ئایا پێكهاتنی بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت بە قازانج بۆ یەكێتیش ناگەڕێتەوە ؟

Tuesday, 20/03/2012, 12:00

1460 بینراوە







ئەگەر بەدیقەت لەوەزعی گشتی ئەو كاتەی كوردستان و بەتاایبەتی لەسەرو بەندی بەرزبونەوەی دەنگی نارەزایی خەڵك و فراوانبونی هەوڵی دەستێوەردانی ئەم و ئەو و ، نەبونی دامەزراوەی بە تواناو بەجورئەتی كۆكەرەوە و درەوشاوە و بوونی دەستێوەردانی زۆر لایەنی دەرەكی و ناوەكی خۆپارێزەوە، وردبینەوە . بۆمان جوان دەردەكەوێت كە بارودۆخێكی بابەتی وا رەخسابوو كە زۆرێك لە هەوادار و ئەندامانی حزبە عەلمانیەكان و خەڵك بە گشتی لەپەناوپەساردا بە نهێنی و نیمچە ئاشكراش تیڕوانینی خۆیان لەمەر سەردەمی نوێ و پێداویستیەكانی ،دەردەبری و، هەر ئەوانیش بە دوای مۆدێلێكی نوێی حزبایەتی و سیسەت و جێگایەكدا ویڵ بوون كە وزە و توانای خۆیان تێدا بەكار بێنن و، دوور لە هێزی دواكەوتوو و گەندەڵكار خزمەت بكەن . لە كاتێكدا، دەستەگەری و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە هەموو شوێنێك رەنگی دابووەوە، بەڵكو لە لوتكەدا بوو، لە بارودۆخێكدا كە بۆ حزبێكی پێشكەوتنخواز و تارادەیەكی باش فەراهەمكەری مەدایەكی باش لە ئازادی رادەربرین و نوێخواز، ئالەوكاتەداو، بە هاتنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەلی زێرینی كۆكردنەوەی ئەو هەموو بۆچوون و بیرورا وئاراستە جیاوازانە و، زویربوانی ناو خەڵك وحزبەكانیشی، رەخساند.
بەڵێ لەو كاتەدا، دوور لە ئاڵۆزیەكانی كاروباری حزبی و كێشەی ئیداری و سەلبیاتی ململانێی نێوخۆیی حزبی و، كەڵەكەبونی كاریگەری ناعەدالەتی حزبی و، بە ئاراستە و بۆچونێكی لیبراڵانەی پراگماتیانە، یەكەمین هەنگاوی بنیاتنانی بزوتنەوەی گۆران بە پشتخانە فراوان و هەمەچەشنەكەیەوە نرا.
دیارە لە سەرەتاوە، ئەگەر بە هەڵچون و كاردانەوە ی هەڵمەتی هەڵبژاردن دروستبونی حزب دەستی پێكرد، بەڵام بۆ ماوەیەكی درێژ بێ هیچ پاساوێك لەسەر رەوتی خۆی بەردەوام بوو و، لە هەوڵی لەناوبردن و كەمكردنەوەی كاریگەریی یەكێتی و نەهێشتنی ئەویتر و زاڵبونی كردەوەی شەخسی، بە شێوەیەكی سەلبی لە بەرێوەچونی كاروباری سیاسی خۆی، بەتایبەتی لەم دەڤەرەدا جەختی دەكردەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ بەلاكەوتنی قورسایی تای تەرازووی هێز بەلایەنێكی سەرەكی ساحەكە و ، پاڵپشتیەكی باشی پارتی كرد لە زاڵبونی لە سیاسەتەكانیدا و ، لەو نێوەندەشدا لە فشاری خۆی بەردەوام بوو وكارە حزبیە تایبەتیەكانی خۆی مەیسەر دەكرد و، تاماوەیەكی زۆریش لەو قۆناغی گواستراوەدا ئیستغلالی ئەو وەزع و واقعەی كرد و لە پێناو جێبەجێ كردنی كاروباری حزبی و بەدەستهێنانی ئامانجە تەسكەكان ، ئەو خاڵە لاوازانەی قۆستەوە . لە بەرامبەردا و لە هەمان كاتدا، دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو ململانێ سەختەیان ، یەكێتیی راچڵەكاند و تاڕادەیەك بە ئاگای هێنایەوە و لەو بەینەشدا هەموو تواناكانی خستە گەر و گۆرج و گۆڵیەكی بە كار و سیاسەتی خۆی بەخشی و پاش ماوەیەك لە شۆك وكاریگەریەكانی ئەو بارودۆخە توانی لەسەر قاچی خۆی بوەستێت و ئارامیەك بە جەستەیدا بێتەوە .
جگە لە قازانجە گشتیەكانی رەوتی سیاسی كوردستان و ئامانجە ستراتیجیە دوور مەوداكانی گەلی كوردستان و لەو رێژە بەرچاوەی كە لە ئارادا مایەوە لە ئاشتی و، ئازادی و تاحەدێكی باش، سڵەمینەوە لە گەندەڵی و بەرپرسیارێتی و دروستبونی ئاراستەیەكی فكری باش بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە پشت بەستن بە سەرجەم پرسە پەیوەستەكانی تایبەت بە خەڵك بە گشتی، لە رووی فكر و پراكتیكیش، لە لایەنی عەلمانیەت و عەقڵانیەت و دیموكراتیەت و ئاگاهاتنەوە لە هەڵەكانی مێژوو و سیاسەتی نێوخۆ و بارودۆخی خزمەتگوزاریی گشتی گۆمەڵانی خەڵك، دامەزرێندرا . دامەزراندنی گۆڕان تەكانێكی بەخشی بە بەرەو پێشەوەچونی وەزعی گشتی و كاریگەری راستەخۆی خۆی لەسەر وەزعی كۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵك دروست كرد، تا ئەو رادەیەی لەو قۆناغە تایبەتە گواستراوەدا بوو بە فریادرەسی پرسە نێوخۆكە و مانەوەی سیستمی سیاسی عەلمانی لە كوردستان و، بوو بەپەناگایەكی باشی خەڵكی نارازی و مانەوەیان لەسەر فكر و بیرو بۆچون و لانەدانیان لەو باوەڕەی هەڵیگرتون لەلایەكەوە و، گردبونەوەی ئەو هێز و توانا و عەقڵیەتە مۆدیرنانەی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی پێكاهاتەیەكدا مانەوە كە لەشێوە و ناوەرۆكیشدا زۆر جیاواز نەبێت ، بەڵام لە زەمین زەمانێك و سەردەمێكی جیاوازدا .
بێگومان بەدیهاتنی ئەو ئامانجانە و كۆكردنەوەی ئەو هەموو توانایانە و، ئەگەر لەبەر بارودۆخی خودی بەلایەن حزبە عەلمانیەكانی ترو بە تایبەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئیستیعاب نەكران و هێزە كۆنەپارێز و خودپارێزەكان لە خۆیان گرتبان، ئێستا هاوكێشە سیاسیە گشتیەكەی هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكە بەم شێوەیەی ئەمرۆ نەدەبوو . گریمانەی ئەوەش زۆرە كە لە ژێر فشاری لایەنە نەخوازراوەكان بوایەین، كە تا ئێستا بەدەست چەندین دیاردەی هاوشێوەی ناوەراست و باشووری عێراق و وڵاتانی دەوروبەردا دەمانناڵاند .
بۆیە، ئەگەر ئەم قۆناغەی ئەمرۆمان بە پلان و عەقڵیەتیی فراوان و رێكاری زانستیش نەهاتۆتەدی، بەڵام لە وەزعێكداین ،سەرەرای خاڵە سلبیە زۆرەكان، كە هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەجۆر هەلدەگرێت، بەڵام ئەگەر ئامانجە ستراتیجیەكان و واقعە نوێكە بخوێنینەوە، كە بە شێوەیەكی هەرەمەكی و لەدەرئەنجامی ململانێی سیاسیی و شەخسی و حزبی و بە پێیی ئەو ئاستەی خۆمان تا ئێستا ، زۆر لایەنی ئیجابیی لە بەرچاوماندایە و، بۆ سەرجەم پێشكەوتنخوازان بە خێر شكاوەتەوە . كەوابێت، لە بەرژەوەندی سەرجەم لایەنە عەلمانیە خاوەن بیرو هۆشە پرشنگدارەكانە و، لەو نێوەندەشدا ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت ، لە خزمەت ئامانجە گشتیەكانیش تەواو دەبێت و، لەوێشدا یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەو بارەوە قازانج دەكات. بۆیە وەبەرهیانی ئەم بارودۆخە و ئیستغلالكردن و ئیستعابكردنی پێشهاتە تازەكان ئەركی سەرەكی هەمو لایەنە روناكپەرستەكانە . ئەم ئەركە قورس و گرنگەش لە پاڵپشتیكردنی بیرو فكر و بۆچون و ئاراستەی رووندا خۆی دەبینێتەوە و، ەركێكە دەكەوێتە ئەستۆی سەرجەم لایەنە لەیەك نزیكەكان، لەویشدا دەتوانرێت بە لەبیركردنی هەر سلبیاتێكی پێشوو، كۆببنەوە و هاوپەیمانێتی ببەستن، لە پێناو بەگەرخستنی خەڵكە پێشكەوتنخوازەكە لە جێگە و رێگەی خۆیدا و ، لەوێشدا دەتوانین بڵێین رێگە لە زاڵبونی هێزی كۆنەپارێز دەگیرێت و، بە ململانێیەكی ئاشتیخوازانەی راست و دروستەوە مەودای فراوانبونی هێزی ناحەزان كەم دەكرێتەوە، هەر ئەمەش بە قازانج بۆ فكر و ئامانجە ستراتیجیەكانی خەڵك و پێكهاتە و قەوارە پێشكەوتنخوازە بیر پرشنگدارەكان دەگەرێتەوە و، ئەمەش وادەكات كە دەنگ و توانا و عەقڵیەتی نارازی بەفیرۆ نەروات و هەمووان لە رێگەی راستیدا بجوڵینەوە و خەبات بكەن و بە لارێدا نەبرێن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە