پەرلەمانی داهاتوی كوردستان نوێنەری خەنەقین و فەیلی تێیدا نابێت

Monday, 29/07/2013, 12:00

1680 بینراوە






بە پێی لیستی ناوی كاندیدانی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هیچ ناوێكی تێدا بەدیناكەی كە نوێنەری راستەقینەی خەڵكی خانەقین و دەوروبەری تاوەكو مەندەلی و فەیلیەكانیش بێت بۆ بەرلەمانی كوردستان . ئەمەش پرسیار گەلێك دەوروژێنێت كە گرنگترینیان ئەوەیە؛ ئایا بەرپرسانی هەرێم دەستیان لەم ناوچەو خەڵكانە ششتۆتەوە، یان پاش نارازیبون و دەنگنەدانی خەڵكەكەی بە شێوەیەكی فراوان بە حزبە دەسترۆیشتوەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان،هەر لە ئێستاوە ئەم خەڵكانە سزادەدرێن، یان هیچ منەتێكیان بە ژمارەی دەنگی خەڵكانی دەرەوەی هەرێمی نیشتەجێی هەرێم نیە، یان خەڵكێكی شایستەی ئەوتۆی حزبی عەیار بیست و چواری دەستەمۆی خۆیانیان تێیدا بەدینەكردوە. ئەمە و چەندین پرسیاری هەمەجۆری تر بۆتە خولیای خەڵكی دڵسۆزی ناوچەكە و، بێگومان كاردانەوەی سەلبی خۆی دەبێت لەسەر دڵ و دەرونی خەڵكەكەی لە سەرجەم بوارەكاندا و، ئاستی پابەندبونیان بە پەیوەستبون بە هەرێمەوە لەق دەكات و چاویان لە خەڵكی تر دەبێت .
هەر لێرەدا، دەبێت ئەوە بڵێین كە داهاتوی ئەم ناوچانە بەم شێوەیە بروات هیچی لێ سەوز نابێت لە قازانجی هەرێمی كوردستان بێت، تا دێت رووی خەڵكەكەی زیاتر بەرەو بەغدا وەردەچەرخێت و دەكەونە ژێر كاریگەری لایەنی مەزهەبی و ئاینیەوە نەك نەتەوەوە و، هیچ كەسێكیش ناتوانێت لۆمەیان بكات. بۆیە ئەركی خەڵكی دڵسۆز و خۆشەیستی ئەم نانوچانەیە كە ئەم پێشێلكاریەی حزب و كاربەدەستانی هەرێم لەبەرچاوبگرن و نەهێڵن هەروا بە ئاسانی بروات و بەسەر سەركردایەتی بەرژەوەندخوازی كوردستاندا تێپەرێت. ئەوەی بەزارەكی لافی خزمەتكردنی ئەم خەڵك و ناوچانە دەدات وا بە كرداری دەریخست كە تەنها ئەو لێدوانانە قسە و موزایەدەی سیاسیە نەك خزمەتی ناوچە و خەڵكەكەی .
بۆیە،پێویستە لەهەموو بوارەكاندا خەڵكی رۆشنبیری كوردستان و ناوچەی خانەقین و فەیلیەكان بە تایبەتی و ئەوانەی دانیشتوی هەرێمن هەڵوێستی شارستانیانەی تایبەتی خۆیان بە هەموو جۆرێك دەربرن، لە پێناو ئاگادار كردنەوەی سەرجەم حزبەكان و سەركردایەتی كوردستان لەم هەڵە مێژووییە و بە كردار بۆ دەسەڵاتی دەسترۆیشتوی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنیش دەریخەن كە ئەم جۆرە لەبیركردن و بیركردنەوە و پێشێلكاریە زەرەر بە پرسی و كورد بە گشتی ودوارۆژی ناوچەكە بە تایبەتی و ورەی خەڵك و باوەریان دەدات و، تادێت خەڵك لە سیاسەتی هەرێم بەرامبەریان بێزاتر دەكات و بە ئاسانی لە هەموو لایەكی عیراقەوە رادەكێشرێن و لەمەشدا خەڵكەكە حەقی خۆیانە چۆن رەفتار بكەن. لە هەرێمێكدا كە تا بیناقاقای خنكاو بێت لە گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەمان شانازی پێوەبكەن كە چی لە بچوكترین مافی خۆیان كە بونی نوێنەری راستەقینەی خۆیانە لە بەرلەمانی كوردستان بێبەش بكرێن، چۆن رەفتار بكەن و بیرلەچی بكەنەوە كەس لۆمەیان ناكات. بۆیە گەر وابروات هەڵوێستی راستەقینەی خەڵكەكە لە دوارۆژدا دەردەكەوێت كە چۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە جوانی راوبۆچونی ئەم خەڵكە دەركەوت. .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە