سکاڵا بۆ شەنگال

Wednesday, 13/08/2014, 12:00

2177 بینراوە


لەتیف هەڤرێست

(بە بۆنەی هێرشە دڕندانەکەی دەستەی تێرۆرکاری داعش بۆ سەر شەنگاڵ و کووشتنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیە یەزیدیەکان)

هەڵمەت هێنرا
بە ڕۆژی ڕووناک، لە لایەن تاریکیەوە
لە لایەن هێزێکی ڕەشەوە
کە لە مەڵبەندێکی نزیکەوە
وەکو پەتا هەڵمەتیان هێنا.

دەعش دەردەڕەشە
لە ناکاو دای بە سەر "شەنگاڵ" دا
یاساووڵگە
بەجێ هێڵرا، ترسنۆکانە پارێزگە چۆڵکرا
دیواری پارێزگاری ڕما.

چاوگەلی پڕ بریسکە
ترس تێیدا قەتیس ماو
بە زارەترەکی کەلێنی هەوا کون دەکەن
جەستەی بەزێنراو، ژن - مناڵ - پیاو
تەختی زەوی کراو
دەستیان لە پشتەوە بەستراو.

یاساووڵی ڕەشپۆش وەکوو شەوی نووتەک
شێوەی بەڵا، بەڵای نێردراوی خوا
بە دڕندەیی چاودێرییان دەکەن
لە چاوەڕوانیی مەرگدا
لە چاوەڕوانیی "زیندەباچاڵکردن" یاندا.

چاوەڕوانیەکی تار و پڕ دڵتەنگی
زبر، گڕ، بەڵام بە ئاگا - دەدرەوشێتەوە
زۆر برسی، بە هەڵپە
ئەوان پەلی هەست دەهاوێژن، ئێمەش پەلی هەست دەهاوێژین
بە دوای وورەیەکی بەرزدا
وورەیەکی خۆشیبەخش و نەپێکراو.

ئەی یەزیدیان ئەی نەوەی پاکژی
ئەمە لاوانەوەی منە بۆ ئێوە
سکاڵای منە دژی ئەوانەی خیانەتیان لێتان کرد
دۆزەخی هەمیشەگیش بۆ جەنگاوەرنی خوا.

ڤیەننا ٩ ئابی ٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە