سەندیكا لە نێوان ئەركی حیزبی و مافی كارمەنداندا

Tuesday, 17/07/2012, 12:00

1503 بینراوە



كارمەندانی ماندوونەناسی بەڕێز، لای هەموان ئاشكرایە لەم هەرێمەی ئێمەدا حیزبی بوون هەموو جومگە و كایەكانی ژیانی قۆرخ كردووە بە ڕێكخراوە پیشەییەكانیشەوە. لەبەر ئەوە هیچ ڕێكخراوێكی وابەستە بە حیزب ناتوانێت لە هەمان كاتدا بەرژەوەندی حیزبەكەی و مافی توێژەكەشی بپارێزێت. ئێمە وەك لیستی هاوبەش دڵنیاین سەرانی سەندیكا وەك نوێنەری بەشێك لە كارمەندانی تەندروستی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هەوڵێكی چەواشەكارانە تەنها لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی كارمەندانی تەندروستیان ڕووبەڕووی مانگرتن كردەوە پاش ئەو مژدە نەزۆكەی لە ئاهەنگی یادی پەرستاراندا لە بەرواری 20/5/2012 ڕایانگەیاند. ئێمە لەگەڵ هەموو مافە مەدەنی و پیشەییەكانی كارمەندانی تەندروستیداین كە جودابێت لە بەرژەوەندی حیزب و تاكە كەسیدا. ئێمە لێرەدا بەپێویستمان زانی چەند تێبینی و پرسیارێك بخەینە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز تا خۆتان دادوەربن:
1- گەر سەندیكا ڕێكخراوێكی پیشەیی سەرتاسەری سەربەخۆیە، بۆچی لە پارێزگای دهۆك نەیتوانی كارمەندان ڕووبەڕووی مانگرتن بكاتەوە؟؟؟؟؟
2-سەرانی سەندیكا بەڵێنیان دا تا تەواوی داواكاریەكان جێیەجێ نەكرێن كۆتایی بە مانگرتن ناهێنن، بەڵام لە ناكاو كۆتاییان بە مانگرتن هێنا و ئیرادەی كارمەندانیان خستە ژێر پرسیارەوە و بێ هیوایان كردن و هیچ خواستێكیان نەهاتە دی.
3-ئێمە پێمان وایە گۆڕینی سیستمی تەندروستی بە سیستمێكی هاوچەرخ لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و كارمەنداندایە كە سەرانی سەندیكا بەهیچ شێوەیەك باسیان لێوە نەكردووە كە ئەمەش گرنگترە لە چەند پلە و پۆستێك كە چەند كەسێك بۆ بەرژەوەندی حیزبی و كەسێتی بەكاریان بهێنن.
4-سەرانی سەندیكا هێندە لە بەرژەوەندی ماددیدا خۆیان دەبیننەوە كە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان بەخۆیان داوە لە یەكەم ڕێنماییدا كە هەستان بە زیادكردنی چەند هێندەی رسوماتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی پیشەیی، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێستێكی گونجاویان هەبێت سەبارەت بە كێشەی ئەو كارمەندەی لە سلێمانی دووچاری ئەو گرفتە بووەتەوە كە لە ئەنجامی دەرزی لێدانەوە هاوڵاتیەك بەداخەوە گیانی لەدەست دا. هەروەها لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەولێر كارمەندێكی تەندروستی دووچاری لێدان و سوكایەتی پێكردن بووەتەوە لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی بێ ئەوەی سەرانی سەندیكا هیچ هەڵوێستێكیان هەبێت لە دژی ئەو دەستدرێژیە بۆ سەر ئەو كارمەندە.
5-با سەرانی سەندیكا لایان ڕوون بێت ئەو بەدەمەوە هاتنەی كارمەندان بۆ مانگرتن هیوایان بوو بە ماف و خواستەكانیان بەتایبەتی زیادكردنی دەرماڵەی مەترسی بە ڕێژەی 100%. جێبەجێ نەكردنی ئەم خواستە وای كرد كە جارێكی تر كارمەندانی تەندروستی هیچ متمانەیەكیان بە سەرانی سەندیكا و بەڵێنەكانیان نەمێنێت.
6-شایانی وەبیرهێنانەوەیە سەرانی سەندیكا لەدایكبووی كۆنگرەیەكی ناشەرعین و ئێمە وەك لیستی هاوبەش داوای یاساییمان لەسەر تۆماركردوون و ئێستا دۆسیەكە لە دادگایە.
كارمەندانی بەڕێز، ئێمە وەك لیستی هاوبەش لەگەڵ ماف و خواستەكانی ئێوەداین وە دڵنیاتان دەكەینەوە بەردەوام دەبین لە خەباتی پیشەییمان بە پاڵپشتی و هاوكاری ئێوەی بەڕێز، دڵنیاشین سەرانی ئێستای سەندیكا وەك ڕێكخراوێكی پاشكۆی حیزب بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان ناكەن بە قوربانی بەرژەوەندیە پیشەییە باڵاكانی ئێوەی كارمەندان.

لیستی هاوبەش .....(لیستی تەندروستكارانی كۆمەڵ، لیستی تەندروستكارانی یەكگرتوو، لیستی كارمەندانی تەندروستی سەردەم).
18 / تەمموز / 2012


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە