گەندەڵیەكانى پاسەوانى سنور...!! فەزیحەكانى لیواى سێى پاسەوانى سنوور

Saturday, 01/05/2010, 12:00

1939 بینراوە


پاسەوانى سنوور وەك دەزگایەكى سەربازى كە ئەركى پارێزگارى كردنى سنوورەكانى عیراقى لە ئەستۆدایە، بەشێكى فراوانى سنوورەكانى عیراقیش كە وابەستەى سنورەكانى نێوانى هەرێمى كوردستان و ئیران، هەرێمى كوردستان و توركیا، هەرێمى كوردستان و سوریایە، پاسەوانى سنوور لەو بەشەى هەرێمى كوردستاندا لە شێوەى چەندین (لیوا) و لە چوارچێوەى یەك (فیرقە) ناوچەدا رێكخراوە، ئەگەرچى لە رووى حیزبیبوونەوە ئەم دەزگا سەربازیەش ئەگەر زۆر لە دەزگاكانى وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگەش حیزبیتر نەبێت و لەوان زیاتر حیزبایەتى و تارماییەكانى حیزب رۆڵى تێدا نەبینن ئەوا بێگومان لە ئاستى ئەواندایە، بەهەمان شێوەى دەزگاكانى تر لەناو پاسەوانى سنووریشدا حیزبایەتى كردن تا ئاستى سزادانى پاسەوانەكان لەسەر بیروڕاى سیاسى و نانبڕینیان بوونى هەیە، ئەم راپۆرتە بەشێكى سەرەتایى دەرخستنى گەندەڵیەكانى لیواى سێى پاسەوانى سنورە لە سنوورى سلێمانى و لە ژمارەكانى داهاتوودا زۆرترین گەندەڵى و كارى نایاسایى ئەم دەزگایە بڵاودەكەینەوە....!
سنوورى پێنجوێن و پاسەوانى سنوور..!
یەكێك لە هۆكارە یارمەتیدەرەكانى ئەم دەزگایە و بەرپرسەكەى بۆ ئەنجامدانى زۆرترین حاڵەتى نایاسایى و دەستكەوتنى زۆرترین داهاتى شەخسى گرنگى شوێنى كاركردنى ئەم دەزگایەیە كە سنوورى پێنجوێنە و وابەستەى مەرزى باشماخ و سنوورى بازرگانى ئێرانە، لێرەوە بڕوانن چۆن گەندەڵى و زۆربەى جۆرە نایاساییەكانى ترى هەڵسوكەوت و زۆرترین بەكارهێنانى دەزگاكە لە پێناوى بەرژەوەندى شەخسى و تایبەتیدا بەدیدەكرێت، پاسەوانى سنوور لە پێنجوێن بە پێى ئەو زانیاریانەى دەست گۆڤارەكەمان كەوتووە كارێكى نیە جگە لە پارەپەیداكردن و خۆ دەوڵەمەندكردن..!
دروستكردنى خانووى پاسەوانى سنوور قسمى پێنجوێن...!
لەناوەڕاستى ساڵى (2005)دا خانوویەك بۆ بەرێوەبەرایەتى پاسەوانى سنوور قسمى پێنجوێن درووست دەكرێت، دروستكردنى ئەم خانووە دەبێتە هۆكارى تەقینەوە و ئاشكرابوونى چەندین گەندەڵى و كارى نایاسایى كە لە پێش ئەو بەروارەوە ئەنجامدراون، بەپێى زانیاریەكانى گۆڤارەكەمان ئەو خانووە بە مەبلەغێك پارەى دیاریكراو دروستكراوە و لەگەڵ ئەوەشدا مەبلەغێك پارەى لابەلاى لەسەر خوراوە، تایبەت بەم خانووە باس لەوە دەكرێت كە خانوویەكى پڕ كەم و كوڕى و نەشیاوە بۆ پاسەوانى سنوور بەڵام (مەلا ئەحمەدى دسكەرە) كە لێپرسراوى لیواى سێى سلێمانى پاسەوانى سنوورە، گازندەى نەشیاوى خانووەكەى خستۆتە ئەستۆى (عەقید محەمەد سەید سادقى) گوایە بە بڕیارى عەقید محەمەد دروستكراوە، لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤارى (شەن) عەقید محەمەد سەید سادقى تایبەت بە دروستكردنى خانوەكە وتى"مەلا ئەحمەدى دسكەرە بۆ پاكانەكردن و دورخستنەوەى خۆى لە گەندەڵیە گەورەكانى ناو لیواكە كە هێندە زۆرن ئەژمار ناكرێن، لە هەمان كاتدا لیوایەكى خستۆتە خزمەتى بەرژەوەندیەكانى خۆى و هاوكارەكانیەوە، وەك ئەو خانووە نەشیاوەیان لە پێنجوێن دروستكردووە بۆ ئەوەى كە تەنها سودى شەخسى لێبكەن واى نیشانداوە كە ئەو خانووە بە فەرمانى من دروستكراوە، ئەمە لە كاتێكدا كە من لە بەروارى 28/4/2005 بە فەرمانى ژمارە (377) گواستراومەتەوە بۆ سنوورى دەربەندیخان، بەڵام ئەو خانووە لە بەروارى 8/6/2005 دا بە نوسراوى ژمارە (425) داواى زەوى لە شارەوانى پێنجوێن بۆ كراوە، كاتێكیش دڵنیابوون لەوەى ئەگەر من بگەڕێمەوە گەندەڵیەكەیان ئاشكرا دەبێت لە رۆژى (3/7/2005) بە فەرمانى ژمارە (67) نوسراوێكیان بۆ كردم كە وەك فەرماندەى فەوجى دەربەندیخانى پاسەوانى سنوور بمێنمەوە و نەگەڕێمەوە بۆ پێنجوێن بۆ ئەوەى دزیەكەیان ئاشكرا نەبێت، وە ئەم خانووەش هاوشێوەى مەركەزى تازەدێ لە توتمان دروستكراوە لە نەشیاوترین جێگەدا بۆ ئەوەى زۆرترین ئیستفادەى شەخسى لێبكەن..!
پڕۆژەى رێگاى مەخفەرى بناوەسوتە..!
ئەو پڕۆژەیەى كە زیاتر لە سى ملیۆن دینارى لێ خوراوە.!
ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە تێكەڵە رێژكردن و كردنەوەى رێگا و كوتانەوە و دروستكردنى دیوارى لاتەنیشت و دروستكردنى ئاوبارە بۆ رێگاى مەخفەرى بناوەسوتەى پاسەوانى سنوور، ئەم پڕۆژەیە بە بڕى (32)سى و دوو ملیۆن دینار ئەنجامدراوە لە لایەن كۆمپانیاى سەلام بۆ بەڵێندەرایەتى گشتى، وەك لە نوسراوێكى كۆمپانیاكەدا بە واژۆى سەلام تاڵب فەرەج لە بەروارى(18/12/2006) دا هاتوە و پاش تەواو بونى پڕۆژەكە داواى سولفەى كۆتایى و ئیستلامى پڕۆژەكە دەكات، تا ئێستا بارودۆخى دروستكردنى ئەم بینایە ئاساییە ئەوەى گرفتە ئەو بڕە پارەیەیە كە بۆ ئەنجامدان و تەواوكردنى ئەم پڕۆژەیە وەرگیراوە، وەك عەقید محەمەد عومەر باسى دەكات ئەو پڕۆژەیە لە ژێر چاودێرى و بەسەرپەرشتى مەلا ئەحمەدى دسكەرە خۆى و هاوكارەكانى كراوە، عەقید محەمەد پێى وایە ئەم پڕۆژەیە (60 بۆ 70) ملیۆن دینارى لەسەر وەرگیراوە و تەنها (32)ملیۆن دینارى لە پڕۆژەكەدا خەرج كراوە، هۆكارى یارمەتیدەریش بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچونى كارەكانى ئەم پڕۆژەیە ئەوەبووە كە خۆیان سەرپەرشتیان كردوە و لیژنەیان بۆ پێكهێناوە و سەرپەرشتیان كردووە..!
قاچاخچێتى و كارە شەخسیەكانى پاسەوانى سنوور..!
بە پێى ئەو زانیاریانەى دەست (شەن) كەوتوون لە چوارچێوەى كارە ئاساییەكانى ئەم دەزگایەدا(پاسەوانى سنوور) چەندین كارى نایاسایى و قاچاخچێتى و هاتوچۆ پێكردنى ئێرانیەكان بەبێ بەڵگەو رێپێدان و تەنانەت بێ ئاگادار كردنەوەى ئاسایش رۆژانە ئەنجام دەدرێن، ئەم دەزگایە زۆرترین خەڵكى بە قاچاخ و بە مەبەستى دەستكەوتى شەخسى هاتوچۆ پێكردوە بەبێ ئاگادارى دەزگا پەیوەندیدارەكان، لەهەمان كاتدا هێنان و بردنى خزمانى ئێرانى وەك چۆن یەكێك لەو شۆفێرانە بەناوى (ئارام عەلى مەحمود) باس لەو جۆرە كارە دەكات و دەڵێت "لە بەروارى (21/3/2007) لەلایەن كاك رائد ئەركان و كاك ئەحمەد سیروانیەوە ئاگادار كرام كە شەش كەسى ئێرانى خزمى بەڕێز مەلا ئەحمەد بوون بیان بەم بۆ سلێمانى منیش تا سلێمانى بردمن تا رۆژى گەڕانەوەیان چومەوە بۆ كانى مانگا بە شوێنیاندا، وە دەڵێت كە بردمانن بۆ سلێمانى سیانیان لەگەڵ من بوون و سیانیان لەگەڵ رائد ئەركان بوون، بەڵام لە گەڕانەوەدا هەموویان لەگەڵ من رۆشتنەوە" دیارە ئەمە نمونەیەكى بچوكى ئەو جۆرە كارانەیە و چەندین حاڵەتى لەو شێوەیە رویداوە..!
بیروڕاى جیاواز لە ناو پاسەوانى سنووردا..!
عەقید محەمەد سەید سادقى پاش ئەوەى چەندینجار جێگۆڕكێ بە شوێنى كارەكەى دەكرێت و مەلا ئەحمەدى دسكەرەش بەو شێوەیە لە رونكردنەوەیەكیدا هۆكارى ئەو بڕیارانەى بۆ بونى بیروڕاى جیاواز نا گێڕێتەوە، بۆ رونكردنەوەى زیاتر لەوەڵامى پرسیارێكى (شەن)دا عەقید محەمەد سەید سادقى تایبەت بە رونكردنەوەكەى مەلا ئەحمەد وتى"لێپرسراوى لیواى سێ لە رونكردنەوەكەیدا دەڵێت كە هیچ كێشەیەكى لەگەڵ عەقید محەمەد سەید سادقى نەبووە لەسەر بیروڕاى جیاواز، بەڵام هەر خۆى بوو مقەدەم ئەحمەدى لە دەربەندیخان بانگكرد تا شاهیدى ناهەق بدات لەسەر من، گوایە من هاوكارى باڵى ریفۆرم و كاك ئاواتم كردووە، دوو شاهیدى ئامادە كرد كەسێكى تریش بەناوى (ع) كە لەناو دانیشتنەكەدا بوو بۆى باس كردم و لەگەڵ مقەدەم ئەحمەد ئامادە نەبوون شاهیدى ناهەق لەسەر من بدەن"ئەمە سەرەڕاى چەندین روداویتر لە هەردوو هەڵبژاردنەكەى 25/7 و 7/3 دا كە چۆن كاریان لە بەرژەوەندى لیستى دەسەڵات دەكرد، ئەگەر ئەوان پاسەوانى سنوورن و سەر بە عیراقن بە چ حەقێك وە بە چ یاسایەك لە كاتى هەڵبژاردنەكانادا سەرەڕاى هەڕەشە و چاو سوركردنەوە بە خەڵك دەڵێن دەبێت خۆمان دەنگت بۆ بدەین، سەرەڕاى دەركردنى زیاتر لە (40) ئەفسەر و پاسەوان لەسەر بیروڕاى جیاواز..!! هەروەها عەقید محەمەد سەید سادقى وەڵامى تۆمەتێكیترى مەلا ئەحمەدى دسكەرە دەداتەوە كە وتویەتى عەقید محەمەد سەید سادقى تەلاعوبى كردوە بە بەشە خۆراكى هێزەكەوە، لەو بارەیەوە عەقید محەمەد دەڵێت"من زیاتر لە (10) مەرز لەسەردەمى دەسەڵاتى خۆمدا لە سنوورى كارى مندا بووە، هیچ تەنەزولێكم بۆ كار و بەرژەوەندى خۆم نەكردوە و هاوڵاتیانى سنوورى پێنجوێن شاهیدى ئەو راستیەن كە من هیچ كاتێك دەسەڵاتم بۆ بەرژەوەندى خۆم بەكار نەهێناوە و سەرانەشم لە كەس نەسەندووە، كاتێكیش بە بڕیارى ئەوان و فەرماندەیى بە نوسراوى ژمارە (4906) لە بەروارى (27/6/2007) لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ بەدواداچونى تۆمەتەكانى ئەوان و لیژنەى لێكۆڵینەوە كە لە سێ بەرێزى پلەدار پێك هاتبوو بە سەرۆكایەتى(لیوا هاشم عەلى و ئەندامێتى عەمید نەبەز ئەحمەد كوردە و عەمید عەلى سابر ئەمین) هیچ شتێكیان لەسەر من نەبوو جگە لە سوپاس و ستایش و دەستخۆشى" چونكە بەڕاستى من نەك هەر ئیستفادەم لە پیشەكەم نەكردوە و بەكارم نەهێناوە بۆ كارى شەخسى بەڵكو موچەشیان خواردووم، سێ ختورە و زیادەى مەنسەب كە لە بەغداوە بۆ من هاتبوو بە سەپاندنى دەسەڵاتى خۆیان خواردیان، وە بۆ رونكردنەوەى زیاتریش ئەگەر من كەسێكى خراپم بومایە بۆچى لە مانگى (5 و 6/2009)وە چەند جارێك خەڵك رادەسپێرن كە من بگەڕێمەوە بۆ لایان..!
مەلا ئەحمەدى دسكەرە كەل و پەل و شتومەكەكانى پاسەوانى سنوور دەباتەوە بۆ ماڵەكەى خۆى..!!
بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست گۆڤارەكەمان كەوتووە، گەندەڵى و خراپ بەكارهێنانى مومتەلەكاتى حكومەت و پێداوێستى دەزگاكە بەجۆرێك گەندەڵى و خۆ دەوڵەمەندكردنى لەسەر دەكرێت كە هەست دەكەیت وشەى گەندەڵى زۆر لاوازە لە ئاستى ئەو دونیا بێسەرەو بەرەیەى دەزگاكەدا لە كوێى دنیادا بووە بەرپرسى دەزگایەك كەل و پەل و شتومەكى ناو دەزگاكە بباتەوە ماڵى خۆیان و وەك ئەوەى بە رەنجى شانى خۆى پەیدایكردبێت بە حەڵاڵى بزانێت، بڕوانن مەلا ئەحمەدى دسكەرە و هاوكارەكانى چیان لەو دەزگایە كردووە..؟ فەرمون جۆر و بڕ و بەروارى بردن و ژمارەى مستندى اخراج مخزنى ئەو شتومەكانە ببینن، لە بەروارى (28/7/2005)دا دوو تاقم قەنەفە كە ژ.مستندى اخراج مخزنى (639357) ە بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە دوو بەروارى جیادا (9/5/2005 و 1/12/2005) دووسەلاجەى بە ژ.مستندى اخراج مخزنى (006012 و 656205)بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە دوو بەروارى جیادا (10/7/2005 و 1/12/2005) بە ژ.مستندى اخراج مخزنى (639295 و 656205) دوو تەلەفزیۆنى بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە بەروارێكى نەزانراودا دوو تەباخى (5) چاوى بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە سێ بەروارى جیادا (3/4/2005 و 4/7/2005 و 1/12/2005) بە ژ.مستندى اخراج مخزنى (575305 و 639267 و 656205) چل(40) دانە بەتانى بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە بەروارى (9/5/2005) بە ژ.مستندى اخراج مخزنى(006022) یەك كامێراى ڤیدیۆ كە بە بڕى (3600)دۆلار كڕدراوە بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە بەروارى (7/12/2005) بە ژ.مستندى اخراج مخزنى (656622) یەك چەكى ویزەى بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە بەروارى (9/3/2005) بە ژ.مستندى اخراج مخزنى (575198) سێ (3) هاندى مۆبایلى بۆ ماڵى خۆى بردووە، یەك جیهازى پەیوەندى (میدیا تیلیكۆمى بەخەتى ئینتەرنێتەوە) كە ادخال و اخراج نەكراوە بۆ ماڵى خۆى بردووە، لە بەروارى (7/11/2005) بە ژ.مستندى اخراج مخزنى (656159) سێ (3) سۆپاى (كیرۆنا)ى بۆ ماڵى خۆى بردووە، سەرجەم ئەم كەل و پەلانەى بۆ ماڵەكەى خۆى بردووە جگە لە بەشە میلاكى خۆى كە بەرى كەوتووە...!!
جۆر و ژمارەى ئەو دەمانچانەى كە لەناو مەخزەن بردویەتى دابەشیكردووە بەسەر كەسانى دەرەوەى بەڕێوەبەرایەتیەكەدا...!!
بە پێى هەمان سەرچاوەى گۆڤارەكەمان لە بەروارى (1/3/2005) ەوە تا بەروارى (21/12/2005) مەلا ئەحمەدى دسكەرە بڕى (43) دەمانچەى لە جۆرى (بریتا گڵۆك) لەناو مەخزەنى دەزگاكە بردۆتە دەرەوەى مەخزەن و دابەشى كردووە بەسەر كەسانى دەرەوەى بەڕێوەبەرایەتیەكەدا، كە بە ژمارەى ادخال مەخزەنى (552681) دەست پێدەكات و بە ژمارە (656226) كۆتایى دێت، جێگاى ئاماژەیە ئەم (43)دەمانچەیە لە چواردە بەروارى جیادا لە لایەن (مەلا ئەحمەد) بەرپرسى لیواى سێى سلێمانى پاسەوانى سنورەوە براونەتە دەرەوەى دەزگاكە و لە هەر بەروارێكیاندا بە ژمارەى جیاواز دەمانچەكانى بردووە، بەروارەكان لە (1/3 و 18/4 و12/5 و 31/5 و 19/6 و 28/6 و 24/8 و 25/8 و 5/10 و 18/10 و 21/12) وە سەرجەمیان لە ساڵى (2005)دا براونەتە دەرەوەى بەڕێوەبەرایەتیەكە..هەروەها ژمارەى اخراج مەخزەنى دەمانچەكانیش (552681، 575260، 575298، 639481، 656603، 575275، 575281، 575288، 639484، 656602، 656626)ە، جێى باسە چەندینجار لەناو خودى دەزگاكەدا بە وتەى عەقید محەمەد دەنگى ناڕەزایى بەرزبۆتەوە و دەزگا پەیوەندیدار و تەنانەت حیزبیشیان لێ ئاگادار كردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا كەس لێپێچینەوەى لەو هەموو گەندەڵى و كارە نایاساییە نەكردووە..!
سكاڵایەك بۆ بەردەستى تاڵەبانى...!
عەقید محەمەد عومەر فەرەج ناسراوە بە (حەمە سەید سادقى) لە نامەیەكیدا (مام جەلال) سەرۆك كۆمارى عیراق و سكرتێرى گشتى (ى.ن.ك) ى لە گەندەڵى و كارە نایاساییەكانى (مەلا ئەحمەدى دسكەرە) بەڕێوەبەرى پاسەوانى سنوورى سلێمانى ئاگاداركردۆتەوە، بەوتەى محەمەد سەید سادقى جگە لە تاڵەبانى ئاگادارى نامەى داوەتە (لیژنەى لێكۆڵینەوە و بە دواداچون) و مەكتەبى سیاسى (ى.ن.ك) و تەنانەت لە نزیكەوە لەگەڵ ئەندامێكى مەكتەبى سیاسى باسى بارودۆخەكەى كردوە، سەرنج بدەنە دەقى ئاگادارى نامەكە
"بۆ بەڕێز هەڤاڵ مام جەلال بابەت زانیارى دەربارەى بەڕێوەبەرى پاسەوانى سنوور... من كە بەرپرسى فەوجێكم لە بەڕێوەبەرایەتى پاسەوانى سنوورى سلێمانى بە پێویستم زانى بەڕێزت ئاگادار بكەم لە شێوازى مامەڵەى بەڕێوەبەرى پاسەوانى سنوورى سلێمانى (مەلا ئەحمەدى دسكەرە)
یەكەم لە رووى ئیداریەوە: تواناى بەڕێوەبردنى ئەو بەڕێوەبەرایەتیەى نیە و شارەزانیە لەرووى ئیداریەوە لەسەرەتاى دەست بەكاربوونى تا ئەم كاتە زیاتر لە (600) كەس وازیانهێناوە و وەزارەتى ناوخۆى حكومەتى فیدڕاڵى عیراقیش كەس دانانێتەوە لە شوێنیان بۆیە ئەمەش گرفتێكى گەورەیە كە هێزەكانى پاسەوانى سنوور ئەركیان پاراستنى سنورەكانە زۆرجار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى فریاكەوتن تەنسیق دەكرێت بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەركەكان گەرنا هێزەكانى پاسەوانى سنوور ژمارەیان كەمە بۆ ئەركەكان، گەر وا بڕوات پاسەوانى سنوور بە تەواوەتى هەڵدەوەشێتەوە، گوێ ناگرێ لە ئەفسەر و كارمەندەكان تەنها خزمەكانى خۆى نەبێت كەس ناهئَنێتە پێشەوە"
دووەم دزى و بە فیڕۆدان:
1/ پارە و مومتەلەكاتى بەڕێوە بەرایەتیەكە بە ئارەزووى خۆى بەكاردێنێ، چەندین سەیارەى بەخشیوە بە (لێپرسراوە حیزبى و حكومیەكان) بۆ مەبەستى بەرگریكردن لێى، ئەمە لە كاتێكدایە كە چەندین مەخفەر هەیە كە سەیارەیان نیە هاتوچۆى پێبكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان پارچە چەكى لە جۆرى (كڵاشنكۆف و دەمانچە)ى پاسەوانى سنوورى بەخشیوە لە كاتێكدا كە تائێستاش بەشێك لە پاسەوانەكان بێ چەكن..!
2/ چەندین سندوق فیشەكى كڵاشنكۆفى برد كە ئاشكرابوو لیژنەى لەسەر دروستكرا سندوقەكانى هێنایەوە لە برى فیشەك (چەو و لمى) تێكردبوو.!
3/ سەرفكردنى (11000000) یانزە ملیۆن دینار لە پارەى بەڕێوەبەرایەتى بەمەبەستى دروستكردنى بینا بۆ حیمایە، بەڵام دەركەوت لە مەزرەعەكەى خۆى خانوى پێدروست كردوە.!
4/ دروستكردنى بیناى سریە و بەنزینخانە و چێشتخانە لە رێگەى لیژنەیەكى دروستكراوەوە، ئەو بڕە پارەیەى كە تێى چووە لە نیوەى زیاترى بۆ خۆى بووە بۆ نمونە دروستكردنى بیناى سریە نزیكەى (25)دەفتەر دۆلارى تێچوە كە بە نیوەى ئەو بڕە پارەیە دروست دەكرا.!
5/ لەو كاتەوەى بوەتە بەڕێوەبەر تا ئێستا سامانێكى زۆرى كۆكردۆتەوە بۆ نمونە خانویەكى هەبوو لە گەڕەكى ئاشتى تەختى كردوو دروستى كردەوە لە هەمان شوێندا بەبڕى (20)دەفتەر دۆلار، جگە لەمەش خانویەكى ترى كڕیوە بە بڕى (24) دەفتەر دۆلار كە زانى ئاشكرا بووە خانوەكەى فرۆشت، مەزرەعەیەكى دروست كردووە لە معەسكەر سەلام كە پارەیەكى ئێجگار زۆرى تێچوە، سەیارەیەكى كڕیوە بە پارەى بەڕێوەبەرایەتى بەمەبەستى هاتوو چۆ بۆ بەغداد كە ژمارەكەى (43562 سلێمانى)ە و لە جۆرى (كرۆلا)یە و تا ئێستا ئەو سەیارەیە نەچۆتە بەغداد، لە هاتووژۆى سلێمانى (تا ئێستاش بەناوى كەسێكەوەیە نەك دائیرە)
6/ لە مەخزەنى بەڕێوەبەرایەتى دوو تۆپ كومبار و چەندین سەلاجە و تلیفزیۆن و تاقم قەنەفەى بردووە بۆ خانوەكەى خۆى.
7/ وەرگرتنى چەندین هەزار دۆلار لە ئەمریكیەكان مانگانە سەرفكردنى بە ئامانجى تایبەتى خۆى.
8/ بۆ مۆلیدەى ماڵەوە سود لە گازوایلى بەڕێوەبەرایەتى وەردەگرێ كە هەمیشە مۆلیدەكەى ئیش دەكات لە ماڵ، چەندین ئەمپێرى داوەتە دراوسێ و كەسە نزیكەكانى خۆى لە هەمان كاتدا حسەیەكى كەم دەدرێتە مەخفەرە سنووریەكان لە (گاز و بنزین)
سێیەم:......بابەتێكى تایبەتە و لە لایەن گۆڤارەكەمانەوە سانسۆر كراوە........!!!!
*گەورە و بەڕێزمان ئەم كارانەى سەرەوە مشتێكن لە خەروارێك لەسەر دزى و كارە نایاساییەكانى مەلا ئەحمەد، ئەم جۆرە كەسانە یەكێتى تەنها وەك ئامانجێك بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆیان بەكاردەهێنن بەڕێزتان خاوەنى بڕیارن..
لەگەڵ رێزدا عەقید/ محەمەد عومەر فەرەج
جێگاى ئاماژەیە هەوڵى چەند ئەفەسەرێكى پاسەوانى سنوور وەك لە نامە و وتەكانى عەقید محەمەد عومەر سەید سادقى دەردەكەوێت بەردەوام و پشوو درێّژى پێوە دیارە بڕوانن ئەم ئەفسەرە پاش بێهیوابوونێكى تر لە نامەیەكیدا داواى چى لە مەكتەبى سیاسى (ى.ن.ك) دەكات..؟
بۆ/ بەڕێز مەكتەبى سیاسى (ى.ن.ك)
بابەت/ داواكارى
پاش سڵاو و ئیحترام
بەڕێزتان ئاگادار ئەكەین كە ماوەى ساڵێك زیاترە لە پاسەوانى سنووردا چەند كێشەیەك دروست بووەكە هەموو لایەك ئاگادارە لێى بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.
من كە ناوم لە خوارەوە هاتووە وە چەند ئەفسەرێكى ترى پاسەوانى سنوور، چەند داواكاریەكمان هەیە كە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە وە كێشەكەشمان گەندەڵى و تەكەتولە لەناو ریزەكانى پاسەوانى سنووردا.
داواكرین لە بەڕێزتان كە چارەسەرى كێشەكەمان بكەن وە یاخود یەكێك لەم داواكاریانەمان بۆ جێبەجێ بكەن.
1/ وازهێنان لە ریزەكانى (ى.ن.ك)
2/ گواستنەوەمان لە پاسەوانى سنوورەوە بۆ هەر جێگایەك كە پێتان باشە.
3/ خانەنشین كردنمان.
4/ چارەسەرى كێشەكانمان لە پاسەوانى سنووردا.
لەگەڵ رێزدا عەقید محەمەد عومەر فەرەج


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە