بەیاننامەى كۆمەڵەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكان سەبارەت بە: ساڵڕۆژى جیهانى دژى مادەهۆشبەرەكان

Saturday, 26/06/2010, 12:00

1445 بینراوە


مادەهۆشبەرەكان ئەو بەڵا گەورەیەى كە ماوەى یەك سەدەیە هەڕەشە لە دانیشتوانى گۆى زەوى ئەكات و، كاریگەریە سلبیەكانى ئەو دیاردەیە لەهەموو ڕوەكانى ئابورى و كۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگیەوە تادێت زیاتر ئەبێت، هاوكات هۆكارێكیشە بۆ بەرزركردنەوەى ئاستى تاوان و دەسدرێژى و نائارامى لەوڵاتاندا.
بەو پێیەى كە عێراقیش لەرٍِووى ئابوریەوە بەشێكە لەو بازارە گەورەیە جیهان، كە بەهرەمەندە لە پێشڕەویەكانى تەكنۆلۆژیاو دەسكەوتەكانى بەشەریەت و لەماوەیەكى كەمدا تازەترین ئامێرو كەرەستەو داهێنانە نوێكان ئەگاتە دەستى خەڵكى، هاوكات كاریگەریە خراپەكانى ئەو سیستەمەى بازاریش كە یەكێك لە دیاردە خەتەرەكانى لەهەناوى خۆیدا حەشارداوە، لەگەلأ خۆى ئەیگەیەنێتە تەواوى وڵاتانى دنیا، ئەویش دیاردەى مادەهۆشبەرەكانە. بەم پێیەش درەنگ یا زوو دیاردەكە و بازرگاانانى و باندەكانى بڵاوكردنەوەى ئەو مادانە، بەمەبەستى سیاسى بێت یان دەسكەوتنى پارە یان هەردوكیان، سەرەنجام دەگەنە عێراق و كوردستان و بەكاربەرى مادەكان و كڕیار بۆ خۆیان پەیدا ئەكەن، سەرەداوەكانى ئەم ترسە لەئێستاوە دەركەوتوەو هۆشدارییەكانى وەزیرى تەندروستى عێراق كەتەنها لەماوەى یەك ساڵدا چوارجار هۆشدارى ئەوەییداوە كە خەریكە بەكارهێنانى مادەهۆشبەرەكان ئەبێتە دیاردەو كۆنترۆلأ كردنى كارێكى ئاسان نابێت، ئەمە جگە لەو ئامارانەى كە دەزگاكان خۆیان ڕیانگەیاندوە كە ژمارەى بەكار هێنەرانى مادەهۆشبەركان دەیان هەزار كەسى تێپەڕاندوەو بازرگانیكردن بەم مادانەوە یەكێكە لە "كار"ە پڕداهاتەكان.
لە كوردستانیش بەهەمان شێوە چەندین حاڵەت تۆمار كراوە، هەرلە بەكارهێنەرى ئەو مادانەوە تادەگاتە بازرگانان، بۆیە ئەركى حكومەت و دەسەڵاتە كە بەبەرنامەى ڕۆشن و بەهێزەوە بێنە مەیدانى ڕاستەقینەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكانەوە، هاوكات ئەركى كۆمەڵگایە كە لاوان بپارێزێت لەو دیاردە ترسناكە.
6/26 ى هەمو ساڵێك ڕۆژى جیهانى دژى مادەهۆشبەرەكانە كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە ڕاگەیەنراوەو زیاتر لە 135 وڵاتى جیهان ئیمزایان كردوە، كەدەوڵەتى عێراق یەكێكە لەو وڵاتانە. ئەمەش هەمان ئەو ئەركە ئەخاتە ئەستۆى حكومەت كە هاوشێوەى ئەو وڵاتانەى دنیا كاربكات بۆ نەهێشتنى ئاسەوارەكانى ئەو دیاردەیەو كۆمەڵگا لەبەڵاى مادەى هۆشبەر بپارێزێت و ووشیارى لەناو تاكەكانى كۆمەڵگادا برەو پێبدات و كاربكات بۆ هاوكارى توشبوان و گێڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەبڵگا وەك هاوڵاتى ئاسایى و خاوەن كەرامەتى پارێزراو. هەروەها توندترین سزاش بەسەر هەموو ئەو باندو دەزگایانە بسەپێنێت كە كار بۆ برەودان بە بڵاوبوونەوەى مادەهۆشبەر ئەكەن، جا ئەگەر لەئاستى تاكدا بن یان كۆمەلأ یان دەزگاى سەربەدەوڵەتان.
كۆمەڵەى قەلاچۆكردنى مادەهۆشبەرەكان بۆ ئەو مەبەستە دامەرزراوەو دڵنیاتان ئەكاتەوە كە هەموو شێوازێكى نوێ و كاریگەر بەكار ئەبەین بۆ بەرزكردنەوەى ئاستى ووشیارى خەڵك و پاراستنى گەنجان لە توش بوون بەئالوودەبوون و دەستكۆتا كردنى بازرگانانى ئەو مادانە.
2010/6/26

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە