خۆئەگەر سیاسەت هاوکێشەیەک بێت بەردەوام لە گۆڕاندا بێت ، ئەوا دواى ئەم ئەگەرانە چاوەڕى ى گۆڕانەکانیان و ئەو کات خوێندنەوەى تر هەڵدەگرێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە