گرنگ..بۆ سەرجەم كەناڵەكانى ڕاگەیاندن بەیاننامەى ناڕەزایى بنەماڵەى شەهید خالد گەرمیانى

Tuesday, 14/07/2009, 12:00

1712 بینراوە


بنەماڵەى شەهید سەر لەبەیانى ئەمڕۆ ڕێكەوتى 14 /7/2009 بە مەبەستى ئاگاداركردنەوەى سكرتێرى گشتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان لە بارودۆخى خراپى كەس و كارى شەهیدان و پەراوێزكردنیان لە لایەن حكومەتى هەرێمەوە و چەند مەسەلەیەكى پەیوەندیدار بە ناوچەى گەرمیان سەردانى مام جلال مان كرد وە بۆچوونى بنەماڵەكەمان لە سەر ئەو كێشانە لە چەند خاڵێكدا خستە بەردەم سكرتێرى گشتى یەكێتیەوە بەڵام زۆر بەداخەوە هەر لە گەڵ خوێندنەوەى یەكەم خاڵدا بە توڕەیى و ناڕەحەتیەكى زۆرەوە نوسراوەكەمانى فڕێدا و ئامادە نەبوو تەواوى نوسراوەكە بخوێنێتەوە .
ئێمە دەپرسین لە جەنابى مام جلال ئایە ئەگەر بۆچونەكەمان هەڵەش بێت نەدەكرا لە جیاتى توڕە بوون دانتان بە خۆتاندا بگرتایەو خاڵەكانى تریشتان بخوێندایەتەوە و كێشەكانمانتان بۆ چارەسەر بكردبایە . ئێمە قەناعەتى تەواومان هەیە كە بۆچەنەكانمان 100% تەواوە و خەڵكى دەڤەرى گەرمیانیش پێیان وایە كە ناوچەكەیان لە چاو ناوچەكانى تردا شتى زۆر كەمى بۆ كراوە . ئەم توڕە بوونە لەم كاتە ناسكەدا كە یەكێتى نیشتمانى تیادا تێپەڕ دەبێت كارێكى باش نیە هەر یەكێتیش پێ ى زەرەرۆمەند دەبێت كە ئێمە بەشێكى گرنگین لە دروست بونیدا بەڵام ئەمڕۆ پەراوێز كراوین.
هاوپێچ/ نوسخەیەك لەو داواكاریە كە خراوەتە بەردەم مام جەلال


بنەماڵەى شەهیدى فەرماندە خالد گەرمیانى
14/7/2009 كەلار


-------------------------
بۆ زۆر بەڕێز جەنابى مام جەلال سەرۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵ
 سڵاوێكى زۆر گەرم
 سەرەتا بە خێرهاتنى گەرمى بەڕێزتان دەكەین بۆ دەڤەرى گەرمیانى شەهید بەخش و هیواى سەركەوتنتان بۆ دەخوازین
 وەك بەڕێزتان ئاگادارن كە دەڤەرى گەرمیان لە سەرجەم شۆڕشەكاندا درێغى نەكردووە و لەو پێناوەدا سەددان هەزار شەهیدى بەخت كردووە وە لەو كاروانەشدا بەردەوامە .
  ئەمڕۆش كە گەلەكەمان لە كوردستانى باشور شێوازێكى ترى خەبات پەیڕەو دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانى خۆى كە ئەویش بەشدارى كردنە لە حكومەت و پەرلەمانى مەركەز لە بەغدا لە گەڵ ئەو حكومەت و پەرلەمانەى كە لە كوردستانەكەى خۆشماندا هەیە . دیارە ئەو ئازادییەى كە ئەمڕوِ لە سایەیدا ئەحەوینەوە بەرهەمى ماندوو بوونى شۆڕشگێرەكانى ڕێگاى ڕزگارى كوردستان و لە سەروى هەموویانیشەوە ئەو شۆڕشگێڕانەى كە گیانى خۆیان كردووەتە قوربانى نەتەوەكەیان . شەهید خالید گەرمیانیش كە پێویست ناكات من بە شان و باڵیدا هیچ بڵێم چونكە من زۆر دڵنیام كە جەنابتان زیاتر لە ئێمە خەباتى شەهیدەكەمان دەزانن و لە بەر چاوتانە . لە گەڵ هیواى سەركەوتن و تەمەن درێژى بۆ بەڕێزتان چەند تێبینیەك ئەخەینە بەردەم بەڕێزتان كە بە خزمەت بگەڕێتەوە بە سەر ناوچەى گەرمیان بە گشتى و شۆڕش گێرەكانى ڕۆژانى سەختى خەباتى كوردایەتى كە لەم چەند خاڵانەدا بە كورتى ئاماژەى پێ ئەكەم .
   1 ناوچەى گەرمیان لە چاو ناوچەكانى ترى هەرێمدا هیچێكى واى بۆ نەكراوە وا پێویست دەكات كە لەمەولا گرنگیەكى زیاترى پێ بدرێت بودجەى زیاترى بۆ تەرخان بكرێت چونكە ئەگەر ئەو كارە نەكرێت ئەو جەماوەرە شۆڕشگێرە توشى دەیەها پرسیار دەبن .
 2 سەرجەم كەس و كارى ئەنفال كراوەكان بە یەك چاو سەیر بكرێن و هەوڵ بدرێت بە زوترین كات تەعویز بكرێنەوە و تاونبارو بكوژانى كەس و كارەكانیان بە سزاى ڕەواى خۆیان بگەن.
 3- وەكو بنەماڵەى شەهید خالد گەرمیانى داوا لە بەڕێزتان ئەكەین كە پێشینەى عەقارى بە بێ وەرگرتنى سود بێت چونكە مللەتى كورد مللەتێكى موسڵمانە و سود خستنە سەر پێشینەى عەقاریش پێچەوانەى بناماكانى ئیسلامە و لە بەر ئەوەى لە لایان هاوڵاتیانەوە رەت كراوەتەوە و بۆشاییەكى گەورەى لە نێوان دەسەڵات و جەماوەردا دروست كردووە .
 4- كەس و كارى سەربەرزى شەهیدان بە گشتى و شەهیدانى سەنگەر بە تایبەتى ئاوڕى زیاتریان لێ بدرێتەوە چونكە ئەوەى تا ئێستا كراوە وەك پێویست نیە وپەیوەندى حكومەت و كەس وكارى شەهیدان پەیوەندیەكى زۆر لاوازە و بەرەو لاوز تر دەڕوات ئەگەر هەوڵ نەدرێت كێشەكان چارەسەر بكرێت لێرەدا ئێمە وەك نمونە كێشەى خۆمان دەخەینە ڕوو ئەوەش بێ ئەوە نیە هیچ مەبەستیەكى مادیمان لە وروژاندنى ئەو كێشەیەدا هەبێت چونكە ئێمە وەك بنەماڵەى شەهید خالید گەرمیانى بە شانازیەوە دەیڵێن كە لە ڕۆژێكدا خەباتمان كردووە كە ئامادە بووین سەریشمان پێشكەش بە مەسەلە ڕەواكەى گەلەكەمان بكەین بەڵام زۆر بە داخ و كەسەرەوە تا ئێستا وەك پێویست ئاوڕمان لێ نەدراوەتەوە كە بەشێكیان بۆ بەڕێزتان باس دەكەین.
  1- لە ساڵى (2000)ە وە كە ماڵمان گەڕاوەتەوە كوردستان تا ئەمڕۆ لە لایەن بەرپرسەكانى یەكێتى نیشتمانیەوە سەردان نەكراوین . وە لەو كاتەشەوە تا ئەمڕۆ چەندین جار ویستومانە سەردانى بەڕێزتان بكەین كە مافێكى زۆر سادەیە بۆ كەس و كارى شەهیدان بە گشتى و فەرماندەو سەركردە قارەمانەكان بە تایبەتى بەڵام بە هیچ شێوەیەك هاوكاریمان نەكراوە بۆ ئەو مەبەستە دواتریش دوو نامەمان بۆ بەڕێزتان ناردووە كە تا ئەمڕۆ هیچ وەڵامێمان نەدراوەتەوە.
  2 دیاردەى مووچەى تایبەت بۆ هەندێ شەهید و بێ بەشكردنى شەهیدانى تر وەك شەهید خالید گەرمیانى  و شەهیدانى تریش ئێمەى زۆر نیگەران كردووە چوونكە وا هەست دەكەین كە خوێنەكان جیاوازیان هەیە بۆیە داواكارین مووچەى شەهیدەكەمان هاوشێوەى مووچە تایبەتاكانى تر بێت و بە یەك چاو سەیر ئەو مەسەلە بكرێت چونكە شەهیدەكەمان لە ڕۆژانێكدا خەباتى كردووە كە ڕۆڵى سەركردەكانى ئەمڕۆ  ئەبینێ .
  هیوادارم و داواكارم كە لەمەولا هەنگاوى جدییانە تر لە لایەن بەرپرسانەوە بدرێت هەم لە ڕوى خزمەت كردرنى ناوچەكەوەو هەم بە خزمەت كردنى كەس وكارى شەهیدان و ئەنفال كراوەكان لەم سنورەدا .ئیتر بۆ پێشەوە بە هیواى خۆشى و سەركەوتنتان
 
 بنەماڵى شەهیدى سەركردە خالید گەرمیانى
 گەرمیان / كەلار   13 / 7/ 2009
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە