بابە كەى دێیەوە؟

Tuesday, 10/03/2015, 12:00

1599 بینراوە






مرۆڤێكى بوێرو جەربەزە بوو، لەشاخدا هیچ بن دار و گاشەبەردێك نەمابوو شەڕی تێدا نەكردبێ، برینداربوون و ساچمەكانى دەست و قاچی گەواهی نەبەردى ئەویان دەدا، چاونەترس و كۆڵنەدەر دەیزانى ئەم خاكە سوێندى داوە تاوەكو دوا دلۆپێك خوێن لەگیانى بگەڕێ دەبێ لەو پێناوە بجەنگێت و ئازاد و سەرفرازى بكاتە ملوانكەى داهاتووی گەلەكەى.

ڕاپەڕین چەخماخەیدا، بەدوای خۆیدا تا ئەو شەڕە یەخەى خاكە بێنازەكەى نەگرتەوە، بۆ خۆی لەماڵەوە دانیشتبوو، بەو مووچەیە گوزەری دەكرد كە وەك پێشمەرگەیەكى دێرین مانگانە وەری دەگرت، كاتێك خاك لەبەردەم هەڕەشەی تێرۆر خۆی گرمۆڵە دەكرد، جارێكى تر دەست و بازووى لێ هەڵماڵی، بە تاقم و تفەنگە كۆنەكەى جارانەوە تێهەڵچوو، بیری لەوە نەدەكردەوە كێ فەرمانى پێ دەدا؟ كوێی بۆ دادەنێن و سەر بەكام دەنگ و كام ڕەنگ و كامە حزبە؟ ئەوە نیشتمانە لەچاوەڕوانی بەرگری هەمووانەدایە نەهێڵن بستێك لە خاكەكەى بەدەمى پیسی نەیاران گڵاو بكەن، ئەو ڕۆژەى چووە بەرەكانى پێشەوە، كەسێكى مژدەبەر و ورەبەخش بوو، گیانى كوردایەتى لەناخى هەڤاڵانى دەچاند كە ئەگەر ئەوان بەرگری نەكەن، ئەوا دوژمن زۆر بەئاسانى پەلاماریان دەدات و ژن و منداڵەكانیان هاوشێوەى ئەنفال، جارێكى تر ئەنفال دەكاتەوە و ژن و كچەكانیان هەڕاج دەكات، بۆیە پاراستنى كەڕامەت و شەڕەفی ئەو میللەتەی لەسەر پەلاپیتكەى تفەنگەكان دەدۆزییەوە و پارێزگاری ئەو هەرێمەشی لە شەونخونی و سێرەى تفەنگەكان دەبینى تا بەر بەلێشاوى ئەو ئەهریمەنانە بگرن كە دەیانەوێ پێبزێویان بەرامبەر بكەن.

ئەو ماوەیەی دەمایەوە، بەكەیف و سەفا و دەم بەخەندە، هەمووان بەئیشتیاوە دەیانڕوانیە مەشڕەبخۆشی قسەكانى: ئاخۆ چ وانەیەكى پڕ لەبەرخودانیان بەگوێدا دەچرپێنێ،..وەلێ ئەفسووس دواجار كە گەڕایەوە، هەرگیز باوەڕت نەدەكرد ئەو كەسەى جاری جارانبێ، ناهەقیان نەبوو، پێشتر بەدەم زەردەخەنەوە هیوای دەبەخشیەوە و ئومێدى دەڕواند، كەچی ئێستا مات و مەلوول و داماو، بزە لەلێوانى تۆراوە، كەمدوو، حەز بەتەنیایی دەكات؟ هاوااااااااار، هاوااااااار، ئەوە چ تەلیسم و مەتەڵێكە دەیبینن؟ دیمەنەكە هەموانى ناڕەحەت كردبوو، هەڤاڵە هەرە نزیكەكانى حەزى نەدەكرد هەر لەچاوەڕوانى بێدەنگی ئەودا بمێننەوە، چەند ختووكەى حەزى بێدەنگیاندا تا دڕ بەو بێدەنگیە بدات و هۆكاری ئەو گۆشەگیرییەیان پێ بڵێت، بەدەم هەناسەیەكى قووڵەوە پێی وتن: من چی بۆ ئەم خاكە بكەم هێشتا كەمە، بەڵام ئەوە ژیانە دوێنێ كاتێك هاتمەوە ئێرە خێزانەكەم بەدەم كۆڵێ خەم و خەفەت و جەخارەوە دەگریا و هەنسكى دەدا، دەیوت: تۆ وا ڕۆیشتى و خەمەكانت بۆ من بەجێ هێشت.. چ خەم؟ خاوەن خانووەكە هاتووەتە گیانمان دەڵێ ئەگەر بەزوویى كرێی خانووەكەم نەدەنێ ئەوە هەرچی كەل و پەلێكتان هەیە لەو خانووەى دەردەكەم و ئێوەش فڕێی دەدەمە دەرەوە..ئااااااخ هیچ لەگەڵ نەبوونى ناكرێ، نازانم چیبكەم و بەدەست خۆم نیە تەمێكى خەست بەری دڵ و دەروونى داگیر كردووم، هەر ئەوەندەم پێ دەكرێ پێی بڵێم: دەى قەناعەتى پێ بێنە كە لەو ماوەیەدا كەى مووچەكەم وەرگرت ئەوە كرێی هەردوو مانگەكەى بەجارێ پێ دەدەم.

هەست بەجموجۆڵی دوژمنان دەكرا و باری نائاسایی لەو قۆڵەدا لەوپەڕی توندی دابوو، زەگى وریایی لێدرا، هەواڵ بڵاوبۆوە لەو شەوەدا دوژمن بەتەمای هێرش و پەلاماردانە، كەچی ئەو خۆی شێڵو نەكرد، بە ورەیەكى پۆڵاینەوە ڕووى كردە هاوڕێكانى و وتى: ئەوە عەرد و ئەوە گەز با بێن خۆیان تاقی بكەنەوە، ئەوجا دەزانن چۆن ئەو خاكەیان لێ دەكەینە گۆڕستان.

ترس لە فەرهەنگی مێشكیدا بوونى نەبوو، لەگەڵ تاق و تریقی تەقینەوەى گوللە تۆپ و هاوەن و دەنگی ڕەشاش و بیكەیسی، چۆن سەنگەری گرتبوو، لەشوێنى خۆی هەڵنەستا، تا گوللەیەكى وێڵ پێكای، خوێن لەجەستەیدا فیچقەى كرد، هاوسەنگەرەكانى تێی ڕوو بوون بیبەنە دواوەو یەكسەر ڕەوانەى نەخۆشخانەى بكەن، ماوەیەك بەدوای خۆیاندا ڕایانكێشا كە تەلەفۆنێكى بۆ هات، بە كزۆڵیەوە دەستە لەرزۆكەكانى بۆ مۆبایلەكەى ناو گیرڤانى شەرواڵەكەى برد و دەریكرد تەماشای شاشەكەى كرد ئەوە خێزانەكەیەتى، دەستى گەیاندە دوگمە سەوزەكە و كەوتە قسە: بەڵێ گیانەكەم.

* چۆنى؟

- شوكر باشم، ئەی ئێوە؟ منداڵەكان چۆنن؟

*بڵێم چی، ئارەزوو هەر دەگریێ و ناخەوێ، دەڵێ دەمەوێ قسە لەگەڵ باوكم بكەم.

- دە تەلەفۆنەكەى بدەیێ.

ئارەزووی منداڵ تەمەن چوار ساڵان بەدەنگێكى نەرمەوە وتى: بابە..بابە.

* وەى گیانى بابە، ئەوە بۆ ناخەوى بەرخۆڵەكەم؟

+ ئاخر من حەزم لەباوەشی تۆیە و تۆش بەجێمت هێشتووە، تۆ كەى دێیەوە؟

*دێمەوە گیانەكەم خەمت نەبێ، دەى لەبەر خاتری بابە بڕۆ بخەوە، كەى هاتمەوە لەباوەشی خۆمت دەخەوێنم.

+ باشە، ئەوە كارۆیە.

تەلەفۆنەكەى دایە كارۆ، ئەویش بێ سەلام و كەلام وتى: بابەگیان غەریبیت دەكەم، بابە

* بەقوربانتبم كارەگیان، گیانى بابە.

= بابە من ئەمڕۆ لە قوتابخانە بەمامۆستاكەم وت باوكم پێشمەرگەیە، مامۆستا بەقوتابیەكانى وت چەپڵەیەكم بۆ لێ بدەن، هەموویان چەپڵەیان بۆ لێدام، بابە

*: ها گیان بابە.

= بابە حەز دەكەم كە گەورەبووم بۆ پاراستنى كوردستان ببمە پێشمەرگە.

* كوڕی خۆم بخوێنە، تۆش كە بخوێنى حیسابی پێشمەرگەت بۆ دەكرێ.

= هااا، ئەوە نازدار دەیەوێ قسەت لەگەڵ بكات خواحافیز توخوا لەبەر ئێمە ئاگات لەخۆتبێ، ئەوە نازدارە.

نازدار دەمى هەڵپچڕی: بابە گیان

* ها گیاى بابە.

- دوێنێ لەسەر جلەكانم مامۆستا هەڕەشەى لێ كردم، كە بەدایكیشم دەڵێم جلم بۆ بكڕێ دەڵێ پارە نیە، كەى دێیەوە بمبەیە بازاڕ جلم بۆ بكڕی.

* خەمت نەبێ كەى هاتمەوە لەگەڵ خۆم دەتبەمە بازاڕ و جلت بۆ دەكڕم.

- دەى خواحافیز، ئەوە دایكم دەیەوێ قسەت لەگەڵ بكات.

دایكیان وتى: ئێی، ئەوەش حاڵ و گوزەرانمانە.

ئەویش بەدەم فوارەى خوێن بەربوونەكەیەوە تەواوێ قسەى لەگەڵ خێزانەكەى كرد و وەك دوا وەسیەت وتى: تكا دەكەم ئەگەر نەتمبینیەوە ئەوە بڕۆ تفەنگەكەم بفرۆشە و بەپارەكەى كرێی ئەو دوومانگەى پێ بدە، سوێندیشت دەدەم بەپیرۆزیەكان ئاگات لەمناڵەكان بێت و بێ باوكیان پێوە دیار نەبێ، هەرچەندە نازدار لەچاوەڕوانى گەڕانەوەى مندایە بیبەمە بازاڕ و جلی قوتابخانەى بۆ بكڕم، بۆیە...

قسەكانى تەواو نەكرد، بۆ دواجار گیانى بەرزەفڕی بەرەو دوامەنزگا هەڵفڕی و مۆبایلەكەى لەدەست بەربۆوە، خێزانەكەى هەرچەند قسەى كردو هیچ وەڵامێك نەبوو، ئەوجا زانى شتێكى لێ بەسەر هاتووە، بەهەموو هێزێكیەوە كەوتە گریان و فیغان، هاوسەنگەرەكانى بەو دیمەنە لەجێوە تاسان، خۆیان بۆ نەگیرا، لەگەڵ پێڕاگەیاندنى شەهیدبوونى ئەو مرۆڤە مەزنە بەخێزانەكەى، بەجارێ كەوتنە گریان و فرمێسك ڕشتن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە