ئەفسانەشار

Friday, 17/10/2014, 12:00

1348 بینراوە




کویلەکانی ئەهریمەن و
کۆنە گەماڵی کەنداو و
گورگە دێزەکان ئەنادۆڵ،


سەرزەویان سەروبن کرد
گەڕان سوڕان
کۆیانکردەوە دڕندەی
خاڵی لە هەست
بێ ناسنامەو بێ باب و زۆڵ،

جرجە کوێرەکانی زێراب
شەمشەمەکوێرەی تاریکی،

هەموو هاتن
بۆ خامۆشکردنی گزنگ
بۆ کپکردنی ڕوناکی،

ئەوان وتیان
لە ڕەگەوە دەرتان دێنین
هەر هەموتان هەڵ ئەلوشین
مەزنتریش بن لە ڕوبار،

وتیان وڵاتتان پڕ ئەکەین
لە دڕندە
لە دێوو درنجی شێت و هار،

ئەک ڕوو ڕەش بن
فەرمانڕەواکانی جهان
پول پەرست و سەرمایەدار،

چەن لە مێژە
زەویتان پڕ پڕ کردووە
لە دەلەسەی بیقەدار،

ئازادی هەر سەر ئەکەوێ
خاکی ئێمە تژی بووە
لە هەڵۆی چاو تیژو تەوار،

تەماشاکەن کۆبانی کورد
گۆڕەبانی بەرخۆدانەو
مێژو پێی ئەڵێ
سەروەرم
تەنها هەر تۆی
ئەفسانە شار،،،

کوردۆ شوانی
12/10/2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە