هەژار كاكەیی: یەزیدییەکان باجی ئەو نیشتیمانپەروەرییەی خۆیان داوە

Friday, 22/08/2014, 12:00

2101 بینراوە


بە درێژایی مێژوو ئێزیدی كەلتور و ئایینی خۆیان پاراستووە
پێویستە ئەو گروپانە هێزی تایبەت بە خۆیان دروستبكەن
----------------------------------------
هەژار كاكەیی، پارێزەر و چالاكی كۆمەڵی مەدەنی لەچاوپێكەوتنێكی"رۆژی وڵاتدا" دەڵی؛ ئامانجی سەرەكی گروپی تیرۆریستی داعش لێدانی گەلی كوردە. پێویستە یەكگرتوویەكی هەمەلایەنە دروست بێت لەنێوان تەواوی لایەنەكانی كوردستان لەهەر چوار پارچە و یەكێتیەكی نەتەوەیی دروستبكرێت. كاكەیی دەڵێتیش:"گروپە ئەتنیكیەكان لەوانە ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك و ... بە درێژایی مێژوو دوجار باجیان داوە، جاریكیان لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و جارێكیان لەسەر ئایین و داب و نەریتی تایبەت بە خۆیان".

ئا/ رۆژی وڵات

* خوێندنەوەی بەرێزتان بۆ ئەم بارودۆخەی ئیستا كورد تووشی بووە لەباشوری كوردستان بەتایبەتی هێرشەكانی داعش لەشەنگال و دەوروبەری چیە؟
ـ داعش رێكخراوێكی تیرۆرستیە و بە پاڵپشتی هەندێك لە وڵاتانی زلهێز و نیاری كورد دروستبووە. هەر لە سەرەتاوە ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە ئامانجی سەرەكی لێدانی گەلی كورد بوو بەو تاكتیكەی كە وەك چەواشەیەك بە كاریانهێنا بۆ دەست بەسەرداگرتنی چەند پارێزگایەكی سوننەنشین كە بەشَێك لەو پارێزگایانە هاوسنورن یان بەشێكن لە ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان كە لە دەستوردا بە ناوچەكانی مادەی "140" ناو دەبرێت. دیارە كوردانی ئێزیدی پێكهاتەیەكی رەسەنی ئەم وڵاتەن و بە درێژایی مێژوو كەلتور و ئایینی خۆیان پاراستووە و بە درێژایی مێژووش باجی ئەو نیشتیمانپەروەرییەی خۆیان داوە و قوربانی دەستی دوژمنان و ناحەزان بوونە و لە لایەكی ترەوە كوردانی ئێزیدی پاڵشتێكی بەهێز بوونە لە سەركەوتنەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كە زۆر جوامێرانە جەوانانی ئێزیدی لە بەرەكانی جەنگ بوونە لە رۆژئاوا لە دژی داعش و گورزی جەرگبڕیان بەو رێكخراوە تیرۆرستیە گەیاندووە.

* دەبێت گەلەكەمان لەباشوری كوردستاندا چۆن رووبەرووی گرۆپی تیرۆریستی داعش ببێتەوە؟
ـ بە دیدی من لە ئێستادا كوردستان رووبەرووی مەترسیەكی گەورە و پلانێكی نێودەوڵەتی بۆتەوە. لێرەدا پێویستە یەكگرتوویەكی هەمەلایەنە دروست بێت لەنێوان تەواوی لایەنەكانی كوردستان لەهەر چوار پارچە و یەكێتیەكی نەتەوەیی دروستبكرێت. دور لەبیركردنەوەی حیزبایەتی و جیاوازی ئایدیۆلوژی؛ چونكە ئەوەی گرنگە ئێستا پاراستنی خاك و نەتەوەی كوردە لە هەرچوار پارچەی كوردستان. هەروەها بە بڕوای بەندە دەبێت كورد كۆتایی بەو برایەتیە بێنیت لە نێوان كورد و عەرەب كە بە درێژایی مێژوو كورد باجی ئەو برایەتیەی داوە. دەبێت هەر هۆزێكی عەرەبی كە هاوكاری و پشتیوانی ئەو تیرۆرستانە دەكات یان چاوساغیان بۆ دەكات پیویستە كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بكرێت و دەربكرێن بۆ دەرەوەی سنوری كوردستان و رەوانەی عەرەبستان بكرێنەوە. ڕەنگە هەندێك كەس ئەو بیركردنەوەیە بە بیركردنەوەیەكی شوفینی ببینن، بەڵام ئەوە راستیەكە؛ چونكە ناكرێت ئێمەی كورد هاوكاری ئەوان بكەین بە چاوی برایەتیەوە عەرەبیش پەلامارمان بدات بە دیدی دوژمن سەیرمان بكات.

* گەلی كورد بەگشتی چوون رووبەرووی ئەم مەترسی ببێتەوە بەرای بەرێزتان؟
ـ لە ئێستادا پێویستە گەلی كورد ورەیان زۆر بەرز بێت، كەس خاك و شوێنی خۆی چۆل نەكات و پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار خەڵك چەكدار بكەن و هێزی پشتیوانی لەو ناوچانە دروست بكرێت و لە شێوەی گروپ ڕێكبخرێن بۆ رووبەرووبونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی ناوچەكانیان؛ چونكە داعش ئەو هێزە نیە بتوانێت بەرامبەر بە رۆلەكانی كورد بوەستێت تەنها ئەوەندەیە ترس لەناو خەڵك بڵاو دەكاتەوە بۆ ئەوەی ورەی خەڵك نەمێنێت. هەروەها پێویستە گەلی كورد تێكرا لە هەرچوارپارچەی كوردستان لە خانەقین و جەلەولا و كەركوك و مەخمور و شەنگال و كۆبانێ و حەسەكە و تەواوی ناوچەكانی تر بە یەكدەنگ و بە یەك هەڵوێست رووبەرووی ئەو گروپە تیرۆرستیە ببنەوە.

* دەبی گروپە ئەتنیكەكانی وەكو ئێزیدیەكان، كاكەئیەكان، یارسان و... چۆن چۆنی هەڵوێستیان هەبێ لەبەرامبەر بەم گروپە تیرۆریستیە؟
ـ هەڵبەتە گروپەكانی وەك ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك و ... هتد زیاتر دەكەونە بەر مەترسی ئەو گروپە تیرۆریستانەوە؛ چونكە بەڕای ئەو تیرۆریستانە ئەو گروپە ئەتنیكیانە كافرن، بەڵام پێویستە ئەو گروپانە هێزی تایبەت بە خۆیان دروستبكەن و زیاتر ئیعتیماد بكەنە سەر هێزەكانی خۆیان بۆ پارێزگاری كردن لە خاك و نەتەوە و ناموس و داب و نەریتیان و ئەو گروپانە لە ئێستادا گەورەترین مەترسیان لەسەرە؛ چونكە ئەگەر وردبینەوە لە جوگرافیای دابەشبوونیان كەوتونەتە سنوری جیاكەرەوەی كوردستان و عەرەبستانی ئێراق لە ناوچەكانی خانەقین و داقوق و مەخمور و نەمرود و قەرەقۆش و شەنگال و زومار و...هتد ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو گروپانە بە درێژایی مێژوو دوجار باجیان داوە، جاریكیان لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و جارێكیان لەسەر ئایین و داب و نەریتی تایبەت بە خۆیان.

* لەئێستادا ئایا كاتی پێكهێنانی بەرەیەكی پاراستنی نەتەوەیی لەناو هێزەكانی بەرگی كورددا نەهاتووە وەكو پیشمەرگە، یەپەگە، هەپەگە، یەرەكە؟
ـ بە دلنیاییەوە لە ئێستادا كاتی هاتووە و بگرە دواكەوتووە و دەبوایە زووتر ئەو بەرەیە دروست بكرابایە، بەڵام نەچووە و ئێستا كورد پێویستی بە دروستكردنی سوپایەكی چەكداری یەكگرتوو هەیە لە لایەنەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان و وەك سوپای یەكگرتووی كوردستان بەرگریبكات لە خاك و نەتەوەی خۆی. باشترین نمونەش بینیمان كە چۆن یەپەگە بۆ بەرگریكردن لە خاكی كوردستان سنورە دەستكردەكانیان تێكدا و خۆیان گەیاندە ناوچەكە و شانبەشانی پێشمەرگە بەرگریان لە خاك و نەتەوە كرد و شەهیدیان لەو پێناوەدا ئەوە گەورەترین وەڵامە بۆ نەیارانی كورد و باشترین تاقیكردنەوە بوو بۆ دروستكردنی هێزیكی یەكگرتووی كوردی.

* ئەگەر هێزێ بەرگری نیشتمانی پێكنەیەت گەلەكەمان رووبەرووی چە كارەساتێك دەبێتەوە؟
ـ ئەگەر هێزێكی بەرگری نەتەوەیی پێكنەیەت بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و دوژمنانی كوردستان ڕەنگە گەلەكەمان رووبەرووی مەترسی گەورە ببێتەوە و ئەگەری ژینۆسایدێكی تر بەسەر گەلەكەمان بێت كە زۆر لە وانەی ڕابردوو جەرگبڕتر و خراپتر بێت و بارودۆخەكە لە ئێستادا زۆر هەستیارە بۆیە دەبێت كوردیش بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات و چیتر ناكرێت چاوەڕوانی دوژمن بكەین دەبێت بەرلەوەی دوژمن دەست بوەشێنێت ئێمە گۆرزی خۆمانی لێبوەشێنین و شێوازی بەرگریكردن بگۆرین بۆ هێرشبردن بۆ سەر دوژمن و لەناویان بەرین.

* گرنگی شەنگال بۆ كورد چیە و ئامانجە سەرەكیەكانی داعش لەپەلاماری ئەم شوێنە بۆ ئەم ناوچەی كوردستان بۆ چی دەگەڕێنەوە؟
ـ شەنگال شوێن هەڵكەوتەیی جوگرافیاكەی زۆر گرنكە. یەكێك لەو پلانەی تیرۆرستان و چەتەكانی داعش دایانناوە بریتیە لە تەسفیەكردنی ئەو گروپە لە رووی ئایین و نەتەوەییەوە. خالی دووەم وەك جوگرافیا گرنگە؛ چونكە گرتنی شەنگال واتا دەست بەسەرداگرتنی بەشێك لە سنور لەگەڵ رۆژئاوا و هەروەها لەئەگەری گرتنی شەنگالەوە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەتوان فشار بخەنە سەر شۆرشی ڕۆژئاوا بە تایبەت بۆ سەر پارێزگای حەسەكە كە لە ماوەی رابردوو تیرۆریستان زۆر هەوڵیاندا نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو پارێزگایەدا بگرن لە رۆژئاوا. هەروەها بە گرتنی شەنگال هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر زاخۆ دروست دەبێت و لەوێوە دەتوانن دەست بە سەر سنوری باكور و باشوری كوردستاندا بگرن. بەكورتی هەڵكەوتەی جوگرافیای شەنگال بریتیە لە شوێنێكی ستراتیژی گرنگ لە نێوان باكور و باشور و رۆژئاوای كوردستان. دیارە هەر ئەوەش وایكردووە كە تیرۆریستان پەلاماری شەنگال بدەن.

* خوێندنەوەتان بۆ دەرئەنجامەكان و كوێ ئەم رووداوانە چیە؟
ـ دیار ئەم رووداوانە روداویكی سادە و خورسكانە نیە؛ بەڵكو بریتیە لە پلانگێڕیەكی نێودەوڵەتی بۆ سەر كوردستان بە تایبەتیش پەیوەندیان هەیە بە سەركەوتنەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان. ئەوەش وەك فشارێك بۆ تێكدانی بارودۆخەكە. هەروەها لە باشوری كوردستان و ململانێكانی نێوان هەولێرو بەغدا و دابەشبوونی لایەنە باڵادەستەكانی باشوری كوردستان بەسەر دوو بلوكدا ئەوانیش بلۆكی عوسمانی و بلۆكی سەفەوی و هەردوو بلۆكەكەیش ئەگەر ناكۆكی لەنێوانیان هەبێت، بەڵام بۆ دژایەتی كورد هاوڕان. بە داخەوە سەركردەكان لە باشوری كوردستان نەیانتوانیوە سود لە مێژوو وەربگرن و بەشێوەیەكی نەتەوەییانە بیربكەنەوە و هەنگاو بهاوێژن؛ بەڵكو هەمێشە گوێڕایەلی ناحەزان و نەیارانی كورد بوونە. ئەم شەڕە ئەگەر ڕێگری لێنەكرێت و پێشی لێنەگیردرێت دەرئەنجامێكی زۆر خراپ بەسەر گەلەكەمان بەجێ دەهێلێت و نەتەوەكەمان زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و قوربانی زۆری لێدەكەوێتەوە. بۆیە پێویستە لە زووترین كاتدا كۆتایی پێ بهێنرێت و تیرۆریستان و چەتەكان لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان دەربكرێن و تەواوی ناوچەكانی باشوری كوردستان كە كەوتوونەتە ناوچە كێشە لەسەرەكان پاكبكرێنەوە و بە یەكدەنگ و یەك هەڵوێست لە رۆژئاواش دەربكرێن بۆ ئەوەی چیتر نەتەوەكەمان نەكەوێتە ژێر مەترسی ئەو چەتانەوە و یان هەر گروپ و رێكخراوێكی تری تیرۆریستیەوە.

.............................

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە