ئازادى دەسەڵات یا ئازادى جەماوەر

Monday, 14/06/2010, 12:00

1741 بینراوە


ڕووداوى تیرۆرى سەردەشت عوسمان نمایشى ئازادى هێنایە سەر شانۆى سیاسى كوردستان. هەركام لە ئاكتەرەكانى ئەم نمایشە كە جەماوەرى كوردستان و دەسەڵات بوو دوو وێناى جیاوازى ئازادىیان نەخشاند. دەقى ئەم نمایشە كێشمەكێشى نیوان ئەم دوولایە بوو لەسەر ئازادى ڕادەربڕین ،كە تیایدا جەماوەر ئەم ئازادیەى بە مافى خۆى دەزانى و دەسەڵاتیش نەفرەتى لێدەكرد. ئەمە ڕوداوێكى مێژوویى بوو كە وەك ڕووداوە مێژوویەكانى تر كاریگەرىیان تەنها بە زەمەن ناپێورێت بەڵكو بەڕادەى قوڵى كاریگەرى ئەم ڕووداوە دیارى دەكرێ لە پانتایى بیركردنەوەى جەماوەر لەسەر ئازادى خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵاتدا . خەڵكى كوردستان بەتەجروبەى خۆیان بینیان كە دەسەڵات ئازادى ڕادەربڕینى ئەوانى بە پێشیلكردنى "یاسا"ى دەسەلاتدارێتى خۆى دەزانێ ودەیەوێت " ئه‌م فه‌وزایه‌ " نەهێڵێت. دەرسێك كە لەسەر شەقام جەماوەر فێرى بوو ئەوەیە ئەوەى خەڵك بە ئازادى خۆى دەیزانێ دەسەڵات بە مۆتەكەى خۆی دایدەنێ. ئەوەى دەسەڵاتیش بە یاساى ئازادى دایدەنێ لاى جەماوەر پێوەرى قسەكردنە بەدڵى دەسەڵات و پیاهەڵدانە بە كۆیلایەتى سیاسیدا.
سەردەشت وەك كاراكتەرى ئازادى جەماوەر ئەم نمایشەى بە نوسین و ڕەخنەكانى لەدەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانى و دەسەڵاتدارانى كوردستان دەست پێكرد و دەورى خۆى بە لێدانى زەنگێك دانا كە خەڵكى كوردستانى هێنایە مەیدان لە پێناو ئازادى دا. جەماوەریش وەك ئاكتەرێكى بەرپرسیار لە ئازادى نەوەكانى خۆى، شەقامەكانى كوردستانى بەدەستەوە گرت و هەموو شوێنێكى كردە تەختەى نمایشى ئازادى . لەبەرەى بەرامبەریشدا، دەسەڵات بە دوو ڕووى ترس و هەڕەشەكردنەوە خۆى نیشاندا. ترسى دەسەڵات لەو كاتەدا دەستى پیكرد كە ئازادى ماناى ڕاستەقینەى خۆى پەیدا كرد لەدواى ئەوەى ئەم قسانەى سەردەشت لە زمانى ملیۆنەها ئینسانەوە بەرز بوەوە كە دەڵێ " ئێرە ئەم وڵاتەیە كە نابێت بە سەرۆكەكەت بڵێى موچەكەت چەندە؟ بۆ كوڕو نەوە و خزم و كەسوكارت ئەم هەموو پۆستە سەربازى و حكومییەیان پێدراوە؟ نەوەكانت ئەم هەموو سامانەیان لەكوێ بوو؟ جا ئەگەر یەكێك جورئەتى ئەوەى كرد و ئەم پرسیارانە بكات، ئەوا سنوورى ئەمنى قەومى وڵاتەكەى بەزاندووە و دەكەوێتە بەر رەحمەتى تفەنگ و قەڵەمەكانى ئەوان".
هەر لێرەوە جەماوەرى كوردستان بەزمانى سەردەشت كەوتنە جەدەل لەگەلأ دەسەڵاتدا، خۆپیشاندانەكانى كوردستان و دەرەوە دژى تیرۆرى سەردەشت پەیامى نەترسى ئازادى ڕەخنە و جورئەتى ڕەخنەگرتنى جەماوەر بوو لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. ترسى دەسەڵاتیش لەم پەیامە بو كە ئەم نمایشى ئازادیە هەڵیگرتوە،پەیامى ئەوەى ئازادى بێ قەیدوشەرتى ڕادەربڕین بەمەرجى پاراستنى خوارەوە لە دەسەڵاتى سەرەوە دادەنێ. پەیامى پاراستنى ئەم ئازادیەى لە كوردستاندا خەڵك بە قوربانیدان بەدەستى هێناوە و بەدریژەپیدانى خەباتیش دەیپارێزێ. ئەم پەیامە لە بەردەركى سەراى سلێمانیەوە زۆر بەڕۆشنى درا بەگوێى دەسەڵاتداراندا كاتێك ئاسۆس هەردى ووتى" له‌رێگه‌ی تیرۆری سه‌رده‌شت‌و سۆرانه‌وه‌ دیانه‌وه‌ێت پێمان بڵێن ته‌نها ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ین‌و ئه‌وه‌ی به‌ پێوه‌ره‌كانی ئێمه‌ قسه‌ نه‌كات... ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی... ئێمه‌ش لێره‌وه‌ پێیان ده‌ڵێین سه‌رده‌می تاریكی به‌سه‌رچوو، سه‌رده‌می تیرۆری نهێنی به‌سه‌رچوو، ئه‌وه‌ی پێیوایه‌ به‌م رێگه‌یه ده‌توانێ خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌مۆ بكات، جگه‌ له‌لێدانی زنگی مردنی خۆی هیچی ده‌ستناكه‌وێت، مردنێك كه‌ ئه‌مجاره‌یان وه‌ك بڕیاره‌كانی ئێوه‌ له‌ ژووره‌ تاریكه‌كاندا نادرێت، به‌چه‌ك جێبه‌جێ ناكرێت، مه‌رگێكه‌ به‌هێمنی‌و به‌ ئاشتی‌و له‌رێی ده‌نگی ئێوه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت".
هەربۆیە دواى خامۆش بونەوەى خۆپیشاندانەكانیش دەسەڵات دەیەوێت حسابى خۆى لەگەلأ ئەم ئازادى بێقەیدوشەرتى جەماوەر یەكلایى بكاتەوە. ئەمە بەڕۆشنى لە ووتارى هەردوو حزبى دەسەڵاتداردا هاتوە لەلایەك هەڕەشەكانى بارزانى لە خەڵك بەوەى " پێویستە عاقڵانیتر هەڵسوكەوت لەگەڵ بابەتی‮ ‬ئازادی‮ ‬و رادەربڕین لەهەرێمدا بكەین و دەبێت وریا بین و بەناوی‮ ‬ئازادییەوە مافی‮ ‬كەس پێشێل نەكرێت" و"تێپه‌ڕاندنی ئه‌م سنورانه‌ له‌مه‌ودوا قابیلی قبوڵ نییه‌‬" . هەروەها یەكێتیش لە زمانى مەلا بەختیارەوە كە دەڵێ" ورده‌ ورده‌ لیتاوی‌ ئه‌و ئاوه‌ رژاوه‌ی‌ ئازادی‌ بێ‌ قه‌یدو شه‌رتی‌ سیاسی‌، مه‌ترسی هه‌یه‌ كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌تری‌ لێبكه‌وێته‌وه‌ ". ئەمانە نیشاندەرى ئەو ڕاستیەن كە خەڵك دواى ئەم تەجروبەیەى شەڕى لەگەلأ دەسەڵاتدا لەسەر ئازادى ڕوبەڕوى دەسەڵاتێكە كە لەدوێنێى ناچێت و هەرچۆن دەسەڵات دەزانێ جەماوەریش جەماوەرەكەى دوێنێى پێش مەرگى سەردەشت نیە. ئەم كێشمەكێشە بەردەوام دەبێ و لەكاتێكدا پارتى و دەسەڵات دەیانەوێ ئەم جەماوەرە بەدیار لیژنەى لیكۆڵینەوەى تیرۆرى سەردەشت بێ شێو سەرپێبنێنەوە و خۆیان خەریكى سەپاندنى یاساى قەیدوشەرتى ئازادیەكانى خەڵكى كوردستان بن، پێویستە بەرەى ئازادیخوازى كوردستانیش تەفسیر و دەرسەكانى خۆیان لەبارەى ئەم نمایشى ئازادیەى خۆیان و یاساى ئازادى بێقەیدوشەرت ڕۆشنتر بەیان بكەن وە تەسلیم بە ڕوانگە و لیكدانەوە و بیانوەكانى دەسەڵات بۆ بەرتەسكردنەوەى ئازادى نەبن. لەڕوانگەى ئەم بەرە ئازادیخوازەوە لێرەدا هەوڵدەدەم لەسەر سیناریۆكانى كپكردنەوەى ئەم ڕوداوە و ئازادى بێقەیدوشەرتى سیاسى و یاساكانى دەسەڵات و نەخشەكانى داهاتوو و كاركردى ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەى بێدەنگ نابین قسەبكەم.
سیناریۆكانى بەلارٍِێدابردنى كەیسى سەردەشت
دواى بێدەنگیەكى سەیر و زۆرى دەسەڵات پارتى بە بەیانێكى مەكتەبى سیاسیان هەوڵى بەلاڕێدابردنى فشارەكانى سەرخۆى دا و بۆ ئەمەش مەسەلەى تیرۆرى "سەردەشت"ى خستە چوارچێوەى كێشەى بزوتنەوەى گۆڕان و دەسەڵاتەوە . كەوتە هەڕەشە لەگۆڕان و لەم ڕێگەیەوە هەڕەشە لە هەموو ئەو كەسانەى لە دژى پارتى قسەیانكردوە و ڕژاونەتە سەرشەقامەكان. ئەمە سیاسەتێك بوو كە كەیسى ئازادى كە لە ڕووداوى تیرۆرى سەردەشتەوە هاتبوە ڕوو تیكەڵاو كرد بە كەیسى ململانێى نیوان گۆڕان و پارتى ،تاكو پارتى هەم بتوانێ هەڕەشەكانى لە خەڵكى ناڕازى بە شێوازێكى وا بكا كە ئاگرى ناڕەزایەتیەكان كڵپە نەكا و گۆڕانیش لەم مەیدانە دەربكا. ئەوەى گۆڕان وەك ئۆپۆزسیۆن قازانجى لەم ناڕەزایەتیانە كردوە بەرامبەر بە پارتى ناتوانێ پارتى لە ژێربارى بەرپرسیارێتى بەرامبەر بە تیرۆرى سەردەشت دەربازبكا. شەڕى گۆڕان وپارتى لەسەر دەسەڵات شەڕى خەڵك نیە و سود وەرگرتنى گۆڕان لەو ناڕەزاتیە بەدژى پارتیدا بۆ خزمەت بەم شەڕى دەسەڵاتەیەتى نەك شەڕى ئازادى. ئەم حزبانە دەكرێ لەسەر دەیان شت كێشەیان بێت و ڕوداوەكان بەقازانجى خۆیان بقۆزنەوە بەڵام ئەمە هیچ ناگۆڕێت لەوەى كە خەڵك بەرامبەر بەدەسەڵات لەسەر ئازادى ڕادەربڕینى خۆى هاتۆتە وەڵام و ئەم مافەى خۆى دەوێ بەسەر دەسەڵاتداراندا بسەپێنێ. ئۆپۆزسیۆنى گۆڕان هەر بەهرەبەرداریەك لەم ڕوداوە بكات ئەوە كارى جەماوەرى ئازادیخوازە كە بەدواى ئامانجەكانى خۆیەوە بێت لەم حەرەكەتەدا و نەبێتە پاشكۆى ململانێكانى نیوان گۆڕان و دەسەڵات. ئەوەى ئاشكرایە ئەمە بیانویەكە لەلایەن پارتیەوە بۆ هێرش كردنە سەر داخوازى جەماوەر و پارتى بەیاساى "هێرشكردن باشترین بەرگرى لەخۆكردنە " دەیەوێت خۆى لە بەرپرسیارێتى ئاشكراكردن و دادگایى ئاشكراى تاوانبارانى تیرۆرى سەردەشت دەربازبكا. ئەمەش بەلاڕێدابردنێكى ئاشكرایە و سیناریۆیەكى تەمەن كورتە بۆ داپۆشینى كەیسێكى كراوەى تەمەن درێژ.
هاوكات سەرۆكى پارتیش وەك سەرۆكى هەرێم كەیسى تیرۆرى سەردەشتى كرد بە كەیسى تیرۆرى قوتابیەك كە یاسا لیكۆڵینەوەى لەسەر دەكات و بكوژان دەگرێ و دادگاییان دەكا و ڕایگەیاند كە "روداوی تیرۆركردنی جوانه‌مه‌رگ سه‌رده‌شت عوسمان له‌قالبی خۆی ده‌ربڕاو هیچ رێزێك له‌یاساو ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌نرا، ناكرێ هه‌مو شتێك ئیستغلال بكرێت‌و فه‌وزا دروستبكرێت‌و رێگه‌ بده‌ن بۆ ئه‌و روداوه‌ یاسا ده‌ور ببینێت"وە" خه‌ڵكانێك سه‌رقاڵی شتی رواڵه‌ت‌و لاوه‌كین ‌و زۆرینه‌ی شته‌كان ئیستغلال ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی په‌یامێكی چه‌واشه‌یی لێ دروستبكه‌ن". ئەمە لەقاڵبدانى كەیسى ئازادى یە بۆ كەیسى گەڕان بەشوێن تاوانباراندا بەپێى یاساى دەسەڵاتداران و چاوەڕێ بوون كە لیژنەى لیكۆڵینەوە تیرۆریستان بدۆزێتەوە و" گه‌ر پێویستی كرد داوای هاوكاریی فه‌نی له‌هه‌ر پسپۆڕێكی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكه‌ن، تاكو له‌پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا یارمه‌تیده‌ربن.". كەیسى سەردەشت كەیسیكى جنائى نیە بەتەنها تاكو وەك هەر كوشتنێكى تر بەپێى یاساى جنائى چارەسەر بكرێ ، بەڵكو كەیسێكى سیاسى یە. كەیسى ئازادیخوازێكە كە لە شەڕى ڕەخنە لەدەسەڵاتدا تیرۆركراوە. كەیسى ئازادى ڕادەربڕینە كە یاسا نەیتوانیوە بیپارێزێ لە بنەماڵەى دەسەڵاتدار . ئەمە كەیسى هەڕەشە و گرتن و لێدان وكوشتنى رۆژنامەنوسانە لە كوردستان كە تائەم ڕوداوە لیژنەیەكى لیكۆلینەوەى لەلایەن دەسەڵاتەوە دانەنراوە و كەسێك لە تاوانباران نەدۆزراونەتەوە و دادگایى بكوژێك نەكراوە و تەنانەت پێش تیرۆرى سەردەشت سەرۆكى هەرێمیش باسى نەكردوە. ئیتر چۆن دەكرێ كەیسى تیرۆرى سەردەشت بەو یاسایە و بەو دەسەڵاتە بسپێردرێ . ئەم یاسا و دەسەڵاتە ناتوانێ بكوژانى ئازادى بدۆزێتەوە و سزایان بدا چونكە یاسا و دەسەلاتێك نیە بۆ پاراستنى ئازادى ڕەخنەكانى سەردەشت و ئازادیخوازان لە كوردستان دانرابێ . هاربۆیە هەر لەقالبدانێكى كەیسى تیرۆرى سەردەشت لەقالبدانى كەیسى ئازادیە لە كوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە و بەلاڕێدا بردن و كپكردنەوەى ئەو هەوڵ وخەباتە جەماوەریەیە كە دەیەوێ ئازادى بێقەیدوشەرت بكاتە یاسایەك كە دەسەڵاتداران نەتوانن بەناوى یاساوە دەمكوتى خەڵك بكەن.
سەرەڕاى ئەم دوو هەوڵەش بۆ بەلاڕیدابردنى كەیسى تیرۆرى سەردەشت و لەقاڵبدانى بەڵام قورسایى ئەو كاردانەوەى جەماوەرى ئازادیخواز لە كوردستان ودەرەوە دەسەڵاتدارانى ناچاركرد كە بەزمانێكى ڕاستەوخۆ وبێپەردەتر بێنە جەدەل و ململانێى خواستى ئازادى خەڵك تابتوانن داوا و تەنانەت خەونەكانی خەلك لەمەڕ ئازادى بگۆڕن. هەربۆیە ئێمەش پێویستە رۆشنتر جیاوازیەكانى ئازادى دەسەڵات و ئازادى جەماوەر بخەینە ڕوو.
ئازادى دەسەلات یا ئازادى جەماوەر
بەڕاى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار تیرۆرى سەردەشت بەرهەمى بوونى ئازادى یە لە كوردستان. ئازادیەك كە سنور نازانێ لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدا. پرسیارى كفرئامێز لە بنەماڵە و سەرۆكى دەسەڵات دەكات و سڵ ناكاتەوە. بەلاى دەسەڵاتەوە ئەمە ئازادى نىیە ، مەسعود بارزانى لەپەرلەمانى كوردستاندا دەڵێ" ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ ده‌كرێت ئازادی نییه‌، ئه‌مه‌ فه‌وزایه‌ خه‌ریكه‌ ره‌وشتی كوردایه‌تی‌و مرۆڤایه‌تی تێكده‌چێت، به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌‌و به‌بێ سه‌به‌ب هجوم ده‌كرێته‌ سه‌ر مافی هه‌ر كه‌سێك‌و ئه‌وجا ئه‌و مافه‌ به‌خه‌ڵك ره‌وا نابینین به‌پێی یاسا به‌رگری له‌مافی خۆیان بكه‌ن،" و " ئه‌مه‌ ئازادی نییه‌ ئه‌مه‌ خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌شه‌ ئازاده‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان به‌تێكۆشانی هه‌مولایه‌ك هاتۆته‌ ئاراوه‌، نابێت چیتر ئه‌مه‌ قبوڵ بكرێت، نابێ چیتر ئازادیی هاوڵاتییان‌و مافیان به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ پێشێل بكرێت. ".له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم له‌و وڵاته‌دا یاسا ده‌بێ سه‌روه‌ر بێت بۆ هه‌موان‌و كه‌س له‌سه‌روی یاسا نه‌بێت، ئازادی هه‌یه‌و خه‌ڵك مافی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‌و ره‌خنه‌گرتنیان هه‌یه‌، به‌ڵام رێگه‌ نادرێت قیه‌می میلله‌تێك تێكبدرێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و قیه‌مانه‌ ناگونجێ، رێگه‌ی یاسایی بۆ هه‌ر تاكێكی كورد كراوه‌یه‌، به‌ڵام نابێت پێشێلكردنی یاسا دوای هه‌ر روداوێك ببێت به‌دیارده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی".
ئەمە تەفسیرى دەسەڵاتە بۆ ئازادى. ئازادى بریتیە لە ڕێزگرتن لە یاسایەك كە دەسەڵات دایناوە. ئازادى واتە ڕێزگرتن لە داب ونەریت و موقەدەسات و قیەمێك كە بەناوى میللەتەوە ناونراوە. ئایا ئەمانە پێناسەى ئازادى خەڵكە لەبەرامبەر دەسەڵات یان پێناسەى ئازادى دەسەڵاتە لەبەرامبەر خەڵكدا؟ لەكاتێكدا باسى ئازادى باسكردنە لە ئازادى بیروڕا و ئازادى تەعبیر لەخۆكردنى تاك و جەماوەرە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا. باسى ئازادى خۆدەرخستنى سیاسى ئینسانەكانە و بەپلەى یەكەم مسۆگەركردن وپاراستنى مافى هاوڵاتیانى خوارەوەیە كە سەرەوەى دەسەڵاتدار دەبێت پابەندبێت پێى. ئەگەر ئەم ئازادیە بەیاساكانى دەسەڵات قەیدوشەرتى بۆ دابنرێ ئیتر هیچ وەسیلەیەكى پاراستن و داكۆكیكردن و بەدیهینانى مافەكانى تاك و جەماوەرى خوارەوە نامێنێتەوە و دەسەڵات هەرچۆن سەرچاوە وداهات ودەسەڵاتى كۆنترۆل كردوە ئەوا ئیرادە و ئارەزوو و هەوڵەكانى خوارەوەش كۆنترۆل دەكات. دانانى ئەم قەیدوشەرتانەى یاسا و داب ونەریت بۆ ئازادى واتە دژایەتى هەر ئاڵوگۆڕێك لە كۆمەڵگادا ،واتە چەق بەستنى دۆخى سیاسى وكۆمەڵایەتى ئیستا. نەبونى ئازادى ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵاتى میلیشیایى ،كە بارزانى لەسەر ئەم ڕەخنەیە بەئاشكرا لە شاشەى تەلەفزیۆنەكانەوە ڕایگەیاند لەكوردستان ڕەخنەگرێكى وا شاربەدەردەكا. نەبونى ئازادى ڕەخنەگرتنە لە ئیسلام كە بەپێى یاسا كۆڵەكەى یاسادانانە و ڕێگا نەدان بە ڕەخنەگرتن لە فرەژنىیە لەبەرئەوەى یاساى بارى كەسێتیە. نەبونى ئازادى ڕەخنەگرتنە لە فەرهەنگى بەسوك سەیركردنى ژنان و ڕێزنەگرتن لە منداڵان كە بەپێى ترادسیۆنى كۆمەڵایەتى زاڵە . كەواتە ئەوەى دەسەڵات لەمەر ئازادى باسى دەكا ئازادی دەسەڵاتە لە هێشتنەوەى وەزعى مەوجوددا كە بەرژەوەندیەكانى ئەو دەپارێزێ نەك ئازادى جەماوەر لە دەربڕینى خواست و بەرژەوەندیەكانى خۆی.
بەڵام بارزانى ڕۆشنى ناكاتەوە كە ئەگەر ڕاستە "له‌و وڵاته‌دا یاسا ده‌بێ سه‌روه‌ر بێت بۆ هه‌موان‌و كه‌س له‌سه‌روی یاسا نه‌بێت" بۆچى دەزگایەكى ئەمنى وەك پاراستن لەسەروو یاساوە هەیە و سەربە هیچ بەشێكى حكومەت نیە؟ بۆچى نیچیرڤان بارزانى كە ئیستا هیچ پۆستێكى حكومى نیە پیشوازى سەفیرى سویدى و كۆرى دەكا ؟ بۆچى بنەماڵەكەى سەروەت و سامانەكەیان ئاشكرا ناكەن بەپێى یاسا؟ بۆچى كاتی هەلبژاردنەكان كە لە دهۆك و هەولێر بارەگاى حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دەسوتێنرێ و هێرش دەكرێتە سەریان یاسا سەروەر نیە و كاتێك رۆژنامەنوسان دەگیرێن و دەرفیندرێن ودەكوژرێن خەبەرێك لەم دەسەڵاتى یاسایە نیە؟ بەڵام كاتێك خەڵك ڕژانە سەرشەرقام دژى كوشتنى سەردەشت باسى خراپ بەكارهێنانى ئازادى لەلایەن دەسەڵاتەوە هاتە ئارا. گوایە ئەوانە ئازادى ومافى هاوڵاتیان پێشێل دەكەن و كەسایەتى كورد تێك دەدەن لەبەرچاوى دنیا و ئەمانە سنورى ئازادى بەزاندنە وڕێگەى پێنادرێ.! ئاشكرا نیە ئازادى كێ پێشلكرا كاتێك سەرجەم كوردستان دژى تیرۆرى ڕۆژنامەنوسێك ڕاپەڕى ؟!. ئازادى دەسەڵات پێشێل كرا لەوەى ڕێگانەدرا بەربەم خۆپیشاندانانە بگرێ؟ هەموو بەڵگەكان لەسەر پارتى و دەزگاى پارستنەكەى باسكرا لە تیرۆرى سەردەشتدا و كێ مافى پارتى پێشێل كرد كە بەپێى یاسا بەرگرى لەخۆى بكا و بیسەلمێنێ كە بێتاوانە؟ یان چ یاسایەك پیشیلكراوە لەلایەن خەلكى كوردستانەوە كە داواى ناساندن و سزادانى بكوژان و لیپرسینەوە لەدەسەڵاتداران دەكەن؟ بارزانى دەزانێ ئەم خۆپیشاندانانەى پارتیان بەبەرپرسیار زانى لە كوشتنى سەردەشتدا چیتر باوەڕیان بەم "بانێكە و دوو هەواى" دەسەڵات سەبارەت بە " یاسا ده‌بێ سه‌روه‌ر بێت بۆ هه‌موان‌و كه‌س له‌سه‌روی یاسا نه‌بێت" نەماوە و " ژماره‌یه‌كی كه‌م" كە ڕژانە سەر شەقامەكانى كوردستان " له‌گه‌ڵ ئه‌و قیه‌مانه‌ ناگونجێ " كە دەسەڵات دایناوە و پێشێلكردنی ئەم "یاسا"یانە دواى هەر ڕوداوێكى هێرشى دەسەڵات بوەتە دیاردەیەكى هەمیشەیى.
بۆخوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی وتاره‌که‌ تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=bad195f6

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە