ئەو کۆمێنتەی کەی ئێن ئێن دەرفەتی خوێندنەوەی نەدا!

Thursday, 20/06/2013, 12:00

1789 بینراوە


دوێنێ واتا ڕۆژی چوارشەممە کە تەوەر ئازاد بوو لە بەرنامەی(ئێستا) لە کەناڵی کەی ئێن ئێن، ئەم کۆمێنتەی لای
خوارەوە کە وەک خۆی دایدەنێمەوە بۆ بەرنامەکە نووسی بوو، بەڵام بە پاساوی دوورودرێژی کۆمێنتەکە ئامادە نەبوون
کۆمێنتەکەی من بخوێننەوە. سەیرە کەناڵێک هەمیشە خەریکی ڕەخنەبێت و تەوەری بەرنامەکە ئەوەبێت بە (ئازادیی بدوێ)،
بەڵام گەر ڕەخنەکەت لە خودی خۆیان بوو ئەوە بە پاساوێک دەرفەتی بڵاوکردنەوەی پێ نادەن.
ئەمەی خوارەوە کۆمێنتەکەیە وەک خۆی.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەک ئاگاداربووم کاک چۆلی بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا لە زمانی کوردییدا.لایخۆمەوە پیرۆزبایی لێدەکەم، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. لێرەدا بەباشی دەزانم باسی بێسەروبەری زمانی کوردیی بکەم. من لە کاک چۆلی و کەناڵی کەی ئێن ئێن بەتایبەتیی و هەموو کەناڵە کوردییەکانی دی بەگشتیی دەپرسم، ئایا بۆچی هیچ بایەخ بە زمانی کوردیی نادەن بەتایبەت ڕێنووسەکەی؟ ئایا هەر ئەوەندەی لێدەزانن ، یاخود بە گرنگی نازانن؟
گەر سەرنج بدەین هەر لە هەمان ئەو ڕۆژەدا کە کاک چۆلی ماستەری لە زمانی کوردییدا بە دەستهێنا، تەوەری بەرنامەکە لە بارەی ئەم ڕستەیەوە بوو(ئایا ڕاسپاردەی لایەنەکان هەنگاوێکە بەرەو سازانی نیشتمانی؟) سەرەتا: نیشتمانی هەڵەیە دروستە بنووسرێت نیشتیمانی پاشان سازانی نیشتیمانی هەڵەیە دەبێت بنووسرێت سازانی نیشتیمانیی بە دوو یا، چونکە بەو شێوەی ئێوەو هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەینووسن، وەک ئەوەیە بنووسیت سازانی باجی نیشتیمانی؟ دەبێتە ڕستەیەکی پرسیاریی. بۆ نمونە کچێک ناوی سازانە من لێی دەپرسم سازانی نیشتیمانی؟ واتا کچە ناوی سازانەو دایکی ناوی نیشتیمانە.
لەوانەیە هەندێک کەس پێکەنینی بەم شیکارییەی بەندە بێت،چونکە تەقەی سەریان دێت لەڕووی زمانناسییدا، بەڵام من گریانم بۆ زمانی کوردیی دێت. دیارە ڕێنووسی کوردیی لەسەر بنەمای دەنگەکان گونجێنراوە و زۆر بەڕوونی لەو ڕستەدا دیارە کە دەبێت بنووسرێت نیشتیمانیـی،بەڵام نیشتیمانی بەیەک - یا - تەنها یای پەیوەندییە و هیچی دی.نمونە: نیشتیمانی کوردەکان. سازانی نیشتیمانیـی. کە زۆر بە ئاسانی دەتوانین جیاوازیی ئەم دوو وشەیە بەدی بکەین لەو دوو ڕستەدا.
برنامەی (ڕۆژە جیهانیەکان)کە یەک لە بەرنامەکانی کەناڵەکەتانە ڕێنووسەکەی هەڵەیە جیهانییەکان بە دوو یا دەبێت بنووسرێت.لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن جا ئەوە کەی کێشەیە، یەک یا کەم بێت؟ کێشەکە تەنها یایەک نییە بۆ ڕووە فۆنەتیکییەکەی، بەڵکو بە زیاد کردنی یەک یا بە تەواویی واتای وشەکە دەگۆڕدرێت هەندێک جار لە ئاوەڵناوەوە دەبێت بە ناو. بۆ نمونە:
you are corrupt, and the goverment is full of corruption))
(یۆ ئاڕ کۆڕەپت، ئاند زە گاڤەرمێنت ئیس فوول ئۆف کۆڕەپشن.) ئەم ڕستەیە گەر ئێمە وەریبگێڕینە سەر کوردیی واتا: تۆ گەندەڵی، حکومەتیش لە گەندەڵیـی لێوانلێو بووە. ئێستا ڕوونە کە کۆڕەبت کە ئاوەڵناوە واتا: گەندەڵی لە ڕستەکەدا ئەو یایە یای پەیوندییە، و کۆڕەپشن کە ناوە واتا: گەندەڵیـی. کە بەداخەوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تەنها بە گەندەڵی دەینوسن، تەنها بە یەک یا. دەیان نمونەی دی هەیە، بەڵام ئەوەی کەمێک شارەزایی لە زماندا هەبێت باش تێدەگات کە ئەو- یا- زیادکردنە تەواو واتای وشەکە دەگۆڕێت و بەکارنەهێنانی ئەوەندەی دی زمانی کوردیی پێ لاوزدەبێت لە ئاستی زمانەکانی وەک ئینگلیزیی و عەرەبیی.
ماوەتەوە بڵێم: من زمانناس نیم تەنها ڕەخنەگرم، بەڵام لەسەر ئەو چەند وشە و نمونەیەی باسمکرد لەسەرەوە ئامادەم ڕووبەڕووی هەر زمانناسێکی کورد ببمەوە. هەر زمانناسێکیش بە بێ بایەخ لەو پرسە بڕوانێت و وابزانێت ئەوە تەنها یایەکی زیادەیەو هیچ پێویست ناکات، ئەوە بە قەد حەمە ئاشەوان لە زمان دەزانێت.
ئەوەی سەرەوە تەواوی کۆمێنتەکە بوو، پێم باشە هەندێک ڕستە و وشەی دی وەک نمونە باسبکەم هەر لە بارەی
گرنگیی ئەم یایەوە وەزارەتی ڕۆشنبیریـی دەبێت بەم شسێوەیە بنووسرێت نەک بە یەک یا وەک ئەوەی ئێستا هەموو
کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و خودی وەزارەتەکەش بەیەک یا دەینووسێت وەزارەتی ڕۆشنبیری.
بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژ کە ناوی بنکەیەکی ڕووناکبرییە بەو شێوەیە دەینووسن کە هەڵەیە دروستە بنووسرێت
بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ. لێرەدا من تەنها ئەو یایە بە گرنگ دەزانم نەک - و- چونکە - و- دەتوانرێت ڕێکەوتنی
لەسەر بکرێت، بەڵام ئەو یایە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت لاببرێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت چەند وشەیەکی نێو یەک لە وتارەکانی کاک کامیار سابیری نووسەرو زمانناس بکەم بە نمونە
کە بە بڕوای من زۆر بە جوانیی واتای کردووە.
رۆشنبیری کورد (المپقف الکوردی) - رۆشنبیریی کورد (پقافە الکورد)- رۆشنبیریی کوردیی(الپقافە الکوردیە).
ئایا گەر ئێمە ئەو یایە لابدەین کە من هەمیشە مشتوومڕم هەبووە لەسەری کەسێک هەیە بتوانێت ئەو وشانەم
بۆ وەربگێڕێت بۆ سەر زمانی کوردیی، یاخود کەسێک هەیە ئەم ڕستەیەم بۆ وەرگێڕیتە سەر زمانی کوردیی
بتوانێت کۆڕەپت لە کۆڕەپشن جیابکاتەوە و پەنا نەباتە بەرئەو یایەی کەمن بڕوام پێیەتی؟
you are corrupt, and the goverment is full of corruption

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە