سەد دۆلاری تەزویرى بەرپرسێك بۆ ژنێكى سۆزانى

Wednesday, 22/01/2014, 12:00

1960 بینراوە





بڕێ پارەم لە خزمێ وەرگرت تا ئیشی پێوە بكەم و لەدەرفەتێكدا كە خۆم گرتەوە هەموو پارەكەى بۆ بگێڕمەوە، پارەكەم هێنا، بەخۆ و مێز و كورسیەكى بچووكەوە لەسووچێكى بازاڕی دۆلارفرۆشان لەنگەرم گرت، ڕۆژانە تێكە و لێكەى كڕینى دۆلار و فرۆشتنی دۆلارم پێ دەكرد، بەمەیش ژیانێكى ئاسوودە و ئاسایی دەژیام، وردە وردە متووم بەئیشەكەوە گرت، ماوەیەكی باش ئەوە پیشەم بووم، لەو بێنە و بەردەیەدا خەڵكانێكم ناسی و زیاتر چاوم كرایەوە هەرچەندە سەرەتا زۆر بەشەرمەوە دەستم دایێ تا واملێهات بوومە كەسێكە زیرەك.
لەو پیشەیەدا ڕوو بەڕووى دەیان كێشە هاتووم، هەوراز و نشێوێكى زۆرم بینى، وەلێ هیچیان بەقەد ئەو ڕووداوە ناخی نەهەژاندم كاتێ ئافرەتێك سەد دۆلاری بۆ ڕاگرتم تا بۆی ورد بكەمەوە و بۆی بكەمە پارەى ئێراقی.
وەرەقەكەم لێی وەرگرت، وەرەقەكە هەر لەدوورەوە هاواری دەكرد من تەزویرم، پارەكەم بەرز كردەوە دامە بەر ڕووناكى تا تەواو دڵنیابم ئاخۆ تەزویرە یان نا، وەلێ نە سیمى تێدابوو، نە وینەكەى ناوەوە، بەهەڵپەیەكەوە ڕووم كردە ژنەكە و پێموت: ئەو پارە تەزویرە ئەگەر ئێستا ڕاستیەكەم پێ نەڵێی بەیەك تەلەفۆن بانگى ئاسایشت بۆ دەكەم و بەگرتت دەدەم.
ژنەكە بەهەڵپەیەكەوە وتى: ئاااااادەى، بێنە تەماشایەكى بكەم.
پارەكەم وێ دایەوە، ئەویش نەختێ تێیڕاما، ئاهێكى قووڵی هەڵكێشا و وتى: ئاااای لەمنى بێیەخبار و سەر بەهەشێ، بزانە چۆن فێڵیان لێ كردم!
منیش بەتەوسەوە پێموت: فەرموو پێم بڵێ بزانم ئەو پارە تەویرەت لەكوێ هێناوە؟ لەكوێت وەرگرتووە؟ تكا دەكەم ڕاستیەكەم پێ بڵێی وەئەگینە ناچار دەبم هەر ئێستا تەلەفۆن بۆ ئاسایش بكەم، تۆ دەزانى سزای ئەو كەسانە چەند قورسە كە مامەڵە بەپارەى تەزویرەوە بكات؟
ژنەكە لچی لێ هەڵێنام و وتى: هێێێێی ئاگات لەدەمتبێ، بزانە چی دەڵێی؟ چیتر دەنگت بەرز مەكەوە با بەوای منەوە تۆیش نەگیرێی؟
سەیرم بەو قسانەى هات، بەپەرۆشەوە پێموت: خەیاڵت خاوە وا بەئاسانى بتەوێ بەو قسانە خۆت لێم قوتاركەى.
ژنەكە دووبارە هەناسەیەكى قووڵی هەڵكێشا و هەڵیدایێ: با بەسەرهاتى خۆم و ئەو سەد دۆلارە تەزویرەت بۆ بگێڕمەوە، دوێنێ شەو (.......)كە تۆیش ڕەنگە باش بیناسی، بەرپرسێكى دەستڕۆیشتووى ئەم شارەیە، دوێنێ منیان بردە لای، كە چوومە لای، داوای لێكردم ئەو شەوە تا بەیانى بە دوو وەرەقە لەلای بمێنمەوە و حەزیش دەكات لەگەڵ كەسێكى تر بەهەردووكیان سوارم ببن، منیش پێموت: مادام هەر وایە من ژنێك دەناسم بۆ نەچم بانگى ئەو بكەم تا هەر یەكەمان بۆ یەكێكتانبێ و دواتر سەروو وەرەقەیەكمان بدەنێ..كابرای بەرپرس سەرەى ڕەزامەندی بۆ لەقاندم و وتى: ئەوەش شتێكى ماقووڵە، دەبڕۆ ئاگاداری بكەوە و شەو لەو خانووەى ناو مەزرەعەكەمدا چاوەڕوانتان دەبین..
ئەو شەوە من لەباوەشی یەكێكیان و ژنەكەى تریش لای ئەوی دیكەیان بوو، تا بەیانى ئەوەى كردیان، كردیان، ئەوجا پێش ئەوەى بەڕێمان بكەن و لەجیاتى ئەوەى سەروو سەد دۆلارمان بدەنێ، كەچی بەهەردوكمان وەرەقەیەكى پێداین وتى: فەرموو ئەوەش بۆ خۆتان ورد بكەنەوە..بەهەردوكمان لەباتى دووسەد دۆلار، تەنها سەد دۆلاری پێداین ئەویش ئەو پارەیە كە تۆ ئێستا بەتەزویری دەزانى، بۆ بەیانى لەلای خۆمەوە پەنجا دۆلارم دەبەڕكدابوو دامە ژنەكە و بەڕێم كرد كە ئەو سەد دۆلارەم بۆ دەمێنێتەوە، سەد دۆلاریش تەزویر دەرچوو، من ئێستا خەم لەوە دەخۆم كە تا بەیانى ئەو كابرایە سوارم بوو، پەنجا دیناریشم لێی زەرەر كرد، هااااااا، ئێستا دڵت داكەوت، مورتاح بووى؟ دەى بۆ شكایەت ئەگەر دەتوانى هەر ئێستا تەلەفۆن بكە؟

منیش بەهەناسە سوارییەوە كە ناوى ئەو بەرپرسم بیست پێموت: جا لەم شارە پیاو دەوێرێ باسی بكات، بڕۆ خوات لەگەڵ نەهیچی من و نەهیچی تۆ.
لەسەرو ڕوخساریدا نائومێدیەكى زۆر دیاربوو، بە حەپەساوییەوە وتى: دەی تەلەفۆنكە با ئاسایشبێ و بمگرێ.
بەدەم تكا و پاڕانەوە پێموت: توخوا، تكا دەكەم كێشەم بۆ دروست مەكە ئەوەندە پاشەڵمان پاك نیە ئەوجا بكەوینە بەردەستیان.
ژنەكە جارێكى تر هەناسەیەكى قووڵی هەڵكێشا، لەبەر خۆیەوە وتى: ئاااااای چێم لێ بەسەرهات؟ ئێستا بەدەست بەتاڵی و بێ پارەیی چۆن بچمەوە ماڵ؟
هەستم كرد لەو سەد دۆلارە تەزویرە بترازێ هیچی پێ نییە تەكسى پێ بگرێ، بەزەیم بەحاڵی هاتەوە، لەجێوە لەیەك لەشەدە پارەكانى بەردەممدا دەهەزار دیناریەكم دەرێنا و بۆم ڕاگرت: فەرموو.
ئەویش بە دڵێكى خەمناكەوە پارەكەى لەدەست وەرگرتم، بێ خواحافیزى سەری خۆی هەڵگرت و ئەوناوەى بەجێ هێشت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە