کشانەوەی پەکەکە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان وە یان ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕی سوریا؟!!

Wednesday, 15/05/2013, 12:00

1727 بینراوە







تێبینی ئەم نوسینە سەرچاوەی لەو وتارەوە گرتوە کە بەڕێز نەبەرد فوئاد لە پێگەی ئەلەکترۆنی خەندان دا بڵاوی کردۆتەوە بە ناونیشانی:

كورده‌كان بۆ بینینی‌ خواردنی‌ دڵی‌ مرۆڤ ده‌چن ....سەرچاوە:
http://www.xendan.org/drejaWtar.aspx?NusarID=444&Jmara=5040

سەرەتا دەست خۆشی لە بەڕێزیان دەکەم بۆ ئەو وتارە و منیش هاوڕام لەگەڵ ئەو بیروبۆچونەی ئەو بەڵام لەوەش زیاتر من لەو باوەڕەدام و گومانی ئەوەم لا دروست بوە کە تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و بەرەی هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەوڵ دەدەن هانی کوردەکان بدەن بە تایبەتی پەکەکە و لایەنە سیاسیەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی دەست بدەنە چەک و هاوکاری لە ئەمریکا و تورکیا و قەتەر و سعودیە وەربگرن بۆ ئەوەی شان بە شانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی و ئیسلامی لە سوریا دژی بەشار ئەسەد و هێزەکانی بجەنگن

بۆچی من ئەم گومانەم لا دروست بوە ئەوە بۆ خوێنەران و شیکارکارانی سیاسی کوردی بە جێ دەهێڵم کە لە نێوان هەواڵە ڕۆژانەکانی سوریا و ناوچەکەدا ئەو وەڵامە بدۆزنەوە بەڵام تەنها شتێک کە دەیڵێم و مەبەستی سەرەکیشم لەم نوسینە ئەوەیە کە:
ئەگەر تورکیا بە خۆی و بە بێ یارمەتی ئەمریکا و قەتەر و سعودیە و وڵاتانی ئەوروپا بیتوانییبا دەست بخاتە ناو کاروباری سوریاوە ئەوە بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد نەدەکرد و بێ سێ و دوو وەک لە ساڵی 1998دا کردی هێزی سەربازی دەبردە سەر سنوری سوریا و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە سوریا دەکرد و وەک چۆن ئەوسا بە فشار هێزەکانی پەکەکەی لە سوریا وەدەرنا ئێستاش هەمان شێوە ئەوەی دەکرد کە دەیەوێت!
بەڵام دیارە بەربەرەکانێی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانانی زۆر لە تورکیا بەهێزترن و بۆیە بە ناچاری و لە ژێر فشاردا تورکیا ئاوڕی لە پەکەکە و کێشەی کوردی لە تورکیادا داوەتەوە و دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتیش بێت کورد و چەکی کورد بێ دەنگ بکات دژ بە تورکیا تاوەکو بتوانێت لەو ڕێگەیەوە ئامانجی خۆیی و بەرەی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وە دی بهێنێت.
سەیرە تورکیا کەی ویستی هێزەکانی پەکەکەی لە سوریا وەدەرنا و ئێستاش وا پێ دەچێت هێزەکانی پەکەکە بە تایبەتیش ئەو گەریلایانەی کە هاوڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانن بنێرێتەوە بۆ سوریا بۆ ئەوەی ناچاریان بکات لولەی ئەو چەکانەی کە هەڵیان گرتوە وەربگێڕنە دیمەشق.

گەلۆ کوردینە ئامان هاوارە فریا کەون نەهێڵن ئەو شەڕەی کە عەرەب و ئیسلام و ئەمریکا و ڕوسیا و فەرەنسا و چین و چەندین وڵاتانی تر بۆیان یەکلایی ناکرێتەوە با بە توش کوردیەوە نەکەن و خوێن ڕشتنەکە نەخرێتە ئەستۆی ئێمە!!
ئێمە هەمومان شانازیمان کرد بە کوردی ڕۆژئاواوە کە توانیان بەلانس بپارێزن و ئاشتیخواز بن لە ناوچەیەکدا کە هەمویان شەڕخوازن
بۆیە دەسا فریا کەون ئەمجارەش کورد لە ڕۆژئاوا و باکور و باشور نەکەونە داوی ئەو تەڵەیەی کە خەریکە بۆمان ساز دەکرێت

ڕەنگە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بڵێن کوردینە گەر ئازادیتان دەوێت فەرمون شەڕ کەن بەڵام خۆ کوردی ڕۆژئاوا عاقڵانە و تا ڕادەیەکی باش نیوەی ئەو ئازادییەی بە خوێنێکی کەم بەدی هێنا ئێستا خێرە لەم ئەخیرەیدا دەتانەوێت دەستی کوردیش وەک خۆتان بە خوێنی بێ تاوانان سوور کەن

هیوادارم مەبەستم پێکا بێت تەنها پەرۆشی بۆ ڕاوەستانی خوێن ڕشتن و وەدی هێنانی ئاشتی لە پشت نوسینی ئەم وتانەوەیە سوپاس بۆ هەموان



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە